وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر
(ترەیسی شێڤالیێر ـ Tracy Chevalier)، ڕۆماننووسێکی ئەمریکی ـ بەریتانییە و بەوە ناسراوە کە ژیان بەسەر تابلۆ و ڕووداوە مێژووییەکاندا دەكاتەوە. بەنێوبانگترین ڕۆمانی كە نێوبانگێكی جیهانی هەیە، ڕۆمانی (کچێک بە گوارەی مروارییەوە ـ The Girl With a Pearl Earring )یە کە تێیدا خەیاڵ و واقیع تێكەڵ كراون تا چیرۆكی تابلۆیەکی نیگاركێش (جۆهاننێس ڤێرمێر ـ Johannes Vermeer) باس بكەن. ئەم خانمە نووسەرە لە کتێبەکانیدا، وەک (Remarkable Creatures)، تیشک دەخاتە سەر مێژووی ژنان و ئەو هونەرانەی کە کەمتر ئاوڕیان لێ دراوەتەوە.
ـ کەمێک باس ڕۆتینی بەیانیانت بکە…
ترەیسی شێڤالیێر: باشە. باسی ڕۆژێكی بەرهەمدارتان بۆ دەكەم لە ڕووی نووسینەوە! هەرچەندە زۆربەی کات ئەوە ڕوونادات. بەگشتی ڕۆژێكی باش بۆ من ئەمەیە: کوڕە هەرزەکارەکەم لەخەو هەڵدەستێنم، پێکەوە نانی بەیانی دەخۆین و ئەو دوای کاتژمێر ٨ دەچێتە دەرەوە. ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ من کە بچمە ئۆفیسەکەم و دەست بە كار و نووسین بکەم. بە درێژایی ئەم چەند ساڵە ژیانی نووسینم کەمێک گۆڕاوە، بەڵام ئێستا باشترین شت بۆ من ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ دەست بە نووسین بکەم. ئیمەیلەکانم تەماشا دەكەم تا دڵنیا ببمەوە لەوەی شتێکی بەپەلە نییە، پاشان ئەو تێكستە دەخوێنمەوە کە دوێنێ نووسیومە. ئەوە هانم دەدات بۆ بەردەوامبوون. ڕێژەی نووسینەكەش پەیوەستە بە تاقەتی نووسینمەوە، بۆ نمونە دوێنێ بڕێکی کەمم هێشتووەتەوە بۆ بەیانی. من وام نەوەك هاوشێوەی (گراهام گرین ـ ) كە ڕۆژانە ٥٠٠ وشەی دەنووسی، ئەگەر وشەی پێنجسەدەمی لە ناوەڕاستی ڕستەیەکدا بووایە، ئەوا ڕێك لەوێدا ڕایدەگرت. من لە نووسین هێندە توند نیم، بەڵام ئەوەی زۆر سوودبەخشە ئەوەیە کە کەمێک شتت مابێتەوە کە هێشتا نەتخستبێتە سەر کاغەز. ئینجا دەتوانم بەیانییەكەی كە دەست پێ دەكەمەوە بە ئاسانی بچمە نێو بابەتەكە. زۆر جار ئەگەر نووسینەکە باش بڕوات، تا کاتژمێر ١٠ تەواو دەبم. هەندێک جار تا ٦ی ئێوارە هێشتا کار دەکەم. ئەوە بەپێی ئەو شتانە دەگۆڕێت کە ڕووبەڕووم دەبنەوە.
