سلێمان تاشان – ههولێر
دوێنێ شەممە ٢١ی شوبات ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک یان زگماکی بوو . تا مانگێک لەمەوبەر زمانەکە تەنیا لە یەک وڵاتی جیهان بە فەرمی ناسرابوو بەڵام ئەمساڵ لە کاتێکدا ئەو یادە دەکرێتەوە کە بۆ یەکەم جار لە وڵاتێکی دیکەی داگیرکەری خاکی کوردستان زمانی کوردی دانی پیدا نرا و بوو بە زمانی نیشتمانی .
هەر چەندە ئەمە تەنیا لە چوارچێوەی مەرسوومێکدا بوو کە مانگی ڕابردوو سەرۆک کۆماری ڕاگوزەری سووریا دەریکرد و هێشتا بە یاسا لە دەستووری سووریا نەچەسپێنراوە و دیاریش نییە ئەو مافانەی بۆ زمانی کوردی لەو وڵاتە بە ڕەوا دەزانرێن چین و ناوەند چۆن مامەڵە لەگڵ زمانەکە دەکات و تا چەندە لە دامەزراوە سەرەکییەکانی سووریا وەک سەرۆکایەتی کۆمار و دەرەوە و پەرلەمان و دام و دەزگاکانی دیکە مامەڵەی پێوە دەکرێت.
زمانەکە لە دەیەی ڕابردوو بەشێوەیەکی دیفاکتۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان و بەشیکی سووریا ببووە زمانی فەرمی و لە قۆناغی سەرەتایی تا زانکو خوێندراوە و خزمەت کراوە، هەر چۆنێک بێت ئەو هەنگاوەی لە سووریا نراوە لە ڕووی سیاسی و یاسایی جێی بایەخە و دەکرێ دەستپێکێکی باش بێ بۆ ئەوەی ڕۆژئاوای کوردستان بەرەو بەدیهێنانی سەرجەم مافەکانی بڕوات و لە دەستووری داهاتووی وڵاتەکەدا بیانچەسپێنێت، زمان بەشێکی دانەبڕاوە لە نەتەوەی کورد و بەکارهێنان و بەفەرمی ناساندنی دەروازەیەکی گەورە بەڕووی مافەکانی دیکە دەکاتەوە.
دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان هەر لە سەرەتای سەدەی ڕابردووەوە هەوڵیان دا بە سەپاندنی یەک زمان و پەراوێزخستنی زمانەکانی تر، یەک نەتەوە و یەک دەوڵەت بۆ خۆیان بنیات بنێن بەڵام سەرکەوتوو نەبوون هەرچەندە کورد قوربانییەکی زۆری بەهۆی ئەم جۆرە سیاسەتە دا. ڕەنگە بە ملیۆنان کورد هەبن لە نەتەوە و زمانی دایک شۆرابنەوە و بە زمانێکی تر قسە بکەن و تازە هەندێکیان بۆیان دەرکەوتووە کە چ ستەمێکی مێژووییان لێ کراوە. ئەو سیاسەتە لە لایەن تورکەکانەوە زیاتر لە فارس و عەرەبەکان جێبەجێ کرا.
لە تورکیا تا چەند دەیە لەمەوبەر زمانی کوردی تەنانەت ئاخافتنیشی قەدەخە بوو و ماوەی چەند ساڵێکە حزب و چالاکی و پەرلەمانتارەکان داوا دەکەن زمانی کوردی بە فەرمی بناسرێت بەڵام ڕووبەڕووی سەرکۆنە و تەنانەت زیندانیی بوونەتەوە و لەم دواییانەدا هەندێک دەرفەتی خوێندنی ئازاد بە زمانی کوردی دراوە کە بە گۆڕانکارییەکی گرنگ دادەنرێت و لە ماوەی ڕابردوو لە تورکیا قوتابییەکان سەربەست کران لەوەی خۆیان بڕیار بدەن وانەی کوردی وەک وانەیەکی دڵخواز هەڵبژێرن و فێری بن و لە باکووری کوردستان پێشوازییەکی باشی لێ کرا.
