ماكوان عیزەت -هەولێر
گرژداگەڕانی کۆڵۆن، یەکێکە لەو حاڵەتە باوانەی کۆئەندامی هەرس کە کاریگەری لەسەر ڕیخۆڵە ئەستوورە دەبێت. هەرچەندە زۆرێک لە نەخۆشان نیگەرانن لە مەترسییەکانی ئەم حاڵەتە، بەڵام پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە ئەم نەخۆشییە نابێتە هۆی گۆڕانکارییەکی مەترسیدار لە پێکهاتەی جەستەدا.
گرژداگەڕانی کۆڵۆن و مەترسیی شێرپەنجە
دکتۆرە ئەوین بایز، دکتۆرا لە نەشتەرگەری گشتی و نەشتەرگەری بە نازوور، لەبارەی ئەم نەخۆشییەوە ئاماژە بەوە دەكات كە: “حاڵەتی گرژداگەڕانی کۆڵۆن نابێتە هۆی گۆڕانکاری لە پێکهاتەی شانەکانی ڕیخۆڵە، هەروەها نابێتە هۆی زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن و کۆم.”
دەشڵێت تەنها ڕێژەیەکی کەم لە تووشبووان نیشانەکانیان قورسە و پێویستیان بە دەرمان دەبێت، بەڵام زۆرینەی نەخۆشەکان دەتوانن لە ڕێگەی باشکردنی جۆری خۆراک، کۆنترۆڵکردنی سترێس و گۆڕینی شێوازی ژیانی خۆیانەوە نیشانەکان کەم بکەنەوە.
د. ئەوین بایز، ڕوونی كردەوە كە نیشانەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێن، بەڵام باوترینیان بریتین لە:
• ئازاری سک و پێچ و باوبژ (غازات)، بە تایبەت لە کاتی چوونەسەرئاودا.
• گۆڕانی ڕێژەی پیساییکردن لە ڕۆژێکدا.
• هەبوونی لینجایی لەگەڵ پیساییدا.
د. ئەوین بایز لە بارەی هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەكە ئەم حاڵەتانە دەخاتە ڕوو دەڵێت:
هەرچەندە هۆکاری سەرەکی بە تەواوی نەزانراوە، بەڵام پزیشکەکە چەند فاکتەرێکی دیاری کردووە کە کاریگەرییان هەیە:
1. ناڕێکی لە سیستمی دەمار: لاوازی پەیوەندی نێوان مێشک و ڕیخۆڵە.
2. هەوکردنی توند: تووشبوون بە بەکتریا و ڤایرۆس.
3. لایەنی دەروونی: سترێسی بەردەوام، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی.
4. خۆراک: هەستیاری بە هەندێک جۆری خۆراک وەک (شیرەمەنی، پاقلەمەنی، گەنم و خواردنەوە گازییەکان).
5. گۆڕانکاریی میکرۆبی: تێکچوونی هاوسەنگی میکرۆبە سوودبەخشەکانی ناو ڕیخۆڵە.
کێ زیاتر تووش دەبێت؟
ئامارەکان و زانیارییە پزیشکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەگەزی مێ زیاتر تووشی ئەم حاڵەتە دەبن بەهۆی گۆڕانکاریی هۆرمۆنییەوە. هەروەها نەخۆشییەکە زیاتر لە تەمەنی گەنجایەتی و خوار ٥٠ ساڵاندا دەردەکەوێت، جگە لەوەی هۆکاری بۆماوەییش ڕۆڵی هەیە.
کەی بارودۆخەکە مەترسیدار دەبێت؟
دکتۆرە ئەوین ئاگاداریی دەدات کە لە کاتی هەستکردن بەم نیشانانە، پێویستە بە پەلە سەردانی پزیشک بکرێت چونکە ڕەنگە نیشانەی نەخۆشیی قورستر بن:
• دابەزینی کێش بەبێ هۆکار.
• بوونی خوێن لەگەڵ پیساییدا.
• سکچوونی شەوانە و ڕشانەوەی بێ هۆکار.
• کەمیی ئاسن و خوێن، یان زەحمەتی لە قووتدانی خواردندا.
د. ئەوین بایز لە كۆتاییدا جەخت دەكاتەوە كە، پشتگوێخستنی چارەسەر و توندبوونی حاڵەتەکە ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی مایەسیری و کێشەی دیکەی کۆم، بۆیە پەیڕەوکردنی سیستەمێکی تەندروست باشترین ڕێگەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە.