ـ ئایا هیچ ئاستێكت هەیە بۆ نووسین لە ڕۆژێكدا، واتە ژمارەیەكت داناوە لە وشە كە دەبێت ڕۆژانە ئەوەندە بنووسی؟
ترەیسی شێڤالیێر: من هەوڵ دەدەم لە ڕۆژێکی باشدا ١٠٠٠ وشە بنووسم، نزیکەی سێ لاپەڕە. هۆکاری ئەو بڕە ئەوەیە کە هەست دەکەم گونجاوە، چونکە زۆربەی ئەو دیمەنانەی دەیاننووسم درێژییەکەیان ٣٠٠٠ بۆ ٤٠٠٠ وشەیە. هەڵبەت هەمیشەش نا، بەڵام زۆربەی كات وایە. ئەوەش واتە بۆ هەر دیمەنێک ٣ بۆ ٤ ڕۆژم پێویستە، كە كاتێكی باشە، چونکە هەندێک جار كە نووسینەكەی پێشووم دەخوێنمەوە، هەستم جیاوازە، ئاخر لە ڕۆژی جیاوازدا هەستی جیاوازم هەیە، بۆیە ئەمە واتە لە هەر دیمەنێکدا تەنها یەک تۆن و شێواز و ئاڕاستەم نابێت. زۆرجار لە ناوەڕاستی نووسیندام و درک بەوە دەکەم کە نازانم باسی چی دەکەم. بۆ نموونە، ئەمڕۆ خەریکی نووسینی دیمەنێک بووم لەبارەی پیاوێک کە خەریکی پەیوەندیگرتنە بە دار سێوێكەوە، بۆیە دەبێت ڕاوەستم و تەماشای تێبینییەکانم بکەمەوە لەبارەی پەیوەندیگرتن بە دارەوە. هەر ئێستاش بیر لەوە دەكەمەوە کە هێشتا تەواو لەمە ناگەم. پێویستە لە کتێبخانەی بەریتانی، داوای کتێبێک بکەم و سبەی بچم بیخوێنمەوە. ئەمە شتگەلێکە لە کاتی کارکردن ڕوودەدەن، بۆیە ئەوەی دەیکەم نووسینەوەی بەشە سەرەکییەکەی دیمەنەکەیە، بەڵام بۆ بەشە تەکنیکییەکەی سێ ئەستێرە دادەنێم. سێ ئەستێرە لە دەستنووسەکەمدا واتە شتێک کەمە و دەبێت بگەڕێمەوە و پڕی بکەمەوە. نامەوێت ئاراستەی نووسینەکەم بوەستێت، بۆیە بە شێوەی كاتی بەجێی دەهێڵم و بەشەکەی تری دیمەنەکە تەواو دەکەم و دواتر دەگەڕێمەوە سەر ئەو شوێنەی كە كێماسی تێدایە. ئەوە پچڕانێکی باشە، بەڵام من پچڕانی خراپیش هەیە، وەك ئەوەی کە ناتوانم تەرکیز بکەم و کاتەکانم لە ئینتەرنێتدا بەفیڕۆ دەدەم، یان لەگەڵ هاوڕێیەک نانی نیوەڕۆ دەخۆم. ئەوەی من دەمەوێت ئەو کاتە چڕەیە کە تەرکیزی تێدایە.
ـ من بەم شێوەیە تا ئێستا زیاتر لە ٧٠ چاوپێکەوتنم ئەنجام داوە، تۆ یەکەم نووسەریت کە بە زاراوەی (scenes) باس لە نووسین دەکەیت. ئەم دەستەواژەیە زۆر لۆژیکییە، بەڵام پێم وایە زۆربەی نووسەران بە جۆرێکی تر سەیری پێکهاتەی کتێبەکانیان دەکەن. دەتوانیت ڕۆتینی خۆت باس بکەیت لەسەر بیركردنەوە لە باەتێك كە دەتەوێت بیكەیتە كتێب و یا نەخشەی دادەڕێژیت؟
تریسی شێڤالیێر: من ئاشقی ئەوەم کە پێی دەڵێم (دیمەن ـ scenes)، واتە کاتێک بەڕاستی شتێک لە نێوان دوو کەسایەتی یان زیاتردا ڕوو دەدات، بەڵام زۆربەی کات، کارەکە هەر ئەوە نییە — بەڵکو ڕایەڵكە و گرێیەیە کە دیمەنەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە. گەڕانەوە بۆ ڕابردوو (Flashbacks)، پڕکردنەوەی زانیارییەکان، وەسفکردن. بەشە دڵخوازەکەی من ئەو دیمەنەیە کە جووڵە و دیالۆگی