سەهەند کۆیی
لە مێژووی شارستانییەتەکاندا، پێوەندییەکی ئۆرگانی و دانەبڕاو لەنێوان گەشەی فیکریی تاک و ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا هەبووە. لەو ساتەوەی مرۆڤ دەستی لە پرۆسەی گێڕانەوە و خوێندنەوە هەڵگرت، “غەریبیی کتێب” و “نامۆیی مرۆڤ” وەک دوو دیاردەی هاوتەریب پێکەوە سەریان هەڵدا، مێژوو ئەو ڕاستییەمان بۆ دووپات دەکاتەوە کە هیچ نەتەوەیەک لەناو تەمومژی نەزانیندا نەبووەتە خاوەن شکۆ، مەگەر ئەو کاتەی “پەرتووک” بووبێتە هەناسەی بنیادنەر و خوێندنەوەش وەک دەمارەخانەیەکی سەرەکی لە جەستەی ژیاریدا کاری کردبێ، ئەمڕۆ کە باس لە “خامۆشیی پەرتووک” دەکەین، لە ڕاستیدا شیوەن بۆ پاشەکشەی هۆشیاری و پەراوێزکەوتنی عەقڵ دەکەین لەناو جەستەیەکی سڕبووی کۆمەڵایەتیدا، ئەم تەنگژەیە تەنها ساردوسوڕییەکی بازاڕی یان دیاردەیەکی کاتی نییە، بەڵکو ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ لاوازبوونی گیانی ڕەخنەگری و ونبوونی شوناس لەناو جەنجاڵی کاڵا و وێنە بێ ڕۆحەکاندا، بۆ تێپەڕاندنی ئەم بنبەستە فەرهەنگییەی کە نیشتمان بەرەو دواوە دەبات، پێویستمان بە “شۆڕشێکی مەعریفی” هەیە؛ شۆڕشێک کە تێیدا پەرتووک لە کەرەستەیەکی جوانکاریی سەر ڕەفەکانەوە ببێتەوە بەو مەشخەڵە بزوێنەرەی کە مێشکی تاک و ئاسۆی داهاتووی کۆمەڵگەی پێ ڕووناک دەکرێتەوە.
مەرگی ئارامی و تەنگژەی دابڕانی ژیری
بۆچی کتێب لە دەستی تاکی ئێمە داکەوت؟ ئایا تەنها تەکنەلۆژیا تاوانبارە یان پەروەردەش پشکی شێری بەردەکەوێت؟ ئەو گرفتانەی بوونەتە ڕێگر لە بەردەم پڕۆسەی زانین، بۆ دەستنیشانکردنی چارەسەر پێویستە سەرەتا بە وردی لەو ئاستەنگانە بکۆڵینەوە کە وەک دیوارێکی ئەستوور لەنێوان تاکی ئێمە و کتێبدا وەستاون، هەژموونی سۆشیاڵ میدیا و زانیارییە خێراکان و مرۆڤی سەردەم تووشی جۆرێک لە “تەمەڵی مێشک” بووە، پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بەکارهێنەریان ڕاهێناوە لەسەر وەرگرتنی زانیاری کورت و خێرا و وێنەیی، ئەمەش وایکردووە مێشک توانای ئارامگرتن و قووڵبوونەوەی لە ناو دەقە درێژ و فیکرییەکاندا نەمێنێت کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاستی بیرکردنەوەی ستراتیژی ئاستەنگە میتۆدییەکانی پەروەردە، قوتابخانەکانی ئێمە لەبری ئەوەی “ناوەندێکی گەڕان و دۆزینەوە” بن بوونەتە “کارگەی لەبەرکردن” کتێب لای قوتابی تەنها ئامرازێکی ناچارییە بۆ بەدەستهێنانی نمرە و بڕوانامە نەک سەرچاوەی چێژی مەعریفی، ئەم جۆرە پەروەردەیە پەیوەندییەکی “نەرێنی” لە نێوان مرۆڤ و کتێبدا دروست دەکات، تەنگژەی ئابووری و ململانێی بژێوی لە سایەی قەیرانە داراییەکاندا، کتێبی لە لیستی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک: (خۆراک و نیشتەجێبوون)، دەرهێناوە و خستوویەتییە خانەی ‘پێداویستییە لاوەکییەکان’. کاتێک تێچووی ژیان بەرز دەبێتەوە کڕینی کتێب دەبێتە بارگرانییەکی دارایی بۆ خێزانەکان ئەمەش هاوشان لهگهڵ نەبوونی نموونەی باڵای ڕۆشنبیری لەناو خێزان و میدیاکاندا بایەخی پێویست بە نووسەر و بیرمەند نادرێت لە بەرامبەردا بایەخێکی زیادەڕۆ دەدرێتە “کەسایەتییە بێ ناوەڕۆکەکانی سۆشیاڵ میدیا” کە زۆرجار خوێندنەوە وەک کارێکی بێسوود نیشان دەدەن.
