هاودەنگ فارووق
جگە لەوەی ڕێوشوێنی دیاریكردنی سەرۆككۆمار لە دەرەوەی ڕێكارە یاساییەكان و پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بوو، ئەوەی ئەم بابەتەی زیاتر ئاڵۆز كردووە؛ سەرۆككۆمار لەبری ئەوەی بە گوێرەی سوێندە دەستوورییەکەی، كۆكەرەوەی جیاوازییەكان و چارەی ناكۆكییەكان بێت، بەپێچەوانەوە بووە هۆی دابەشبوونی زیاتری لایەنە سیاسییەكان و پەرتەوازەیی زیاتری ناوماڵی كورد. بەبێ هیچ پاساوێكی لۆژیكی و بەرژەوەندییەكی سیاسی، پۆستی سەرۆككۆمار كرایە نەشتەرێكی بڕندە بۆ دابەشكردنێكی قووڵی ماڵی كورد.
سەرۆككۆمار لە دەرەوەی ماڵی كوردستان بەسەر كورددا سەپێنراوە، ئەوەش پێچەوانەی ئەو نەریتە دەستوورییەیە كە لە سەرەتای پرۆسەی سیاسییەوە كاری لەسەر دەكرێت، كە دەبێت سەرۆككۆمار نوێنەرایەتیی تەواوی گەلی كوردستان بكات. بەڵام وەك لەو پیلانگێڕییەدا ئاشكرا بینرا، سەرۆككۆمار نوێنەرایەتیی حیزبێكی سیاسیی دیاریكراو دەكات؛ بە پاڵپشتی لایەنە وەلائییەكان، بۆ زیاتر درزخستنە نێو كۆمەڵگەی كوردستان و هێزە سیاسییەكانی ، هەروا بۆ تۆخكردنەوەی مەركەزییەتی دەسەڵات و كاڵكردنەوەی پڕەنسیپە دیموكراتییەكان.
لە كاتێكدا دیاریكردنی بەربژێری سەرۆككۆمار ڕێككەوتنی ماڵی كوردی لەسەر نەكراوە، چۆن دەكرێت بە نوێنەری كورد لەقەڵەم بدرێت و هەرێمی كوردستان ددانی پێدابنێت؟ ڕاستتر وایە بە نوێنەری حیزبێكی دیاریكراو دابنرێت و هەر لەو چوارچێوەیەشدا پێداچوونەوە بە چەمك و نەریتە دەستوورییەكاندا بكرێت.
پرسیار ئەوەیە: لە بەرژەوەندیی كام لایەن ئەم بابەتە بەم ئاقارەدا براوە؟ چ لایەنێك دەیەوێت لەم دۆخەی ناوچەكەدا كورد زیاتر پەرتەوازە ببێت؟
پارتی دیموكراتی كوردستان لەم چوارچێوەیەدا، ئاگادار و چاودێری ئەو پیلانگێڕییە بووە و لە سەرەتاوە هۆشداری داوە لەوەی پرسەكە بەو ئاقارە مەترسیدارەدا دەبرێت؛ دەستێك هەیە دەیەوێت ناوماڵی كورد و پرۆسەی سیاسیی عێراقیش تووشی ئاستەنگی جدی بكات. بۆیە بێگومان، میكانیزمی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم پێشهاتەدا هەیە و دەتوانێت چارەسەری ئاسەوارە كورتخایەن و درێژخایەنەكانی ئەو پیلانگێڕییە ئیحتیوا بكات.
سەرباری ئەوەش، هێشتا كاردانەوەی هەندێك لایەنی وەلائی كە بە ئاشكرا ئەو پیلانگێڕییەیان وەك تۆڵەكردنەوە لە (بە دەربڕینی خۆیان) “ڕیفراندۆمچی و جوداییخوازەكان” لەقەڵەمدا، زەنگی مەترسییەكی قووڵە و هیچ متمانەیەك ناهێڵێتەوە، ئەمەش گەیاندنی ناكۆكییەكانە بە سەر ئێسك.
ئایا نیشاندانی ئەو بابەتە وەك تۆڵەیەك لە خەڵكی كوردستان كە ٩٣٪ی خەڵكەكەی بە “بەڵێ” بەشداریی ڕیفراندۆمیان كرد، زەنگی مەترسی نییە بۆ یەكپارچەیی خاكی عێراق؟ ئەو عێراقەی كە سەرۆككۆمارە حیزبییەكە سوێندی خواردووە یەكپارچەیییەکەی بپارێزێت؟ سەرۆككۆمار لەبری كۆكردنەوەی لایەنەكان و یەكخستنی ناكۆكییەكان، بە بەرنامە خۆی كردە نەشتەری پەرتەوازەییەكی قووڵ و برینێكی دیكە لە جەستەی ماڵی كوردیدا.

