رۆژنامەی ھەولێر

چۆن دەنــــــــــــــــووسم؟ پاوڵ لێنچ: ئەوەی نووسین بەهێز دەکات هــــــــــــــــەستە، بەڵام هەستیش پێویستی بە پشووە

نوح چارنی
(پاوڵ لێنچ ـ Paul Lynch) ڕۆماننووسێكی ئیرلەندییە و یەكەم ڕۆمانی (ئاسمانی سوور لە بەیانیدا ـ Red Sky in Morning)ە. ئەم نووسەرە بە شێوازە تایبەتەكەی لە نووسین و زمانە دەوڵەمەندەكەی ناسراوە. وازی لە خوێندنی بەکالۆریۆسی ئینگلیزی و فەلسەفە هێنا، چونکە دەرفەتی کارکردنی لە ڕۆژنامەیەکی نیشتمانی بۆ هاتە پێشەوە. باوەڕی وایە زمانی ئیرلەندی دەوڵەمەندییەكی تایبەتی هەیە و بەشێك لە دەوڵەمەندیی زمانی ئینگلیزی بۆ گەورەیی زمانی ئیرلەندی دەگەڕێتەوە.

ـ لە کوێ گەورە بوویت؟
پاوڵ لێنچ: لە شاری (لیمریک ـ Limerick) لەدایک بوومە، بەڵام لە شارۆچکەیەکی بچووک لە (کاونتی دۆنیگاڵ ـ County Donegal) گەورە بووم – دوور، ڕەشەبادار و باراناوی. ئاوا بیرم دێتەوە. هەر کە گەورە بووم بە پەلە جێم هێشت. من دەمویست لەبارەی شارەکان و ژیانی سەردەمیانە بنووسم. چەند چیرۆکێکیشم لە (دوبلێن ـ Dublin)تاقی کردنەوە، بەڵام نەمتوانی واز لە نیشتمانەكەم بهێنم، بۆیە لە نووسینەكانمدا ڕووم كردەوە دۆنیگاڵ و بەمەش توخمێكی ئەفسانەیی بۆ دۆزیمەوە، پەڕچوو لەسەر كاغەز دەستی پێکرد. هەست دەكەم دووری ڕۆڵێکی گەورەی هەیە، لە بەرامبەریشدا دەبێت دڵسۆز بین بۆ ژیان، دەبێت ئازاد بین. قورسە بۆم لەبارەی شوێنێکەوە بنووسم كە تێیدا بژیم.
ـ لە کوێ خوێندووەتە و چیت خوێندووە؟
پاوڵ لێنچ: بەکالۆریۆسم دەخوێند لە بواری ئینگلیزی و فەلسەفە كە وازم هێنا. وازم هێنا تا ئازادانە بۆ ڕۆژنامەیەکی نیشتمانی بنووسم، (سەندەی تریبوون ـ Sunday Tribune) کە ئێستا دەرناچێت. زۆر گەنج بووم، بۆیە دەبوو لە نێوان خوێندن و هەیجانی ژیان لە ڕۆژنامەیەک هەڵبژێرم کە دەمتوانی بەشێکی بچووکی خۆم بەڕێوەی بەرم. ڕاستییەکەی من قوتابییەکی ناڕازی بووم. تووڕە و ڕقم لە دەسەڵات و پەروەردەی سیستماتیك بوو. بە كورتی دژی هەموو شتێک شەڕم دەکرد. من ئێستاش گومانێکی قووڵم هەیە لە نووسەرانی گەنج کە نزیک دەبنەوە لە دەسەڵات. نووسین بە سرووشتی خۆی دەبێت دژی دەسەڵات بێت. هەوڵم دا ڕێگەی خۆم بدۆزمەوە و خۆشحاڵم کە وام کرد. ئەمەش نووسەرێکی باشتری لێ دروست کردووم. ئەوەی ئێستا دەیزانم ئەوەیە کە ئەو هەزاران کاتژمێرەی بە دەستکاری و نووسینەوەی هەواڵەکانی ڕۆژنامە خەریك بووم، ئەو مێشكە بنووسەی ئێستایان بۆ فۆرموولە كردووم.
