رۆژنامەی ھەولێر

مێــــــــــــــــژووی گۆی زه‌وی

خوسره‌و جاف
بەندە، بەندەیەکی ئیماندارم و دڵنیام کە پەروەردگار خاوەنی گەردوون و کائینات و ئەم تۆپی زەوینەیە کە ئێمەی مرۆڤی تێدا دەژیین. ئەگەر قەبارەی زەوی بەراورد بکەین بە یەکێک لە گەلەئەستێرەکاندا، بۆ نموونە (ڕێگای کاکێشان) یان (ئەندرۆمێدا)، زەوی ڕەنگە لە سەرەدەرزییەک بچووکتر بێت.

با لە قووڵایی ئاسمان بگەڕێین؛ تەواوی ئەو زانیارییانەی مرۆڤ دەربارەی پانتایی “کەون” هەیەتی تەنیا ٢٪ـە، واتە هێشتا ٩٨٪ی زانیارییەکانی گەردوون بۆ ئەقڵ و زانستی مرۆڤ نادیارە. دەربارەی دروستبوونی مرۆڤ، لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە: (لقد خلقنا الانسان فی احسن تقویم)؛ واتە مرۆڤمان بە چاکترین شێوە دروست کردووە. منیش یەکێکم لەو مرۆڤانەی کە خودا ئاماژەی بۆ کردووە و فڕێی داومەتە سەر ئەم تۆپە خاکییەی کە بە “زەوی” دەناسرێت.
ئایا ئێمە هیچ دەربارەی مێژووی ئەم زەوییە دەزانین؟ چۆن دروست بووە و بە چەند قۆناغدا تێپەڕیوە؟ نەشیاوە بۆ تۆی مرۆڤ کە لێرە دەژیت، ئاگات لە سەرەتا و مێژووەکەی نەبێت. گەردوون دەستکردی پەروەردگارە و زەوی لە “کن فیکون”ێکدا (بە یەک چرکە) دروست نەبووە، بەڵکو بە قۆناغی جۆراوجۆردا گوزەراوە. لێرەدا بەپێی سەرچاوە زانستییەکان، ڕەوڕەوەی مێژووی زەوی دەخەمە ڕوو:
• ١٣ملیار و ٥٠٠ملیۆن ساڵ لەمەوبەر: تێکەڵبوونی ماددە و وزە بووە هۆی دروستبوونی شێوەیەکی فیزیایی و پێکهاتنی گەردیلە و گەردەکان، کە سەرەنجام جیهانی کیمیای لێ کەوتەوە.
• ٤ملیار و ٥٠٠ملیۆن ساڵ لەمەوبەر: زەوی وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ شێوەی گرت.
• ٣ملیار و ٨٠٠ملیۆن ساڵ لەمەوبەر: سەرەتای دەرکەوتنی بوونەوەرە زیندووەکان و بوژانەوەی گیانلەبەرە سەرەتاییەکان.
• ٦ملیۆن ساڵ لەمەوبەر: دوا قۆناغی جیاوازبوونی ڕەگەزی مرۆڤ و شەمپانزی.
• ٢ملیۆن و ٥٠٠هەزار ساڵ لەمەوبەر: مرۆڤ لە ئەفریقادا پەیدا بوو و دەستی کرد بە دروستکردنی کەرەستەی بەردین.
• ٢ملیۆن ساڵ لەمەوبەر: مرۆڤ لە ئەفریقاوە بەرەو ئوسترالیا، ئەوروپا و ئاسیا کۆچی کرد و بەپێی ژینگە ڕوخساری گۆڕا.
• ٥٠٠هەزار ساڵ لەمەوبەر: ڕەگەزی (نیاندەرتاڵ) کە شێوەیەک بوون لە مرۆڤ، لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرەیان سەند.
• ٣٠٠هەزار ساڵ لەمەوبەر: مرۆڤ فێری بەکارهێنانی ئاگر بوو و ئاگر بوو بە بەشێک لە ژیانی.
• ٧٠هەزار ساڵ لەمەوبەر: شۆڕشی زانیاری و ناسین؛ سەرەتای دەرکەوتنی بیروڕا و مێژووی مرۆڤی “بیرکەرەوە”. لە ئەفریقاوە بە جیهاندا بڵاو بوونەوە.
