یەڵدا هەرکی
سەد ساڵە،
مەمکەکانم بە زۆرەملێ کون دەکرێن
بۆ تێرکردنی جەستەی تینووی بیابان؛
کەچی لێرە، لە کەناری دەریایەکی ڕەشدا
لەسەر ڕەشماڵی نەهامەتی ڕاکشاوم و
تینووترین مێژووی سەرزەمینم.
تەماشای کێڵگەکانم بکەن!
لەو شوێنەی دەبوو نان تێیدا باڵا بکات،
من ئێستا هاوار دەڕوێنم؛
من ئەو مانگا زەلیلەم،
شیری سوێرم بۆ نەیارو
گوانی وشکم بۆ مناڵمە…
من ئەو تەیمانە دڕکاوییەم
کە لە دەوری کڕکڕەی گەرووی خۆم ئاڵاوە؛
ئێرە جێگەیەکە، تیایدا ڕەگ
لە جیاتی ئاو،
بە ژەهری خەیانەت ئاودێر دەکرێ.
من ئیتر نە شارم و نە شارستانییەت،
تەنیا جەستەیەکی هەلاهەلاوم لە ژێر پێڵاوی مێژوودا.
سەیر کەن…
چۆن شوناس وەک گۆشتێکی گەندەڵ،
لەسەر شەقامەکانم فڕێ دراوە و
مێژوو، وەک سەگێکی برسی،
خەریکی لێستنەوەی برینەکانمە.
من ئیتر نە نەخشەم و نە نیشتمان،
من ئەو تەرمە غەریبەی سەر شۆستەکانم؛
بۆ ئێوە کەرەستەیەکی ناو بازاڕ و
ژمارەیەکی ناو سندووقم؛
بە کوردی بۆم دەگرین و
بە زمانی مامەڵە، دەمفرۆشن!
قودسی هەرای هەڵبژاردن نیم
من تەنها مانگایەکی زەلیلەم
لە بەختی ڕەش
شیرەکەم وشک نابێت.