وەرچەرخان بەرەو نەریتی فەرهەنگی
بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە هۆشیاریی گشتیدا دروست بکەین، پێویستە کۆمەڵگە لە فەرهەنگی بیستنەوە بەرەو کولتووری خوێندنەوە بەرین؛ ئەمەش لە خێزانەوە دەست پێ دەکات وەک ناوەندی یەکەمی پەروەردە، چونکە منداڵ لە ڕێگەی چاوەوە فێر دەبێت نەک تەنها گوێگرتن. ئەگەر منداڵ دایک و باوکی ببینێت کە کتێب دەخوێننەوە، خوێندنەوە دەبێتە بەشێک لە ڕەفتاری ئاسایی، بۆیه پێویستە “گۆشەی کتێبخانە” لە ماڵدا وەک بەشێکی سەرەکی لە دیزاینی ژیان تەماشا بکرێت و لە بۆنەکاندا کتێب بکرێتە بەنرخترین دیاری. هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا، ڕیفۆرمی پەروەردەیی و گرنگیدان بە کتێبخانەی قوتابخانە هەنگاوێکی تری پێویستە؛ چونکە دەبێت سیستەمی پەروەردە لە کۆتوبەندی تاقیکردنەوەی وشک ڕزگار بکرێت و کتێبخانە ببێتە: (دڵی قوتابخانە). لێرەوە دەبێت قوتابی هان بدرێت کتێبی دەرەکی بخوێنێتەوە، شیکارییان بۆ بکات و کورتەی بیرۆکەکانی وەک ڕاپۆرتێکی داهێنەرانە پێشکەش بکات؛ ئەمە وادەکات خوێندنەوە ببێتە: (نەریتێکی فەرهەنگی)، نەک تەنها ئەرکێکی ناچار،. سەبارەت بە ڕۆڵی میدیا لە زانستسازیدا، کاتی ئەوە هاتووە ڕاگەیاندنەکان و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان لە قۆناغی کەنارگیرکردنی هۆشیارییەوە، بگۆڕدرێن بۆ سەکۆی بنیادنەری مەعریفە، لەم ڕووەوە، پێویستە کەسایەتییە کاریگەرەکان درک بە بەرپرسیارێتیی فەرهەنگی و مێژوویی خۆیان بکەن؛ چونکە ناساندنی پەرتووکێکی قووڵ یان بیرۆکەیەکی زانستی لەلایەن ئەوانەوە، کاریگەرییەکی خێرا و فراوانتری دەبێت لە چەندین ساڵ وانەوتنەوەی کلاسیکی، میدیا دەبێت لەبری:(کاڵاسازی)، ڕۆڵی:(زانستسازی)، ببینێت و چێژی خوێندنەوە وەک بەهایەکی باڵای کۆمەڵایەتی نمایش بکات.
تەکنەلۆژیا وەک دەرفەتێکی زانستی
لێرەدا باس لەوە دەکەین کە چۆن پێشکەوتنی تەکنیکی دەکرێت بخرێتە خزمەت پەرەپێدانی فەرهەنگی چونکە ناکرێت تەکنەلۆژیا تەنها وەک “دوژمنی کتێب” ببینرێت بەڵکو ئامرازێکی بێلایەنە کە دەکرێت بۆ خزمەتی مەعریفەش بەکاربهێنرێت کتێبی دەنگی و ئەلیکترۆنی بۆ ئەو کەسانەی بەهۆی کارەوە کاتیان کەمە کتێبی دەنگی فریادڕەسێکی گەورەیە هەروەها کتێبی ئەلیکترۆنی کێشەی گرانیی نرخ و شوێنی هەڵگرتنی چارەسەر کردووە؛ بە جۆرێک دیجیتاڵکردنی سەرچاوەکان دەرفەتێکی زێڕینی ڕەخساندووە کە ئێستا گەنجێک لە دوورترین گوندی کوردستانەوە، بتوانێت دەستی بە نوێترین توێژینەوەی زانکۆ جیهانییەکان ڕابگات، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ تێپەڕاندنی سنوورە جوگرافییەکان لە بڵاوکردنەوەی زانستدا.