• ٤٥هەزار ساڵ لەمەوبەر: مرۆڤی ژیر (Sapiens) لە ئوسترالیا نیشتەجێ بوون و ئاژەڵە زەبەلاحەکان لەوێ لەناو چوون.
• ٣٠هەزار ساڵ لەمەوبەر: ڕەگەزی مرۆڤی (نیاندەرتاڵ) بە تەواوی لەسەر زەوی نەمان.
• ١٦هەزار ساڵ لەمەوبەر: مرۆڤی ژیر گەیشتە خاکی ئەمریکا.
• ١٢هەزار ساڵ لەمەوبەر: شۆڕشی کشتوکاڵ؛ ماڵیکردنی ئاژەڵە کێوییەکان و بەکارهێنانی ڕووەک بۆ خواردن و نیشتەجێبوونی هەمیشەیی.
• ٥هەزار ساڵ لەمەوبەر: یەکەمین دەسەڵاتی پادشایەتی دروست بوو؛ نووسین، پارە و ئایینە فرەخوداییەکان دەرکەوتن.
• ٤٢٥٠ ساڵ لەمەوبەر: دەرکەوتنی یەکەمین ئیمپراتۆریەت (ئەکەدی) لە میسۆپۆتامیا بە سەرۆکایەتی (سەرجۆنی ئەکەدی).
• ٢٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر: بەکارهێنانی دراوی کانزایی، دەرکەوتنی ئیمپراتۆریەتی فارس و ئایینی بوودایی لە هیندستان.
• ١٤٠٠ ساڵ پێش زایین: حەزرەتی مووسا (س.خ) دژ بە فیرعەون دەستی بە کارەکانی کرد.
• ٢٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر: ئیمپراتۆریەتی هان لە چین، ئیمپراتۆریەتی ڕۆمان لە ئەوروپا و دەرکەوتنی ئایینی مەسیحیەت.
• ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر: ئایینی پیرۆزی ئیسلام هاتە کایەوە.
• ٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر: شۆڕشی زانستی دەستی پێکرد؛ ئەوروپییەکان گەیشتنە ئەمریکا و ئۆقیانووسەکانیان بڕی و سەردەمی سەرمایەداری دەستی پێ کرد.
• ٢٠٠ ساڵ لەمەوبەر: شۆڕشی پیشەسازی؛ دەوڵەت جێگەی سیستەمی خێزانی گرتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە گیانلەبەر و ڕووەکەکان لەناو چوون.
• ئێستا: مرۆڤ لە زەوییەوە بەرەو قووڵایی ئاسمان دەچێت. چەکی ئەتۆمی بەکار دەهێنرێت و مەترسی لەسەر مرۆڤایەتی دروست بووە.
• داهاتوو: ئایا زیرەکیی دەستکرد جێگەی مرۆڤی ئێستا دەگرێتەوە؟ ئایا ئینسان بەرەو جۆرێکی تر دەگۆڕێت؟
مرۆڤی ئەمڕۆ لە داهێنان ناوەستێت و دەیەوێت پەنجە لە قووڵایی ئاسمان گیر بکات. ڕۆژگارێک (گالیلۆ) زانای بەناوبانگ وتی زەوی خڕە، دادگای پشکنینی کەنیسە بڕیاری کوشتنیان دا، مەگەر پەشیمان بێتەوە. بۆ ئەوەی ڕزگاری بێت، وتی زەوی پانە، بەڵام کە ئازاد کرا وتی: “بەخوا لەت‌لەتیشم بکەن هەر خڕە”.
با بێینەوە لای خۆمان؛ ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دنیای زانست دوورین، کەچی هەموو ئامێرە پێشکەوتووەکانی ئەوان (لە کارەباوە تا سەلاجە و ئامێری چێشتخانە) بەکار دەهێنین. کابرایەک وتیان خورما باشە یان کشمیش؟ وتی: “خورمش”. ئێستا حاڵی ئێمەش وایە؛ ئامێری “گاورەکان” بەکار دەهێنین، کەچی هێشتا لای خۆمان خەڵک هەیە کێشەیەتی کە بە پێی ڕاست بچێتە ئاودەست، یان بە چەپ!