ـ لە کوێ دەژیت و بۆچی ئەو شوێنەت هەڵبژاردووە؟
پاوڵ لێنچ: لە ناوچەیەکی هێمن و کۆنی کرێکاران لە دوبلێن دەژیم لەگەڵ دەزگیرانەكەم. لە دڵەوە کەسێکی شاریم، بەڵام پێویستم بە دووركەوتنەوە و بێدەنگییە بۆ داهێنان. لە ژیانی نووسینم بەردەوام پێویستم بە هاوسەنگییە. ئاخۆ بەڕاستی بەپێی پێویست بێدەنگیم هەیە بۆ بیرکردنەوە و خوێندنەوە و تەواوکردنی کارەكانم؟ ئایا بەشی پێویست كەسێكی کۆمەڵایەتیم؟ هەست دەكەم ژیانی نووسین مێشکمی نوێ کردووەتەوە. کاتێک کارم بۆ ڕۆژنامەکە دەکرد، تەنها بیرم لای بێدەنگی بوو. ئێستا دوای ڕۆژێک كاركردن لە کۆمپانیا، پێویستم بەوەیە لە سەرقاڵییەکانم دوور بکەوم. ئاخر هەستیش دەكەم جارجارە دووركەوتنەوە لە نووسین و بیرکردنەوە گرنگن، چونکە پێویستم بە کات دەبێت بۆ ئەوەی خەیاڵ بكەم تا كاری باش و داهێنان بكەم. خەوم ئەوەیە ماوەیەک لە نیویۆرک بژیم، لە شوێنێکی هێمن بۆ نووسینی ڕۆژانە، بەڵام شەوان ئاوا خۆم بکەم بە قەرەباڵغییە بێكۆتاییەكانی شارەكە.
ـ هەستت چۆن بوو كە كەوتیتە چەقی شەڕی پێشنیاركردنی یەكەم ڕۆمانت؟
پاوڵ لێنچ: هەستێکی سەیر بوو. پێشتر، لیستێکم داڕشتبوو كە لە پێنج بڵاوکەرەوە پێك هاتبوون و هەر پێنجیان بەشێک بوون لەو شەش بڵاوکەرەوەیەی کە پێشنیاریان دەكرد بۆ چاپكردنی ڕۆمانی (ئاسمانی سوور لە بەیانیدا). ئەم کتێبەم بۆ خۆم نووسی، بۆ ئاستێک لە نووسین کە هەر وەک خوێنەرێک چێژی لێ وەربگرم. پێم وابوو کتێبێکی ئەدەبی تایبەت دەبێت. بۆیە قورس بوو بۆم نوێنەرێک بدۆزمەوە ـ چیرۆکی من چیرۆکێكی ئاساییە و ڕەتکردنەوەی تێدایە و تەنانەت سووكایەتیشم پێ كرا لە ژیان، كەچی لەناکاو شەش بڵاوکەرەوەی گەورەی لەندەن ویستیان کتێبەکەم چاپ بكەن. دوای پێشنیار و ململانێیەكی زۆر، بیرمە چەند بەرگێكی وەرگێڕانەکانی (ئەڤی شارۆن ـ Avi Sharon)ـم لە (کاڤافی ـ Cavafy) داونلۆد كرد و هەندێکم لە كتێبی (یەکەم هەنگاو ـ The First Step) خوێندەوە كە بەم شێوەیە بوو: “تەنها بۆ هەڵێنانەوەی یەکەم هەنگاوەت، پێویستە خاوەن کۆماری بیرۆکەکانی خۆت بیت. شتێکی قورس و دەگمەنە ناوت لە كتێبەكانی ئەوێ بنووسرێت. لە بازاڕی ئەو شارەدا یاسادانەری وا دەدۆزیتەوە کە هیچ ڕاوچییەک ناتوانێت فریویان بدات”.
