ڕائیب جادر – هەولێر
ساڵانە لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا، کوردانی ئێزدی یادی جەژنی خدر ئەلیاس دەکەنەوە، ئەم جەژنە لای ئێزدییەکان پێگەیەکی تایبەتی ھەیە و چەندین ڕێوڕەسمی ئایینی و کلتووری لەخۆدەگرێت، کە دیارترینیان ئامادەکردنی جۆرە خواردنێکی تایبەتە لە دانەوێڵە، بەپێی نەریتی ئەو جەژنە، ئەو کەسانەی ناویان خدر ئەلیاسە دەبێت سێ ڕۆژ بەڕۆژوو بن و ماوەی دوو ڕۆژیش دەکەنە جەژن.
جەژنی خدر ئەلیاس یەکێکە لە جەژنە ھەرە کۆنەکانی ئێزدییەکان، ھەروەھا بەپێی بیرەوباوەڕی ئێزدییەکان، ھەرکەسێک ناوی خدر یان ئەلیاس بێت، دەبێت لەماوەی ساڵێکدا سێ ڕۆژی لەسەر یەک بەڕۆژوو بێت، لەم ڕۆژانەدا باوەڕداران سەردانی مەزارگەی خدر ئەلیاس دەکەن و نزاو پاڕانەوە ئەنجام دەدەن.
لای ئێزدییەکان، خدر ئەلیاس بە جەژنی خۆشەویستی، لێبوردەیی و ھاتنەدی ئاواتەکان (مراز) ناسراوە، یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم جەژنە قەدەغەبوونی قوربانیکردن و سەربڕینی ئاژەڵە بە ھەموو شێوەیەک، ئەم بڕیارە پەیوەندی بە وەرزی زاوزێی ئاژەڵان و پاراستنی سروشتەوە ھەیە.
لە ئێوارەی ڕۆژی جەژن خواردنێک بەناوی قەلاندۆک ئامادە دەکەن و نانی مردووان بەسەر دراوسێیەکاندا وەک خێر دابەشدەکەن، خواردنی قەلاندۆک لە حەوت بەرھەمی ساڵ وەکو گەنم، جۆ، نۆک، کونجی، باقل، گارس و گوڵەبەڕۆژ پێکدێت، نەریتەکە وایە ئێوارەی ڕۆژی جەژن ھاووڵاتییان ئەو حەوت بەرھەمە تێکەڵ دەکەن و دەخۆن، ھەموو ئەمانە پەیوەندی بە سروشت و کاری کشتوکاڵییەوە ھەیە، ئێزدییەکان دەڵێن، خدر ئەلیاس واتە ساڵ وەرزی چاندن تەواو دەبێت.
لە ڕۆژی جەژندا، خێزانەکان سەردانی یەکتری دەکەن و ئەو خواردنانەی ئامادەیان کردووە لەگەڵ چا بەسەر میوانەکاندا دابەشی دەکەن، ئەم بۆنەیە تەنیا جەژنێکی ئایینی نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ نوێکردنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و زیندووکردنەوەی ئەو کلتوورە دەوڵەمەندەی کە ھەزاران ساڵە ئێزدییەکان پاراستوویانە، ئەم جەژنە لە تەواوی گوند و کۆمەڵگەکانی ئێزدینشین بەڕێوەدەچێت.
ئێزدی خاوەنی ئایینێکی تایبەتن و زۆربەی ئێزدییەکانی جیھان، لە ھەرێمی کوردستانن، لە دەڤەری شێخانی نێوان مووسڵ، پارێزگای دھۆک و دەڤەری شنگالی سەر سنووری سووریادا دەژین، یەکەم پەرستگەی ئێزدی “لالش”ـە، پەرستگەی ھەرە پیرۆزی ئێزدییەکانە، دەکەوێتە نێوان دۆڵێکی سێ چیای گەورە، پڕە لە دار و درەخت و سەوزایی، دیمەنێکی جوان و دڵڕفێنی ھەیە. وشەی “لالش” لە دەقی ئێزدییەکان بە واتە “ھەوێنی زەوی” دێت، بە زمانی ئاڤێستایی واتەی “لالە” واتەی چرا و ڕووناکی گەش دەگەیەنێت، ھەموویشی پێکەوە واتەی (چرای گەش یان سەرچاوەی ڕوون) دەبەخشێت.
ئێزدییەکان دوو کتێبیان ھەیە “جەلوە” و “مەسحەفا ڕەش”، کتێبی “جەلوە” شێخ حەسەن دایناوە، ئێزدییەکان ٨ جەژنیان ھەیە، جەژنی سەری ساڵ، جەژنی چلەی ھاوین، جەژنی چلەی زستان، جەژنی جەمای، جەژنی ڕۆژووی ئێزدی، جەژنی بێلندا، جەژنی خدر لیاس و جەژنی قوربان.

