وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر
(جەرێد دایمۆند ـ Jared Diamond) نووسەر و زانستوانێكی بەناوبانگی ئەمریكییە كە لە بواری جوگرافیا و بیۆلۆژیا و ئەنتروپۆلۆژیا پسپۆڕە. زیاتر بە كتێبی (چەك، میكرۆب و پۆڵا ـ Guns, Germs and Steel) ناسراوە كە بووە هۆی پێدانی خەڵاتی پولیتزەری ١٩٩٨. جەرێد نزیكەی پەنجا ساڵ لە نیوگینیا توێژینەوەی لەسەر خێڵ و قەبیلەكانی ئەو ناوچەیە كرد و زۆربەی كتێبەكانی وەكوو (جیهان هەتا دوێنێ ـ The World Until Yesterday) لەسەر ئەو ئەزموونانەیە. دایمۆند لە شاری لۆسئەنجەلۆسدا دەژیێت و، بە پلەی پڕۆفیسۆرایەتی، مامۆستایە لە زانكۆی كالیفۆرنیادا و چاودێریکردنی مەل و تەیروتوار یەكێكە لە خۆشی و خولیاكانی ژیانی. جگە لە نووسین و توێژینەوەی زانستی، پیانۆیش دەژەنێت و حەزی لە موزیكەكانی باخە.
ـ دەكرێت ڕووتینی بەیانیانت وەسف بكەیت؟
جەرێد دایمۆند: بەیانیانی هەموو ڕۆژێكم، چ بنووسم چ نەنووسم، وەك یەكە. نزیكەی كاتژمێر شەشی بەیانی لەخەو هەڵدەستم و دەچم بۆ تەماشاكردن و چاودێری باڵندەكان لەو كۆڵان و شەقامەی كە لێی دەژیم، ئاخر من لە دۆڵێکی لادێییی گۆشەگیر لە لۆس ئەنجلوس دەژیم، کە شوێنێکی زۆر باشە بۆ چاودێریکردنی باڵندەكان. دە خولەک پێش ئێستاش لە پیاسەی بەیانیان گەڕامەوە، کە بەزۆری سەعات و نیوێک بۆ دوو سەعات دەخایەنێت. لیستی ئەو باڵندانەی لەو شوێنە بینیومن گەیشتووەتە ١٤٩ جۆر! ئەمەش بەپێی پێوەرەکانی ئەمریکای باکوور، ژمارەیەکی زۆر باشە.
ـ ئایا باڵندەیەكی تایبەتت دیتووەتەوە؟
جەرێد دایمۆند: لێرە باڵندەیەكی زۆر بێهاوتا هەن، بۆ نموونە دوێنێ لە كۆڵانەكەدا (ڕێنسی زستانی ـ Winter Wren)ـم بینی (جۆرە باڵندەیەكی چكۆلەیە بەقەدرا چۆلەیەك و ڕەنگی قاوەییەكی كاڵە). بچووكترە لە (ڕێنسی ئەمریكی ـ American Wrens). زستانان دێتە لۆس ئەنجلس، بەڵام زۆرجاران خۆیان لە نێو دەوەن و پەرژینە چڕەکان دەشارنەوە. ئەمە دووەم جار بوو لە ماوەی ٣٧ ساڵی نیشتەجێبوونم لەم شوێنە، ئەم جۆرە باڵندەیە ببینم. ئەوە زۆر جێی جۆش و خرۆش بوو.
ـ ئایا ڕەفتار یان شێوازێكی تایبەتت هەیە لە كاتی نووسین؟
جەرێد دایمۆند: هیچ نەریتێکی تایبەتم نییە، بەڵام کاتێک بیر لەوە دەکەمەوە کە لە چی بکەم، سەرەتا چۆڵکردنی سەر مێزی نووسینەکەمە، چونکە کۆمەڵێک پڕۆژەی تری لێ کەڵەکە بووە و بەسەریەكدا كەوتوون. زۆربەی کاتەكەم بۆ نووسینی كتێبەكانم نییە، بەڵكو بۆ خوێندنەوە و بەدواداچوون و لێكۆڵنیەوەیە لەسەر ئەو بابەتەی كە كتێبەکەی لەسەر دەنووسم، لەگەڵ کێشانی هێڵکاری یان تۆمارکردنی تێبینی دەربارەی ئەو سەرچاوانە. زۆر شت ڕوودەدەن پێش ئەوەی دەست بە نووسین بکەم.