ـ ئەڵمانییەکان لە بەرهەمهێنانی گۆرانیبێژە سەرسوڕهێنەرەکان پێشەنگن، ئیتاڵییەکان بە وێنەکێشە سەرسوڕهێنەرەکان بەنێوبانگن، وا دیارە ئیرلەندییەکانیش لە ڕۆماننووسە سەرسوڕهێنەرەکان ناویان دەركردووە و ئاگریان لە زمانی ئینگلیزی كردوەتەوە. چ حیكمەتێكی تێدایە كە ئیرلەندا ئەوەندە ڕۆماننووسی گەورەی تێدا بەرهەم دێت؟ بۆچی ئینگلیزیی ئیرلەندی زۆر دەوڵەمەندترە لە ئینگلیزیی نەتەوەکانی تر؟
پاوڵ لێنچ: بێگومان وێنایەک هەیە کە ئینگلیزیی ئیرلەندی دەوڵەمەندترە لە ئینگلیزیی نەتەوەکانی تر، لە کاتێکدا پشكی خۆشمانمان هەیە لە شارەزایان، دڵنیاش نیم کە ڕاست بێت. ژمارەی هەرە زۆری گەورەترین شێوازناسانی ئەدەبیی پەنجا ساڵی ڕابردوو، ئەمریکین، بەڵام منم لێرەدا گومانێكم بۆ دروست بووە، چونکە ئینگلیزیی زمانی مێژووی ئێمە نییە، كەچی ئێمە هەمیشە هەوڵمان داوە بیکەین بە هی خۆمان. ئێمە لەلایەن زمانی ئینگلیزییەوە داگیر کراین و لە بەرامبەریشدا ئێمەش ئەومان داگیر کردەوە. زمانی ئینگلیزی لە ئیرلەندا خۆماڵی كرا. فۆڕمی ڕێزمانی زمانی ئیرلەندی و بەریەككەوتنی لەگەڵ زمانی ئینگلیزی، ڕەنگ و شێوەیەکی نوێی پێدا. ئینگلیزیی ئیرلەندی پێکهاتەیەكی سەرسووڕهێنەر و تایبەت بە خۆی هەیە. هەڵبەت نووسەرانی ئینگلیزی زۆرجار زۆر دەترسن لە شکاندنی ستانداردەکە، بەڵام هیچ ستانداردێک نییە لە ئینگلیزیدا جگە لە گۆڕین نەبێت. هەموو زمانێک گۆڕاوە. لە کاتێکدا نووسەرانی ئیرلەندی ئازادییەکی گەورەیان لەگەڵ زمان هەیە. من خۆم دڵخۆش نابم تا زمان نەچەمێنمەوە، ناچارم بچمە هەندێك شوێنەوە تا هەستێکی نامۆیی دروست بکات. ئەگەر دەتەوێت نووسینەکەت دەرگا بکاتەوە بۆ ناو هەست و بینراوی، پێویستە بچێتە شوێنە نوێیەکانەوە، ڕێگە بدەیت وشە و ڕستەکان پێک بگەن و بدرەوشێنەوە. بیربکەوە چۆن منداڵێک جیهان دەبینێت ـ واتە دەمەوێت بزانم خوێنەرەکانم کاتێک نووسینەکانم دەخوێننەوە هەست بە چی دەكەن. بۆم گرنگە كە بكەونە نێونامۆیەوە، زمان پێویستی بە نوێبوونەوە هەیە، وزەی نووسین، تازەییە لە دەربڕین.
ـ ڕۆتینی بەیانیانت چۆنە، دەكرێت باسی بکەیت؟
پاوڵ لێنچ: کە دەزانم دەبێت بنووسم، بە ترسەوە هەڵدەستم. گوڕێكی زۆر بەهێزم پێویستە بۆ چوونە سەر مێزی كارەكەم، ئەویش لە تاریکیی بەرەبەیاندا. ئەوەی یارمەتیدەرە مانەوەمە لەسەر سەرەنجەكانم. زۆربەی بەیانییان، هەر کە هەڵدەستم، نیو کاتژمێر مێدیتەیشن دەکەم. مێدیتەیشن ڕاهێنانە بۆ خێراترگەیشتنە مەبەست. دوای مێدیتەیشن، ئیسپرێسۆیەکی بەهێز دەخۆمەوە و دەچمە پشت مێزەکەم، هەڵبەت بێ مۆبایل و بێ ئینتەرنێت و بێ ئیمەیڵ و بێ گفتوگۆ. پێویستیم بە سەرنجێکی زۆر قووڵە. زۆر حەزم لە جازە، كەچی لە کاتی نووسین گوێی لێنارگم. ڕۆژێکی باش بۆ من، نووسینی ٦٠٠ وشەیە. ڕۆژانە، زۆر دەگمەن دەگەمە هەزار وشە. دواتر دەست دەکەم بە خوێندنەوە و دەستکاریکریكردنی نووسینەكەی دوێنێم. تا نیوەڕۆ نووسینەکە تەواو دەبێت. دوای نیوەڕۆیەکانم بە خوێندنەوە و وەرزش یان پیاسەکردن بەسەردەبەم. مەگەر ژیان ببێتە کۆسپ، دەنا بە زۆری هەر وایە.
