رۆژنامەی ھەولێر

چۆن بەبێ دەرمان ڕۆژووەکەت بەڕێ بکەیت؟

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

 

یەکێک لەو گرفتە باوانەی ڕووبەڕووی ڕۆژووەوانان دەبێتەوە، ژانەسەرگرتنە، کە هەندێک جار دەبێتە ڕێگر لە بەردەم ئەنجامدانی کار و چالاکییە ڕۆژانەکان. بۆ تێگەیشتن لە هۆکارەکان و چۆنیەتیی خۆپاراستن، د. ئازاد حەسەن، پزیشکی پسپۆڕی مێشک و دەمار، ڕێنمایی گرنگ دەخاتە ڕوو.

جۆرەکانی ژانەسەر لە ڕەمەزاندا
بە بڕوای د. ئازاد، ژانەسەری ئەم مانگە بۆ دوو جۆری سەرەکی دابەش دەبێت:
1. ژانەسەری پێشوەختە: ئەو کەسانەی پێش ڕەمەزانیش کێشەی وەک (شەقیقە)یان هەبووە و لەم مانگەدا زیاد دەکات.
2. ژانەسەری کاتی: ئەو کەسانەی هیچ کێشەیەکی پێشوەختەیان نییە و تەنها لەگەڵ دەستپێکردنی ڕۆژووگرتن تووشی دەبن.
“خەوزڕان”؛ دژمنی مێشک لە شەوانی ڕەمەزاندا
پزیشکەکە ئاماژە بە دیاردەیەکی باو و مەترسیدار دەکات، بەتایبەت لە نێو گەنجاندا، ئەویش نەخەوتنە لە شەودا تا کاتی پارشێو. د. ئازاد دەڵێت: “ئەم گۆڕانکارییە لە کاتی خەودا و خەوتنی زۆر لە ڕۆژدا، جەستە تووشی وشکبوونەوە دەکات و هاوسەنگیی مێشک تێکدەدات، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکیی ژانەسەرە.”

سێ هۆکاری سەرەکی بۆ پەیدایشی ئازار
بەپێی ڕێنماییەکانی ئەم پسپۆڕە، سێ خاڵ هەن کە دەبنە هۆی دروستبوونی ژانەسەری توند:
• دابەزینی ڕێژەی شەکر: بەهۆی تێکچوونی سیستمی خواردن.
•وشکبوونەوە(Dehydration): نەخواردنەوەی ئاو و شلەمەنی پێویست لە نێوان بەربانگ تا پارشێو.
• خووی هەڵەی خۆراک: خواردنی چەور و سوێری زۆر، کە دەبێتە هۆی تینوویەتییەکی زیاتر و پەستانی سەر مێشک زیاد دەکا.

چارەسەر لە دەستی خۆتدا کورت دەبێتەوە
د. ئازاد حەسەن جەخت دەکاتەوە کە بەشێکی زۆری چارەسەرەکە پەیوەندی بە “ڕۆتینی ڕۆژانە”ی کەسەکەوە هەیە. بۆ ئەوەی بێ ژانەسەر و بێ بەکارهێنانی دەرمان ڕۆژووەکەت تەواو بکەیت، پێویستە:
1. کاتی خەو و بێداربوونەوە ڕێک بخرێتەوە.
2. بڕی پێویست ئاو لە دوای بەربانگ بخورێتەوە.
3. ئەوانەی لاسەرە یاخود سەراسێ (شەقیقە)یان هەیە، پێویستە پێشوەختە بە ڕاوێژی پزیشک کاتی دەرمانەکانیان ڕێک بخەن.
کۆتا پەیامی پزیشک: ئەگەر ڕۆژووەوان بتوانێت هاوسەنگی لە نێوان خواردن، خەو و شلەمەنییەکاندا دروست بکات، دەتوانێت بەبێ هیچ ئازارێکی مێشک ئەرکە ئایینییەکەی بەجێ بهێنێت.