ئەرکی سیستم و چەسپاندنی ئاسایشی گشتی
قەیرانی خوێندنەوە تەنها پرسێکی کەسی نییە، بەڵکو پەیوەستە بە پاشەکشەی گشتیی سیستمەوە؛ هەر بۆیە بەرپرسیارێتیی لایەنە فەرمییەکان بۆ بنیادنانی ژێرخانێکی ڕۆشنبیری، ئەرکێکی هەنووکەیییە. پێویستە حکومەت پرسی خوێندنەوە وەک بابەتێکی پەیوەست بە:(ئاسایشی نەتەوەیی)، ببینێت، بەو پێیەی نەتەوەیەک نەخوێنێتەوە، ناتوانێت بەرگری لە مافەکانی بکات. بۆ ئەم مەبەستە، دەبێت حکومەت کتێبخانە گشتییەکان هاوچەرخ بکات، چونکە کتێبخانە تەنها کۆگایەک نییە بۆ کتێب، بەڵکو دەبێت ببێتە ناوەندێکی کۆمەڵایەتی بۆ دیالۆگ و وۆرک شۆپ، هەروەها، بۆ پاڵپشتی دارایی چاپ و وەرگێڕان، پێویستە سندووقێکی نیشتمانی بۆ پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەرگێڕان دابمەزرێنرێت و باج لەسەر کاغەز و کەرەستەکانی چاپ لابرێت؛ تاوەکو نرخی کتێب بۆ هاووڵاتیی ئاسایی گونجاو بێت.
ئاوەدانکردنەوەی ژیار و سیمای شار
جگە لە خێزان و قوتابخانە، ڕووبەری بینراوی شار و فەزای دەستەجەمعی کاریگەرییەکی بنەڕەتییان هەیە لە پتهوکردنی پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و زانستدا. کاتێک تاک لە کاتی گەڕان و پیاسەی ناو پارکەکان، لە وێستگەکانی گواستنەوە، یان لە شوێنە گەشتیارییەکاندا ڕووبەڕووی پەرتووک و گۆشەکانی خوێندنەوە نەبێتەوە، پرۆسەی فێربوون تەنها وەک ئەرکێکی “پەراوێزخراو و سنووردار” دەمێنێتەوە، لێرەوە پێویستە ستراتیژی “ئاوەدانکردنەوەی ژیار” پەیڕەو بکرێت؛ بە جۆرێک کە سیمای شارەکان بە پەیکەری ئەدیبان، تابلۆکانی گێڕانەوەی ڕووداوە مێژووییەکان و پێشانگا فەرهەنگییەکان بڕازێندرێنەوە، نەک تەنها لە ڕیکلامی بازرگانی و وێنەی کاڵا بەکاربەرییەکاندا کورت بکرێنەوە. ئەم گۆڕانکارییە دەبێتە هۆی ئەوەی چاوی تاکی ئێمە لەگەڵ سەرچاوە فکرییەکاندا ئاوێتە بێت و وەک بەشێکی دانەبڕاو لە سروشتی ژیانی ڕۆژانە تەماشای بکات. کاتێک ژینگەی دەرەوە لە “خامۆشییەکی بیریارییەوە” دەگۆڕێت بۆ “گۆڕەپانێکی کراوەی گفتوگۆ”، ئارەزووی خوێندنەوە لە خولیایەکی کاتییەوە دەبێتە پێناسی گشتی و کۆمەڵگە لە پاشکۆیەتیی کولتووری ڕزگار دەکات و بەرەو لوتکەی داهێنانە ناوخۆییەکان ئاراستەی دەکات.
پەرتووک و ئاشتەوایی؛ زمانی دیالۆگی نەتەوەیی
ئەم چالاکییە هۆشیارییە تەنها پڕۆسەیەکی تاکەکەسی نییە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری، بەڵکو گەورەترین کارگەیە بۆ بەرهەمهێنانی “زمانی تێگەیشتن” لەنێوان چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا. کاتێک نەتەوەیەک لە فەرهەنگی نووسین دادەبڕێت، توانای گفتوگۆی مەدەنی لەدەست دەدات و جێگەی عەقڵ بە هاوار و توندوتیژی پڕ دەکرێتەوە، شۆڕشی مەعریفی لێرەوە دەست پێ دەکات کە کتێب ببێتە ئەو “فەزایە هاوبەشە”ی کە تاکەکان لە دەوری یەک کۆدەکاتەوە، تاوەکو لەبری ململانێی بێهوودە، لەسەر بنەماکانی لۆژیک و زانست دیالۆگ بکەن. خوێندنەوە دەبێتە هۆی دروستکردنی “ویژدانی جەمعی”، بە جۆرێک کە نەتەوە تەنها وەک کۆمەڵە خەڵکێک نەبینرێت، بەڵکو وەک جەستەیەکی هۆشیار کە خاوەن خەون و ئاسۆیەکی ڕۆشنبیریی یەکگرتووە.
