رۆژنامەی ھەولێر

وەرزی ددانهاتن؛ ئەو قۆناغەی تاقیکردنەوەی ئارامیی دایکان و باوکانە

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

بۆ زۆرێک لە دایکان و باوکان، دەرکەوتنی یەکەم ددانی منداڵەکەیان ساتێکی پڕ لە خۆشەویستی و یادگارییە، بەڵام ئەم قۆناغەی گەشە بۆ منداڵەکە پڕە لە ئازار و بێزاری. چۆن لەم دۆخە تێبگەین و چۆن یارمەتیی کۆرپەلەمان بدەین؟ د. کاوێس زەنگەنە، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، وەڵامی ئەو پرسیارانەمان دەداتەوە.

کەی چاوەڕوانی یەکەم ددان بکەین؟
دکتۆر کاوێس جەخت لەوە دەکاتەوە کە ددانهاتن بەشێکی سروشتییە لە قۆناغەکانی گەشەی منداڵ. بە گشتی، زۆربەی منداڵان لە تەمەنی نێوان پێنج بۆ حەوت مانگاندا یەکەم ددانیان دەردەکەوێت. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک جار ئەم پرۆسەیە دوا دەکەوێت تا تەمەنی ١٣ مانگان، کە ئەوەش هێشتا لە سنووری ئاساییدایە، بەڵام ئەگەر لەو ماوەیە درەنگتر کەوت، پێویستە لەلایەن پزیشکەوە پشکنینی بۆ بکرێت.
نیشانەکان؛ کەی دڵنیا بین کە ددانە؟
کاتێک منداڵ دەکەوێتە قۆناغی ددانهاتن، جەستەی پەیامی جیاواز دەنێرێت کە دایکان و باوکان دەخاتە دڵەڕاوکێوە. دکتۆر کاوێس گرنگترین ئەو نیشانانە دیاری دەکات کە دایکان هەستی پێ دەکەن:
• گۆڕانی هەڵسوکەوت: منداڵەکە بەردەوام بێزار و تووڕە دەبێت و باری سروشتی خۆی لەدەست دەدات.
• خەوزڕان و شێوانی خەو: خەوی منداڵ تێک دەچێت و زۆرجار لە ناو خەودا بە گریانەوە هەڵدەستێت.
• سەرچاوەی ئازار: حەز دەکات هەموو شتێک بخاتە دەمی و گەزەی لێ بگرێت بۆ کەمکردنەوەی خورانی پووک.
• گۆڕانکاری جەستەیی: تایەکی کەم (کە بە دەگمەن دەگاتە 38.5 پلەی سەدی)، کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، ڕاکێشانی گوێ یان قژ، لەگەڵ گۆڕانکاری لە پیساییدا؛ زۆربوون و شلبوونەوەی، بەڵام بە دەگمەن دەگاتە ڕادەی سکچوونی توند.
ئایا پێویستە نیگەران بین؟
دکتۆر کاوێس دڵنیایی دەدات بە دایکان کە “هەموو ئەم نیشانانە کاتین و خۆیان چاک دەبنەوە.” گرنگە دایکان بزانن کە ئەم قۆناغە سروشتییە و پێویست بە ترس ناکات.
تەنها لەو حاڵەتانەدا نەبێت کە نیشانەکان زۆر زیاد بکەن و باری تەندروستی منداڵەکە بە تەواوی تێک بدەن، ئەوکات دەکرێت بە ڕاوێژی پزیشک، شرووبی دژەئازار بۆ کاتی پێویست و بە بڕی دیاریکراو بەکار بهێنرێت.