رۆژنامەی ھەولێر

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: هەرێمی کوردستان نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێک

دوێنێ، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانیدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، تیشکی خستەسەر چەند بابەتێکی پەیوەست بە ئاسایشی ناوچەکە و مەترسییەکانی تیرۆر.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، جەختی لە سیاسەتی جێگیری هەرێمی کوردستان کردەوە و رایگەیاند: “کوردستان نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێک.” ئاماژەی بەوەش کرد، هەرێم هەمیشە خوازیاری پەیوەندیی دۆستانە و سەقامگیرییە لەگەڵ دراوسێکانیدا.
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هۆشداریدا لە سەرهەڵدانەوە و زیادبوونی چالاکییەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و گوتی: “داعش هێشتا هەڕەشەیەکی بەهێزە.” ئاماژەی بەوەش دا، “ئەو رێکخراوە لەم دواییانەدا لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق و سووریا چالاکتر بووە، ئەوەش پێویستیی بە هەماهەنگیی زیاتری ئەمنیی هەیە بۆ ئەوەی تیرۆریزم لەناو ببرێت.”
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان جەختی لە پاراستنی ئارامیی ناوچەکە کردەوە و رایگەیاند؛ پێویستە هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوە بن کە عێراق و هەرێمی کوردستان لە مەترسییەکانی شەڕ و ململانێکان دووربخرێنەوە، تاوەکو خەڵک لە ئاسایش و ئارامیدا بژین.