رۆژنامەی ھەولێر

ئاسایشی هەولێر پێنج کەسی بە تۆمەتی کوشتنی زاواکەیان دەستگیر دەکات

ئاسایشی هەولێر دەستگیركردنی ژمارەیەك تۆمەتباری كوردی رۆژئاوای رایگەیاند كە ساڵی 2024 تاوانێكیان لە گەڕەكی مامزاوەی شاری هەولێر ئەنجامدابوو، ئەویش كوشتنی زاوا و كەسێكی نزیكی خۆیان بوو.

ئاسایشی هەولێر لەبارەی رووداوەكە رایگەیاند “لە ڕێکەوتی 22/10/2024 لە گەڕەکی مامزاوەی شاری هەولێر، هاووڵاتییەکی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان بەناوی (محەمەد عەلی ڕەمۆ) کوژرا، هەر ئەو کات لەلایەن تیمەکانمانەوە دەست بە ئەنجامدانی بەدواداچوون کرا و بەڵگەی تاوانەکان کۆکرانەوە و ناسنامەی تۆمەتبارەکانمان ئاشکرا کرد” .

راشیگەیاند “تۆمەتبارەكان ناوەکانیان ( م، ع، ع) و ( أ، ع، ع) و (ی، ع، ع) و کە دەبنە ماڵی خەزوورانی تاوانلێکراو، هەروەها تۆمەتباران (ر، ع، ر) و (ع، ح، ع) دەبنە برا و برازای تاوانلێکراو”.

هەروەها رایگەیاند “بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرجەم تۆمەتبارەکان دەرچوو، بەڵام لەبەرئەوەی ئەو کات بەردەست نەبوون بۆیە لە ڕێکەوتی 7/2/2026 لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کران”.

ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەش دا كە لەسەر هەبوونی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بەشێوەی پلان بۆداڕێژراو هاووڵاتی محەمەد عەلی ڕەمۆ لەلایەن ماڵە خەزووران و برا و برازایەکی خۆیەوە کوژراوە”.