رۆژنامەی ھەولێر

چۆن لە مانگی ڕەمەزاندا زاڵ دەبیت بەسەر تینوویەتیدا؟

ماكوان عێزه‌‌ت – هەولێر

 

لەگەڵ داهاتنەوەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، یەکێک لە و گرفتانەی ڕووبەڕووی ڕۆژووگران دەبێتەوە، هەستکردنە بە تینوویەتییەکی زۆر، بەتایبەت لەو ڕۆژانەی پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن. بۆ ئەم مەبەستە، د. سابیر محەمەدئەمین، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو، کۆمەڵێک ڕێنمایی زانستی و کردەیی دەخاتە ڕوو بۆ ئەوەی ڕۆژووگران بتوانن بە درێژایی ڕۆژەکە هاوسەنگی شلەمەنی لە جەستەیاندا بپارێزن.

بە بڕوای د. سابیر، کلیلە سەرەکییەکانی ڕێگری لە تینوویەتی تەنها لە بڕی ئاوخواردنەوەدا نییە، بەڵکو پەیوەندی بە شێوازی ژیان و جۆری خۆراکیشەوە هەیە. گرنگترین ڕێنماییەکان بریتین لە:
1. پارێزگاری لە شێداری جەستە:
• ئاوخواردنەوە: پێویستە لە نێوان بەربانگ تا پارشێو بە لای کەمەوە ٨ پەرداخ ئاو بخورێتەوە؛ قوم‌قوم نەک بە هەڵقووڕاندن؛ واتە مەرجەکە ئەوەیە بە “تاو تاو” و کەم‌کەم بێت، نەک هەمووی بە یەک جار.
• هەڵبژاردنی میوە: سوود لەو خواردنانە وەربگرە کە ڕێژەی ئاویان زۆرە. ئەگەر ئارەزووی شەربەتیش دەکەیت، ئاوی میوەی سروشتی زۆر تەندروستترە لە شەربەتە ئامادەکراوەکان کە شەکرێکی زۆریان تێدایە.
2. دوورکەوتنەوە لە هۆکارەکانی وشکبوونەوە:
• ژینگەی دەوروبەر: تا دەکرێت لە بەر تیشکی خۆر و شوێنی گەرمدا مەمێنەرەوە.
• چالاکی جەستەیی: لە کاتی ڕۆژوودا، وەرزش مەکە، با جەستەت ئاو لەدەست نەدات.
• کافایین: خواردنەوەی چا و قاوە کەم بکەرەوە، چونکە ماددەی کافایین دەبێتە هۆی زۆر میزکردن و وشکداگەڕانی جەستە.
3. ڕێکخستنی ژەمەکان:
• ژەمی پارشێو: دکتۆر سابیر جەخت دەکاتەوە کە نابێت ئەم ژەمە پشتگوێ بخرێت، چونکە سەرچاوەی سەرەکی وزە و شلەمەنییە.
• سەرەتای بەربانگ: باشترە بەربانگ بە خورما و ئاو دەست پێ بکات و لەسەرخۆیی و بەهێواشی نان بخورێت.
• جۆری خۆراک: پێویستە خۆت لە خواردنی سوێر، توون، شیرینی و چەوری بپارێزیت، چونکە ئەم جۆرە خۆراکانە داخوازی جەستە بۆ ئاو دوو هێندە دەکەن.
ئامۆژگاری لە پزیشكانەوە: لە ڕەمەزاناندا تەندروستی بەستراوەتەوە بەو هاوسەنگییەی لە نێوان “خۆراک” و “ئاو”دا دروست دەکرێت. خواردنی تەندروست و ئاوخواردنەوەی لەسەرخۆ، ڕۆژەکەت بۆ ئاسانتر دەکات.