ـ ڕۆتینی نووسینی ڕۆمانەكانت چۆنە، ئاخۆ پێشتر پلان و نەخشەڕێیان بۆ دادەڕێژیت، یا تەنیا دەنووسیت؟!
پاوڵ لێنچ: ئێستا لەسەر سێیەم کتێبم کار دەکەم، بۆیە بیرۆکەیەکی باشم هەیە کە چۆن ڕوودەدات. هەر ڕۆمانێک بە ڕووداوێكەوە دەست پێدەکات. باشترین هەوڵی خۆم دەدەم بیرۆکەی نوێم بۆ بێت، زۆرم تاقی كردووەتەوە ئەمە وا دەكات بیرۆکەی تر لە دەوری بیرۆکە سەرەكییەكە كۆببنەوە. ئیتر بەردەوام خەریكی تێبینی وەرگرتنم، چ لە نێو پاس یان لە کاتی خواردنی نانی ئێوارە. دوای ماوەیەک، ئەوەی کۆدەبێتەوە ئەوەندە ئەستوورە و زۆر دەبێت کە دەزانم دەبێت بنووسرێتەوە. زۆرجار، کاتێک دادەنیشم بۆ دەستپێکردنی کتێبەکە، كەرەستە و توخمەكانی ڕۆمانێکی تەواوم لەبەر دەستە و دەتوانم گریمانەی دەستپێک و ناوەڕاست و کۆتاییەكەی بكەم. نەخشەڕێگەم لەبەر دەستە، بەڵام تۆپۆگرافیا نازانم. زمان زەویی من، ڕووناکیی خۆرم و ئەستێرەی ڕێنماییەکانمە. بە کوێرانە دوای دەکەوم و متمانە بە هێزەكەی دەکەم بۆ گەیشتم بە شوێنێک کە پێویستە بچم. بە کراوەیی دەنووسم، ڕێگە بە کتێبەکە دەدەم کە خۆی ڕێگەكەی بدۆزێتەوە، تەنانەت ئەگەر تەواو نەزانم بۆ کوێ دەچم.
ـ گرنگە لە لاپەڕەی یەک و لە بەشی یەکی كتێبێكدا چی ڕووبدات، بۆ ئەوەی کتێبێکە سەرکەوتوو بێت و لە لایەن خوێنەرانەوە بخوێنرێتەوە؟
پاوڵ لێنچ: زۆر باوەڕم بە پەندەكەی (هێنری جەیمس ـ Henry James) هەیە کە دەیگوت: “ماڵی چیرۆک. نەک تەنیا یەک پەنجەرە، بەڵکو ملیۆنێک پەنجەرەی هەیە”. ئەرکی هەر نووسەرێک ئەوەیە کە ڕێگەی سەرنجڕاکێشی خۆی بدۆزێتەوە بۆ چوونە نێو چیرۆکێک. (پێم بڵێ کۆنەپەرست، بەڵام بە بۆچوونی من، بوونی چیرۆک ڕەنگە باشترین شوێن بێت بۆ دەستپێکردن). وێنای بەرمیلێک بكە كە هەروا گۆترە و کوێركوێرانە لە گردێکەوە غلۆر بكرێتە خوارەوە، بەڕاستی من دەمەوێت لە ناو بەرمیلەکەدا بم، كوێرکوێرانە غلۆر ببمەوە.