ـ دەتوانیت باسی توێژینەوەیەكەت بكەیت؟ ڕۆژێكی توێژینەوەت چۆنە؟
جەرێد دایمۆند: تۆژینەوەکانی من بەم شێوەیەن.. وەک پێشخانێك، کتێبەکانم بەزۆری لە دوانزە بۆ بیست و چوار بەش پێکدێن کە هەموویان لەسەر بابەتگەلی پەیوەندیدارن. بۆ نموونە، دوایین کتێبم بە ناوی (جیھان هەتا دوێنێ ـ The World Until Yesterday)، لە یانزە بەش پێك دێت و لەسەر کۆمەڵگە دێرینەکانە؛ بەشێکیان لەسەر پەروەردەکردنی منداڵە، دانەیەکی تر لەسەر پیرییە و یەکێکی تریشیان لەسەر تەندروستییە. من بەشەکان یەک لە دوای یەک تەواو دەکەم. زۆر دەخوێنمەوە و قسە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەم کە لەو بوارەدا شارەزان، چونکە ئەم بابەتانە بە گشتی پسپۆڕیی من نین. کەواتە هەنگاوی یەکەم بریتییە لە خوێندنەوە و چاوپێکەوتن، پاشان تۆمارکردنی تێبینییەکانم بە دەنگ. دواتر و لە قۆناغێکی تردا، کاتێک هەموو خوێندنەوەکانم تەواو کرد، تێبینییەکانم وەردەگرم و نەخشەڕێگەیەك یان زنجیرەیەک بۆ بابەتەکانی ناو بەشەکە دادەنێم و کەرەستەکان ژمارەڕێژ دەکەم. پاشان کۆپی هەموو تێبینییەکانم دەکەم و بە کۆپییەکاندا دەچمەوە و ژمارە دەخەمە سەر تێبینییەکان؛ بەمەش دەزانم هەر تێبینییەک لە کوێی نەخشەی بابەتەکەدا جێگەی دەبێتەوە. دوای ئەوە، تێبینییەکان دەبڕم و لە چەند لاپەڕەیەک کۆیان دەکەمەوە، بە جۆرێک تا هەموو ئەو زانیارییانەی پەیوەندییان بە بابەتێکی دیاریکراوەوە هەیە، پێکەوە بن. بۆ نموونە، لە بەشی پەروەردەکردنی منداڵدا، بەشێک هەیە لەسەر “چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی منداڵ لەگەڵ مەترسی”، بەشێکی تریش لەسەر “لە شیربڕینەوەی منداڵی شیرەخۆرە” هەیە. من تێبینییەکانی سەر ئەم بابەتانە کۆدەکەمەوە و ئینجا دەست دەکەم بە نووسین… یان ڕاستر بڵێم، دەست دەکەم بە “ڕەشنووسکردن و تێهەڵکێشانی تێبینی و زانیاری و سەرچاوەكانم”.
