رۆژنامەی ھەولێر

كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەكان بەڕیوەچوو

ئەمرۆ سێشەممە 2026.2.17، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە دیوانی پارێزگا، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەكان، بە ئامادەبوونی لیژنەی تایبەت بە سەرۆكایەتی د.هوشیار یاسین، لە وەزارەتی تەندروستی و ئەندامانی دیكەی لیژنەكە و دلێر محمەد، بەڕێوەبەری گشتیی گەشت و گوزاری هەولێر و كاروان عارف، قائیمقامی ناوەندی بەوەكالەت و عەمید خەسرۆ غازی، بەڕێوەبەری كاروباری ناوخۆی پارێزگا و بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەوانی و نوێنەرانی ئاسایش و پۆلیسی هەولێر، بەڕیوەچوو.
لەكۆبوونەوەكەدا، وێڕای ئەوەی جەخت لە ئەولەویەتی پاراستنی تەندورستی و سەلامەتی گشتیی هاوڵاتیان کرایەوە، ئەوەش دووپاتکرایەوە کە پێویستە لەسەر رۆشنایی رێنماییە تەندورستیەكان رێ و شوێنی توندی خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەكان بگیرێتەبەر، بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگاری هەولێر، تەواوی لایەنەكانی ڕاسپارد وێرای پێداچوونەوە بە مۆڵەتی شوێنەكان، هەڵمەتەكانی چاودێریكردن و بەدواداچوون و پشكنینی شوێنە گشتیی و گەشتیارییەكان چڕتربكرێنەوە و تیمەكان زیادبكرێن، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو پاڵپشتی و هاوكارییەكی پارێزگای دووپاتكردەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان وەك یەك تیم هەماهەنگی یەكتربن لە پێدانی ڕێنمایی پێویست لە بارەی نەخۆشیە گوازراوەكان و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كەسانەی كە گومانی تووشبوونیان بەنەخۆشیە گوزراوەكان لێدەكرێت، تاوەكو دەستبەجێ ڕێكاری پێویست لە بەرامبەریان بگیرێتەبەر و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیە گوازراوەكان و كۆنترۆڵكردنی بكرێت.