تێدایە. من ئاشقی دیالۆگم، دەزانم زۆرێک لە نووسەران ڕقیان لێیەتی. ئەگەر بتوانم بەجدی حەز دەكەم كە کتێبێک بنووسم كە تەنها دیالۆگ بێت، مەبەستم لە دیمەن ئەوە بوو. پلاندانان، پرسێکی زۆر ئاڵۆزە. هەر ئێستا گوێم لە (خالید حوسێنی ـ Khaled Hosseini) بوو كە دەیگوت ئەو هەرگیز پلان بۆ هیچ شتێک دانانێت. ئەو تەنها هەست دەکات چیرۆکەکەی لە مێشكدا گەڵاڵە بووە و تەنها دەبێت دەست بە نووسینی بکات، ئیتر چیرۆکەکە خۆی بۆی دێت. تا ڕادەیەک لە مەبەستی تێدەگەم، بەڵام من پێم وانییە بتوانم هێندە بوێر بم. من پێش دەستپێکردنی نووسین، بیرۆکەیەکم هەیە دەربارەی کەوانەی (arc) گشتیی کتێبەکە. کتێب گەشتێکە، بەزۆری گەشتی کەسایەتییە سەرەکییەکەیە. کەوانەی ئەم گەشتە ئەوەیە کە چۆن کەسایەتییەکە دەگۆڕێت. کاتێک دەنووسم، پرسەكە لەلام ئەوەیە كە بزانم چۆن دەگەمە ئەو خاڵە کۆتایییە. هەندێک جار ساتە گەورەکانی ناو کتێبەکە دەزانم، بەڵام دەگمەنە پێشوەختە ساتە بچووکەکانی بزانم. ئەوە تێکەڵەیەکە لە زانینی ئەوەی بۆ کوێ دەچم و ئەو خۆڕسکییەی کە ڕێگە دەدات ساتە بچووکەکان دەربکەون و بەرەو ساتە گەورەکانم ئاراستە بكەن. جارێکیان پێشانگایەکی دەستنووسگەلێكم لە کتێبخانەی گشتیی نیویۆرک بینی، پلان و نەخشەڕێی (پۆڵ ئۆستەر ـ Paul Auster)م بۆ بەشی یەکەمی كتێبی (سێینەی نیویۆرک ـ New York Trilogy). بەڕاستی سەرسوڕهێنەر بوو، چونکە زۆر درێژ و پڕ لە وردەکاری بوو. نەخشە و پلانەكەی ڕێك بەقەد بەشی کۆتایییەکە درێژ بوو، بەڵام تەنها پلانێك (outline) بوو. بیرم لەوە کردەوە كە ئەوە هەرگیز بۆ من سەرناگرێت. ئەگەر ئەوە بکەم، پەخشانەکەم دەکوژێت. چیرۆک کاتێک باشترینە کە تازە خەریکە دەردەکەوێت، وەک ئەوەی نووسەر تەنها یەک ڕستە پێش خوێندنەوەی تۆ بینووسێت.
ـ خاڵی دەستپێکی نووسینی چەندین کتێبت، کارێکی هونەری بووە. کاتێک کارێکی هونەری دەبینیت، هەست دەكەیت كە قسەت لەگەڵ دەكات؟ چی بووە هۆی ئەوەی ڕوو لە تابلۆ بەنێوبانگەكەی (کچێک بە گوارەی مرواری)ـی ڤێرمێر بكەیت؟
تریسی شێڤالیێر: من بە ئەنقەست و بۆ دۆزینەوەی چیرۆک، سەیری هونەر ناکەم. لە گالەرییەکاندا بۆ کاتبەسەربردن دەیکەم. هەستم كرد هەر یەك لە تابلۆكانی (کچێک بە گوارەی مرواری) و فەرشچنینەکانی (لەیدی و ئەسپی شاخدار/ یونیکۆرن ـ Lady and the Unicorn ) و کارەکانی (ویلیام بلەیک ـ William Blake) بۆ خۆیان كتێبێكن و دەتوانم كتێبیان لەسەر بنووسم. بۆ تابلۆی (کچێک بە گوارەی مرواری)ـیەوە، لەسەر جێگاکەم ڕاکشابووم و پۆستەری تابلۆکە لە ژوورەکەم بوو، بیرم کردەوە كە ئاخۆ ڤێرمێر چی کردووە کە وای لە كچەكەی نێو تابلۆكە كردووە ئاوا تەماشای بكات؟ فەرشەکانی خانم و یونیکۆرنم بینیبوون. وتارێکم لەبارەیان خوێندەوە و بیرم کردەوە پەککو، ئەمە ڕێک ئەو شتەیە دەمەوێت لەبارەیەوە بنووسم. بلەیک؟ لە پێشانگایەکی کارەکانیدا بووم لە مۆزەخانەی (تیت ـ Tate) لە ساڵی ٢٠٠٠. شیعرەكانیم خوێندبووەوە، هەندێک لە وێنەکێشانەکانیشیم بینیبوون، بەڵام هەرگیز پێکەوە نەمبینیبوون. بە ناو پێشانگاکەدا پیاسەم کرد و کاریگەرییە کەڵەکەبووەکانی مێشکە نائاسایییەکەی ئەو پیاوەم لەسەر دروست بوو. لە کۆتایی پێشانگاکە، بیرم کردەوە كە ئەم کابرایە شێت بووە! دەبێت دەربارەی بنووسم. ئەو هێشتا شێتە! بۆیە ئەمانە ساتگەلێکی زۆر تایبەت بوون. وەک ئەوە وایە لە دیوارێک بدەیت و دیوارەکە پتەو بێت.. پاشان لەناکاو پێیدا بكێشیتەوە و دەنگێکی بۆش ببیسیت، بیر دەکەیتەوە “ئا، ئەوە شوێنەکەیە کە گەنجینەکەی لێ حەشار دراوە”! ئەو گۆڕانکارییە لەناکاوانەیە كە وام لێ دەكەن كتێب بنووسم. زۆربەی کارە هونەرییەکان کە سەیریان دەکەم ئەو هەستەم پێ نابەخشن. چی وام لێ دەکات كە ڕۆمانێکی لەسەر بنووسم؟ تەنها هونەر نییە. کتێبەکەی پێشووترن (Remarkable Creatures)، دەربارەی ڕاوچییەکی بەبەردبوو بوو بە ناوی (ماری ئانینگ ـ Mary Anning) بیرۆکەی نووسینەكەش ئەو کاتە بۆم هات کە لە مۆزەخانەیەکی بچووکی دایناسۆڕەكان بووم لە (دۆرسێت ـ Dorset). لە پێشانگەكە بیرم لەوە کردەوە كە دەبێت دەربارەیان بنووسم. ئەم شتانە وەک دەلاقەیەک وان، هەموویان خاڵێکی هاوبەشیان هەیە کە بریتییە لە “بۆشایی”، بۆشایییەک لە زانیاری، شتێک کە لێی تێناگەین یان هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە. بۆ تابلۆی (كچێک بە گوارەی مروارییەوە)، تەنها دەمویست بزانم بۆچی بەو شێوەیە تەماشا دەکات، تێکەڵەیەك لە دڵخۆشی و خەمباری، بێتاوانی و ئەزموونداری. تابلۆیەکی یەکلایینەبووەوەیە، ئەوەش وای لێ دەکات زۆر بەهێز بێت. دەتوانیت جار لە دوای جار بگەڕێیتەوە بۆی و هەرگیز تێر نەبیت لە تەماشاكردنی، چونکە هەرگیز وەڵامەکەی نازانیت. ئایا تا ئێستا چوویتەتە مۆزەخانەی (کلونی ـ Cluny) بۆ بینینی فەرشەكەی (لەیدی و یونیکۆرن)؟
ـ بەڵێ چووم.
ترەیسی شێڤالیێر: کەواتە دەزانیت، بەجێهێشتنی ئەو ژوورە کارێکی قورسە. شتێکی سەرسوڕهێنەر دەربارەیان هەیە. من کاتژمێرێک و نیو لەوێ مامەوە و تێیان ڕامام. بینیم خەڵکی تر دەهاتنە ژوورەوە كە نەیاندەتوانی بڕۆنە دەرەوە، چونکە تێر نەدەبوون لەوەی تەواو تەماشای هەمووی بكەن. زۆر کاریگەرە. شتێک هەیە دەتگرێت، کە هەوڵیش دەدەیت وەڵامی بدەیتەوە، كەچی ناتوانیت. من بە ساتی پێش کۆتا نۆتەی گۆرانییەک دەیشوبهێنم. گیری تێدا دەكەیت. ئەوە هونەری بەهێزە. تەماشای دەکەیت، وەڵامت دەوێت، بەڵام وەڵامت دەست ناکەوێت. من بە نووسینی کتێب دەربارەیان، هەوڵ دەدەم چەندی پێم دەكرێت لە وەڵامەکە نزیک ببمەوە.
