ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر
بەکتریای گەدە کە بە زمانی زانست (هێلیکۆباکتەر پایلۆری)ـی پێ دەڵێن، یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی هەوکردن لە جیهاندا. ئەم بەکتریایە بەهۆی پێکهاتە سەرنجڕاکێشەکەیەوە، توانایەکی سەرسوڕهێنەری هەیە بۆ خۆپاراستن لە ترشەڵۆکی بەهێزی ناو گەدە و دروستکردنی پەناگەیەک لەناو دیوارەکانی گەدەدا، کە دەرئەنجام دەبێتە هۆی برین و گرفتە تەندروستییەکان.
نیوەی خەڵک تووشبوون و زۆرینەیان بێنیشانەن
دکتۆر شێروان کۆساری، پزیشکی شارەزای گشتی، تیشک دەخاتە سەر بڵاوبوونەوەی ئەم حاڵەتە و ڕایدەگەیەنێت: “بەکتریای گەدە هەوکردنێکی یەکجار باوە، بە جۆرێک نزیکەی 50%ی خەڵک ئەم بەکتریایەیان لەناو گەدەدا هەیە. بەشێکی زۆری تووشبووان هیچ نیشانەیەکیان نییە، بەڵام لای هەندێکی تریان دەبێتە هۆی تێکچوونی باری تەندروستی و ڕێگری لە خواردن.”
بەپێی گوتەکانی ئەم پزیشکە، نیشانە باوەکانی ئەم بەکتریایە بریتین لە: (هێڵنجدان، ڕشانەوە، ژانەسک، دڵەکزێ، سکچوون و، دروستبوونی بۆنێکی ناخۆش لە دەمدا).
مەترسییەکان؛ لە کەمخوێنییەوە تا شێرپەنجە
دکتۆر شێروان ئاماژە بەوە دەدات کە پشتگوێخستنی ئەم بەکتریایە دەرئەنجامی مەترسیداری دەبێت، لەوانە:
• دروستبوونی برینی گەدە (قورحە) و هەوکردنی توند.
• لە هەندێک حاڵەتی پێشکەوتوودا، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی شێرپەنجەی گەدە.
• کار دەکاتە سەر ئاستی ڤیتامینەکان و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی خوێن و ماددەی ئاسن، کە ئەوەش دەبێتە هۆی بێتاقەتی و سەرەسوڕە.
چۆن دەستنیشان دەکرێت؟
بۆ دڵنیابوونەوە لە هەبوونی بەکتریاکە، سێ ڕێگەی سەرەکی پشکنین هەن:
1. پشکنینی پیسایی (Stool Antigen)
2. پشکنین لە ڕێگەی هەناسەوە (Urea Breath Test)
3. پشکنینی خوێن (Serology)
ڕێگەکانی چارەسەر و خۆپارێزی
چارەسەرکردنی بەکتریای گەدە لەسەر دوو تەوەری سەرەکی دەوەستێت:
• یەکەم؛ چارەسەری دەرمانی: بەکارهێنانی کۆرسێکی دەرمانی کە پزیشک دیاریی دەکات و باوترینیان لە نێوان (10 بۆ 14) ڕۆژ دەخایەنێت.
• دووەم؛ سیستەمی خۆراک: دوورکەوتنەوە لەو خواردن و خواردنەوانەی گەدە هان دەدەن، وەک: (خواردنی چەور و قورس، ترش و تیژ، خواردنەوە گازییەکان، کحول و، کەمکردنەوەی چا و قاوە).
لە کۆتاییدا، پزیشکان جەخت دەکەنەوە کە هەرچەندە ئەم بەکتریایە زۆر بڵاوە، بەڵام بە دەستنیشانکردنی پێشوەختە و پابەندی بە ڕێنماییە خۆراکییەکان، دەکرێت بە ئاسانی کۆنتڕۆڵ بکرێت و ڕێگری لە مەترسییەکانی بکرێت.