ـ ئایا شتێكی جیاواز یان نائاسایی لەسەر شوێنی كارەكەت هەیە؟
جەرێد دایمۆند: بەڵێ، ئەوەی زۆرترین سەرنجی خەڵک ڕادەکێشێت و بە لایانەوە سەیرە ئەوەیە کە کۆمپیوتەرەکانی من ئەوەندە بچووککراونەتەوە کە نابینرێن! لە ڕاستیدا، هەر بوونیان نییە(هاهاها). من کۆمپیوتەر بەکارناهێنم. هەموو تێبینی و زانیارییەكانم بە خێرایی و بە دەست دەنووسم، پاشان بە دەنگ تۆماریان دەکەم. دواتر سکرتێرەکەم بابەتەکان تایپ دەکات و لەسەر كاغەز چاپیان دەکات، ئینجا من بە قەڵەمێکی شینی (0.7 ملیمی) دەست دەکەم بە پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەیان. ئەم پڕۆسەیە چەندین جار دووبارە دەکەینەوە تا ئەو کاتەی لە ئەنجامەکە ڕازی دەبم. کەواتە هیچ کۆمپیوتەرێک لە گۆڕێدا نییە. چەندین جار خەڵک هەوڵیان داوە فێری بەکارهێنانی کۆمپیوتەرم بکەن، بەڵام دواجار بێزار بوومە و وازم لێ هێناوە.
ـ چۆن بابەتی كتێبەكانت هەڵدەبژێریت؟ یان باشترە بپرسم، كاتێك بابەتێك دەبینیت، دەبێت چ تایبەتمەندییەكی تێدا بێت تا وەك بابەتی كتێبی دواترت هەڵیبژێریت؟
جەرێد دایمۆند: وەڵامی سادەكە ئەوەیە كە هەر بابەتێک لە کاتی تەواوکردنی کتێبی بەردەستم كە زۆرترین سەرنجی ڕاکێشابم، دەبێتە کاری ئایندەم. بابەتەکانی ناو کتێبەکانم ئەو شتانەن کە بۆ ماوەیەکی درێژ بیریان لێ دەکەمەوە. بۆ نموونە، کتێبی (جیهان هەتا دوێنێ) دەربارەی کۆمەڵگە دێرینە بچووکەکانە، وەک هۆزەکانی نیوگینیا کە ماوەی پەنجا ساڵ کاریان لەسەر دەکەم. دەیان ساڵ بوو لە مێشکمدا بوو کە ڕۆژێک لەسەر تێبینییەکانم دەربارەی کۆمەڵگە دێرینەکان شتێک بنووسم. هەر کە کتێبەكەی بەردەستم واتە (هەرەس ـ Collapse) تەواو کرد، ئامادە بووم كە دەست بەم کتێبە بکەم. ئێستاش کە (جیهان هەتا دوێنێ)ـم تەواو کردووە، پێم وایە کاتی ئەوە هاتووە بپەڕژێمە سەر بیرۆکەیەکی تری درێژخایەن، ئەویش بابەتی (قەیرانەکان لە کۆمەڵگە نەتەوەییەكان)ـە. هاوسەرەکەم دەروونناسێکی کلینیکییە و کار لەسەر قەیران و هەڵبژاردنەکان لە ئاستی تاکەکەسی دەکات؛ بۆیە کتێبی ئایندەم دەربارەی قەیران و هەڵبژاردن دەبێت هەم لە ئاستی تاک و هەم لە ئاستی کۆمەڵگە نەتەوەییەكاندا، بەڵام دیسانەوە دەیڵێمەوە، ئەمە بابەتێکە کە چەندین ساڵە لە مێشکمدا گەڵاڵە بووە.
ـ كاتێك خەڵاتی پولیتزەرت برد، هیچ شتێك لە شێوازی كار و نووسینت گۆڕا؟
جەرێد دایمۆند: نەخێر، شێوازی کارکردنم لە نووسیندا نەگۆڕا. ڕێکارەکانم بۆ نووسینی کتێبی (چەك، میکرۆب و پۆڵا ـ Guns, Germs, and Steel) کە خەڵاتەکەی بردەوە، هەمان ئەو ڕێکارانە بوون کە بۆ کتێبەکانی ترم بەکارم دەهێنان. دەرەنجامەكەی ئەوە بوو کە زۆر زیاتر ناسرام. ئەم ناسراوییەش لەڕووی كردەییەوە ڕەهەندی ئەرێنی هەبوو؛ بۆ نموونە ئەو زانایانەی پەیوەندییان پێوە دەکەم بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوە لەسەر کارەکانیان بدەن، ئێستا خێراتر و بە پەرۆشترەوە وەڵامم دەدەنەوە. بەڵام لایەنە نەرێنییەکەشی ئەوەیە کە کۆمەڵێکی زۆر خەڵکی حەسوود و توڕە لەوێ هەن کە بەهۆی بردنی خەڵاتی پوڵیتزەرەوە، زیاتر ڕقیان لێم دەبێتەوە.
