رۆژنامەی ھەولێر

گرنگیی ئاشتیی کۆمەڵایەتی

عه‌بدولقه‌هار هه‌ولێری
ئاشتیی کۆمەڵایەتی، هۆکارێکی بنەڕەتییە بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و ئاسایش بۆ کۆمەڵگاکان. هەروەها دادپەروەری دابین دەکات کە ئه‌ویش مافی تاکەکان زامن دەکات. بێگومان ئەگەر ئاشتی و هاوسەنگی لەدەست بچێت، ئەنجامەکەی تێکچوونی ئاسایش و ناسەقامگیری دەبێت و دۆخی شەڕ و ململانێ سەر دەکەوێت. لەم حاڵەتەدا هەر لایەنێک هەوڵی زیانگەیاندن و بریندارکردنی ئەویتر دەدات و مافەکان لەدەست دەچن و پیرۆزییەکان پێشێل دەکرێن، بەرژەوەندییە گشتیەکان لەناو دەچن و هەر لایەنێک هەست بە مەترسی دەکات لە بەرژەوەندی و بوونی خۆیدا، ئەمەش دەبێتە هۆی تۆڵەسەندنەوە و بەدواداچوون بۆ گەورەترین کۆنترۆڵ و هەژموونی مومکین.
ئاشتیی کۆمەڵایەتی ڕێگە بە هاوکاری و هاوبەشی نێوان تاکەکان دەدات، کە دەبێتە هۆی گەشەپێدان و پێشکەوتن بۆ کۆمەڵگاکان، گەشەکردن و خۆشگوزەرانی لە کەرتە جیاوازەکاندا، هەروەها پەرەپێدانی دامەزراوەکان و بەرهەمە کۆمەڵایەتییەکان. تاکەکان سەرنجیان لەسەر بەرهەمهێنان و بیناسازی و گەیشتن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانە و هەوڵەکان بۆ خزمەتکردنی میللەت و کۆمەڵگا کۆ دەکرێنەوە. ئەمەش پێچەوانەی ئەوەیە کە لە حاڵەتی شەڕ و ململانێدا ڕوو دەدات، کە هەر لایەنێک سەرقاڵی تۆڵەسەندنەوە لە بەرامبەرەکەی و بەرژەوەندی تایبەت بەسەر بەرژەوەندی گشتی و هاوبەشدا زاڵ دەبێت. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لەم حاڵەتەدا نەک هەر پێشکەوتن مەحاڵە، بەڵکو پاراستنی ئاستی شارستانیەت و پەیکەری کۆمەڵایەتی دەڕووخێت.
شایانی باسە کە کولتووری ئاشتیی کۆمەڵایەتی پێویستی بە چاندنی پەروەردە و ڕاهێنان هەیە و لە تاکەکاندا بچێنرێت و بەرهەمی ئاشتیی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینەی لێدەکەوێتەوە. هەموو دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان بەرپرسیارن لە دامەزراندنی و بەهێزکردنی ئەم کولتوورە، لە ئاشتی ناوەوە دەست پێدەکات و درێژدەبێتەوە بۆ ئاشتیی کۆمەڵایەتی و گشتی، لەوانەش ئاشتی ژینگەیی و گرنگیدان بە گەشەپێدانی بەردەوام.
ڕێگاکانی گەیشتن بە ئاشتیی کۆمەڵایەتی: ئەمانەی خوارەوە کۆمەڵێک خاڵن کە یارمەتیدەرن بۆ گەیشتن بە ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە نێوان تاکەکاندا:
هۆشیاریی کۆمەڵایەتی لەوەی کە چی توندوتیژی و ململانێ لە نێوان تاکەکاندا بەرەوپێش دەبات بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لەو ڕەفتارانەی کە دەبنە هۆی تێکدانی ئەو ئاشتییە.
گرنگیدان بە هەر شتێک کە بۆ پشتیوانی توندوتیژی و ململانێ بەکار دێت؛ بۆ نموونە، ڕەنگە کۆمەڵێک تاک لە ڕێگەی وتارەکانی گشتی یان ڕاپۆرتی میدیاییەوە بێبەها بکرێن.
داکۆکی لە یەکسانی لە مافەکانی مرۆڤ، چاودێریی تەندروستی، دەرفەتەکان، سەلامەتی و ئاسایش.
داننان بەوەی کە نایەکسانیی کۆمەڵایەتی و هەڵاواردن پراکتیزەیەکی ناڕەوایە. گەڕان بەدوای ڕێگاکانی بەشداریکردن لە گفتوگۆ و کارلێکی هاوبەش لەگەڵ ئەوانی دیکە کە پێشینە و دیدگا و بەها جۆراوجۆرەکانیان هەیە.
فێربوون و قەدرزانی ئەزموونەکانی تری مرۆڤایەتی، و فراوانکردنی هاوسۆزی و خەمی مرۆڤ بە گرنگیدان بەو شتانەی کە بۆ جیهان بە گشتی گرنگن.
بەشداریکردن لە گروپ و ڕێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ئاشتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی. فێربوونی شێوازی بنیاتنەر بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و بەکارهێنانیان بۆ بەڕێوەبردنی ناکۆکی و تەحەددیاتەکان.
چەمکی ئاشتیی کۆمەڵایەتی: ئاشتیی کۆمەڵایەتی بە پێکەوە ژیان و سەقامگیرییەکی تەواو لە نێوان گەلان و نەتەوەکانی ناوچە جیاوازەکاندا پێناسە دەکرێت، کە لە ئەنجامی لێکتێگەیشتن و دراوسێیەتی باش و ڕێزگرتن لە بیروڕای جیاواز و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی ڕێککەوتنەوە بەبێ پەنابردنە بەر توندوتیژی.