ئاشنا دڵشاد :
هەشتی مارس جەژنی گوڵەکان نییە، بەڵکو جەژنی ئەو ڕەگ و قەدانەیە لە جەرگەی سەختییەکاندا شەڕی ژیان دەکەن
ڕێکەوتی ٨ـی مارس بریتییە لە ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان؛ ئەو ڕۆژەی کە هەموو ساڵێک لە سەرتانسەری جیهاندا بۆ ڕێزلێنان، ناساندن و بانگەوازی مافی ئافرەتان بەڕێوە دەچێت؛ هەر لەم ڕوانگەیەوە و گرینگیدانی زیاتر و ئاشنابوون بە (٨ـی مارس) ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان (International Women’s Day) لە جیهان و، تایبەتتر لە هەرێمی کوردستان، دیمانەیەکمان لەگەڵ مامۆستا (ئاشنا دڵشاد مەجید)دا ساز داوە؛ خاتوو ئاشنا ماستەری هەیە لە ئیتیک و یاسای میدیا و، مامۆستای زانکۆیە لە بەشی تەکنیکی میدیا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێردا.
• رۆژی جیهانیی ئافرەتان (٨ـی مارس) لە چییەوە هاتووە، بۆچی کراوە بە ڕۆژێکی جیهانی؟
ـ پێش ئەوەی باسی دیاریکردنی ئەم ڕێکەوتە بکەین، ئەبێ بگەڕێینەوە بۆ ئەو ڕیشە مێژووییانەی وای کرد ٨ی مارس ببێتە سیمبولی خەبات بۆ مافەکانی ئافرەت. لە ساڵانی پێش ١٩٠٨ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەتایبەتی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی نادادیەکی کۆمەڵایەتی زۆری بەخۆیەوە بینی بەتایبەت بۆ ئافرەتان کە ئافرەتیان بێبەش کردبوو لە مافی دەنگدان، مافی مڵکداری، مافی مووچەیەکی شایستە بەرامبەر بە کاتی کارکردنی، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و وای کرد کە ساڵی ١٩٠٨ زیاتر لە ١٥هەزار ئافرەتی کرێکار لە شاری نیویۆرک بڕژێنە سەر شەقامەکان. ئەوان داوای سێ شتی سەرەکییان دەکرد: کەمکردنەوەی کاتی ڕۆژانەی کار، زیادکردنی مووچە و، مافی دەنگدان (کە ئەو کاتە تەنها بۆ پیاوان بوو). ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە، ساڵی ١٩٠٩ بووە هەوێنی یەکەمین “ڕۆژی نیشتمانیی ئافرەتان” لە ئەمریکادا؛ لە دوای ئەو ساڵانەوە ئەم دەنگە بەردەوام داکۆکی لە مافی بنەڕەتی خۆی دەکرد تاکو، ساڵی ١٩١٧ کە شۆڕشی ڕووسیا هەڵگیرسا، لە کاتێکدا یەکەم جەنگی جیهانی، دنیای وێران کردبوو، ژنانی ڕووسیا بەهۆی برسییەتی و نەبوونییەوە ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمی “نان و ئاشتی”یان بەرز کردەوە. ئەم مانگرتنە لە ڕۆژی ٢٣ی شوباتی ڕۆژژمێری ئەوسای ڕووسیا دەستی پێکرد، کە بەپێی ڕۆژئەژمێری زایینی (گریگۆری) دەکاتە ٨ی مارس. ئەم فشارە هێندە گەورە بوو کە حکومەتی ناچار کرد مافی دەنگدان بە ژنان ببەخشێت. لەو کاتەوە ٨ی مارس وەک هێمایەکی جیهانی جێگیر بوو.
• لە ڕۆژی جیهانیی ئافرەتاندا، چۆن ڕۆڵ و مافەکانی ئافرەتان لە هەرێم زیاتر بکرێت، فێستیڤاڵ یا پرۆگرام بۆ ئەم ڕۆژە هەیە، چۆن؟
ـ لە هەرێمی کوردستانیشدا، ئەم ڕۆژە ساڵانە یاد دەکرێتەوە. چالاکی هەیە، قسەکردن هەیە، ڕێزگرتن هەیە. بەڵام پرسیارێکی سەرەکی هەیە کە پێویستە بە ڕاستی لێی بپرسین: ئایا ئەم ڕۆژە تەنها ڕۆژی بەیاننامە و پیرۆزباییە، یان ڕۆژی گۆڕانکارییە؟ هەرێمی کوردستان لە مێژوویەکی پڕ لە ناڕەحەتی و تێکۆشانەوە گەیشتووەتە ئەم ڕۆژانە. لە سەردەمی ئەنفال و کیمیاباران و ڕووبەڕووبونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان تا ئەمڕۆ، ئافرەتی کورد نەک تەنها ئەو ئافرەتە بووە کە داوای مافی خۆی کردووە، بەڵکو ئەو ئافرەتە بووە کە نەتەوەکەی پشتی پێ بەستووە بە درێژایی مێژوو، سیمبولی خۆڕاگری بووە. لە شاخدا پێشمەرگە و شۆڕشگێڕ بووە، لە شاردا پەروەردەکار و ڕووناکبیر بووە و، لە ماڵیشەوە کۆڵەکەی سەرەکیی پاراستنی شوناس و زمانی کوردی بووە.
