ئــــازاد پێنجوێنــــــی
“کورد لە دژمنی کەی هەیبووە سڵ
کام دژمن توانیی کورد بوەستێنێت
خوێنی شەهیدم تۆڵە دەستێنێت”
ئەمە وتەی شاعیرێکە کە غوربەت و حەسرەت و تەنهایی و دووری زێد و نەتەوە و تەنانەت دووری خانمی سپێدەکەشی ناتوانن ڕێگر بن لەوەی شیعر نەنووسێت هەر ئەوەشە ژیان لە تەک شیعرەکانیدا ژینێکی ئەشقاویە لە ئامێزی گەرمی خۆیدا دەمانشارێتەوە و، لووتکەی تێڕامانمان دەکاتە ساباتی خۆشەویستیمان، ئەوەی کەوای کردووە شیعرەکانی بەهێز بێ خاوەنی ئەندێشەیەکی بەهێزە، خۆ شاعیر بەتەنها پەیامی دڵی نەسپاردووە بە خانمەکەی بەڵکو شیعرەکانی کردۆتە دیاریەک لە دەرکەوتەی پەیامە ڕاستەقینەکەی و دڵی مەردم (خەڵک)ـیش خۆش دەکات لە ڕەهەندی دیاری شیعرە جوانەکانی، بۆیە دەکرێ ئەوە بزانین کە شاعیرێک هەیە هەناسە شیعرەکانی لەنێو ئارامی ڕۆحی پەپوولەدایە گەر بە دڵ هەزمت کرد و بە ئەندێشەت نەرمونیان بووی لە تەکیدا بێ، ئەوەی خۆت ماندوو بکەیت، هەر کۆپلەیەکی دەبنە پەپوولەیەک و لەسەر شانت دەنیشنەوە و بەختەوەری لەنێو ڕۆحتدا چرۆ دەکات و ئەندێشەت لەنێو کۆپلەکانیدا دەبنە ئیلهامی جوانی بیرکردنەوەکانت.
ئاخر شاعیر هەموو سپێدەیەک لەو جێگەیەیە کە شیعرەکانی و خانمەکەی لەوێیە؛ بۆیە هەرکات لە میحرابی نازەوە ڕۆحمان ڕادەخەین و دەیکەینە فەرشەکەی دایکی سوهرابی سپهری لە بەردەم ئەشقی شیعرەکانی ئەم شاعیرە ئەوا بێ دوودڵی ڕۆحمان دەفڕێ بۆ ئەو مرۆڤەی کە هەستی بە دەنگی پێی ئاو دەکرد و، دەیوت دایکم ئەوەندە میهرەبان بوو، گوڵی فەرشەکانیشی ئاو دەدا کە بێ شک ئەم ڕەنگدانەوەیە لەنێو میهرەبانی خانمەکەی شاعیردا نەک ئاودانی گوڵەکان، بەڵکو شیعرکانیشی ئەوەندە میهرەبانن ئاوی ڕۆحی وشکهەڵاتوویشمان دەدەن، ئەی ئەوە نییە هەمو جارێ وشەکانی دەکاتە ئینجانە و ڕستەکانی دەبنە گوڵستان و دەیان ڕوان لە هەناوی کێڵگەی ئاواتەکاندا.
مرۆڤێک کە حزوریان و شیعرەکانی بۆتە گوڵشەنی بەر یەخەی میلەت و هەرتێکستێکی بۆتە چرای شەوقی ڕۆشنایی هەژاران، خاک و غەریبی نیشتمان و هاوخەمی پەیامیشیان بەرەو ئاسۆی گشت ئاوەزێکن. ئاخر ئەشق و خۆشەویستی بۆ خانمی دیارو نادیاری شاعیر لە قووڵایی شیعرێکیدا دەبێتە ئاوێتەی دیوانێک کە بەس نیە بۆ وەسف و سەنای جوانی فیگەری خانمەکەی، ئەوە هەر بە تەنها خۆیانن لە سیحری جوانی ئەودا وەک دیلێکی جەنگ کۆت و بەندە کەچی بیری چووە کە بە شیعرە ناوازەکانی ئێمەی لەناو وجودماندا کۆت و بەند کردووە، بۆیە بانگی دەکەین سەودای دووری و غوربەتی مەگرە کاکی شاعیر گیان چونکە لەمێژە ئێمە گەیشتووین بە ویساڵی چامە بێوێنەکانت و پێویستمان پێتە تا ئارامیەک بە خۆمان ڕەوا ببینین لەنێو ساباتی بەینی پەڕاوە شیعرەکانت.