پاراستنی بەهاکان لە سەردەمی مۆدێرنەدا
لە جیهانی ئەمڕۆدا کە پڕ بووە لە زانیاریی ساختە و سەرپێیی، تێڕامانی قووڵ لە دەق دەبێتە “سەنگەرێکی پارێزگاری” بۆ ئەخلاق و بەها مرۆییەکان. قەیرانی خوێندنەوە تەنها کێشەی نەخوێندن نییە، بەڵکو کێشەی “چۆنێتی خوێندنەوەیە”؛ بۆیە پێویستە لە شۆڕشە مەعریفییەکەماندا جەخت لەسەر “هزرینی ڕەخنەگرانە” بکەینەوە. ئەم جۆرە مامەڵە فیکرییە مرۆڤ لە ‘پاشکۆیەتیی هزر’ ڕزگار دەکات و ناهێڵێت ببێتە ئامرازێک بەدەست ئایدیۆلۆژیا توندڕەوەکان یان بازاڕە بێ ڕۆحەکانەوە. بەمەش کتێب دەبێتە پاسەوانی شکۆی مرۆڤ و ڕێگر دەبێت لەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە ببنە ژمارەیەکی بێبایەخ لەناو سیستەمە جیهانییەکاندا، بەڵکو دەبنە بکەرێکی ئازاد و خاوەن هەڵوێست.
وەبەرهێنانی مرۆیی و سامانی نیشتمانی
پێویستە تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ کتێب لە “کەرەستەیەکی لاوەکی”یەوە بگۆڕدرێت بۆ “بایەخێکی بنەڕەتی”. ئەگەر کارگە و تەلارەکان سەرمایەی ماددی بن، ئەوا کتێبخانەکان و مێشکی تاکەکان “سامانی ڕاستەقینەی” نەتەوەن کە هەرگیز بەسەر ناچن. ئەم وەرچەرخانە دەبێت ئەو ڕاستییە بچەسپێنێت کە هێزی نیشتمان لە چەک و نەوتدا نییە، بەڵکو لەو داهێنانە دایە کە لە ئەنجامی شارەزایی و تێگەیشتنی قووڵ لەدایک دەبێت. هەر پەڕەیەکی کتێب کە دەکرێتەوە، هەنگاوێکە بەرەو سەربەخۆیی ئابووری و دۆزینەوەی نوێ، چونکە مرۆڤی بەئاگا مرۆڤێکی بەرهەمهێنەرە و دەتوانێت لە هیچ، هەموو شتێک دروست بکات. لێرەوە دەبێت ئەم ڕێڕەوە ڕۆشنبیرییە وەک گەورەترین پڕۆژەی نەتەوەیی تەماشا بکرێت؛ پڕۆژەیەک کە زامنی مانەوەمانە و دەبێتە بزوێنەری سەرەکی بۆ گەشەی بەردەوام و چەسپاندنی پایەکانی شارستانییەتی ئێمە.
شوێنەوارە دەروونی و جڤاکییەکانی پەرتووکناسی
ئەم گەڕانە فیکرییە تەنیا چالاکییەکی ڕۆشنبیریی سادە نییە، بەڵکو کلیلێکە بۆ گۆڕینی ڕەفتاری تاک و چارەسەری “بێئومێدیی مەعریفی”. لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، ئاشنایەتی لەگەڵ کتێب دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی توندوتیژی؛ چونکە توانای هاوسۆزی لای مرۆڤ زیاد دەکات و لە ڕێگەی چیرۆکەکانەوە پەنجەرەیەک بەرەو جیهانبینیی کەسانی تر دەکاتەوە. لە لایەکی ترەوە، بەرکەوتنی بەردەوام لەگەڵ زانست بزوێنەری گەشەی ئابوورییە؛ چونکە داهێنان بەرهەم دەهێنێت و داهێنانیش کۆڵەکەی ئابوورییەکی بەهێزە. هاوکات، برەودان بە کولتووری کتێب پایەکانی دیموکراسی پتەو دەکات؛ چونکە هاووڵاتییەکی هۆشیار، بە ئاسانی ناخەڵەتێنرێت و دەتوانێت بە وردی و ڕەخنەگرانە بڕیار لەسەر چارەنووسی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆی بدات.

