دیمانە: حەسەن حەمەد ئاندێکی
لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٥، رۆمانێکی ناوازە بە زمانی ئینگلیزی لەلایەن کچە قوتابییەکی تەمەن ١٦ ساڵانی ئەم کوردستانە بەچاپ گەیەندرا، لە دووتوێی ٣٢٥ لاپەڕە و بەرگێکی قەشەنگ و رازاوە کە دەربڕی خودی رۆمانەکەیە کەوتە بەر دیدەی خوێنەرانی زمانی ئینگلیزی، سەرەڕای ئەوەی کە رۆمان نووسین لەم تەمەنەدا بە زمانی دایک کارێکی وا ئاسان نییە، کەچی ئەم کچە قوتابییە رۆمانەکەی بە ئینگلیزییەکی پاراو نووسیوە.
ئەم کچە قوتابییەش (یاران فەتحی مستەفا کاخدر کاکەشین) پۆلی ١١ی بنەڕەتی لە کۆلیژە حکومویەکەی قەڵای بەهرەداران لە هەولێر.
ئەم چاپکراوە رۆمانێکی نیمچەخەیاڵییە و بۆ تەمەنی هەرزەکاری نووسراوە کە شێوازی نووسینەکەی یەک دەگرێتەوە لەگەڵ بیروهزری هەرزەکاران.
رۆمانی (یاری ئاسکەکە) تێکهەڵکێشێکی ناوازەیە لە نێوان مشتومڕ و مەترسی و نهێنی و لەپێناو مانەوە و رووداوەکانی دەستپێدەکات بە دێوەزمەیەک و دواتر بە دروستبوونی دەنگێک و دواتر کچێکی نامۆ کە ناوی (ئاناستازیا) و دواتر سەردەکێشێت بۆ رووداوی نامۆتر و، کەسایەتییەکانی ئەم رۆمانە لە چوار کاراکتەی سەرەکی پێک دێن کە ناوەکانیان (ئاناستازیا، ومالاشی، ونیكولای، وفالیریا) سەرەڕای منداڵێکی بچووک کە ناوی (ئەمایا) کە هۆکاری سەرەکی تێوەگلانی هەموو کەسەکانە بەم یارییە نامۆیە.
لە دەستپێکدا فێڵێکیان لێ دەکرێت بە بیانووی مۆڵەتوەرگرتن بۆ بەسەربردنی کات، دواتر خۆیان لە پێش قوتابخانەیەک دبیننەوە کە پێی دەگوترێت (قوتابخانەی ئاسکەکان) کە بە تەواوی رازاوەتەوە و رووکەش کراوە بە رەنگی رەش و سوور و، بەشە ناوخۆییەکانیان بەدیار دەکەوێت و لێرەوە دێوەزمە راستییەکە دەست پێ دەکات و دابەش دەکرێن بەسەر دوو تیم و فەرمانیان پێ دەکرێت بە خۆشاردنەوە ئەگەرنا کچێکی نیمچەوەحشی بە ناوی (نیبۆگۆس) دەستگیریان دەکات و دڵیان دەبات، هەروەها فەرمانیان پێ دەدرێت بۆ دۆزینەوەی بەشە ونبووەکانی پەیکەرێکی زێڕینی ئاسکێک و هەر تیمێک زووتر بیدۆزێتەوە بە براوە ئەژمار دەکرێت، بەڵام لە کاتی یاریکردنەکەیان و گەڕانیان، چەند رێرەوێک و شتگەلێکی ئاڵۆزتر لە قوتابخانەکە دەدۆزنەوە، کە لە مردن نزیکیان دەکاتەوە و هەندێک شت دەدۆزنەوە کە نەدەبووایە ئەم شتانە بە هیچ شێوەیەک بزانن و هەرچەند قووڵ دەبوونەوە لە گەڕانەکانیان، زیاتر درکیان بەوە دەکرد کە هۆکاری سەرەکیی ئامادەبوونیان لێرە خودی ئاناستازیایە.
کەی دەستت کرد بە نووسینی ڕۆمان کاتێک قوتابی ئامادەییت لە هەرێمی کوردستان؟
لە کاتی پشووی هاوینە و لە سەرەتای مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٤وە واتە لە کاتی دەرچوونم لە قۆناغی ٩ی ئامادەییەوە دەستم بە نووسینی ئەم رۆمانە کرد و نزیکەی یازدە مانگ خەریکی نووسینی بووم و هەروەها لە کاتی خوێندن لەدوای ئەنجامدانی ئەرک و خوێندنی قوتابخانە، لە کاتە بەتاڵەکان دەمنووسییەوە.
