ڕائیب جادر – هەولێر
بەپێی ڕۆژژمێری کوردانی ئێزدی بەیانی سەری ساڵی نوێیە، کە پێی دەوترێت چوارشەممەی سوور، ئەو جەژنە بەپێی ساڵنامەی ڕۆژھەڵاتی دەکەوێتە یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسان، بەیانی کوردانی ئێزدی ڕێوڕەسمی جەژن دەگێڕن، لەو ڕۆژەدا بە جەژنە پیرۆزە لە یەکدی و دابەشکردنی شیرینی، جەژن لە یەکدی پیرۆز دەکەن.
ئێزدییەکان، دەڵێن: ئایینەکەیان دێرینە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ھەزاران ساڵ پێش ئێستا، ھەندێک دەڵێن، ئایینەکەیان بەشێکە لە ئاینگەلی سەردەمی بابلییە کۆنەکانی وڵاتی نێوان دوو ڕووبارەکە و ھەندێکیش دەڵێن، ئایینەکەیان تێکەڵەیەکە لە کۆمەڵێک ئایینی کۆن، لەوانە زەردەشتی و مانویی، وشەی نیسان لای ئێزدییەکان لە دوو وشەی جیاواز یەکیان گرتووە “نی” بە واتای نوێ و “سان” بە واتای لە دایکبوون دێت.
جەژنی چوارشەممەی سوور، کۆنترین و پیرۆزترین جەژنی کوردانی ئێزدییە، چوارشەممەی سوور، بە ساڵنامەی شەرقی دادەنرێت و بە کۆتاییھێنانی ساڵێک و دەسپێکی ساڵێکی نوێ دادەنرێت، ڕۆژێک پێش جەژن، کوڕ و کچانی ئێزدی گولی سوور کۆدەکەنەوە و بە دەرگای ماڵەکانیاندا ھەڵدەواسن، جگە لەوەش لەو ڕۆژەدا ھێلکە ڕەنگاوڕەنگ دەکەن و دواتر یاری پێ دەکەن، ئێزدییەکان لە پەرستگەی لالش لە شارۆچکەی شێخان ھەموو ساڵێک لە کەشێکی ئارامدا جەژنی چوارشەممەی سوور بەرز ڕادەگرن، وەک ڕێزێک بۆ ئەو جەژنە لەو ڕۆژەدا لە ھەرێمی کوردستان پشووی فەرمییە.
کوردانی ئێزدی لە سەرتاسەری دنیا دەگەڕێنەوە پەرستگەی لالش، ھەموو ساڵێک لەو پەرستگەیە مەراسیم دەگێڕن لە دوای نیوەڕۆی ھەمان ڕۆژدا گەنجانی ئێزدی ڕوو لە قەتپاڵی چیاکانی چواردەوری پەرستگەکە دەکەن و گوڵی جۆراوجۆری وەرزی بەھارە لە سرووشت دەکەنەوە و بەشێکیان لە لەچکی سەریانی دەبەستن و بەشێکیشیان لەبەر دەرگا بچووکەکانی پەرستگەی لالش دایدەنێن، ٣٦٦ چرا ھەڵدەکەن، کە ھێندەی ژمارەی ڕۆژەکانی ساڵە و دەڵێن، ھەڵکردنی چراکان بۆ ھەموو مرۆڤایەتییە و داوا دەکەن ھەموو ڕۆژەکانی ساڵ بە خێر و ئارامی ببنەسەر، لەنێو ئەو نەریتانەی دیکەی لەم ڕۆژەدا زیندوو دەکرێتەوە، پاککردنی ھێلکە و ڕەنگ کردنییەتی، ئەوان پێیانوایە، ھێلکە سیمبوڵی “بەردی سیڤە”ـیە و بەگوێرەی بیروباوەڕی ئەوان جیھان لەوەوە دروستبووە.
پاککردنی ھێلکەش لە بیروباوەڕی ئێزدییەکاندا گرێدراوە بەشێوەی گۆی زەوی و لە دایکبوون و سەرچاوەی ژیان، ھەر بۆیە لەگەڵ ھاتنی ساڵی نوێدا، ئێزدییەکان توێکڵە ڕەنگاورەنگەکەی ھێلکەکە لەگەڵ گوڵ و ھەویردا تێکەڵ دەکەن و دەیدەن لە دەرگای ماڵەکانیان و دوعا بۆ خێر و ئارامی دەکەن.
مانگی نیسان پیرۆزی و تایبەتمەندی خۆی لای کوردانی ئێزدیی ھەیە، ئێزدی ئەو مانگە بە بووکی ساڵ دادەنێن، یەکێک لە گەورەترین جەژنی ئەوان لەو مانگەدایە، جەژنی سەری ساڵ کۆنترین جەژنی ئێزدییەکانە و دەکەوێتە چوارشەممەی یەکەم لە مانگی نیسان، مێژووی جەژنەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ئافراندنی کنیاتێ.
ئێزدییەکان گرنگییەکی زۆر بە سرووشت و ژینگە دەدەن و ئێزدییەکان پێنج جەژنیان ھەیە، ئەوانیش بریتین لە جەژنی چلەی ھاوین، چلەی زستان، جەژنی جەمایی، جەژنی خدر ئەلیاس و چوارشەممەی سوور، ئێزدییەکان قیبلەیان ڕۆژە، لە ئاینیی ئێزدییەکان شەوی بەرات و لەیلەتولقەدەر ھەیە و ٤٠ ڕۆژ لە ھاوینان و ٤٠ ڕۆژ لە زستانان بە ڕۆژوو دەبن.
