دەستەی دەستپاکی لە پارێزگای کەربەلا هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێکی ساختەکاری و بەرتیلی بە بەشداریی 19 فەرمانبەر ڕاگەیاند، بەمەش ڕێگری لە بەفیڕۆدانی زیاتر لە 13 ملیار دیناری سامانی گشتی لە سایلۆی شارەکەدا کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی دەستپاکی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: تیمەکانی دەستپاکی لە پارێزگای کەربەلا توانیویانە تۆڕێکی ساختەکاری، دەستکاریکردن و وەرگرتنی بەرتیل لە سایلۆی کەربەلا هەڵبوەشێننەوە کە لە (19) فەرمانبەر پێکهاتبوو، بەم هەنگاوەش توانییان ڕێگری لە بەفیڕۆدانی زیاتر لە (13) ملیار دیناری سامانی گشتی لە کەرتی دانەوێڵەدا بکەن.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوە کردووە، تیمێکی لێکۆڵینەوە چوونەتە ناو سایلۆی کەربەلا بۆ بەدواداچوونی زانیاریی ورد سەبارەت بە بوونی دەستکاریکردنێکی گەورە لە بڕی گەنمی وەرگیراودا، دوای وردبینیکردنی بەڵگەنامەکانیش دەرکەوتووە کە گەنمێکی زۆر زیاتر لەو پشکەی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە دیاری کرابوو وەرگیراوە، کە لە ڕێگەی لیستی نەگۆڕەوە بە نرخی پاڵپشتیکراوی دەوڵەت دیاری کرابوو بە (700,000) دینار بۆ هەر تۆنێک.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دوو فەرمانبەر لە کاتی داواکردنی بەرتیل لە جووتیاران دەستگیر کراون لە بەرامبەر زیادکردنی بڕی گەنمەکەیان، کە لە هەندێک حاڵەتدا گەیشتووەتە 20 هێندەی بڕی ڕاستەقینە، لەگەڵ دەستکاریکردنی نووسراوەکانی فەرمانگەی کشتوکاڵ بۆ سایلۆ و دووبارە وەرگرتنی هەمان بڕ لە هەردوو سایلۆی ئاسنین و کۆنکرێتیدا، هاوکات فەرمانی بانگهێشتکردنی دادوەری بۆ بەڕێوەبەری سایلۆکە و (16) فەرمانبەری دیکەش دەرچووە.
دەستەی دەستپاکی ڕوونی کردەوە، بڕی ئەو گەنمەی لە ڕێگەی ساختەکاری و دەستکاریکردنەوە وەرگیراوە گەیشتووەتە (17,782) تۆن و کۆی گشتیی ئەو پارەیەی کە ڕێگری لە بەفیڕۆدانی کراوە بریتی بووە لە (13,240,833,000) دینار، هەروەها دادوەری لێکۆڵینەوە بەپێی ماددەی (289) لە یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری ڕاگرتنی بۆ دوو تۆمەتبار دەرکردووە و فەرمانبەرەکانی دیکەش بە کەفالەت ئازاد کراون، لە کاتێکدا ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەدا بەردەوامە.

