ڕائیب جادر – هەولێر
دوای بڕیارەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕاگرتنی خوێندنی ناو پۆل، پرۆسەی خوێندنی ئۆنلاین و دیجیتاڵی لە سەرجەم پارێزگاکان دەستیپێکردووە. بەرپرسانی پەروەردە و خوێندنی باڵاش دەڵێن، پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت و ئەوەی پێویست بێت بۆ ھاوکاریکردنی قوتابییان کراوە.
لە ھەرێمی کوردستان خوێندن بەردەوامە
سەرەڕای ئەو شەڕە سەختەی ناوچەکەی گرتۆتەوە، خوێندن بەردەوامە ئەگەر بەشێوەی ئۆنلاینیش بێت، خوێندنی ئۆنلاین ئەزموونێکی نوێیە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشتر تاقی کردبوویەوە، بەردەوام دەبێت تا ئەو ڕۆژەی بتوانن دەرگای قوتابخانەکان لەبەردەم قوتابییان بکەنەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری، بڵاوی کردەوە لەبەر ڕۆشنایی کۆبوونەوەی ھاوبەشی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە ڕۆژی ٢٩ـی ٣ـی ٢٠٢٦، حکوومەتی ھەرێم بڕیاری دا لەم قۆناغەدا، پرۆسەی خوێندن بەشێوازی ئامادەبوونی ناو پۆل ڕادەگیرێت لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان، بۆ ھەموو قۆناغەکان و خوێندن تەنیا بەشێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵیی بەردەوام دەبێت.
ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاسپێردران بە وەرگرتنی ڕێکاری پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، تایبەت بەشێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵی.
بەپێی بەدواداچوونەکانی ڕۆژنامەی “ھەولێر” خوێندنی ئۆنلاین و دیجیتاڵی لە ھەموو شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی سیستەمی (ئی- وانە)، گرووپەکانی تەلەگرام، واتسئاپ و تەلەفزیۆنی پەروەردەوە بەردەوامە.
بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە ھەموو ڕێکارەکان جێبەجێکراون، ھەڵسەنگاندن لە بەڕێوەبەرایەتییەکان وەرگیراوە و بڕیارە ھەموو سێشەممەیەکیش ھەڵسەنگاندن لە ھەموو پەروەردەکان وەربگرن.
سەبارەت بە شێوازی وانەگوتنەوەکە، بەرپرسانی وەزارەت، دەڵێن: خوێندنی ئۆنلاین دەستیپێکردووە و ھەموو شتێک بە باشی دەڕوات، قوتابییان لەڕێگەی سیستمەکانی ئی-ھەڵسەنگاندن، ئی- وانە و تەلەفزیۆنی پەروەردەوە دەتوانن وانەکان بخوێنن، مامۆستایانیش ڕاستەوخۆ لە تەلەفزیۆنی پەروەردە وانەکان دەڵێنەوە.
تەنیا پەروەردەکان نین، بەڵکو زانکۆ و پەیمانگەکانیش چوونەتە نێو سیستەمەکەوە. عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد: خوێندنی ئۆنلاین و دیجیتاڵی لە ٣٠ـی ئادارەوە لە ھەموو زانکۆ حکومی و ئەھلییەکان دەستیپێکردووە و زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت، چونکە ئێمە ئەزموونی پێشوومان ھەبووە و ھیچ کێشەیەک دروست نەبووە.
خوێندنی ئۆنلاین خواستی لەسەر ئامێرە زیرەکەکان زیاد کردووە
ھەر چەندە نرخی موبایل و ئایپات و تابلێت تا ڕادەیەک بەرزبووەتەوە، بەڵام ئەمە نەبۆتە ڕێگر لەسەر زۆری خواست لەسەر ئامێرە زیرەکەکان، چونکە ئێستا قوتابییانی قۆناغە جیاوازەکان بەشێوەی ئۆنلاین دەخوێنن بۆ ئەمەش پێویستیان بەو ئامێرانە دەبێت.
بازاڕی فرۆشتنی ئامێرە زیرەکەکان بەھۆی زۆری خواست لەسەری ھێنانی بە کۆ لەلایەن دووکاندارانەوە زیادی کردووە، چونکە ھەزاران قوتابی ئێستا پێویستیان بەو ئامێرانە ھەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی کە خواستی زۆری لەسەرە بەھۆی ئەم جەنگە و ڕاگرتنی گەشتی فرۆکەخانەکان کە سەرچاوەی سەرەکی ھاوردەکردنیەتی وای کردووە ژمارەیان لە بازاڕدا کەم ببێتەوە.
وەلید حەسەن، کە دوکانی فرۆشتنی ئامێرە زیرەکەکانی ھەیە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: بەپێی داتا و حساباتی خۆمان بێت پێشتر ٢٠ دانەیەکمان دەفرۆشت، بەڵام ئێستا ڕۆژانە ٦٠ دانە بگرە زیاتریش دەفرۆشین.