چ شتێک هاندەرت بوو ببیتە نووسەری ڕۆمان وەک قوتابی ئامادەیی؟
یەکێک لەپاڵنەرەکان کە هاندەرم بوو ئەوە بوو کە هەستێکم هەبوو کە شتێکی گرنگم هەیە بۆ گوتن ئەم رۆمانە لە هزرم دەزرینگایەوە پێش ئەوەی بیخەمە سەر کاغەز، نووسینەوەی هەڵبژاردەم نەبوو بەقەد ئەوەی کە پێویستە چونکە کاتێک پشتگوێم دەخست هەستم بە کەموکوڕی و بێ خەمی دەکرد، لەگەڵ ئەوەی تەمەنم بچووک بوو و هەستەکانم راڕایان کردبووم، پاڵی پێوە نام بۆ سەلماندنی تواناکانم، یەکەمجار بۆ خودی خۆم بوو بۆ وەدەستهێنانی شتێکی مانادار و، بێدەنگبوون لە گەڵ هزر و بیری من ناگونجێت.
چۆن هاوسەنگی نێوان تاقیکردنەوەکانی قوتابخانە و نووسینی ڕۆمان دەکەیت؟
کاتێک تاقیکردنەوەم هەبوایە، لاپتۆپەکەم دادەخست و دەمکوژاندنەوە و هەموو شتێکی پەیوەندیدار بە رۆمانەکەم لا دەبرد بۆ ئەوەی سەرنج بخەمە سەر خوێندنەکەم، چونکە من زیاتر لە کاتی دەستبەتاڵیدا دەمنووسی. هەرگیز نەمدەهێشت کاتی بەتاڵم بەفیڕۆ بچێت و، هەر کاتێک خوێندنی زۆرم هەبووایە، وا ڕەفتارم دەکرد کە هەرگیز خەریکی نووسینی هیچ رۆمانێک نیم، چونکە بوون بە نووسەر خەونی دووەمی منە و بەدەستهێنانی نمرەی بەرز و سەرکەوتنم لە خوێندن خەونی یەکەمینمە.
ئایا مامۆستاکانت، خێزانەکەت چۆن پشتگیری توانای نووسینی رۆمانەکەت دەکەن؟
ستافی کۆلیژی قەڵای بەهرەداران بەتایبەتی دوو مامۆستای بەڕێزم، مامۆستا نەبەز کەریم مامۆستای کوردی و، مامۆستا یاسین ئەحمەد مامۆستای کۆمەڵایەتی هاندەر و رێنیشاندەرم بوون بۆ ئەوەی دەست بە نووسین بکەم و لە کاتی هاتنەپێشی هەر کێشەیەک لە کاتی نووسیندا و ئامۆژگاری پێویستییان پێ دەدام و هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدا بۆ فێربوون و خوێندنەوە.
خێزانەکەم (بە تایبەتی دایک و باوکم) هەرگیز نەیانهێشت دەستبەرداری نووسینی ئەم رۆمانە بم، ژینگەیەکی گونجاویان بۆ ڕەخساندم بۆ نووسینی ڕۆمانەکە. دایکم گوێی لە چیرۆکەکانم دەگرت، باوکم پێی دەگوتم تەنیا بنووسە تەنانەت ئەگەر کەموکوڕیشی هەبێت، یارمەتی دەدام لە دیزاینکردن، پێداچوونەوە بە رۆمانەکە و، بە ڕاستی لە هەموو شتێکدا هاوکارم بوون.
کام نووسەری کوردی یان نێودەوڵەتی کاریگەری زۆریان هەیە لەسەر شێوازی نووسینت؟
لەبەر ئەوەی من زیاتر رۆمان و چیرۆک و پەرتووکی بە زمانی ئینگلیزی دەخوێندەوە و شێوازی نووسینی رۆماننووسی ئەمریکایی (Freida McFadden) و بەریتانی (Holly Jackson) کاریگەریی راستەوخۆیان هەبووە لەسەر نووسینەکانم.
