رۆژنامەی ھەولێر

هەوڵی دابڕانی شارەدێی گوڵاڵە لە شارۆچکەی خانەقین دەدرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە نەبوونی ھیچ کوردێک بەردەوامە لە پێشێلکردنی دەستووری عێراق و لە ھەنگاوێکی دیکەدا دەیانەوێت شارەدێی گوڵاڵە بکەن بە شارۆچکە و لە خانەقین جیا بکەنەوە، پێشتریش شارەدێی سەعدییە لە خانەقین دابڕاندووە، لەڕووی کارگێڕی و سیاسییەوە کێشە بۆ ھاووڵاتییانی کورد دروست دەکەن. ھێزە کوردییەکان ئەم پیلانە ڕەت دەکەنەوە و دژی ئەو بڕیارەی حکوومەتی عێراق بۆ گۆڕینی پێگەی کارگێڕی چەند شارەدێیەک دەوەستنەوە و ھۆشداری دەدەن لەوەی خانەقین ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورەی سڕینەوەی ناسنامە بووەتەوە.

بۆ ئەوەی ناحیەیەک بکرێتە قەزا، دەبێت ژمارەی دانیشتووانەکەی سەرووی ٥٠ ھەزار کەس بێت و ڕەزامەندیی حکوومەتی خۆجێیی، پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگای ھەبێت، بەڵام بێ گەڕانەوە بۆ ئەو دامەزراوانە، وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڕیاری بە قەزابوونی دەرکردووە. وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕێژەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستانی بە ١٤.١% ڕاگەیاند، بەڵام ئێستا وەکو بەشێک لە پیلانێک، نزیکەی ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ ھەزار کەسی لە ئاوارە و خەڵکانی دیکە لە ھەولێر، سلێمانی و دھۆک کەمکردووەتەوە و خستوویەتییە سەر ئەو پارێزگایانەی ھاوسنوورن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ڕێژەی کورد بۆ ١٢% دابەزێنن.
گوڵاڵە سەر بە قەزای خانەقینە و یەکێکە لەو ناوچانەی ماددەی ١٤٠ی دەستوور دەیگرێتەوە و کێشەلەسەرە، چارەنووسی کارگێڕیی لەنێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیدا یەکلا نەبووەتەوە.
ھەندێک کەس و لایەن بۆ قایمکردنی جێپێی حیزبەکەیان، دەیانەوێت بەدەر لە ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان، دەستکاریی یەکە کارگێڕییەکان بکەن، ئەمە لە کاتێکدایە ئەو بڕیارە نادەستووری و نایاساییە، چونکە گوڵاڵە دەکەوێتە سنووری ماددەی ١٤٠ و نابێت سنووری کارگێڕیی دەستکاری بکرێت.
تەعریب سیاسەتێکە بە بەردەوامی بەڕێوەدەچێت، بەڵام دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر زیاتر دەستیان واڵا بووە، ئەوەش بۆ نەمانی کوردە لە ناوچە کوردستانییەکان، ئێستا تەعریب بە چەند شێوازێک دەکرێت، واتە بەناوی جیاجیاوە پرۆسەی تەعریب بەردەوامە، ھەندێک جار بەناوی گرێبەستی کشتوکاڵی و ھەندێک جار بەناوی تر، پارتی وەک مەرج بۆ بەشداری لە حکوومەتی داھاتوو چارەسەری ماددەی ١٤٠ی خستووەتە بەردەم چوارچێوەی ھاوئاھەنگی، بەڵام ھیچ گەرەنتییەک نییە بۆ چارەسەر، لەبەر ئەوەی پێشتریش لەگەڵ نووری مالیکی و حەیدەر عەبادیش لەسەر ئەو بابەتە ڕێککەوتبوون و جێبەجێ نەکرا.
ڕۆژبەڕۆژ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بەر شاڵاوی بە عەرەب کردن دەکەون، ڕۆژانە بە دەیان خێزانی عەرەب دەھێنرێنە ناوچە کوردستانییەکان و حکوومەتی عێراق نایەوێت ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکات، بۆیە ناوچە کوردستانییەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ سیمایان بە جۆرێک شێوێنراوە کە کوردستانی بوونیان پێوە دیار نەماوە، ئەمە لە کاتێکدایە تەعریبی ئێستا لە ھی سەردەمی مەلیک فەیسەڵ و ڕژێمی بەعس خراپترە، بێ ئەوەی ڕێگریان لێ بکرێت بە ئارەزووی خۆیان عەرەب لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە دێننە ناوچە کوردستانییەکان.
