رۆژنامەی ھەولێر

کاسبکارانی هەرێمی کوردستان لە کڕینی تمەن ئاگادار دەکرێنەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

بەهای دراوی ئێرانی دوای ماوەیەک لە جێگیربووون ڕووی لە دابەزین کردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە ئەگەری درێژەکێشانی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و دەستپێکردنەوەی جەنگ دووبارە ژمارەی پێوانەیی بشکێنێت. ئەوانەی تمەنیان بە نیازی قازانج کڕیوە زیانیان بەرکەوتووە و داوا لە کاسبکاران دەکرێت خۆیان لە مامەڵەکردن بەو دراوە بپارێزن و پارێزگاری لە سامانیان بکەن.

لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ و بەر لە دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، تمەن نزمترین نرخی لە مێژوودا تۆمار کرد و هەر سەد دۆلاری گەیشتە شازدە ملیۆن و شەشسەد هەزار تمەن. لە دوای هەڵگیرسانی جەنگ و داخرانی بازاڕەکانی ئێران بەهای تمەن کەمێک بەرز بووەوە و گەیشتە چواردە ملیۆن و سێسەد هەزار تمەن بەڵام دواتر دووبارە ڕووی لە دابەزین کردەوە و بە گشتی تمەن لەو ماوەیەدا جێگیر بووە و مانگ و نیوێکە نەیتوانیوە ئاستی ژمارەی پێوانەیی ببڕێت کە بەر لە جەنگ تۆماری کردبوو.
جێگیربوونی بەهای تمەن بەو واتایە نییە بە پلان پاڵپشتی لە بەهای دراوی ئێران کرابێت بەڵکوو پەیوەندی بەوە هەیە زۆربەی مامەڵە بازرگانییەکانی ئێران داخراون، بۆرسەی وڵاتەکە مانگ و نیوێکە نییە و ئینتەرنێت پچڕاوە و هاوردە بۆ نزمترین ئاستی کەم بۆتەوە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا کە دانوستانی ئەمریکا و ئێران لە پاکستان شکستی هێنا تمەن دیسان بەهای بەرامبەر دۆلار شکا و لە بازاڕەکانی تاران نرخی هەر سەد دۆلار شازدە ملیۆنی بەزاند.
ئەوەی لە پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بازاڕی دراوی هەولێر و سلێمانی جێی تێڕامانە ئەوەیە بەهای تمەن لە چاو تاران زۆر بەرزترە و شتی وا نەبووە بەهای دراوی وڵاتێک لە پایتەختەکەی خۆی هەرزانتر بێت لە بەهای هەمان دراو لە دەرەوەی وڵات. لە هەولێر و سلێمانی بەهای هەر سەد دۆلار بە سێزدە ملیۆن تمەن مامەڵە کراوە و لەگەڵ بەهای دۆلار لە بازاڕی تاران سێ ملیۆن تمەن جیاوازی هەیە.
بە لێشاو پارەی چاپکراوی ئێران دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان و بە نرخێکی بەرزتر ساغ دەکرێتەوە و دۆلاrەکەی دەگوازرێتەوە ئێران ئەمە لە لایەک بۆ ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراق زیانبارە و لە لایەکی دیکە هەموو ئەو کاسبکارانەی بە مەبەستی قازانج تمەن دەکڕن ئەگەری زۆرە زیانیان بەرکەوێت.
خەڵکێک بژێوی خۆی لە ڕێی کڕین و فرۆشتن بە دۆلار و دراوەکانی دیکەی وەک یۆرۆ، پاوەند، لیرە و تمەن هەڵدەسووڕێنێت بەڵام کڕینی ئەو دراوانەی بەهایان ڕووی لە لێژییە هیچ کەسێک خێری لێ ناکات.
ساڵێک لەمەوبەر بەهای هەر دۆلارێک لە نێوان شەست تا حەفتا هەزار تمەن ئاڵوگۆڕ دەکرا بەڵام دەبینین دوای ساڵێک نرخەکە زیاتر لە دوو هێندە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و بە واتایەکی دیکە بەهای تمەن بۆ نیوە دابەزیوە.
ئێران نەیتوانیوە دۆلار بۆ پێداویستییەکانی بازاڕەکەی دابین بکات و ئەو نەوتەی لە ژێر سێبەری سزا نێودەوڵەتییەکان لە بازاڕەکان ساغی کردووەتەوە پارەکەی بە دۆلار دەست نەکەوتووە. شان بەشانی ئەمە بەرهەمهێنانەکەی لە سەرجەم کەرتەکان دابەزیوە و بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە هانای بۆ چاپکردنی زیاتری تمەن و گەورەکردنی قەبارەی نەختینەیی بردووە، هەنگاوێک کە هەڵاوسان و دابەزینی زیاتری بەهای تمەنی لێ کەوتوۆتەوە و لە ماوەی ڕابردووشدا جەنگی هاتووەتە سەر و زیانێکی زۆر بەر ژێرخانی ئابووری ئێرا ن کەوتووە دەرهاویشتەکانی ئەو دۆخە لەسەر تمەن کاتێک دەردەکەوێت کە بازاڕەکانی ئێران بکرێنەوە و بازرگانی ئاسایی ببێتەوە.
لە ساڵانی ڕابردوودا هیچ کاسبکارێک نەبووە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان خێری لە کڕینی تمەن کردبێت و بۆیەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو جەنگ و دۆخە نالەبارەی بەربینگی ئابووریی ئێرانی گرتووە پێشبینی دەکرێ تمەن لە داهاتوودا زۆر بێبەهاتر بێت و ئەوە لە کاسبکاران چاوەڕوان دەکرێت خۆیان لە کڕینی تمەن و مامەڵەکردن بەم جۆرە دراوە بەدوور بگرن.