ـ چی بە پێكەنینتان دەهێنێت؟
جەرێد دایمۆند: حەزم لەو نوکتانەیە کە لە ئاستی بیركردنەوەی منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵانن، یان ئەو نوکتانەی کاتێک تەمەنم ١٠ ساڵ بوو بیستوومن. باشترین ئەو نوکتانەی کە دەیانزانم، ئەوانەن کە لە نێوان تەمەنی ٨ بۆ ١٣ ساڵی بیستوومن. هیچ بایەخ بە نوکتە فەلسەفی و ئاڵۆزەکان نادەم.
ـ ئەی چی دەتگریێنێت؟
جەرێد دایمۆند: هەم خۆم و هەم هاوسەرەکەشم پەیوەندیمان بە (ئۆردوگا زۆرەملێ)ـكانەوە هەیە، بۆیە هەر گفتوگۆیەک لەسەر ئەو بابەتە بكەین دڵمان توند دەكات. هەروەها هاوسەرەکەم لەگەڵ نەخۆشانی شێرپەنجە كار دەکات، بۆیە كە باس و خواسی مردنی خەڵکی دێتە پێشەوە، دەگریم.
ـ ئایا شتێك یا خوویەكی خورافیت هەیە؟
جەرێد دایمۆند: نەخێر. من کاردانەوەی لۆژیکیم هەیە. بۆ نموونە، بە ژێر قادرمەدا ناڕۆم، نەک لەبەر شتی خورافی و ئەو شتانە، بەڵکو كە چاو لە ئامارەکان دەكەم، بۆم دەردەکەوێت کە كارێكی ژیرانە نییە بە ژێر پەیژە و قادرمەدا بڕۆیت.
ـ ئەگەر یەك كەسی مردوو بگەڕێنیتەوە بۆ ژیان، كێیە و بۆچی؟
جەرێد دایمۆند: بێگومان (یۆهان سباستیان باخ ـ Johann Sebastian Bach) دەبێت، لەبەر چەندین هۆکار. یەکەم، ئێمە دڵنیا نین ئەو چۆن میوزیکەکەی دەژەنی (بە خێرایی یان لەسەرەخۆیی)؟ یان چۆن ئۆرگەکەی بەکار دەهێنا؟ چۆن ئەوەندە بەرهەمهێن و ئەفڕێنەر بوو؟ چۆن دەیتوانی هەموو هەفتەیەک (کەنتاتا ـ cantata)یەک (پارچە میوزیکی ئایینییە) بەرهەم بهێنێت؟ ئاخۆ تا ڕۆژێک پێش نمایشكردن و ژەنینی، خەریکی ڕاهێنان و نووسینەوەی نۆتەكان بووە؟ بۆچی مشتومڕی لەگەڵ خەڵکی کەمبایەخ دەكرد، وەک شەیپوورژەنەکەی شارەکەی؟ باخ، کەسایەتییەکی سەرنجڕاکێشە و گەورەترین ئاوازدانەری هەموو سەردەمەکانە.
ـ خۆشترین خواردن بەلاتەوە چییە؟
جەرێد دایمۆند: من خۆم لە خواردنی نێوژەمەكان بەدوور دەگرم. لە ڕاستیدا دوایین بەشی نوێترین کتێبم دەربارەی ئەوە بوو کە بۆچی مرۆڤ نابێت لە نێوان ژەمەكان خواردن بخوات؛ بابەتەکە باس لە مەترسییەکانی قەڵەوی دەکات لە جیهانی مۆدێڕندا. بۆیە نەخێر، من نە لە کاتی نووسین و نە لە هیچ کاتێکی تردا نێوەژەم ناخۆم! بوەستە.. پاشەکشێ دەكەم لەو قسەیەم… هەر ئێستا لە چێشتخانەکەدا کارتۆنێک کولیچە بە چوکلێت هەبوو كە هاوسەرەکەم دوێنێ شەو دروستی کردوون. كە دوای پیاسە و چاودێریكردنی باڵندەکان بە ناندینگەكەدا تێپەڕیم، دانەیەکم لێ خوارد کە بەداخەوە دەبێت بڵێم ئەمە هەر بە خواردنی نیوەژەم هەژمار دەکرێت.