• چۆن دەکرێ ڕۆڵ و ژمارەی ئافرەتان لە حکومەت و سیاسەتدا زیاتر بکرێت؟
_ ئافرەتی کورد لە سەنگەری خۆڕاگرییەوە بۆ ناوەندی بڕیار، ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان، ئافرەتان لە هەموو کایەکاندا ئامادەییەکی چالاكییان هەیە؛ ئەوان لە حکومەت و سیاسەتدا ڕۆڵیان هەیە، لە ناوەندی بڕیارداندا ئەوان وەزیرن، پەرلەمانتارن، ڕۆڵی دادوەر ئەگێڕن. لە کایەی زانستیدا زۆرینەی دەرچووانی زانکۆکان و توێژەرە گەنجەکان کچانن. لە ئابووریدا، خەریکە دەبنە هێزێکی کارا لە کەرتی تایبەت و پڕۆژە بچووکەکاندا. سەرەرای ئەم ڕۆڵانە بەڵام هێشتا هێزێک هەیە ئەیەوێ ئافرەت چەقبەستە بێت، بۆ ئەوەی ئێمە ئەم بەیاننامە و پیرۆزیاییە لە دروشمەوە بکەین بە کردار و گۆڕانکاری، پێویستە کار لەسەر ئەوە بکەین ئافرەت خاوەنی داهات و ئیرادەی دارای خۆی بێت، چونکە سەربەخۆی ئابووری وا لە ئافرەت ئەکا زیاتر بەرگریکار بێت بۆ مافە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانی. پێویستە هەرێمی کوردستان (یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١١، یاسای بەرەنگاربوونەوەی خێزان لە توندوتیژی) بە تەواوی جێبەجێ بکات کە باس لە پاراستنی خێزان دەکات، بە جۆرێک هیچ کەسێک نەتوانی لە ژێر پەردەی “دابونەریت”ـەوە دەستدرێژی بکاتە سەر ماف و ئازادییەکانی ئافرەت. بۆئەوەی ماف و ڕۆڵی ئافرەت لە هەرێمی کوردستان زیاتر بکرێت پەروەردەی هاوچەرخ زۆر گرنگە هەبێت بۆ گۆڕینی دیدگای نەوەی نوێ بەرامبەر بە ئافرەت نەک وەک “ڕەگەزی لاواز” بەڵکو وەک “هاوبەشێکی یەکسان” لە ئەرک و مافدا.
• ئافرەتانی هەرێم پێویستە چی بکەن بۆ ئەوەی بە مافی خۆیان بگەن و بێبەش نەکرێن؟
_ بەدەستهێنانی ماف، تەنها ئەرکی ئافرەت نییە و لە هەمان کاتدا تەنها چاوەڕوانیکردنی دەسەڵات یان یاسا نییە، بەڵکو ئەمە پرۆسەیەکی بەردەوامە و ئەرکی هەموو کۆمەڵگەیە. ٨ـی مارس دەرفەتێکە بۆ پێداچوونەوە بەو ئەرکانەی کە لەسەر شانمانە بەرامبەر بە دایک، خوشک، هاوسەر و هاوکارەکانمان. بۆ ئەوەی ئێمەی ئافرەت لە هەرێمی کوردستان لە قۆناغی “داواکاری ماف”ەوە بگەینە قۆناغی “بەرجەستەکردنی ماف”، پێویستمان بە پشتیوانی یەکتر هەیە لە کاتی کێشە و ناڕەحەتیەکاندا، ئەمە وادەکات دەنگمان دلێرتر بێت و زووتر بگەینە ئامانجەکانمان. ئێمەی ئافرەتی کورد بەراستی پێویستمان بە خۆپەروەردەکردن و زانست هەیە، چونکە یەکەم چەک بۆ بەدەستهێنانی ماف، زانینی مافەکانمانە. ئێمە پێویستە لە ڕووی یاسایی و کۆمەڵایەتییەوە هۆشیار بین و، بزانین کەی و چۆن مافەکانمان پێشێل دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ئەبێ کاراکتەرێکی بەئاگای نێو کۆمەڵگە بین و بەشدارێکی چالاکبین لە ڕێکخراوەکان، کایەکان، جومگەکان و، هتد.