سەبارەت بە نرخەکانیش، ئەو دووکاندارە دەڵێت: بەرزبوونەوەی نرخەکان بە جۆرێکە ئەگەر لە ڕابردوودا ئایپاتێک نرخەکەی ١٨٠ ھەزار دینار بێت، ئێستا بە ٢٢٠ ھەزار دینارە، تابلێتێک ئەگەر پێشتر بە ٢٣٠ ھەزار دینار بووبێت، ئێستا بە ٣٠٠ ھەزار دینارە، پەیڕەوکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە ھۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخەکانە، بەرزبوونەوەی نرخەکانیش بەھۆی ئەو جەنگەوەیە کە ناوچەکەی گرتۆتەوە، فڕۆکەخانەکان داخراون، ھیچ کەلوپەلێک ھاوردە ناکرێت، ھۆکاری دووەمیش ئەوەیە ئەوەی دێت لەڕێگەی بەسرەوە دێت، کە لەو شوێنەش کەلوپەلەکان داخیل بوون باجێکی زیاتری دەچێتەسەر، ھەر ئەوەش وای کردووە نرخی ئەو ئامێرانە زیاتر بەرزبێتەوە.
قوتابی و مامۆستایان ڕای جیاوازیان لەسەر خوێندنی ئۆنلاین ھەیە
خوێندنی ئۆنلاین بەشێوەیەکی فەرمی لە ھەرێمی کوردستان دەستیپێکرد وانەی ھەموو پۆڵەکانی خوێندن لەڕێگەی دجیتاڵی پەخش دەکرێن، قوتابییان دەتوانن ھەم بەشێوەی ڕاستەوخۆ، ھەمیش بەشێوازی دووبارەکردنەوە سوودی لێ وەربگرن.
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێم خوێندنی بۆ قوتابییانی کردووەتە ئۆنلاین و دجیتاڵ، ئەوەی لێرەدا زۆر گرنگە، سیستەمی ڕێکخستنی خوێندنە لەناو ماڵەوە و چاودێری دایکان و باوکانە.
مامۆستایانی کوردستان بەشێوازێکی نوێ وانەکان دەڵێنەوە، ئەویش گواستنەوەی پۆلەکانی خوێندنە بۆ جیھانی تەکنەلۆجیا، کە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بوونە شوێنی پۆڵەکانی خوێندن، مامۆستا ئەو ئەزموونە وەکو ئەرکێکی گرانتر ناو دەھێنن، بۆ وەرگرتنی شێوازی وەرگرتنی زانیاری لەلایەن قوتابییانەوە.
بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە وەزارەتی پەروەردە کەناڵی خۆی چالاکتر کردووە، بۆ وانەی ھەموو پۆڵەکان، ڕۆژانە ٦ ھەتا ٨ مامۆستا بەشێوەی ڕاستەوخۆ وانەکان دەڵێنەوە، ئەوەش بۆ ھەموو پۆڵەکانە ھەر لە پۆلی یەکەم بگرە تا ١٢ـی ئامادەیی، بەڵام بەگوێرەی ئەو خشتەی کە وەزارەت بڵاوی دەکاتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەیە تاکو قوتابییش ئاگادار بێت کە ئەمڕۆ چ وانەیەک بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ھەیە.
ئاراس شەھاب، باوکی قوتابییە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر”ڕوونیکردەوە: باشترین شت بۆ دایکان و باوکانی قوتابییان ئەوەیە زۆر ئاگاداری منداڵەکانیان بن، بەچی بەوەی کە کات بۆ قوتابییەکانیان ڕێک بخەن، لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ قوتابییەکانیان بن و ھانیان بدەن، لەسەر ئامێرە زیرەکەکان بخوێنن، بۆ ئەوەی بتوانن وانەکانیان وەربگرن، شتەکە ناچارییە و کەسیش حەز بەوە ناکات، بەڵام بەڕای خۆم ئەوەی ئێستا گونجاو و باشترین ڕێگەیە قوتابییان، بۆ ئەوەی بتوانن باقی ئەو چەند مانگەی کە ماوە وانەکانیان تەواو بکەن، ئەرکەکەش لێرەدا زیاتر دەکەوێتە سەر ملی دایکان و باوکان.
ڕۆنیا نزمی، قوتابی پۆلی دەی وێژەییە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: قوتابخانە خۆش بوو و باشتر بوو گەڕاباینەوە بۆ قوتابخانە و لەگەڵ مامۆستاکانمان ڕاستەوخۆ وانەکانمان خوێندبایە، ئەو کاتە زیاتر لە وانەکان تێدەگەیشتین، بەڵام لەبەر ئەو شەڕەی ناوچەکەی گرتۆتەوە خوێندن بە ئۆنلاین و لە ماڵەوەش خراپ نییە و لێ تێدەگەین، کاتەکانی خۆشمان دابەشکردووە و بە وانەکان ڕادەگەم و یاریش دەکەم.
مامۆستا ئەڤین مەحموود، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” درکاندی: ھەندێک قوتابی ھەن، پێویستیان بەوە ھەیە زیاتر لە جارێک وانەکان بۆ دووبارە بکەیەوە، بەڵام ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یان کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، ئەگەر ئەو قوتابییە بە جاری یەکەمیش تێ نەگات، دەتوانێت چەند جارێکی دیکە دووبارە بکاتەوە، ئەوەش سوودێکی زۆر بە قوتابییەکە دەگەیەنێت.

