رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆحی نەتەوەیی

ئاری ئاغۆک*
نەتەوە تەنیا چەمکێک نیە لە جوگرافیا و نەخشەیەکی دیاریکراودا خۆی بدۆزێتەوە، بەڵکو نەتەوە وەک ڕوحێکی زیندوو لە جەستە و بیرکردنەوەی هەر تاکێکدایە کە ئامانج و بەرنامە و پلانی لە بازنەی دیدگایەکی ڕۆشنبیری زیندووییەوە خۆی دەدۆزێتەوە، بۆیە ئەگەر سەیری وێنە گەورەکە بکەین دەبێت چەمکی نەتەوەیی وەک فەرهەنگێکی زیندوو لە ناخ و بیرکردنەوەماندا بێت، چونکە نەتەوەییبوون سنوور ناناسێت. یەکێک لەوسەری دنیا، ئەوی دیکە لە سەنتەری نەخشەی شار، یەکێک لە نێو کەلتوورێکی بێگانە، ئەوی دیکە لە نێو کەلتوورێکی ڕەسەن، یەکەم خاڵ و دوایین خاڵ یەک ناونیشان کۆیان دەکاتەوە ئەویش ڕۆحی نەتەوەییە؛ بۆیە هەر یەک لەم ڕوانینانە لە هەر ژین و ژینگەیەکدا بن ئەوا هیچ جیاوازیەک بەدی ناکرێت، چونکە ڕۆحی نەتەوەییبوون (ئایدیایە) بەر لە کردار و قسەی گەورەگەورە.
نەتەوەییبوون (هەڵوێستە) بەر لەگفتوگۆ و پەرچەکردار، نەتەوەییبوون لە تابلۆی خۆزگە و خەونی هەر ئینسانێک رەنگێکی گەرم و جوانە، نەک وتاری سارد و سر، نەتەوەییبوون ئەو دەنگە زیندووەی ناخە گەر لەناو سەدان زمانی بێگانەدا بی، هەر زمانی نەتەوەی خۆمان دەڵێینەوە، نەک کڕ و بێدەنگ و لاڵ بکەوین.
مێژوو پێمان دەڵێت نەتەوەی کوردیش وەک هەموو نەتەوەکانی دیکەی دنیا لەپێناو زیندوویی کەلتوور و زمان و ئایدیای ئەوا هەمیشە قوربانیی داوە و بەردەوامیشە لە قوربانیدان، ئەمەش لەپێناو ئامانجێکی دیاریکراودایە.
کەواتە لەم قۆناغ و سەردەمە کاتی ئەوە هاتووە ئەو ڕۆحە سروشتیە، زێتر بخەینە نێو دیدەو پەیام و ئایدیا و بۆچونی گەنجانمان، بۆ ئەوەی لەهەر کوێیەکی دنیابن، کاتێ باسی (کورد و نەتەوە) کرا، هەموومان لەئاست گەورەیی ئەو دوو چەمکە لێکدراوە هەست بە چێژی نیشتمانبوون بکەن.
چونکە ڕۆحی نەتەوەییبوون بریتی یە لەتێکۆشانێکی هزری بەردەوام لە پێناو قوربانی دان و بەرەنگاربوونەوەی بەربەستە ئاڵۆزەکان.
ئەمەشیان لەتێگەیشتن و تێ فکرینی تاکێکی هۆشیارەوە سەرچاوە دەگرێ بەرامبەر بە هەر دژە بۆچوونێک، دەکرێ ئەم هۆشیاریە لە ناخ و بیرکردنەوەی گەنجان دا بکەینە ئامرازێک بۆ زێتر قوڵبوونەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان کە بەدرێژایی مێژوو هەوڵ و تێکۆشان و قوربانیدانی بۆ دەدەین، چونکە گەنج خوێنی گەرمی کۆمەڵگەیە، هەموو گۆڕانکاریە فکری و ڕۆشنبیریەکان بە وزەی گەنجانەوە لەدایک دەبن و دەبنە داینەمۆی سەرهەڵدان، بۆیە گەنج لە ناسنامەی ڕۆحی نەتەوەیی دا لەناو پڕۆسەیەکی بەردەوامی هۆشیاریدایە، گرنگە هەمووان بە چاوی متمابەبوون لێیان بڕوانین.
ئەگەر ئەو هەستە خودناسیە وەک ڕامانێکی قووڵ لەسەرجەم کایەکانی ژیان واقیعبینانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ئەوا دەبێتە پرسێکی گرنگ بەردەوام لە بیرکردنەوە و تێگەیشتندا لە لووتکەدا دەبینرێت.