رۆژنامەی ھەولێر

کۆجیتۆی1 دەق، لە ڕۆمانی کوردی هاوچەرخدا…

جەمــــال نـووری

 

هه‌موو ده‌قێك، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هیچ خوێنه‌رێكی نه‌بێت، له‌ ساتی نووسیندا خوێنه‌ر ده‌كاته‌ گریمانه‌. له‌ بنچینه‌دا نووسینی ده‌ق به‌بێ گریمانه‌كردنی خوێنه‌ر مه‌حاڵه‌. به‌م مانایه‌، ده‌ق به‌بێ خوێنه‌ر بوونی نییه‌. خوێنه‌ر هه‌مان «هاوڕێ»یه‌كه‌ كه‌ گوتاری نووسه‌ر ده‌خوێنێته‌وه‌. كه‌واته‌، هه‌موو ده‌قێك پێشوه‌خت بۆ یه‌ك هاوڕێ ده‌نووسرێت و، «هاوڕێیه‌تی» ده‌كاته‌ گریمانه‌؛ چونكه‌ نووسه‌ر له‌ ساتی نووسینی ده‌قدا نازانێت خوێنه‌ره‌كه‌ی كێیه‌، دژمنه‌ یا دۆست، فه‌زیله‌تمه‌نده‌ یا شه‌ڕانگێز، خواپه‌رسته‌ یا ئاته‌ئیست، ڕه‌شپێسته‌ یا سپی پێست و هتد، هاوڕێیه‌تیی ئه‌و له‌گه‌ڵ خوێنه‌ره‌كه‌ی، هاوڕێیه‌تییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ و فه‌زیله‌تمه‌نده‌. نووسه‌ری هه‌ر ده‌ق، هه‌ر ڕۆمان و شیعرێك، ته‌نانه‌ت ده‌قی زانستیش، به‌ ده‌ربڕینی دێریدا، بانگه‌وازی «ئه‌ی هاوڕێیانی من» ده‌كاته‌ پێشگریمانه‌ و، ده‌قه‌كه‌ی به‌م بانگه‌وازه‌ ده‌ست پێ ده‌كات. له‌ ڕاستیدا، نووسه‌ر له‌ هه‌ر ڕستەیه‌كی ده‌قدا، هاوڕێیه‌تی بۆ خوێنه‌ره‌كانی پێشنیار ده‌كات. به‌ڵام، به‌ باوه‌ڕی دێریدا، هاوڕێیه‌تیی خوێنه‌ر له‌سه‌ر «سوودمه‌ندی» وه‌ستاوه‌. به‌م پێیه‌، ئه‌گه‌ر نووسین بانگهێشتكردن بێت بۆ هاوڕێیه‌تی، كه‌واته‌ ده‌ق به‌رهه‌می شكستی چاوه‌ڕوانیی نووسه‌ره‌ له‌ دۆزینه‌وه‌ی هاوڕێیه‌كی ڕاسته‌قینه‌ له‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌دا*. له‌ ڕاستیدا، هه‌ر ده‌قێك له‌ ناوه‌وه‌ی یه‌ك شكسته‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات؛ شكستی مرۆڤ له‌دۆزینه‌وه‌ی هاوڕێی ڕاسته‌قینه‌، له‌ئه‌زموونی ترسناكی شكست له‌ساتی له‌ده‌ستدانی هاوڕێدا. ئه‌م شكسته‌یه‌، نووسه‌ر ڕووه‌و نووسین ده‌بات. هاوڕێیه‌تی ئه‌گه‌رێكه‌ مرۆڤ له‌ ده‌ستی خۆی ڕزگار ده‌كات، له‌ده‌ست بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رباره‌ی مه‌رگ و نه‌بوون، له‌ده‌ست هه‌ستپه‌رتیی ئه‌و ده‌رباره‌ی بوون. به‌م مانایه‌، ئازاری له‌ده‌ستدانی هاوڕێ، ئازاری له‌ده‌ستدانی «ئه‌ویتر»ێكه‌ ئێمه‌ ڕزگار ده‌كات له‌خۆمان. هاوڕێیه‌تی خودی ژیانكردنه‌؛ و له‌ده‌ستدانی هاوڕێ، بیرهێنه‌ره‌وه‌ی له‌ده‌ستدانی ژیان و گه‌یشتنی مه‌رگه‌. وه‌ك بلانشۆ ده‌ڵێت: «سوپاس بۆ مه‌رگ، ده‌توانێت هاوڕێیه‌تی ڕابگه‌یێنێت. وه‌ك بڵێی ئه‌گه‌ری هاوڕێیه‌تی پاش غیاب و مه‌رگی هاوڕێ دێته‌ دی. ئازاری له‌ده‌ستدانی هاوڕێ ئه‌گه‌ره‌كانی هاوڕێیه‌تی ده‌كاته‌وه‌. هاوڕێیه‌تی هاوكات هه‌ڵگری دووری و نزیكی، حزوور و غیاب، جیایی و پێكه‌وه‌بوون و، قسه‌كردن و بێده‌نگییه‌. به‌ر له‌ جیایی و له‌ده‌ستدانی هاوڕێ، دابڕان ده‌ستی پێكردووه‌؛ دابڕانێك به ‌ڕێڕه‌وی قووڵبوونه‌وه‌ی هاوڕێیه‌تیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت. حزووری كه‌سێك به‌رده‌وام ده‌بێت ڕووبه‌ڕووی له‌ده‌ستدانی ببینه‌وه‌. ئه‌گه‌ر، مانا و ده‌ركه‌وتنی هاوڕێیه‌تی هه‌رگیز به‌دی نایێت، مه‌گه‌ر ئه‌مه‌ی مرۆڤ ڕووبه‌ڕووی دەبێتەوە، وه‌ك دێریدا ده‌ڵێت، «پرسیارێكی برینتێكه‌ر»، «پرسیارێك ده‌رباره‌ی برین» ببێته‌وه‌. دێریدا ده‌ڵێت: «هیچ هاوڕێیه‌تییه‌ك به‌بێ ئه‌گه‌ری برین بوونی نییه‌.»*** هه‌موو هاوڕێیه‌تییه‌ك كۆمه‌ڵێك زه‌خم و برینی شاراوه‌یه‌.
