فازڵ میرانی
کارکردنی ئێمە بۆ دانانی میکانیزمێک بە مەبەستی پێشکەشکردنی کاندیدێک کە هەموومان لەسەری کۆک بین بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بۆ ئەوە نەبووە حزبەکەمان ئەو پۆستە وەربگرێت. هیچ ڕێگرییەکیش نییە لەوەی پۆستەکە بۆ ئێمە بێت، بەڵام ئێمە وەک چۆن لە کارە حزبی، سیاسی، سەرکردایەتی و کارگێڕییەکانماندا ڕاهاتووین، تێدەکۆشین بۆ ڕەخساندنی زەمینەیەکی یاسایی و کەشی لێکتێگەیشتن، هەرچەندە تێگەیشتنی لایەنەکانی دیکە دواکەوتبێت؛ تاوەکو ئەم دامەزراندنە بکەینە بنەمایەکی دروست و ڕێگەیەک بۆ مامەڵەکردن لە عێراق و لە دامەزراوە جیاوازەکانیدا، نەک تەنها لە دەزگایەکی دیاریکراودا.
ئێمە و لایەنەکانی دیکەش، هەردوولامان دەزانین پۆستی سەرۆک کۆمار بە چ دەرەنجامێک گەیشتووە، کە ئەوەش کۆتایییەکە جیاوازە لەوەی لە دەستووردا نووسراوە. بۆ ڕەواندنەوەی ئەم بارودۆخە و بۆ ئەوەی کورد ـ وەک نەتەوەیەک کە عورف وایە ئەم پۆستەی پێ بدرێت، هەروەک چۆن عورف وایە دوو پۆست لە سێ پۆستە سەرەکییەکە بۆ عەرەب بێت (سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ شیعە و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ سوننە) ـ پێگەی خۆی هەبێت، پێویستە ئەو کاتەی لەبەردەم هەردوولادایە، ڕەچاوی ئەو بارودۆخە سەختە بکات کە عێراق پێیدا تێدەپەڕێت؛ لە پێشێلکردنی سەروەری و ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان. ئامانجمان ئەوەیە پرۆسەی کاندیدکردنەکە هەستێکی ڕاستەقینەی جەماوەری، پەرلەمانی یان سیاسیی تەوافوقی بێت، تاوەکو ئەنجومەنەکە دەنگدانەکە ئەنجام بدات، دوور لەو دۆخە بێزارکەرەی کە تێیدا بە ڕوونی دیارە پۆستەکان بوونەتە ئامرازێک بۆ شەرعیەتدان بە هەڵوێستە کەسییەکان.
بۆ مێژوو، وەک ئامۆژگارییەکی برایانە و بیرخستنەوەیەک؛ پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەگ و ڕیشەیەکی قووڵتر و پێگەیەکی باڵاتری هەیە لەوەی کە هەوڵ دەدرێت بە پێچەوانەی ڕاستی و واقیع نیشان بدرێت. سەرۆک بارزانی کەسایەتییەکی نیشتمانی و نەتەوەییە و مێژووە دێرینەکەی لە تێکۆشان لەپێناو عێراقدا گەواهی بۆ دەدات؛ کار و کردەوەکانی ئەو لای ئەوانەی بەدوای زانیاریی دروستدا دەگەڕێن، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرن، بەڵام ئەو کەسانەی بە ڕێکەوت یان بە مەبەستی چنییەوەی دەستکەوت لەسەر حیسابی عێراق هاتوونەتە ناو کایەی سیاسەتەوە، لەو تێکۆشانە تێناگەن یان نایانەوێت تێبگەن.
کاروباری وڵات بەم شێوەیە بەڕێوە ناچێت؛ پێش ئەوانیش تاقمێک هەبوون کە جڵەوی بڕیاریان گرتبووە دەست، بەڵام سەرەنجام دۆخەکەیان لەدەست دەرچوو، ڕۆژگار و هێزەکان وەلایان نان و کەسانی دیکە هاتنە شوێنیان. جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان کەسێکی تێگەیشتوو لە واقیع و کەسێک کە دەیەوێت خەیاڵەکانی خۆی بە هێز بسەپێنێت؛ چونکە سیاسەت تێگەیشتنە پێش گوتن، ئەزموونکردنە پێش کارکردن و ناوەرۆکە پێش ڕووکەش.
بۆ سیاسییەکان، چ پیر و چ گەنج، ئەوانەی لە کایەکانی یاسادانان، پەرلەمان و کارگێڕیی حکومیدا کار دەکەن، ناوەشێتەوە بەو شێوەیە دەربکەون کە بابەتەکان بکەنە کەسی (شەخسەنە بکەن)؛ ئەو بابەتانەی لە ئاستی ئەوەدا نین و بۆ کەسێکیش نابێت عێراق بە هەر هۆکارێک بێت کردوویەتییە بەرپرسی بڕیارەکانی یان بەشێک لە بڕیاردان. ئێمە دەمانەوێت کەشی سیاسی کۆکەرەوە بێت نەک پەرتەوازەکەر، کەشێکی پڕ لە ئارامی بێت نەک گرژی.
ئێمە تێکۆشاوین و هێشتاش بەردەوامین لە تێکۆشان تاوەکو عێراقی نوێ ببێتە عێراقی حەوت هەزار ساڵەی شارستانییەتی پڕشنگدار، نەک عێراقی ساڵانی نەهامەتی بەهۆی حوکمڕانەکانیەوە؛ هەروەها بگەڕێتەوە بۆ ئەو پێشەنگییەی کە جاران وەک نموونەی باڵای شارستانییەت دەهێنرایەوە، نەک بەهۆی ئەوانەی جڵەوی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە بە شێوەیەکی نەخوازراو ئاماژەی بۆ بکرێت.
هەڵوێستی نیشتمانیی حەکیمانە ئەوە ڕەت دەکاتەوە، کە وا وێنا بکرێت ئەوەی ڕوویداوە لە «سەپاندنی ئیرادە»، کارێکی دەستووری یان سەرکەوتن بێت؛ چونکە ئەم هەڵوێستە تەنها دۆخەکەی ئاڵۆزتر کرد، بگرە ئەوەشی سەلماند هەڵبژاردنی سەرپێیی و پێش ئەویش بێدەنگی بەرامبەر پرسە گەورە سیاسی، ئەمنی و شارستانییەکان، بووەتە سیفەتی باوی ئەدای کارکردن. ئەوانەی هەڵگری دۆزی ڕەوان و ئەوانەی لە پێناو بەرژەوەندیی وڵاتەکەیاندا کاریان کردووە و دەکەن، هەمیشە هەست بە جیاوازیی پێگەی خۆیان دەکەن بەرامبەر بەو کەسانەی لە واتای ئەو ئەرکانە بێئاگان یان خۆیان لێ گێل دەکەن کە بە ڕێکەوت پێی گەیشتوون؛ چونکە ئەگەر لەسەر بنەمایەکی دروست و سیاقێکی تەندروست بەو پێگەیە بگشتایە، هەرگیز ئەو هەڵە مەبەستدارەیان نەدەکرد.