ھەنگاوی یەکەمی حکوومەتی عێراق بڕیتی بوو لە دەرکردنی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگای دیالە، بەڕێگەی گرووپە چەکدارەکانەوە، ئەم ھەنگاوە کاریگەری ڕاستەوخۆی ھەبوو، چونکە لە دواین ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا کورد ھیچ نوێنەرێکیان لە پارێزگاکەدا دەرنەچوو، لە ھەنگاوی دووەمدا پارێزگای دیالە ھەوڵیدا سنووری ناوچەکە بگۆڕێت، پاش ئەوەی پێشتر قەرەتەپەی دابڕاندوو و ئەمجارەش پلانی دابڕاندنی گوڵاڵەی ھەیە، ئەم گۆڕانکاریە کاڕێگێڕیانەش بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی لەسەر پێکھاتەی دانیشتووانەکە دەبێت.
دابڕاندنی شارەدێیەکانی سەعدیە، قەرەتەپە، جەبارە و گوڵاڵە لە شارۆچکەی خانەقین لە کاتێکدایە بەگوێرەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق نابێت ھیچ جۆرە دەستکارییەکی دیموگرافی لەو ناوچانەدا بکرێت بەوپێیە ئەو ھەنگاوانەی دەگرێنەبەر دەبنە ھۆی گۆڕانکاری سنوور و پێکھاتەی دانیشتووان لەگەڵ دەقی دەستوور ناگونجێن و زیانی گەورە بەر ھاووڵاتییانی ناوچەکە دەکەوێت.
فەھمی بورھان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: خانەقین و ناحیەکانی دەوروبەری دەکەونە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠، ساڵی پار ناحیەیەکی ئەو سنوورە کرایە قەزا و ئەم ساڵیش بڕیاری بەقەزاکردنی گوڵاڵە درا، بەپێی ماددەی ١٤٠ دەبێت سەرەتا دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێنەوە، ئەم بە قەزاکردنە ئاساییکردنەوەی نییە بەڵکو شێواندنیەتی.
سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، ئەم ھەنگاوە تاکلایەنە، ئاماژەی ڕوونە کە نیشانی دەدات عێراق نییەتی جیدی نییە پابەندی دەستوور و لێکتێگەیشتنی ھاوبەش بێت، ڕانەگرتنی ئەم ھەڵوێست و بڕیارانە لە لایەن نوێنەرانی کوردستانەوە لە بەغدا، بۆ بڕیاری خراپتر و مەترسی زیاترمان دەبات.
لەلایەکی دیکەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری خانەقین، نوێنەری لایەنە کوردییەکان، کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکوانانی شارەکە، بێزاری خۆیان لە بڕیاری بە شارۆچکە کردنی ھەردوو ناحیەی گوڵاڵە و قەرەتەپە دەربڕی.
بەگوێرەی گوتەی بەشداربووانی کۆنگرەکە، ئەم بڕیارەی حکوومەتی فیدراڵ ھیچ بنەمایەکی یاسایی و کارگێڕی نییە و تەنیا ئامانج لێی بچووککردنەوەی سنووری شارۆچکەی خانەقینە، ئاماژەیان بەوەش کرد، خانەقین لە گەورەترین شارۆچکەی پارێزگای دیالەوە، ئێستا خەریکە دەکرێتە شارۆچکەیەک کە ھیچ شارەدێیەک بەسەرەوە نەمێنێت، دوای ئەوەی شارەدێیەکانی بەمۆ، جەبارە، سەعدیە و ئێستاش گوڵاڵە و قەرەتەپەی لێ جیا دەکرێتەوە.
چالاکوانانی خانەقین لە کۆنگرەکەدا ڕایانگەیاند: ئەمە پلانێکی مەترسیدارە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و لاوازکردنی پێگەی کورد، مۆڵەتی ٤٨ کاتژمێر دەدەینە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە، بە پێچەوانەوە دەست بە خۆپیشاندان و چالاکی مەدەنی فراوان دەکەین، داوا لە سەرکردایەتی سیاسی کورد و فراکسیۆنە کوردییەکان لە بەغدا دەکەین، بە خێرایی بێنە سەر خەت و ڕێگری بکەن لەو پەراوێزخستنە کارگێڕی و سیاسییەی کە بەرامبەر بە خانەقین و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دەکرێت، چونکە لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر شاڵاوێکی تەعریب دەستی پێکردووە لە ناوچەکانی خانەقین، مەندەلی، جەلەولا و سەعدیە، تا ئێستا ٣٥ گوندی ناوچەکە ھیچ کوردێکی تێدا نەماوە و بە تەواوەتی چۆڵکراون، مەترسی چۆڵبوونی دەیان گوندی دیکەش ھەیە.
ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی ١٥ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: بە قەزاکردنی شارەدێیەکانی گوڵاڵە و قەرەتەپە کە ناوچەی کێشە لەسەرن پێچەوانەی ماددەی ١٤٠ـی دەستوورە، پێویستە نوێنەرانی کورد لەبەغدا بێنە سەرخەت و ڕێگری لەم تەعریبە بکەن، چونکە پیلانێک بۆ بچووککردنەوەی خانەقین و تەعریبکردنی ھەیە و ئەم پیلانە ڕەت دەکەینەوە.