بە زمانی ئینگلیزی دەنووسیت، بۆچی، حەز دەکەیت ڕۆمانەکەت لە داهاتوودا وەربگێڕدریت بۆ زمانی کوردی یان زمانی تر؟
نەتەوەکەم بەشێکی دانەبڕاوە و رەنگدانەوە و ئیلهامبەخشێکی ئەزەلی و بنەمایەکی جێگیر و پتەوە بۆ نووسینەکانم، هەست و تێڕوانینەکانم بۆ ژیان و دەورووبەر و تێگەیشتنم و بەهێزی و بێدەنگیم هەڵقوڵاوی ژینگەی کوردەوارییە، نووسین بە زمانی دیکە لەوانە زمانی ئینگلیزی مانای ئەوە نییە کە زمانی کوردیم پشتگوێ خستبێ (خوا نەکات) بەڵکو هۆکارێک بووە بۆ پتەوکردنی ناسنامەی کوردیم، بۆ ئەوەی بیسەلمێنم کە کچی کورد لە توانایدا هەیە بە زمانە جیاجیا بیانییەکان بنووسێت، هاوتەریبی لەگەڵ پاراستنی رەگە کولتوورییە کوردەوارییەکەی.
بەدڵنیاییەوە لە داهاتوودا بە هاوکاری باوکم و مامۆستاکانم ئەم رۆمانە وەردەگێڕمە سەر زمانی شیرینی کوردی.
ئایا بەشداریت کردووە لە پێشبڕکێی نووسین لە قوتابخانە یان ئاستی هەرێم؟
نەخێر تا ئێستا بوار نەبووە بەشداری هیچ پێشبڕکێیەکی نووسین بکەم چونکە ئەم رۆمانە یەکەم بەرهەمە کە رووناکی دەبینێت.
دەتەوێت چ پەیامێک بگەیەنیت بە گەنجانی کورد لە ڕۆمانەکانتدا، پەیامی نوسینی رۆمانەکەت چییە؟
ئەگەر مرۆڤ لە لێواری مردن و مەرگیشدا بێت، هەمیشە هاوڕێ و یارمەتیدەری باش و مرۆڤی باش و خاوەن وێژدان هەن کە لەپاڵیدا بمێننەوە و، دەبێت هەرگیر کۆڵ نەدەین، ئەگەر لە کاتی گیانەڵڵای مردنیشدا بێت دەبێت هەمیشە هەموو هەوڵێکی خۆمان بدەین، چونکە هەموو شتێک لەم ژیانەی ئێمەدا ئەگەر هەوڵی بۆ نەدەیت و پێیەوە ماندوو نەبیت بە دڵنیاییەوە ناگاتە دەست.
ژینگە و ژیانی ڕۆژانەی کوردی چی ڕۆڵێک دەگێڕن لە رۆمانەکەتدا؟
کوردبوون مانای چەکەرەکردن و گەورەبوونە لە نێو هەبوونی هێزێکی شاراوە لە خانەوادەکانمان و دەورووبەرمان کە هەستی پێ دەکرێت، بەتایبەتی لە نێو ئافرەتاندا، (قوربانیدانە شاراوەکان، نەریتەکان، شێوازی پابەندی بە کولتوورەکەمانەوە) هەموو ئەوانە کاریگەرییەکی راستەوخۆیان هەبووە بۆ بنیاتنانی کەسایەتی و هەست و سۆزەکانم.
چ ئامۆژگارییەک دەدەیت بە قوتابیانی هەرێمی کوردستان کە دەتەوێن ببنە نووسەری ڕۆمان؟
پێیان دەڵێم چاوەڕێ مەکەن کە هەر بڵێن بە تەمەن بچووکین و ئامادە نین بۆ داهێنان، تۆ بە نووسین و خوێندنەوە گەشە دەکەیت، بە نووسین و خوێندنەوە دەتوانیت شتەکان دەستکاری بکەی بۆ برەودان بە خۆت، تەنیا بە کاغەزێکی سپی و بەتاڵ ناتوانیت پەرە بە هیچ بدەیت، خۆتان بەراورد مەکەن بە کەسانێک کە لە ناوەڕاستی رێگان، زۆربەی هەرزەکاران و قوتابیان لە نیوەی رێگا رادەوەستن لەبەرئەوەی پێیان وایە ئەوان بەپێی پێویست ساز و ئامادە نین و ماویانە، لەگەڵ ئەوەی کە تەنیا خودای گەورە، باڵادەست و کەماڵە.
لە کۆتاییدا زۆر سوپاسی بەڕێزتان و رۆژنامەی هەولێر دەکەین بۆ ئەم چاوپێکەوتنە و ناساندنی رۆمانەکەم بە نەوەی هاوتەمەن و هاوبیری خۆم و هەروەها دووبارە سوپاسی مامۆستا بەئەمەکەکانم دەکەم.