ئەگەر کوردی بکرێتە زمانی فەرمی ئەوا هیچ پێویست ناکات داوا لە قوتابخانەکان بکریت خۆیان وەک وانەیەک هەڵیبژێرن و سەربەست بکرێن لە خوێندنی بەڵکو پیویست دەکات بە زۆرەملێ لە تەواوی قوتابخانەکان وەک وانەیەکی سەرەکی بخوێنرێت و فێرکردنی وانەکانی دیکەش هەر بە زمانی زگماکی بێت.
راستە لە هەرێمی کوردستان بە کوردی دەخوێنرێت و زمانی فەرمی کوردییە بەڵام بێبەری نییە لە کێشە و کەم و کورتی، ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی هەر دوو وەزارەتی ڕۆشنبیری و پەروەردە بۆ پاراستنی زمان قورستر بووە و ئەو بەرپرسیارێتییەیان لەسەر شانە تا بە بایەخی زیاترەوە بڕواننە زمانی دایک و ڕێ نەدەن لە ڕێچکەی خۆی بەلاڕێدا بچێت. زیاتر لە سێ دەیەیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراوە بەڵام بەداخەوە هێشتا ڕێنووسێکی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان نییە و هەر دامەزراوە و دەزگا و ڕۆژنامە و بڵاوکراوەیەک بە کەیفی خۆیان ڕێنووس دیاری دەکەن و هیچ کامێکیان حساب بۆ ئەوەی تریان ناکەن. جگە لەمە ناونیشانی سەر فرۆشگا و دووکان و شوینە بازرگانی و خواردنگەکانیش ڕاستیی تاڵتر ئاشکرا دەکەن
بەپێی توێژینەوەیەک کە ژمارەیەک قوتابی لە سلێمانی کردوویانە و لە ناونیشان و تابلۆی سەر دووکان و بازاڕ و شوێنەکانیان کۆڵیوەتەوە بۆیان سەلمێنراوە زمانی کوردی نەک لە پلەی یەکەم بەڵکوو لە ڕیزبەندی سێیەمدا دێت لەرووی بایەخدان و هەڵبژاردن وەک ناونیشان، جگە لە هەڵەی ڕێنووس، ناو و چەمکی بێگانە جێی بە ناوە کوردییەکان لێژ کردووە و هەست دەکرێ دۆخی زمانی کوردی ساڵ بە ساڵ لە جیاتی بەرەوپێش چوون لە پاشەکشەدایە.
دوای جەنگی دووەمی جیهانی و سەربەخۆیی هیندستان و پاشان دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی پاکستان، بەنگلادیش بە پاکستان لکێنرا. زمانی ئۆردوو زمانی فەرمی هەر دوو بەشی ڕوژهەڵات و ڕۆژئاوای پاکستان بوو، لەکاتێکدا بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەو کاتی پاکستان بەنگالی بوون و ناچار کرا بوون کە زمانی ئوردوو بەکار بێنن و لە زمانی بەنگالی کە زمانی دایکییان بوو بێبەش کرابوون. ساڵی ١٩٥٢ ژمارەیەک قوتابیی زانکۆی داکا دژی سیاسەتی سەپاندنی یەک زمان بەسەر وڵاتەکەدا ناڕەزاییان دەربڕی و پۆلیسیش دەستی بە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران کرد و یازدە کەسی لێیان کوشت، دۆخی دەربڕینی ناڕەزایەتی تا ساڵی ١٩٥٦ بەردەوام بوو و لەو ساڵەدا دەوڵەت بە ناچاری دانی بە زمانی بەنگالیدا نا.
رێکخراوی یۆنسکۆی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢١ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ بڕیاری دا وەک بیرهێنانەوە و ڕێزگرتن لەو کەسانەی لەو خۆپێشاندانەدا تەنیا بە تاوانی ئەوەی داوای زمانی دایکیان کردبوو، ڕۆژکەی بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک یان زگماکی ناساند و ئامانجی یۆنسکۆ ئەوە بوو پەرە بە فرەزمانی و فرە کلتووری بدات.

