رۆژنامەی ھەولێر

ئیمپڕاتۆری کوردان دوای 35 رۆژ دەگەڕێتەوە نێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری

ئەسعەد ئیسماعیل – هە‌ولێر

 

لە گەڕی دەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر لە کاتژمێر 7:45 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری میوانداریی مووسڵ دەکات.

یارییەکە بەبێ هاندەران دەکرێت
یانەی هەولێری ئیمپڕاتۆری کوردان دوای 35 رۆژ دوورکەوتنەوە لە یاریگەی خۆی، دەگەڕێتەوە یاریگەی فرەنسۆ هەریری، بەڵام یارییەکە بەبێ ئامادەبوون و پاڵپشتی هاندەران ئەنجام دەدات.
بەهۆی رووداوەکانی دوایین یاریی یانەی هەولێر بەرامبەر گەرمە لە نێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری، هاندەرانی یانەی هەولێر بۆ 3 یاری سڕ کران، بەڵام کارگێری یانەی هەولێر لە لێژنەی رەوشت و جڵەوگیری لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق تانەی لە بڕیارەکە دا، دواجار سزای هاندەرانی یانەی هەولێر بۆ یەک یاری کەمکرایەوە، ئەم سزایەش تەنیا لە یارییەکەی ئەمڕۆ بەرامبەر مووسڵ جێبەجێ دەکرێت.
دواتر هاندەرانی هەولێر لە گەڕی دوازدەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە یاریی یانەکەیان بەرامبەر گازی باکوور ئامادە دەبن، پێشبینی دەکرێت ئەم یارییە لە سەرەتای مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت، بەمەش هاندەرانی یانەی هەولێر دوای زیاتر لە 50 رۆژ بۆ هاندانی یانەکەیان دەگەڕێنەوە یاریگەی فرەنسۆ هەریری.

هەولێر رووبەڕووی راهێنەرێکی پێشووی دەبێتەوە
هەفتەی رابردوو یانەی مووسڵ دوای چوار شکستی لەسەریەک لە خولی ئەستێرەکانی عێراق ستافی راهێنەرانی ئوردنی یانەکەی بە سەرپەرشتی هەیسەم شبول دوورخستەوە، لە بەرامبەردا ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەی رادەستی ستافەکەی عەباس عوبێد کرد، ئەم راهێنەرە چوار وەرز پێش ئێستا راهێنەری هەولێر بووە و یانەکەشی گەیاندە یاریی کۆتایی جامی عێراق.
عەباس عوبێد ستافێکی بەناوبانگی لەگەڵ دایە، حەیدەر مەحموود بەرگریکاری پێشووی هەڵبژاردەی عێراق وەکو یاریدەدەری دەستبەکاربووە، عیماد هاشم گۆڵپارێزی ناوداری پێشووی هەڵبژاردەی عێراق لە یانەی مووسڵ بووەتە راهێنەری گۆڵپارێزەکان.
یارییەکەی مووسڵ بەرامبەر هەولێر دەبێتە یەکەمین تاقیکردنەوەی قورس بۆ ستافی نوێی راهێنەرانی مووسڵ کە پێنج رۆژ پێش یارییەکە ئەو ئەرکەیان وەرگرتووە.