ـ ئەزموونت لەگەڵ فیلمی کتێبەکەت چۆن بوو، فیلمی (کچێک بە گوارەی مرواری)؟
ترەیسی شێڤالیێر: ئەزموونێکی تێکەڵاو. شتێکی کەمێک هەڕەشەئامێز لە بینینی فیلمدا هەیە. کاتێک دەنووسم و دەخوێنمەوە، فیلمێک لە مێشکمدا دروست دەکەم. زۆربەمان ئەوە دەکەین. خۆمان کەسایەتییەکان وێنا دەکەین و فیلمێک لە مێشکماندا دەخولێتەوە. هەڕەشەی فیلمێکی ڕاستەقینە ئەوەیە کە دێت و شوێنی ئەو فیلمە دەگرێتەوە كە لە مێشكتدا دروست بووە و دەیشێوێنێت. كە چووم بۆ بینینی فیلمەكە، نیگەرانی ئەوە بووم كە وەک (سکارلێت جۆهانسۆن ـ Scarlett Johansson) خەیاڵی گەورە دەکەم؟ لەوەش خراپتر، ئایا خوێنەرەکانم ئاوا دەیبینن؟ من کتێبەکان بۆ ئەوان دەنووسم، نەک بۆ خۆم. خۆشبەختانە، بە فیلمەکە دڵخۆش بووم. هەستم بە حەسانەوە کرد، ئەوە ڕەنگە باشترین وشە بێت. فیلمەکە دڵسۆز بوو بەرامبەر فەزای کتێبەکە و زۆر چێژم لە سکارلێت بینی. ئەو دوای چەند هەفتەیەک لە مێشکمدا کاڵ بووەوە، بەڵام خەیاڵە گەورەكە هێشتا لەگەڵم مابووەوە. هیوادارم بۆ خوێنەرانیش وابێت. پێم وایە زۆری کات كە کتێبەکە دەخوێنیتەوە پێش بینینی فیلمەکە، هەر هەست بە هەمان شت دەكەیت. ئەگەر سەرەتا فیلمەکە ببینی و دواتر کتێبەکە بخوێنیتەوە، ئەوا كاریگەرییەكانی فیلمەکەت تێدا دەمێنێتەوە. من سەرسام بووم بەوەی فیلمسازەکان چییان بەرهەم هێناوە، و هەستێکی خۆشە بزانیت چیرۆکەکەت دەگاتە بینەرێکی زۆر فراوانتر لەوانەی كە تەنها خوێندوویانەتەوە، بەڵام لای من ئەزموونی خوێندنەوە بەهێزترە لە ئەزموونی فیلم. هەرچەندە ئەو ماوەیە سەیری فیلمی زۆر دەكەم. هەر ئێستا لە تەماشاكردنی (Breaking Bad) بوومەوە. ئای خوایە، لەگەڵ هاوسەرەکەم دوێنێ شەو تەواومان کرد.
ـ گاڵتە دەکەیت! [پێدەکەنێت] ڕات چی بوو لەسەر ئەڵقەی کۆتایی؟ ئاخر بە لامەوە قەناعەتپێکەر بوو. نەمدەزانی چۆن کۆتایی دێت، بەڵام پێش ئەوە کوشتنی زۆرێک لەو کەسانەی کە خۆشم دەویستن، زۆر دڵتەزێن بوو.