شاعیرێک کە لەنێو مەقامی شیعرەکانیدا دەستی چەندەها منداڵانی ئازار چەشت و دەگرێت و هەر پەیڤێکیان بۆ دەکاتە پاسکیلێک دەتوانم بڵێم بوکەشوشەیەک و، دواجاریش هەقیقەتی تابلۆیەک تا بتوانین بەرامبەر نەیارانی نیشتمان بیکەینە قەڵغانی ئازادیمان.
(ئالان هەولێری) شاعیری نەتەوە پەرست و ئەشق و وێناکراوی دیوە جوانەکەی هەردوو دیوی ژیان شیعرەکانی لەنێو ڕوەزە شاخێکدا و لەغوربەتی هەناسە تەنهایەکانیدا سەر دەردەهێنن و شنەبای ئارام بەزەوی بەیارو بەوکوێستانەدا وەک وردە باران بڵاوەیان پێدەکات تاوەکو لەهەناوی هزری مێژووی مرۆڤایەتیدا ببنە گڕی خۆڕاگری و ئەشق و ئەوین، ئەی نازانن ئەوەی یەک جار بخوێنێ شعرێکتان تا ئەبەد لەمێشک و دڵی دەرناچێ ڕستەی ناخی جوانتان.
(ئالان هەولێری) ئەوەندە دێوانە بووە بۆ شیعر هەمیشە گوێی لە چرپەچرپی خۆی و دڵیەتی؛ دەردی خۆی دەبێژێ نە فەرهادم و نە مەجنوون کەچی شێتی شیعرم بۆیە خامە و ئەندێشەیان هەمیشە بوونەتە سەرمەشقی هەوای نەسیم.
هەرئەوەشە لەنێو ئەم خاکی ئێش و ژانەدا هەمیشە هەنگاو بەرەو ئاسۆ دەنێت، ئای هەر لە خۆیان جوانە کە لەنێو توولەڕێگاکانی ئاوایی و گوند و ڕەزەکان و بناری چیاکانی بستبەبستی کوردستان بەدەم خەیاڵ و فەنتازی داهێنانەوە و دڵیشیان لە هەناوی قەڵا و منارە و بیرکردنەوە پڕ لە حەسرەتەکانیەوە گۆرانی خۆشنودی بۆ ئەشقی خۆی و یارانی دەچڕێ و پڕ بە زایەڵە لە کڵاوڕۆژنەی تاسەوە، زۆر بە نەرمی خەیاڵی دێتە ژووری هەموو دڵەکانەوە و، غیرە دەکات لەو لێزمە باران و باهۆزەی کە نیشتمان ئازار دەدەن، غیرە دەکات لەو گوڵانەی کە خانمی نازدار چاوی لێ نەترووکێنێ، لەو ڕێگا دوور و نەبڕاوەیەی کە زۆر درەنگ دەیگەیەنێتە دیداری دایکی.
شاعیر بەوەشەوە ناوەستێ، شیعرەکانی لەبری هەزاران ناپاڵمە بۆ نەیار و دژمنانی ئەم نیشتمانە؛ ئەوەتا زۆرجوان دەڵێ:
“ئەم خاکە، خاکی خۆمانە و، هی کورد نەبێ هی کەس نیە، دەستمان بۆ مافی کەس نابەین کورد بۆ نیشمان شانازیە.”