با ئێمە ئەم ڕۆژە نەکەین بە ڕۆژی وێنەگرتن و ئاهەنگگێڕان، بەڵکو با ئەو دەرفەتە بقۆزینەوە و بیکەین بە کردار؛ لەم ڕۆژەدا ڕێکخراوەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان چالاکیی جۆراوجۆریان هەبێت، بە سازدانی کۆڕبەندی کراوە، دیبەیت لە نێوان ئافرەتان و بڕیاربەدەستەکان بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ کێشە و داواکارییەکانیان بگەیەنن، یاخود خەڵاتکردنی داهێنەران هەموو ساڵێک ڕابگەیەنرێت بۆ ئەو ئافرەتانەی داهێنەرن، بە پرۆژەکانیان سوود بە کۆمەڵگە دەگەیەنن. ئەم جۆرە چالاکیانە بەراستی گرنگن بۆ بەرزکردنەوەی متمانە، بۆ چەسپاندنی دادپەروەری، کەمکردنەوەی توندوتیژی.
• ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان لە میدیاکانی هەرێمدا، چۆن ڕاڤەی بۆ دەکرێت، لە ئاست پێگەی ئافرەتە؟
_ بە شێوەیەکی گشتی مامەلەی میدیای کوردی لەگەڵ ٨ی مارس وێنەیەکی تێکەڵاو پیشان دەدات، واتە لەلایەکەوە ڕۆژەکە شکۆدار پیشان دەدات و لەلایەکی ترەوە لە کرۆک و گرنگی ڕۆژەکە ئەچێتە دەرەوە و لە جەوهەری کێشەکان دوور دەکەوێتەوە.
شکۆداری ئەکات بە زیادکردنی بەرنامە و ڕاپۆرتەکان، بەڵام دوای تێپەڕینی یادەکە، پرسی ئافرەت دەچێتەوە پەراوێز. ئەمەش وا دەکات داکۆکی لە مافی ئافرەت وەک “مۆدەی ساڵانە” دەربکەوێت نەک ستراتیژێکی بەردەوام.
لە جەوهەری کێشەکان دوور دەکەونەوە بە زاڵبوونی ڕەهەندی “پیرۆزبایی” و پێشکەشکردنی گوڵ و شیرینی لە ستۆدیۆکانیان لە جیاتی ئەوەی بەرنامەکانیان داکۆکیکردن و قسەکردن بێت لەسەر ئاستەنگ و ئالنگارییە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکان کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لە کاتی کار و پیشەدا. بۆچی بەرنامەکان و ستراتیژیەتی کارکردنی میدیا بە ئاراستەی گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتیدا نەبێت؟ کاتێک فەرمانبەرێکی ئافرەت لە کەرتی تایبەت تووشی کێشەی خاوەنکار دەبێتەوە، کاتێک دایکێکی فەرمانبەر لە کەرتی تایبەت و تەنانەت لە کەرتی حکومیش بە پێی پێویست یارمەتی نادرێت و، مۆڵەت و مافی دایکایەتییەکەی خۆی پێ نادرێت، تەنانەت ئەو یاسا و ڕێنماییانەی تایبەت بە کار و وەزیفە دەرئەکرێ هەندێجار جیاکاری دەکات، لە ناو ئافرەتان خۆیشیاندا جیاکاری لە نیوان ئافرەتێک بۆ ئافرەتێکی تر دەکرێ؛ بۆ؟ کاتێک لە بەشێک لە میدیاکان وێنە جوانەکەی ئافرەت ئەشێوێنرێ بە بابەتی بێناوەرۆک و ئافرەت ئەکرێ بە ڕووکەش بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بینەران، ئەمانە و زۆرێک لە کێشە و بەربەستەکان کە دێنە بەردەم ئافرەت، میدیا تا ئێستا مامەڵەیەکی توندتۆڵی لەگەڵ واقعەکە نەکردووە.
بە شیوەیەکی گشتی ڕۆڵی میدیا یاخود مامەڵەی میدیای کوردی لە ئاستی گۆڕینی ئەقڵیەتی کۆمەڵگە لە بەرامبەر ئافرەت وەکو قوربانی و هێزێکی لاواز هێشتا لاوازە. ڕاڤەی میدیا بۆ ٨ـی مارس زیاتر “فێستیڤاڵاوییە” و کەمتر “ڕەخنەیی و بنیادنەرە”.
• لە ڕۆژی جیهانیی ئافرەتاندا، دوا وتەت چییە، پەیامتان بۆ ئافرەتانی کورد چییه؟
_ لە ڕۆژی جیهانیی ئافرەتاندا وتەی من بۆ هەموو دایکێکی ئەم نیشتمانە، هەموو خوشکێکی میهرەبان، هەموو کچێکی ئازا و بوێر ئەوەیە و پێیان دەڵێم “ئەمڕۆ ڕۆژی ئەو دەستانەیە کە هەم لانکە ڕادەژەنن و هەم جیهان بنیاد دەنێن. ٨ـی مارس جەژنی گوڵەکان نییە، بەڵکو جەژنی ئەو ڕەگ و قەدانەیە کە لەناو سەختییەکاندا شەڕی ژیان دەکەن. بۆ هەموو ئەو ئافرەتانەی لەپێناو مافەکانیاندا دەجەنگن، بۆ ئەوانەی بە زەردەخەنەیەک خەم دەشارنەوە و بە هیواوە دەڕواننە ئاسۆدا؛ ڕۆژەکەتان لێ پیرۆز.