ـ ئایا كاتێكی وا هەبووە كە ھەستت كردبێت نووسەرێكی سەركەوتوویت؟
جەرێد دایمۆند: پیاو.. ئای خوایە… با پرسیارەکە بە جۆرێکی تر وەڵام بدەمەوە. هیچ ساتێک نەبووە كە هەست بکەم گەیشتوومەتە لووتكە، بەڵکو ساتی واهەبوو هەستم کردووە كە دەبێت وەک نووسەرێک جدیتر بم. ئەوەش کاتێک بوو کە لە ساڵی ١٩٨٥ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم پێوە کرا و پێیان گوتم خەڵاتی (هاوکاریی ماکئارسەر ـ MacArthur Fellowship)ـم بردووەتەوە؛ ئەوەی پێی دەڵێن “خەڵاتی بلیمەتەکان”. ئەم خەڵاتە پشتگیرییەکی دارایی پێنج ساڵە لەخۆ دەگرێت. ڕەنگە وابیر بکەیتەوە کە ئەم هەواڵە بە هەر کەسێک بدرێت، ئەوا تووشی جۆش و خرۆش و دڵخۆشییەکی بێوێنەی دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا منیان خستە ناو خەمۆکییەک کە لەو تەمەنە زۆرەم تووشی بووم. هۆکارەکەش ئەوە بوو خستیانە مێشكەوە كە “جەرێد.. ئەم خەڵکە پێیان وایە تۆ دەتوانیت کاری زۆر گرنگ ئەنجام بدەیت. سەیری ڕابردووی ژیانت بکە، تۆ هێشتا نەگەیشتوویتە ئاستی چاوەڕوانییەکانی ئەوان. دەبێت دەست بکەیت بە کارێک تا ئەو متمانەیەی ئەوان بسەلمێنیت!”
ـ باشە دوای ئەم ساتە پڕ لە تێڕامانەی كە باست كرد، پرۆژەی دواترت چی بوو؟
جەرێد دایمۆند: پڕۆژەی دواترم، یەکەمین کتێبم بوو بۆ خەڵکی گشتی. تا ساڵی ١٩٨٥، من تەنها وتارم بۆ گۆڤارە زانستییە بەناوبانگەکانی وەک (Discover) و (Nature) دەنووسی. ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە وای لێ کردم تێبگەم کە چاوەڕوانیی زیاترم لێ دەکرێت، بۆیە پێویستە کتێبێک بنووسم. ئەوەبوو ماوەی پشتیوانیی مادییەكەی ئەو پێنج ساڵەی خەڵاتەکەم تەرخان کرد بۆ کارکردن لەسەر کتێبی (سێیەمین شەمپانزا ـ The Third Chimpanzee).
ـ چیرۆکێکی پێکەنیناویت هەیە دەربارەی گەشتە كارییەكان و لەكاتی ناساندنی کتێبەکانت؟
جەرێد دایمۆند: دایک و باوکم هەردووکیان لە بنەماڵەیەكی زۆر گەورە بوون؛ دایکم بچووكترینی نۆ خوشک و برا بوو، باوکیشم یەکێک بوو لە سێزدە منداڵەكەی باپیرم. تەنها باوکم بە تاقی تەنیا، ٥٢ ئامۆزا و پورزای هەبوو، بەڕاستی من زۆریان ناناسم، بەڵام کاتێک بۆ ناساندنی کتێبەکانم دەچمە گەشت، بە تێکڕا لە هەر کۆڕێکدا یەک بۆ دوو ئامۆزا یان پورزا دێنە لام کە پێشتر هەرگیز نەمبینیون و دەڵێن: جەرێد، من ئامۆزای تۆم!
