رۆژنامەی ھەولێر

مانیفێستی عەشقە نائومێدەکان

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

شاکارەکان تێکستی زەمەنێکی دیاریکراو نین، بەڵکو تێکستی هەموو زەمەنێکن و لە هەر زەمەنێکیشدا بخوێنرێنەوە هەر نوێن و بەردەوام خوێنێکی نوێ بە دەماری وشەکانیاندا دەڕوات. ئەمە یەکەم تایبەتمەندی تێکستی شاکارە. کەم نین ئەو تێکستانەی خولیای دووبارە و سێبارە خوێندنەوەیانم هەیە، چونکە دەزانم لە هەر خوێندنەوەیەکی نوێدا شتی تازەم پێ دەدەن، هەر بۆیە لەبری تێکستێکی ئاسایی/سادە، یەکێک لەو شاکارانە دەخوێنمەوە و مانگانە لانیکەم دانەیەک، یان دوانیان بەسەر دەکەمەوە.

“ئیلیادە و ئۆدێسە”ی هۆمیرۆس و “میتامۆرفۆس”ی ئۆڤید و “کۆمیدیا”ی دانتێ و “پاڵتۆ”ی گۆگۆڵ و “برایانی کارامازۆرف”ی دۆستۆیڤسکی و “ئانا کارنیکا”ی تۆڵستۆی و دەیان شاکاریی دیکە، هەرگیز بە یەکجار خوێندنەوە پەنهانی خۆیان بۆ خوێنەر ئاوەڵا ناکەن. هەر بۆیە ئەمە نهێنی بەردەوامی مانەوەی ئەم شاکارانەیە کە زەمەن خۆی لەبەریاندا ناگرێت.
لە مانگی پێشوو “مۆزەخانەی پاکیزەیی” ئۆرهان پاموک و “دەربەندی پەپوولە”ی شێرکۆ بێکەسم دووبارە و سێبارە خوێندەوە. ئەم مانگەش بە هەژاران-ی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی دەستم پێکرد، چونکە هەژاران تێکستێکی چەندە سادەیە چ لەڕووی نووسین، کە تەکنیکی نامەیی نێوان دوو کەس بەکارهاتووە، چ لەڕووی چیرۆکەوە، بەڵام لەهەناویدا تێکستێکی گەلێک گرنگ و قووڵە، کە کۆمەڵێک پرسی گرنگی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی دەوروژێنێت، کە پرسی هەموو سەردەم کاتێکن، نەک تەنها پرسی زەمەنێکی دیاریکراو بن.
هەژاران؛ یەکەم ڕۆمانی دۆستۆیڤسکی-یە، کە له‌ ته‌مه‌نی بیست و چوار، یان بیست و پێنج ساڵیدا نووسیوه ‌و نێوبانگێکی پێده‌رکردووه‌ و به‌ بەرهەمێکی یه‌جگار گه‌وره‌ی به‌هره ‌و سه‌لیقه‌ی ئه‌ده‌بی ئه‌و هاتووه‌ته‌ ژماردن و هەر بەم بەرهەمە سەرنجی بەشێک لە ڕەخنەگرانی ئەکات ڕادەکێشێت، بەتایبەت ڕەخنەگرێکی گەورەی ئەوکاتی ڕووسیا بەناوی بلنسکی کە ناتوانێ سەرسامی خۆی بە بەهرەی دۆستۆیڤسکی بشارێتەوە، هەر بۆیە هەژاران بووه‌ مایه‌ی شۆره‌ت و نێوبانگی دۆستۆیڤسکی و به‌مه‌ ناوی که‌وته‌ سه‌رزاران. ڕۆمانەکە له‌سه‌ر بناغه‌ی نامه‌کارییه‌ک ڕۆنراوه‌، که‌ له‌ نێوان کارمه‌ندێکی به ‌ته‌مه‌نی میری و کیژۆڵه‌یه‌کدا ئاڵوگۆڕ دەکرێت، که‌ له‌ ژوورێکی به‌رانبه‌ر ژووره‌که‌ی ئه‌ودا کرێچییە‌. واتە چیرۆکی کارمه‌ندێکی هه‌ژاری به‌ ساڵاچووه،‌ که‌ نائومێدانه‌ له‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌لای به‌ده‌ستهێنانی شکۆیەکی خاکەڕایانەدا ئه‌شقی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی سه‌باره‌ت به‌ کیژۆڵه‌یه‌کی بێباوکی هه‌ژاری بێنه‌وا، له‌ ژێر په‌رده‌ی سۆز و خۆشه‌ویستی باوکانه‌دا ده‌شارێته‌وه‌.
