رۆژنامەی ھەولێر

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ٣٠%ی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق پێکدێنن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەردەوامی جەنگ و دەنگی درۆن خەڵکی خستبووە ناو دۆخێکی سەخت و پڕ لە ترس و خۆپاراستن، بەڵام ئاگربەست ھەناسەیەکی دا بە ناوچەکە و ژیانی گەڕاندۆتەوە بۆ سەیرانگەکان، ئێستا خەڵک دەتوانن چێژ لە ژیان وەربگرن، جموجۆڵی گەشتیاری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستیپێکردۆتەوە و ھاووڵاتییان و گەشتیاران ڕوویان لە سەیرانگەکان کردووە.

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سرووشتێکی جوان و ناوچەی گەشتیاری گرنگی لێیە ٣٠%ی ناوچە گەشتیارییەکانی عێراق و کوردستان پێکدەهێنێت، ھەروەھا ٨٠%ی ناوچە گەشتیاریەکانی ھەموو پارێزگای ھەولێر پێکدەھێنێت ئەمەش وایکردووە ھەمیشە گەشتیار ڕوو لە دەڤەرەکەمان بکەن.
دەڤەری سۆران بەھۆی جوانی دیمەنی سەرنج ڕاکێش و ھەڵکەوتەی جوگرافیای و ھەبوونی ژمارەیەکی زۆری ناوچەی گەشتیاری، لە ھەر چوار وەرزی ساڵدا میوانداری زۆرترین گەشتیار دەکات، ساڵانە ھاووڵاتییان لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق و کوردستان بەمەبەستی بەسەربردنی کاتی خۆش، ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکانی دەڤەرەکە دەکەن.
ھەر شوێنێکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەم وەرزەدا سەیرانگەیەکە، ئەمساڵیش بەھۆی باران بارینی زۆر سروشت تەواو خۆی خەملاندووە، گرنگیدان بە بواری گەشتیاری یەکێک لە بەرنامەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە.
شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە ھۆکاری کەمبوونەوەی گەشتیارانە بۆ ھەرێمی کوردستان، لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری ھاووڵاتییان و گەشتیاران، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، چەندین شوێنی گەشتیاری لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان نۆژەنکردووەتەوە و دروستی کردووە، ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش یەکێکە لە ماستەرپلانەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
وەکو بەشێک لە گەشتیاران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن: کوردستان زۆر خۆشە و ڕۆژبەڕۆژیش خۆشتر دەبێت، نەھاتنە دەرەوەی خەڵک لە نەورۆز و جەژنی ڕەمەزان لەبەر کەشوھەوا بووە نەک لەبەر جەنگی ناوچەکە، چونکە کورد لەوەتەی ھەیە لەناو شەڕدایە و دەوروبەری ئێمە بەردەوام دەیانەوێت بۆردومان، ئەنفال و دەربەدەرمان بکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ڕۆژبەڕۆژ کورد بەھێزتر دەبێت، دەبینین ھەموو ئەوانەی دژی کورد بوونە، لەناوچوونە، کەچی ئێمە بەھێزتر بووینە.