ـ شتێکمان پێ بڵێ کە لە تۆدا هەیە و زۆر کەس نایزانێت و ڕەنگە جێی سەرسامی بێت؟
جەرێد دایمۆند: کەم کەس دەزانن کە من پیانۆ دەژەنم، پێشتریش ئۆرگم دەژەنی کە بە هۆیەوە خولیای باخی مۆسیقاری لا دروست كردم، بەڵام دوو شتی ترت پێ دەڵێم كە كەم كەس دەیانزانێت: یەکەم، لە تەمەنی ٢٣ ساڵی هەوڵم دا فێری ئامێری (ڤیۆلا ـ viola) ببم، بەڵام دوای ساڵێک وازم لێ هێنا چونکە تەمەنم بۆ ئەوە گەورە بوو. دووەمیش ئەوەیە كە هەوڵم دا ببمە (ڕابەری ئۆرکێسترا ـ (Conductor و تەنانەت یەک جار ڕابەرایەتی نمایشێكیشم کرد، بەڵام بۆم دەرکەوت کە من لەو کارەدا سەرکەوتوو نابم، چونکە گوێیەکی زۆر تیژم هەیە بۆ کات و ڕیتمی میوزیک. لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ئەوەی ببیتە ڕابەر، دەبێت پێش ئەوەی ژەنیارەکان نۆتەکە بژەنن، تۆ ئاماژەی لێدانەکە (Beat) ئەنجام بدەیت، تا ئەو مەودایەی نێوان خۆت و ژەنیارەکان قەرەبوو بکەیتەوە. ئەمەش واتە دەبێت ئاگات لە کاتەکە بێت و گوێ بەو میوزیکە نەدەیت کە ژەنیارەکان لەو چرکەیەدا دەیژەنن. بەڵام من نەمتوانی ئەوە بکەم، بۆیە لە ڕابەرایەتیکردندا شکستم هێنا.
ـ چ ئامۆژگاریت هەیە بۆ ئەو نووسەرانەی دەیانەوێت سەركەوتوو بن؟
جەرێد دایمۆند: ئەگەر نووسەرە هیوادارەکە کەسێکی ئەکادیمی بێت، واتە پڕۆفیسۆر بێت لە زانکۆ و بیهەوێت بۆ خەڵکی گشتی بنووسێت، پێی دەڵێم: تخوا، تا پلەی پڕۆفیسۆری هەمیشەیی (Tenure) وەرنەگریت، ئەو کارە مەکە، چونکە زۆر کەسی ئەکادیمی هەن حەسوودیت پێ دەبەن و هەوڵ دەدەن ڕێگری لە کاروانە زانستییەکەت بگرن. تا کارەکەت جێگیر و هەمیشەیی نەبێت، هەوڵ نەدەی کتێبی وا بنووسیت، ئەگینا چانسی وەرگرتنی پلەی هەمیشەییەكەت لەدەست دەدەیت. کاتێک دەست بکە بە نووسین بۆ خەڵک کە جێگیریی و کارەکەت مسۆگەر کردبێت.
ـ حەز دەکەیت چی لەسەر کێلی قەبرەکەت بنووسرێت؟
جەرێد دایمۆند: ئای خوایە، وەڵامێکم نییە، چونکە بڕیارم داوە دوای مردنم تەرمەکەم بسووتێنرێت و کێلی قەبرم نەبێت، بەڵام وەک وەڵامێکی ناڕاستەوخۆ؛ دەتوانم بڵێم زۆرترین شانازی بە چی دەکەم؟ من زۆرترین شانازی بەوەوە دەکەم کە بوومەتە هۆی بەختەوەریی هاوسەر و منداڵەکانم.
تێبینی:
ئەم چاوپێكەوتنە كورت كراوەتەوە.