ـ هیچ شتێکی تایبەت یان نائاسایی هەیە لە شوێنی کارەکەتدا؟ چی لەسەر مێزەکەتە؟ ئاخۆ پێویستت بە شوێنێكی تایبەتە تا نووسینت بۆ بێت؟
پاوڵ لێنچ: مێزەکەم مێزێکی ڕەش و شکاوی (ئیکیا ـ Ikea)یە، سەرەتا كاتی بوو، كەچی ئێستا شوێنی خۆی لە نێو ژوورەكەم كردووەتەوە. ڕەنگە ڕۆژێک، مێزێکی مۆدێڕنی دانیماڕکی بۆ خۆم بکڕم. با زانم چم لە دەورووبەرە. لای چەپمەوە چەند ڕستەیەكی (باکوور)ـی (سیموس هینی ـ Seamus Heaney) چەسپێنراون بە پەنجەرەکەوە و پێموایە یەکێک لە باشترین ڕێنماییەکانی نووسینن کە خوێندوومنەتەوە. بە لاپتۆپێکی ماک دەنووسم و پرێنتەرێكی ڕەشم بەرامبەرە. لە تەنیشتەوە فەرهەنگی (Collins dictionary) و (Roget’s thesaurus) و سندووقێکی چكۆڵە بۆ پێنووسە خۆشەویستەكانی (واترمان ـ Waterman) هەن. کۆمەڵێک کتێب و دەفتەری تێبینی لە دەوروبەرم هەین کە بەردەوام جێگۆڕكێیان پێ دەكەم. لەسەر دیواری لای چەپم بۆردێكی دارینم هەڵواسیوە كە دیمەنێکە لە پڕۆژەكانی ترم دواییم. دیدێکی خێرام پێ دەبەخشێت لە كاتی نووسینی کتێبەکانمدا.
ـ پێویستە چی تەواو بکەیت بۆ ئەوەی هەست بکەیت ڕۆژێکی بەرهەمهێنەرت هەبووە؟
پاوڵ لێنچ: ئەگەر ڕۆژێک نەنووسم، هەست بە گێژی دەكەم. کاتێک چیرۆک نانووسم و پرسیار و وەڵامی وەک ئەم گفتوگۆیە دەنووسم، هەست بە گێژی دەكەم. هەڵبەت ناتوانیت مامەڵە لەگەڵ نووسین بکەیت وەک کارێکی ئاسایی و ڕۆژانەیی. ڕاستە كە پێویستە هەموو ڕۆژێک لە مێزەکەدا بیت و کاتژمێرێكی دیاریکراوت هەبێت و دیسیپلینت هەبێت لەبەرامبەر ئەمە، بەڵام ئەوەی نووسین بەهێز دەکات هەستە، و هەستیش ماندوو دەبێت. نووسین هەست ماندوو دەكات، بۆیە پێویستە جارجار ڕێگە بە هەست بدەیت بچێت پشوو بدات، تەنانەت ئەگەر تەنها بۆ دانیشتن لە دەوروبەری ماڵەكەشت بێت بۆ هەفتەیەک یان دوو هەفتە. ژماردنی وشە سوودمەندە، بەڵام یاسا نییە. ڕۆژانی وا هەن کە ڕەنگە تەنها بە یەک یان دوو ڕستە لێ دەربچم، بەڵام ئەگەر ڕستەکان ڕاست بن، ئەوا زۆریان پێ دڵخۆش دەبم.
ـ چیرۆکێکی خۆش و سەرەنجڕاكێشت نییە لەسەر گەشتێکی کتێب یان بۆنەیەکی تایبەت بە کتێبەوە؟
پاوڵ لێنچ: تازە لە گەشتێکی نیویۆرک گەڕامەوە لەسەر كتێبێكم كە لەگەڵ چەند نووسەرێک بەڕێوەچوو. یەکێک لە نووسەرەكان ژنێکی بەساڵاچووی زۆر قسەخۆش بوو کە لە کاتی قسەكردنەكەی ئەودا باسی لەوە کرد کە لە پێنسیلڤانیایە. من باسی ئیە پاشخانە مێژووییەم كە لە ڕۆمانەكەدا هەیە و گوتم ٥٧ پیاوی ئیرلەندی لە ساڵی ١٨٣٢ چوونە فیلادێلفیا و لەلایەن پیاوێکی ئیرلەندی بە ناوی (دافی ـ Duffy) بردران بۆ (ماڵڤێرن ـ Malvern)ـی پێنسیلڤانیا. یەكسەر ئەو پیرەژنە گوتی: من خەڵكی ئەوێم. دواتر درێژەم بە گیڕانەوەی چیرۆکەکەم دا و گوتم: ئەم پیاوانە لەسەر ڕێگای شەمەندەفەری پێنسیلڤانیا دەستیان بە کارکردن کرد. ڕێك لەو كاتەدا دووبارە وەستاندمی و گوتی: باوکی باوکم خاوەنی ئەو هێڵە شەمەندەفەرە بوو. منیش درێژەم پێدایەوە و هەركە گوتم هەموو ٥٧ پیاوەکە لەسەر ڕێگەی شەمەندەفەرەكە کوژران و گومان دەکرێت لەلایەن کۆمپانیای شەمەندەفەرەكەوە كوشتنەكەیان داپۆشرابێت، ئیتر دەمی بووەتە تەڵەی تەقیو. هەرچەندە دەمویست بە گاڵتەوە بڵێم: كەواتە باوکی باوکت بوو کە هەموو کارەکتەرەکانی کتێبەکەمی کوشت، بەڵام هیچم نەوت.