ترەیسی شێڤالیێر: بەڵێ دەزانم. بۆ منیش قەناعەتپێکەر بوو، بەڵام ناڕازی بووم لەوەی کە قەناعەتم پێ هێناوە. چیرۆکێکی سەرسوڕهێنەر بوو. زۆرجار پێت وایە لێی تێگەیشتوویت، پاشان وەرچەرخانێکی چاوەڕواننەکراوی تێدا ڕوودەدات. ئێمە دەمانەوێت قەناعەتمان بێت، بەڵام سەرسامیش بین. زنجیرەكانی پێشوو توانیبوویان ئەوە بکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەمە ئەڵقەی کۆتایی بوو، دەبوو هەموو شتێک کۆتایی پێ بهێنن. هەستێکی “ئۆی، تەنها ئەوە بوو؟”ی هەبوو، بەڵام ئەوەی بە (ئەلیۆت و گرێتچن ـ Elliott and Gretchen)ـیان کرد بە دڵم بوو، لەیزەرەکان لەگەڵ هەردوو ئەكتەر )باجەر ـ Badger) و (سکینی پیت ـ Skinny Pete). ئەوەی (واڵت ـ Walt) بە پارەکەی کرد زۆر زیرەکانە بوو، نەمدەتوانی پێشبینی بکەم. پێم وابوو هەمووی وەک بابەتی باوک و کوڕەکە ڕێک خراوە، کە دەبێت (جێسی ـ Jesse) ڕزگاری بێت و واڵت بمرێت. هەروەها دەبێت نازییە نوێیەکان لەناو ببەیت بۆ ئەوەی جەماوەر ڕازی بێت. سەرسام نەبووم بەوەی چۆن ڕووی دا. بەڵام وای لێ نەکردم بیر بکەمەوە و بڵێم: واو، ئەمە چیرۆکخوانێکی سەرسوڕهێنەرە، کە لە کاتی زنجیرەکەدا زۆر جار وام بیر دەکردەوە. هەروەها زۆر خەمبارم کە زنجیرەکە بە تەواوی کۆتایی هات.
ـ چی دەتخاتە پێکەنین؟
ترەیسی شێڤالیێر: ئای خوایە، (Peep Show). كۆمیدیایەكی بەریتانییە و زۆر پێکەنیناوییە.
ـ ئەی چی دەتخاتە گریان؟
ترەیسی شێڤالیێر: کوشتنی کەسایەتییە دڵخوازەکانم.
ـ ئایا هیچ خووەکی تایبەتت لە كاتی نووسیندا هەیە؟
ترەیسی شێڤالیێر: من هەمیشە (Notebook) دەکڕم بۆ توێژینەوە و نووسین، و هەوڵ دەدەم ئەوانە بکڕم کە تێما و ڕەنگەكەی، فەزای کتێبەکەی تێدا ڕەنگ بداتەوە. مەگەر خۆزگە منیش دەمتوانی وەك (ئیزابێل ئەلێندا ـ Isabel Allende) بەم كە بڕیاری دەبێت هەمیشە لە ٦ی کانوونی دووەم دەست بە نووسینی کتێبەكانی بکات و ئەگەر نەیکرد ئیتر ئەو ساڵە نانووسێت؟ چونکە بەڕاستی سەرنجڕاکێش دەبوو! بەداخەوە بۆ من تەنها تێنووسەکان گرنگن.
ـ شتێکمان دەربارەی خۆت پێ بڵێ کە كەم کەس دەیزانن و سەیرە؟
ترەیسی شێڤالیێر: حەزێکی سەیرم بۆ (ژمارە سەرەتایییەکان ـ Prime numbers) هەیە.
ـ هیچ ژمارەیەکی سەرەتایی دڵخوازت هەیە؟
ترەیسی شێڤالیێر: ژمارە ٢٣.
ـ نێوان ژەمەخواردنت هەیە، حەزت لە چییە؟
ترەیسی شێڤالیێر: بەڵێ! شوکولاتە. بەتایبەت شووكولاتەی (Green and Blacks) بە بادەم یان بە کەرە.
ـ حەز دەکەیت چی لەسەر کێلی قەبرەکەت هەڵکۆڵرێت؟
تریسی شێڤالیێر: ئای پیاو. ئەوە زۆر قورسە.. کاریکاتێرێکی (New Yorker)م بیر دەخاتەوە بە ناوی “من لێرە ڕۆیشتم.” پێم وایە تەنها ناوی خۆم هەبێت بەسە. کە باسەکە دێتە سەر مردن، وشەکانم دەمرن.
تێبینی:
ئەم چاوپێکەوتنە کورت کراوەتەوە.