هەولێر چەکە تۆقێنەرەکەی بۆ دەگەڕێتەوە
یانەی هەولێر پێش ئەم یارییە تواناکانی ناوەراستکاری یانەکە ئیبراهیم باییشی بۆ گەڕایەوە.
ئیبراهیم باییش ئەم وەرزە تاکە یاریزانە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق زۆرترین ئەسیستی کردووە و گرانبەهاترین یاریزانی یانەی هەولێرە، لەسەر ئاستی خولی ئەستێرەکانی عێراقیش لە دوای ڤالێر پۆل باسین هێرشبەری گەرمە و ئاکام هاشم و عەلی جاسم لە زاخۆ چوارەمین گرانبەهاترین یاریزانی خولەکەیە.
لە دوای یارییەکەی عێراق بەرامبەر سعوودیە لە جامی کەنداو بڵاوکرایەوە ئیبراهیم بایییش تووشی پێکان بووە و بەهۆیەوە بەشداریی یاریی هەولێری لە چامپیۆنزلیگی کەنداو بەرامبەر عەجمانی عومانی نەکرد، بەڵام ئەم پێکانە گومانی لای هاندەران و کارگێری یانەکە دروست کرد.
ئیبراهیم باییش هەڕەشەی سزایەکی قورسی لەسەرە
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی هەولێر کەوتووە، کارگێری یانەی هەولێر لەسەر داوای لوئەی سەڵاح راهێنەری یانەکە پشکنینێکی ورد بۆ ئیبراهیم باییش دەکات بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە لە راستی و دروستی پێکانەکەی، چونکە یاریی رابردووی بەرامبەر عەجمان بەبیانووی پێکانێکی گوماناوی بەشداریی نەکرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست دەزگای میدیایی رۆژنامەی هەولێر کەوتووە ئەگەر لە پشکنینەکان دەربکەوێت ئیبراهیم باییش هیچ پێکانێکی نەبووە بە پێبژاردنێکی گەورەی دارایی سزا دەدرێت.

هەولێر راهێنانەکانی دوور لە چاوی میدیایەکان کرد
هەولێر لەسەر داوای لوئەی سەڵاح راهێنەری یانەکە مەشق و راهێنانەکانی بۆ یارییەکەی مووسڵ دوورلەچاوی راگەیاندنەکان ئەنجامدا.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی هەولێر کەوتووە، ئیبراهیم باییش بەشێوەیەکی ئاسایی بەشداریی لە مەشقە بە کۆمەڵەکان کردووە و بەبێ هیچ کێشەیەک بۆ ئەو یارییە ئامادەیە.
یانەی مووسڵ زۆر ئاشنایە بە یاریگەی فرەنسۆ هەریری چونکە یارییەکانی دەستپێکی ئەم وەرزەی لەنێو ئەو یاریگەیە ئەنجامداوە.
مووسڵ بە هۆی تەواونەبوونی یاریگەی خۆی، لەم وەرزە یاریگەی فرەنسۆ هەریری کردە یاریگەی خۆی.
مووسڵ لەم وەرزە تەنیا دوو یاریی بردووەتەوە، ئەو دوو سەرکەوتنەش لەنێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری بووە.
مووسڵ لە گەڕی پێنجەمی خولەکەش بەرامبەر زەورا لەنێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری خاڵێکی لە تیپەکەی باسم قاسم بەدەستهێنا.
بەڵام مووسڵ لە دوایین یاری خۆی، یارییەکەی بەرامبەر قوە جەوییە بۆ نێو یاریگەی دهۆک گواستەوە و یارییەکەی بە قورسی دۆڕاند و سێ گۆڵی لێکراوە و سێ خاڵی لەدەست دا.

ئامارەکانی هەولێر لەم وەرزە
هەولێر لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە کۆی 9 یاری، 5 بردنەوە و 3 یەکسانبوونی هەیە و تەنیا یەک یاری دۆڕاندووە، ئەم دۆڕانەش لە نێو یاریگەی خۆی بەرامبەر گەرمەی سەرلیستی خولەکە بوو.
هەولێر بە شێوەیەکی کاتی بە کۆکردنەوەی 18 خاڵ لە ریزبەندی چوارەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت، لە ئەگەری بردنەوەی ئەم یارییە دەتوانێت لانیکەم پلەیەک بۆ سەرووی ریزبەندی سەربکەوێت.
هەولێر بۆ ئەم یارییە بە راهێنەرایەتی لوئەی سەڵاح بە تەواوی ئەستێرەکانی ئامادەیە تەنانەت هومام تاریق دوای نزیکەی 3 مانگ لە دابڕان بەهۆی پێکانەوە گەڕاوەتەوە بەڵام بەشداریکردنی لەو یارییە دەگەڕێتەوە سەر بڕیاری راهێنەر، رەنگە بۆ ئەم یارییەش بەشداریی ناکات و چاوەڕێ بکرێت تا توانای جەستەیی بە تەواوەتی بۆ دەگەڕێتەوە.