ـ چ ئامۆژگارییەک هەیە بۆ نووسەرە گەنجەكان؟
پاوڵ لێنچ: ئەوەی کە خوێندنەوە گرنگترە لە نووسین. ئەوەی کە خوێندنەوەی کلاسیکەکان گرنگە. ئەوەی کە ئەگەر خوێندنەوە بۆ تۆ وەک مادەی هۆشبەر نییە، ئێستا واز بهێنە لە خوێندنەوە. (بۆچی دەتەوێت کتێبێک بنووسیت کاتێک ناخوێنیتەوە؟) ئەو کتێبە بنووسە کە پێت وایە ناتوانیت بینووسیت – چونکە نووسین کردارە بۆ تێپەڕین لە خۆت. گرنگی مەدە بەوەی كە دەسەڵات. فێربە لەوەی كە ئەگەر نووسینەکەت دەنگی دەسەڵات بێت، ئەوا هەر بەر لە لەدایكبوونییەوە مردووە. مەترسیدارانە بنووسە. بۆ قووڵترین بەشی خۆت بنووسە. هەرگیز لە كاتی تەماشاكردنی پشتەوە مەنووسە. ڕەزامەندانە، شکست وەک جەوهەری پڕۆسەكە وەربگرە. فێری دیسپلین بە. فێری متمانەبەخۆبوون بە. لە سنوورەکانت تێپەڕە و بنووسە. هەتا زیاتر بنووسیت، نووسینەكانت باشتر دەبن. فێر بە نووسینەکەت بە دەنگی بەرز بخوێنیتەوە، چونکە ڕێگەت پێدەدات نووسینەکەت ببیستیتەوە وەک ئەوەی کەسێکی تر نووسیبێتی. فێر بە کە نزیکتر ببیتەوە لە ڕاستی. بەردەوام لە خۆت بپرسە، ئایا بە پێی پێویست نزیکم؟ فێربە نووسینەکەت بگەیێنیتە ئەو خاڵەی کە ناتوانیت باشتری بکەیت. ئەو کاتە کاتی نیشاندانیەتی بە کەسێکی تر. فێربە متمانە بە ڕای خۆت بکەیت و بزانیت چیت دەوێت، بەڵام بزانە هەمیشە دەبێت کاتت هەبێت بۆ ئامۆژگاری باش. فێر بە كە تۆ لە ڕکابەریدا نیت لەگەڵ نووسەرانی تر، بەڵكو تاقە ڕكابەری تۆ كاتە! كات ڕاستترین دادوەرە.
ـ پڕۆژەی ئایندەت چییە؟
پاوڵ لێنچ: کتێبی ئایندەم ناوی (بەفری ڕەش ـ The Black Snow)ـە – چیرۆکی (بارناباس کەین ـ Barnabas Kane)ـە، جووتیارێکی (دۆنیگاڵی ـ Donegal) لە دەیەی ١٩٤٠ کە تەویلەکەی دەسووتێت و هیچی بۆ نامێنێتەوە. کتێبەکە بەدواداچوون بۆ ئەوە دەكات كە ئەو كەسە دواتر چ دەکات و چۆن هەوڵ دەدات خێزانەکەی ڕزگار بکات. ڕۆمانێکی سەرسووڕهێنەرانە و نهێنییە. لە بەریتانیا و ئیرلەندا لەلایەن دەزگای وەشان و بڵاوكردنەوەی (کوێرکاس ـ Quercus)ـەوە بڵاودەکرێتەوە و لە ئەمریکایش لەلایەن (لیتڵ، براون ـ Little، Brown)ـەوە بڵاو دەكرێتەوە. (ئەم گفتوگۆیە ساڵی 2024 كراوە، بۆیە ئێستا ئەو كتێبە بڵاو بووەتەوە).