رۆژنامەی ھەولێر

داڕزانی دەمارە چێوەییەکان

مستەفا محەمەد مستەفا

 

 

تێکچوونی دەمارە چێوەییەکان (Peripheral neuropathy) کار دەکاتە سەر ژیانی ڕۆژانەی نەخۆشەکە؛ تێکچوونی دەمارە چێوەییەکان بریتییە لە داڕزان و لەناوچوون و تێکچوونی ئەو دەمارانەی کە لە دەرەوەی مێشک و دڕکەپەتکدان.

دەمارە چێوەییەکان بەرپرسیارە لە گواستنەوەی سیگناڵ و پەیامی کۆنترۆڵکردنی جووڵە و هەستکردن و هەناسەدان و لێدانی دڵ و هەرسکردنی خۆراک و فرمانەکانی تری لەش. کە تێک بچن، دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی سیگناڵەکان، شێوانیان یاخود لەدەستدانیان. لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازار و لاوازیی ماسووڵکەکان و سڕبوونی پەلەکان یاخود کێشە دروست دەکات بۆ ڕۆیشتن و هاوسەنگیی لەش.
ئەم نەخۆشییە دەتوانێت تووشی دەمارە جیاوازەکان بێت بە شێوازی جیاواز. تێکچوونی دەماری ماسوولکەکان دەشێت ببێتە هۆی لاوازبوون یان گرژبوونی ماسوولکەکان یان کورتداگەڕانیان. تێکچوونی دەمارە هەستییەکان زۆربەی جارەکان دەبێتە هۆی سربوون و هەستکردن بە سووتان ویاخود ژان کردن ومێروولە کردنی پێست. بە تایبەتی لە دەست و پێ یەکان. تێکچوونی دەمارە سەربەستەکان ) Sympathetic & Parasypathetic ( دەتوانیت کاریگەری هەبێت لە سەرتێکدانی ئەوفرمانانەی کە بەشێوەیەکی خۆنەویستانە کۆنترۆڵ دەکرێن، وەکو ئارەقەکردن و هەرسکردنی خۆراک و میزکردن و لێدانی دڵ و توانای سێکسی.
دەشێت نیشانەکان بەخێرایی دەرکەون یان هێدی‌هێدی لە ماوەی چەند مانگێک بۆ چەند ساڵێکی پێ بچێت. هۆکاری زۆر هەیە بۆ تووشبوون بەم نەخۆشییە. وەکو نەخۆشیی شەکرە کە دیارترین هۆکارە بۆ تووشبوون بە تێکچوونی دەمارە چێوەیەکان؛ هەروەها دەمارەکان بە زەبری دەرەکییش تێک دەچن. هەوکردن وەکو HIV یان Lyme disease ئەم نەخۆشیانەی بەهۆی هێرشی بەرگریی لەش دروست دەبێت، نەخۆشییەکانی گورچیلە یاخود جگەر، کەمیی ڤیتامین B12، هۆکارەکانی تر وەکو خواردنەوە کحولییەکان، جگەرەکێشان، ژەهراویبوون بە قورقوشم یان جیوە، بەکارهێنانی هەندێک جۆرەکانی دەرمان، چارەسەری کیمیایی یاخود چارەسەرکردن بە تیشک، هەندیک نەخۆشینی بۆماوەیی وەکو (Charcot – Marie -Tooth).
هەندێک جار هۆکاری دیار نییە و نادۆزرێتەوە. زۆر جاریش بە وەرگرتنی زانیاری لە نەخۆشەکە (History) و پشکنینی پزیشکی دەستنیشان دەکرێت؛ بۆ نموونە: بە پشکنینی هەستکردن، هێزی ماسوولکە، کاردانەوەکان Reflexes)).
پزیشکەکان دەشێت داوای پشکنینی خوێن بکەن بە مەبەستی دەستنیشانکرنی هۆکارەکەی؛ هۆکاری وەکو نەخۆشیی شەکرە یان کەمیی ڤیتامین (B12). ئەگەر پێویست بکات ئەوا پشکنین بۆ دەمارەکان دەکرێت؛ بۆ نموونە پشکنینی توانای گەیاندن (Nerve conduction) و توانای ماسوولکەکان (Electromyography) کە دەتوانێت زانیاریی پێویست بدەن بۆ دڵنیابوونەوە. هەروەها ئەگەر بمانەوێت پشکنینی زۆر ورد بکرێت لە هەندیک حاڵەتدا وەکو پشکنینی (Lumber puncture، Biopsy) یان پشکنینی تیشکی و سۆنار.
چارەسەری نەخۆشی و دەمارە چێوەییەکان بەندە بە هۆکار و نیشانەکانیەوە.
ئەو کەسانەی نەخۆشیی شەکرەیان هەیە پێویستە شەکرەیان باشتر کۆنترۆل بکرێت بۆ ئەوەی خێرایی نەخۆشییەکە کەم بێتەوە و تەندروستی دەمارەکان باشتر ببێت. ئەو کەسانەی ڤیتامین (B12)یان کەمە، بە وەرگرتنی ڤیتامین B12 چارەسەر دەکرێن، بەڵام ئەو کەسانەی کەوا تووشی نەخۆشی تێکچوونی دەمارەچێوەییەکان بوونە، بەهۆی وەرگرتنی دەرمانێکەوە پێویستە واز لەم دەرمانە بهێنن یاخود کەم بکرێتەوە.
بۆ چارەسەرکردنی ژانی دەمارەکان پێویستە پزیشک ئەو دەرمانە بنووسێت کە تایبەتە بە ژانی دەمارە چێوەییەکان. چونکە دەرمانە ئازارشکێنەکان زۆربەی کاتەکان کار ناکات. دەشێت هەندێک نەخۆشی سوود لە چارەسەری سروشتی یان بەکارهێنانی گۆپاڵ دەبینن ئەگەر لاوازبوونەکە کاری کردبێتە سەر جووڵانەوەی پەلەکانی خوارەوە. ئەنجامی چارەسەر جیاوازە لە نەخۆشێکەوە بۆ نەخۆشێکی تر، هەندێک نەخۆش بە تەواوی چاک دەبنەوە کاتێک هۆکاری نەخۆشییەکە چارەسەر دەکرێت، کەچی هەندێکی دی ناچارە لەگەڵ نیشانەکاندا هەڵبکات و بسازێت؛ لەوانەیشە وردەوردە تێکچوونی دەمارەکان خێراتر ببێت.
چارەسەرنەکردنی نەخۆشییەکە (Peripheral neuropathy) لەوانەیە ببێتە هۆی کاریگەریی لاوەکیی زۆر ترسناک وەکو برینی پێیەکان، هەوکردن، کێشەکانی سووڕی خوێن؛ لە دۆخە سەختەکانیشدا دەتوانیت شانە و ئەندامەکانی لەش لەناو ببات؛ جا بۆیە زوو دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی هۆکاری ئەم نەخۆشییە زۆرگرنگ و پێویستە.