رۆژنامەی ھەولێر

کەی پشتئێشە دەبێتە ئینزیلاق؟ پسپۆڕێکی گازەرە (فەقەرات) هۆکار و نیشانەکانی ڕوون دەکاتەوە

ماكوان عێزه‌‌ت – هەولێر

 

زۆر کەس لە قۆناغێکی تەمەندا تووشی ئازاری پشت دەبێت، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە؛ کەی ئەم ئازارە ئاسایی نییە و وەک “ئینزیلاق” دەستنیشان دەکرێت؟

دکتۆر شوان شێروان عەلی، پسپۆڕی نەشتەرگەری مێشک و گازەرەی پشت (فەقەرات) و دەمارەکان، تیشک دەخاتە سەر ئەم بابەتە و ڕوونی دەکاتەوە کە ئینزیلاق بریتییە لە دەرپەڕینی کڕکڕاگەی نێوان گازەرە (فەقەرات) بۆ دەرەوەی شوێنە ئاساییەکەی خۆی، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستکردنی پەستانێکی زۆر لەسەر “دڕکەپەتک” و دەمارەکان.
گەنجان زیاتر مەترسییان لەسەرە؛ بۆچی؟
بەپێی گوتەکانی د. شوان شێروان، پێچەوانەی تێگەیشتنە باوەكان كە ئەم نەخۆشییە بە هەڵکشانی تەمەن دەبەستنەوە، گەنجان زیاتر ڕووبەڕووی ئەم مەترسییە دەبنەوە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کڕکڕاگەی نێوان فەقەرات لە گەنجاندا نەرمترە، هەربۆیە لە کاتی هەڵگرتنی قورسایی زۆر، ئەگەری دڕان و دەرچوونی لە جێی خۆی زیاترە بەراورد بە پیر و بەساڵاچووان.

نیشانە دیارەکانی ئینزیلاق
ئەم پسپۆڕی نەشتەرگەرییەی مێشک و گازەرە (فەقەرات)، نیشانە سەرەکییەکانی ئینزیلاق لە چەند خاڵێکدا کورت دەکاتەوە:
• ئازاری توند: هەستکردن بە ئازار لە ناوچەی پشت و بڵاوبوونەوەی ئازارەکە بۆ پەلەکان (قاچەکان).
• سڕی: مێروولەکردن و سڕداگەڕانی ئەو ناوچانەی دەکەونە خوار ئاستی ئینزیلاقەکەوە.
• لاوازیی ماسوولکە: هەستکردن بە بێهێزی لە ماسوولکەکانی قاچ و پێیەکان.
کەی حاڵەتەکە دەبێتە “کوتوپڕ” و مەترسیدار؟
دکتۆر شوان هۆشداری دەدات لەوەی کە هەندێک نیشانە هەن نابێت بە هیچ جۆرێک پشتگوێ بخرێن، لەوانەش: میز ڕانەگرتن یان پیسایی ڕانەگرتن. ئەم حاڵەتە وەک بارودۆخێکی کوتوپڕ و مەترسیدار هەژمار دەکرێت و پێویستە نەخۆشەکە بە زووترین کات نەشتەرگەریی بۆ بکرێت تاوەکو ڕێگە لە زیانی هەمیشەییی دەمارەکان بگیریت.