رۆژنامەی ھەولێر

حەمە ڕەئوف کەرکووکی گۆرانییەکانی ئەستێرە و ڕابردووی جاران بڵاودەکاتەوە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

هونەرمەندی گۆرانیبێژ لە دوای گۆرانیی خەجێ، کە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو لە نێو عاشقانی گۆرانی کوردیدا وەک بەرهەمێکی ڕەسەنی کوردی پێشوازییەکی گەرمی لێکرا، هونەرمەند حەمە ڕەئوف کەرکووکی، دوو بەرهەمی دیکە بە ناوەکانی ” ئەستێرە” و “ڕابردووی جاران” بڵاودەکاتەوە.

دەربارەی بڵاوکردنەوەی دوو بەرهەمە نوێیەکەشی ڕایدەگەیەنێت “هەردوو بەرهەمەکەم، بە شێوازێکی هونەری تایبەت و لەسەر بنەمای میراتی میوزیکی ڕۆژهەڵاتی و کلاسیکی کوردی پێشکەش کراون، هەروەها ئەم دوو بەرهەمە بە مەبەستی پاراستن و دەوڵەمەندکردنی ئەرشیفی گۆرانی کوردییە و بەخشینی رەهەندێکی نوێیە بە بەرهەمە هونەرییەکان، کە تۆمار و بەرهەمهێنراون و بەرهەمی یەکەمیش بە ناوی “ئەستێرە”ـیە و لە تێکستی “ناسری حوسامی”ـیە و لە ئاواز و میوزیکی خۆمە، بڵند قەرەداخی کاری میکس و ماسترینگی بەرهەمەکەی کردووە. ریکۆرد و میکسینگ و سەرجەم کارە فەنییەکانی تۆمارکردن لەلایەن بڵند قەرەداخی ئەنجام دراوە. هەروەها بەرهەمی دووەم بە ناوی “رابردووی جاران”، لە تێکستی دیار هەڵەبجەییە و لە ئاواز و میوزیکی خومە، عومەر عەبدوڵا کاری مێکس و ماسترینگی بەرهەمەکەی کردووە.”
ئەو هونەرمەندە باس لە شێوازی هەردوو بەرهەمەکەی دەکات و دەڵێت، “هەردوو بەرهەمەکە بە شێوازی میوزیکی رۆژهەڵاتی و کلاسیکی شێوە نوێ تێکەڵ کراون، کە ئەمەش نیشانەی هەوڵی بەردەوامیی منە بۆ گەیاندنی میوزیکی کوردی بە قۆناخێکی نوێ و پاراستنی ڕەگەزی سەرەکی و ڕەسەنی هونەری کوردی.
هەروەها ئەم شێوازە تێکەڵکراوە وایکردووە بەرهەمەکان لە نێوان کۆن و نوێدا هاوسەنگییەکی هونەری دروست بکەن.”
گوتیشی: لە روانگەی هونەرییەوە، ئەم بەرهەمانە دەتوانن وەک قۆناخێکی نوێ لە کارەکانی من ببینرێن، کە تێیدا هەوڵ دراوە هەست و مێژوو و زمان و هۆنراوە بەیەکەوە ببەسترێنەوە. ئەمجۆرە بەرهەمانەش ڕێگایەکە بۆ بەردەوامبوونی ڕۆحی میوزیکی کلاسیکی کوردی لە ناو گۆڕانکارییە هونەرییە نوێیەکان دا.”
ئەوەشی خستەروو، “ئەم دوو گۆرانییەم، نیشانەی هەنگاوێکی نوێن بۆ بەردەوامیی و گەشەپێدانی میوزیکی کوردی، کە لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا پلەیەکی هونەری تایبەتیان هەیە و دەتوانن ببن بە بەشێک لە ئەرشیفی گرنگی هونەری کوردی لە داهاتوودا.