رۆژنامەی ھەولێر

پرسی ئافرەت، پرسێکی گشتگیری مرۆڤایەتییە

فەزیلە شۆرش
٨ی مارس، ڕۆژێکی جیهانییە بۆ یادکردنەوەی خەبات و شۆڕشی ئافرەتان، لە هەمان کاتدا ڕۆژی هاوپشتی و پشتگیریکردنی ژنانە لە سەرانسەری جیهاندا. ئەمە یادی ئەو ڕۆژەیە کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، ئافرەتان توانییان بگەنە ئامانج و دەستکەوتەکانیان. لە ٨ی مارسی ١٩٠٨دا، ئافرەتانی ستەملێکراو، بەتایبەت ئەوانەی لە پیشەسازیی جلوبەرگی شارەکانی وەک شیکاگۆ و نیویۆرک کاریان دەکرد، مانگرتنێکی جەماوەرییان لە دژی ستەم، خراپیی بارودۆخی کارکردن و نەبوونی مافی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا دەستپێکرد.

ئەم خۆپێشاندانانە بزووتنەوەیەکی جیهانیی بۆ داواکردنی مافەکانی ئافرەتان لێکەوتەوە. دواتر لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئافرەتان لە کۆپنهاگن، ٨ی مارس وەک ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان ناسێندرا، کە تێیدا سەد ژن و پیاو لە ١٧ وڵاتی جیاوازەوە بەشدارییان کردبوو. لەو ڕۆژەوە، ٨ی مارس وەک سیمبۆلێکی خەبات بۆ یەکسانی، ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان، سەربەخۆیی ئابووری و نەهێشتنی جیاکارییەکان یاد دەکرێتەوە و ساڵانە تەوەرێکی دیاریکراوی بۆ تەرخان دەکرێت.

بەداخەوە تا ئێستاش لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، مافی ئافرەتان و کچان لەژێر فشاردایە و ئاستی سەلامەتی، ئازادی و دەرفەتەکان بۆیان سنووردارە. بۆیە چالاکییەکانی ئەم ڕۆژە بە مەبەستی هاودەنگی، ڕاکێشانی سەرنج بۆ مافی یەکسانی، باشترکردنی پێگەی ئافرەت و بەدەستهێنانی مافە پێشێلکراوەکان ئەنجام دەدرێن؛ لە هەمان کاتدا جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی کە یەکسانی پرسێکی لاوەکی نییە، بەڵکو پرسێکی دادپەروەرییە.

لە کوردستانیش ئەم ڕۆژە بەرز ڕادەگیرێت بۆ پشتگیریکردن لە یەکسانی و ڕێزگرتن لە خەباتی ئافرەتان، هەروەها بۆ وەستانەوە دژی وێناکردنی چەوتی ئافرەتان لەلایەن ئەو کەسانەی باوەڕیان بە یەکسانی نییە و هەوڵی پەراوێزخستنیان دەدەن. هەرچەندە لە کوردستان پرسی ئافرەتان قۆناغێکی سەختی بڕیوە، بەڵام پێویستە بە دیدێکی نوێ و سەردەمیانە کار بۆ دۆزی ئافرەت بکرێت. گرنگە هەموومان پێکەوە هەنگاو بنێین بۆ یەکگرتن و دەستەبەرکردنی تەواوی مافەکانی ئافرەتان، چونکە ئەمە پرسێکی مرۆیی و دادپەروەرییەکی جیهانییە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هەموو کایەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و بەڕێوەبردن هەیە.