ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر
بۆ زۆرێک لەو کەسانەی بەدەست بەرزیی پەستانی خوێنەوە دەناڵێنن، مانگی ڕەمەزان پرسیارێکی جدی دروست دەکات: ئایا ڕۆژووگرتن مەترسی بۆ سەر ژیانیان دروست دەکات؟ د. هیوا خالد گەردی، پزیشکی پسپۆڕی هەناو، لە ڕێگەی چوار خاڵی بنچینەییەوە وەڵامی ئەم پرسیارانە دەداتەوە و ڕێنمایی پێویست ئاراستەی نەخۆشەکان دەکات.
1. پۆلێنکردنی نەخۆشەکان: کێ بۆی هەیە بەڕۆژوو بێت؟
بە بڕوای د. هیوا خالد، هەموو نەخۆشێکی پەستانی خوێن وەک یەک نییە و دابەش دەبن بۆ دوو گرووپی سەرەکی:
• پەستانی خوێنی سووک و مامناوەند: ئەو کەسانە نەک هەر دەتوانن بەڕۆژوو ببن، بەڵکو ڕۆژووگرتن سوودێکی زۆریشیان پێ دەگەیەنێت، چونکە دەبێتە هۆی دابەزاندنی ئاستی چەوری و پەستانی خوێنیان.
• پەستانی خوێنی توند: ئەو کەسانەی پەستانی خوێنیان گەیشتووەتە (1180/110 ) و ناجێگیرن، بۆیان نییە بەڕۆژوو ببن؛ چونکە مەترسی بۆ سەر تەندروستییان دروست دەکات و پێویستە سەرەتا لەژێر چاودێری پزیشک دۆخەکەیان جێگیر بکەن.
2. دەرمانەکان؛ گۆڕانکاری لە کات نەک لە ژەم!
پزیشکەکە جەخت دەکاتەوە کە نابێت نەخۆش بەهیچ شێوەیەک دەرمانەکانی فەرامۆش بکات، تەنها گۆڕانکاری لە کاتی وەرگرتنیاندا دەکرێت. بۆ نموونە ئەو دەرمانانەی بەیانیان دەخوران، دەگوازرێنەوە بۆ کاتی بەربانگ.
ئاگادارییەکی گرنگ: د. هیوا هۆشداری دەدات لە بەکارهێنانی حەبی (لازکس) و میزپێکەرەکان لەم مانگەدا، چونکە جەستەی ڕۆژووەوان تووشی وشکبوونەوەی توند دەکەن.
3. نەخۆشییە هاوەڵەکان
ئەگەر نەخۆشەکە جگە لە پەستانی خوێن، نەخۆشییەکی تری درێژخایەنی لەگەڵدا بوو، نابێت بەبێ ڕاوێژی ڕاستەوخۆی پزیشک بڕیاری ڕۆژووگرتن بدات. لەم حاڵەتەدا پزیشک هەڵسەنگاندن بۆ کۆی گشتی باری تەندروستی نەخۆشەکە دەکات.
4. سیستمی خۆراک: دژمنە سپییەکان
وەک چۆن پێش ڕەمەزان ڕێنمایی دەکرێن، لەم مانگەشدا پێویستە نەخۆشانی پەستانی خوێن بە توندی پابەندی پارێزی بن. د. هیوا ئامۆژگارییان دەکات کە:
• خواردنی کەمخوێ و کەمچەوری وەک بنەمایەکی سەرەکی بپارێزن.
• دەمپارێزی لەو خواردنانەی دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی کتوپڕی پەستان لە دوای بەربانگ.
لە کۆتاییدا، پابەندی بەم ڕێنماییە زانستییانە وا دەکات نەخۆشانی پەستانی خوێن بێ ئەوەی زیان بە جەستەیان بگات، ئەرکی ڕۆژوو بەجێ بهێنن.