شاردنەوەی ئەم عەشقە ناچارییە وا لەم کەسە دەکات ئامادەیی هەموو قوربانییەک بێت تەنها بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە بەرامبەرەکەی بۆ گرنگە، بەڵام ئەویش ئامادەیی قوربانیدانە و لەم نێوانەدا هەست بە لەدایکبوون و پەرەسەندنی گیانی هاوکاریی دەکرێت کە سەرچاوەکەی عەشق و ڤیانێکی شاراوەیە. چیرۆکی ڕۆمانەکە نووسینەوەی ئەم عەشقە شاراوەیەوەیە، کە هەردوو لا بەرەو مرۆڤبوونی ڕاستەقینە و لەدایکبوونی جۆرێک لە پەیوەندی کە بەرزترە لە هاوڕێیەتییەکی ئاسایی، چونکە هەردوولا ئامادەی بەخشین و قوربانیدانن بۆ یەکتریی.
چیرۆکەکە لەوێوە دەست پێ دەکات کە ئەم کارمه‌ندە هه‌موو کاتی خۆی له‌ ژووره‌ چکۆله‌که‌ی خۆیدا به‌ نووسینه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامەی ئیداری به‌سه‌ر ده‌بات. له‌ میانه‌ی ئه‌م نامه‌کارییه‌وه‌، خوێنه‌ر له‌ ژیانی ئه‌م دوو که‌سه‌ ئاگادار ده‌بێت، له‌ ژیانی ڕابردوو و ئیستایان، که‌ پڕە له‌ ڕووداوی بێ مانا و توڕه‌هات و نووسه‌ر زۆر ئاسایی و ساده‌ گوزارشتی لێکردوون. ڕاسته‌ کۆمه‌ڵێک خاڵی وه‌ک هه‌ژاری و داماوی و بێنه‌وایی و هه‌ستی هاوبه‌ش کۆی کردوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام سه‌ره‌نجام هیچ به‌خته‌وه‌ری و شادییه‌کی لێناکه‌وێته‌وه ‌و بۆ یه‌کتر دۆزه‌خن، بەڵام هەمیشە چارەنووسی عاشقەکان بەرەو ماڵی بەختەوەریی نەچووە، وەک ئەوەی عەشق تەنها ئەوکاتە هەبێت کە هاوتای ئازار و نەهامەتیی و سووتان بێت.
کاتێک زیاتر لە چیرۆکی ئەم دوو پاڵەوانە “ڤرڤارا ئه‌لکسیڤونا”ی کیژە بێنەوا و “ماکار ئه‌لکسییوفیچ”ی میانەساڵ ورد دەبینەوە، سەرەتا وەک چیرۆکێکی ئاسایی دێتە بەرچاومان، بەڵام بە وردبوونەوەی زیاتر خوینەر هەست بەوە دەکات لە هەر ڕستەیەکی ئەم دوو کەسەوە، کە بۆ یەکتریی دەنووسن کۆمەڵێک پەیام ئامادەیی هەیە، کە خۆیان لە پەیامگەلی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریی و پیشاندانی دۆخی سەختی ژیانی مرۆڤی کارمەندی میر و مرۆڤە بێنەواکانی دیکەش کە بەبێ کەسوکار کۆمەڵگە وەکو دڕندەیەک خەریکە دەیانهاڕێت. خوێنەر لەم تێکستەدا هەست بەوە دەکات چۆن سیستم مرۆڤ دەکاتە ئەو بوونەوەرەی کە هەموو خەمی تەنها لەپێناو مانەوەدا بێت، مانەوەیەک، کە وەکو بوونەوەرێکی پڕۆگرامکراو هەڵسووڕێت و هیچ خەون و ئاواتێکی دیکەی نەبێت، خۆ ئەگەر وەکو “ماکار ئه‌لکسییوفیچ” خەونی دیکەی هەبێت، دەبێت هەر زوو دەستبەرداری خەونەکەی بێت و بۆ هەمیشەیی کۆڵی لێ بدات.
هەژاران؛ ڕۆمانێکە بۆ نووسینەوەی عەشقێک، کە بە سووتان و نەهامەتی کۆتایی دێت، سووتانێک، کە چارەنووسی هەموو عەشقە پاکەکانە، چونکە عاشقەکان یەکەم و کۆتا میراتگری نەهامەتی و ئازار و ژانن و ئەوەشی هەرگیز پێی ناگەن بەختەوەرییە.
دەستخۆشی بۆ مامۆستای وەرگێڕ “حەمە کەریم عارف” کە ئەم شاکارە و گەلێک شاکاری دیکەی جیهانی و ئەدەبی ڕووسی بە کوردییەکی ناوازە پاچڤە کردووە، کە شایستەی چەندجار خوێندنەوەن.