زمانی نووسینی سەلاح جەلال زمانێک نیە هەر کەسێک بۆ کاتکوشتن بیەوێ دەستبداتە کتێبێکی وەک ژەمە خواردنێ بیخوێنێتەوەو دواتر فڕێی بداتە ئەولاوە، بەپێچەوانەوە گەر بتەوێ لە سەلاح جەلال بگەی ئەوا وەک وەرزشەوانێک پێویستی بە ئیحما هەیە پێش ئەوەی بچێتە ناو یاریگاوە تاوەکو گیان و ماسوولکەکانی تووشی وەستان و تەمەزق نەبێ، بەهەمان شێوەش خوێنەر بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی تەندروست لە سەلاح جەلال تێبگات دەبێ خاوەن پاشخانێکی فکری و مەعریفی و میتۆلۆژیا و زانستی گەردوونناسی و زانستی میتافیزیک و ئەفسانەو شارستانیەتی کۆن و هاوچەرخی هەبێ ئەوکات دەتوانی لەنێو دەریای زمان و هزری نووسینی سەلاح جەلالدا مەلەی خۆی بکات.
سەلاح جەلال وەک نووسەرێکی جدی لە ڕێگای کەشفکردنی مرۆڤەوە لەو پرسە ئاڵۆز و داخراوانە دەدات ئێستاشی لەسەر بێ، هەموو ئەو ژانەرانەی مرۆڤ کاری لەسەر کردووە وەک میتۆلۆژیا و ئەفسانە و زانستی فینۆمینۆلۆژیا و جیهانی میتافیزیک نەیانتوانیوە تەواوی کۆدەکانی فەلسەفەی مەرگ و ژیان بکەنەوە، کە سەلاح جەلال لە ڕۆمانی تابووتی پەیمانی خودادا زۆر بەجوانی کاری لەسەر کردووە و توانیویەتی ئەو گرێ داخراوەیەی مەرگ بکاتەوە کە فەلسەفەکانی دنیای مرۆڤایەتی لە تەمتومان و مەد و جەزردان.
پرسیارەکانی نێو ئەم ڕۆمانە لەسەر بوون و فەلسەفەی مەرگ و زانستەکان دەمانخەنە ناو شەپۆلەکانی جیهانەوە. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی لە دوای خوێندنەوەی ئەم رۆمانە، جیهان بینینێکی جیاواز و خوێندنەوەی تایبەتمان هەیە بۆ ڕووداوەکان بەگشتی.
لەبەر ئەوەی نووسەر چەند پرسێکی مرۆیی و سیاسی دەوروژێنێت و کاری لەسەر دەکات.
خاڵێکی تر لەوەی وایکردووە ڕۆمانێکی قورس بێت بۆ خوێنەر ئەوەیە ئەم ڕۆمانە زیاد لە کاراکتەرێکی سەرەکی هەیە واتە نووسەر پشتی نەبەستووە بە گێڕانەوە (سەرد) کۆی چیرۆکەکەی لە رێگای کاراکتەرێکەوە بگێڕێتەوە بۆ خوێنەرەکانی، بەڵکو وا لە خوێنەر بکات خۆی بەشداری لەناو دەقەکەدا بکات و خۆی بە کاراکتەرێکی جدیی ناو رۆمانەکەی بزانێ.
سەلاح جەلال وەک نووسەرێکی جدی کار لەسەر فکر و مەعریفە دەکات، واتە لە ڕێگای ڕامانەوە لە میتۆدە فکریەکان لە دەرگای فەلسەفە دەدات و دەچێتە ناو هزر و ئەندێشەی بیر و نووسین .
خوێنەر کاتێک بیەوێ لە بیر و ئەندێشە و نووسینەکانی سەلاح جەلال بگات وەک هەر نووسەرێکی تری کورد یا رۆماننووسێکی ئەمڕۆ، ئەوا خوێنەر دەکەوێتە هەڵەیەکی دیالکتیکەوە، چون سەلاح جەلال لەم سەردەمەی خۆیدا لەناو نووسەرانی کورددا تاقانەیە، ئەو نووسەرە دەستەبژێرانەی وەک سەلاح جەلال لەم قۆناغه ی ئێستادا بوونیان هەیە وخاوەن کەینوونەی نووسین و بیرو هزرێکی تایبەتمەندی خۆیانن لە پەنجەکانی دەست تێناپەڕن.
لەبەرئەوەی سەلاح جەلال ئیش لەناو کۆجیتۆی خۆیدا دەکات وەک نووسەر.

1-(Cogito, ergo sum)؛ دەهزرم، کەواتە هەم.