ئێزدییەکان نزیکەی نیو ملیۆن کەس دەبن و نەتەوە کوردن، ئەو ناوچانەی ئەوانی تێدا دەژین بە “ئێزیدخان” ناودەبرێت و ناوەندەکەی قەزای شنگالە و ناوچەکانیان دەکەوێتە نزیک سنووری ڕۆژئاوای کوردستان – سووریا ھەر چەندە ئەو خاکەی ئەوانی لەسەر نیشتەجێن وەک ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان، خاکی کوردستانە، بەڵام ھێشتا یەکێکە لە کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا و تا ئێستا بە فەرمی چارەنووسیان یەکلایی نەکراوەتەوە، بەردەوام سەرکردایەتی ھەرێمی کوردستان، ئەو ناوچانە وەک بەشێکی جیانەکراو لە ھەرێمی کوردستان ناودەبەن.
داگیرکەران زۆر بڕیاری ناڕەوایان بەسەر ئێزدییەکان سەپاندووە و لە مێژوودا زوڵمی زۆریان بینیووە، وەکو خۆیان دەڵێن، لەگەڵ ئەوەی داعش بەرامبەر بە ئێمەی کردووە، تا ئێستا ٧٤ فەرمانیان لە دژ بەرێوەبراوە.
ڕۆژی دوای جەژن، بەتایبەتی پێشنیوەڕۆ شوانەکان مەڕوماڵاتەکانیان دەگەڕێننەوە لە لەوەڕاندن، بێرییەکان (کەتان) بە گوانی مەڕەکانەوە دەکەن و دواتریش دیاری بۆ شوانەکان لەگەڵ خۆیان دەبەن، ھەموویان پێکەوە بەدوای شوانەکە دەکەون و دواتر خۆی دەدات بەدەستەوە و گۆپاڵەکەی پارچە پارچە دەکەن، پارچەکانیشیان بەسەر خۆیاندا دابەش دەکەن، لە دوای ئەمەش دادەنیشن و دیاری دەدەنە شوانەکە، لەوانەش نان و کولێرە و چەندین شتی تر، کاتێک بێرییەکان دەگەڕێنەوە ماڵەوە، ھەر یەکێکیان پارچەیەک لە گۆپاڵەکە بە مەشکەکەیانەوە دەکەن، بەمەش کۆتایی بە جەژن دێت.
لیاس خدر، کوردێکی ئێزدییە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لەم جەژنەدا داوا دەکەین ھێزە نایاساییەکان شنگال چۆڵ بکەن، بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان، چونکە ھەموو ھیوا و ئومێدی ئێمە ئەوەیە کە بگەڕێینەوە ناوچەکانی خۆمان، ھەروەھا خزم و کەسانی ئێمە کە لە دەست داعشدا ماون ئەوانیش ئازاد بکرێن و بگەڕێنەوە ناومان، کە ئەوە بۆ ئێمە خۆشترین جەژن دەبێت.
لوقمان سلێمان، بەرپرسی نووسینگەی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لالش، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێ: ئێزدییەکان لەم مانگەدا زەوی ناکێڵن و پرۆسەی ھاوسەرگیری پێکناھێنن، چونکە بە بیروباوەڕی ئێمە مانگی نیسان بووکی ساڵە و بە جوانترین شێوە خەملی خۆی کردووە، لەگەڵ ئەوەی لە پەرستگەی لالش چرا و سوکی مەعریفەت بەرامبەر بە نیشانە و چاکەکانی ئێزدی دەخوێنەوە و بەیت ڕیز دەکەن و سەماش لەو ڕۆژەدا دەکەن، لەگەڵ ئەوەی ئافرەتانی ماڵەوە ھێلکە دەکۆڵێنن و ڕەنگاوڕەنگ دەکەن و یاری پێ دەکەن، پاککردنی ھێلکە لە بیروباوەڕی ئێزدییەکاندا گرێدراوە بە شێوەی گۆی زەوی و لە دایکبوون و سەرچاوەی ژیان، ھەر بۆیە لەگەڵ ھاتنی ساڵی نوێ، ئێزدییەکان توێکڵە ڕەنگاورەنگەکەی ھێلکەکە لەگەڵ گول و ھەویردا تێکەڵ بە یەکدی دەکەن و دەیدەن لە دەرگای ماڵەکانیان، نان دەکەن و بەسەر دراوسێیەکانی خۆیاندا دابەش دەکەن، لەگەڵ ئەوەی لەو ڕۆژەدا سەردانی گۆڕستانەکان دەکەن و خێر و خێرات دەکەن و بەسەر ھەژاراندا دابەش دەکەن، ھەر لە ڕۆژی جەژندا ھەر ئێزدییەک ڕوو لە ڕۆژھەڵات دەکات دەست و چاوەکان بە خۆناو دەشوات و لەو ڕۆژەدا سەردانی پەرستگەی لالش دەکەن و جەژنە پیرۆزە لە یەکدی دەکەن.

