رۆژنامەی ھەولێر

(میرنامە)ی جــــــــــــــــــــــان دۆست

حەمەسەعید حەسەن

میرنامە ڕۆمانێکە (جان دۆست) یەکەم جار بە (کرمانجی)

میرنامە ڕۆمانێکە (جان دۆست) یەکەم جار بە (کرمانجی) نووسیویەتی، دواتر هەر خۆی کردوویە بە عەرەبی و (سەباح ئیسماعیل)یش، وەک وەرگێڕێکی پرۆفیشیۆناڵ، لە عەرەبییەوە، هەتا خوێنەر حەز بکات، جوان تەرجەمەی (سۆرانی)ی کردووە. نووسەری ئەم ڕۆمانە بیست ساڵی ژیانی بۆ ئەحمەدی خانی (١٦٥١ – ١٧٠٧) تەرخان کردووە، مەم و زینی هەم کردووە بە عەرەبی، هەمیش بە هەمان کێش و سەرواوە بە کرمانجییەکی مۆدێرن دایڕشتووەتەوە، ئینجا هاتووە، بە کۆمەکی ژیاننامەی خانی و لەبەر ڕۆشناییی چرای (مەم و زین)دا، ڕۆمانی (میرنامە)ی نووسیوە. پێشتر گەلێک کار لەسەر خانی و مەم و زینەکەی کراون، منێک کە نزیکەی هەموویانم دیتوە، بە ویژدانێکی ئاسوودەوە دەڵێم، میرنامە هەم لە بواری نووسینی ڕۆمان و هەمیش لە بواری خانیناسیدا، بە هەق شیاوی ئەوەیە، پێی بگوترێت شاکار.

میرنامە لە بیست و سێ بەش پێک دێت و بیست و سێ کەسیش دەیگێڕنەوە. کەسێک نییە گێڕەرەوەی هەموو شتزان بێت، بە هەموویان تەواوی چیرۆکەکە دەزانن و دەگێڕنەوە. ئەوە شتێکی نوێ نییە، چەند کەسێک، لە چەند گۆشەنیگایەکەوە، چیرۆکێک بگێڕنەوە، بەڵام ئەوە دەگمەنە، بیست و سێ کەسی جیاواز، هەر یەکە و ڕووناکی بخەنە سەر گۆشەیەکی ژیانی کەسێک و هەر یەکی بەشێک لە ژیاننامەی بنووسنەوە. لە بەشی یەکەمی ڕۆمانەکەدا، (نووسەر) گێڕەرەوەیشە، ئیدی بەشەکانی تر، کەسانێکن شتێک یان شتگەلێک لەگەڵ (خانی)دا کە کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکەیە، کۆیان دەکاتەوە. نووسەر وەک خۆی ددانی پێدا ناوە، بۆ ئەو تەکنیکی گێڕانەوەیە، (سوودی لە یەسووعی کوڕی ئینسانی جوبران خەلیل جوبران دیتوە.)(١) ئەو کتێبە ١٩٢٨ بە ئینگلیزی نووسراوە، لە ڕوانگەی حەفتا و حەوت کەسایەتییەوە کە زۆریان ناویان لە ئینجیلدا هاتووە و مەسیحیان ناسیوە، وێنەی ئەو پەیامبەرە، وەک هەڵگرێکی پەیامی خۆشەویستی کێشراوە.

گێڕەرەوەکان کارەکتەرگەلی ڕۆمانەکەن و هەر لە بەشی یەکەمەوە، ئاماژەیەکی کورت بۆ زۆریان هەیە و هێدی هێدی بە کارەکتەرەکان ئاشنا دەبین و لەسەر زمانی خۆیانەوە، دەزانین، کێن و چ کارەن و چ ڕٶڵێکیان هەیە و چی لەگەڵ خانیدا کۆی کردوونەوە. ئەو چوار کەسەی دەچنە ژێر تەرمەکەی خانی، دواتر هەر چواریان دەبن بە گێڕەرەوە. هەر کارەکتەرێک دەکەوێتە گێڕانەوە، پێشتر ڕۆماننووس بە سەرنجێکی بروسکە ئاسا ئاماژەی بۆ کردووە. هیچ کام لە کارەکتەرەکان کە دەکاتەوە گێڕەرەوەکان، لە خۆوە هەڵناتۆقێن، هەموویان پێشتر زەمینە بۆ دەرکەوتنیان خۆش کراوە. جان دۆست هێندە لێزانانە ئەو کارە هونەرییەی کردووە و پلانێکی هێندە وردی بۆ داڕشتووە، خوێنەر سەرسام دەکات.

لە (میرنامە)دا، جان دۆست هێندە هونەرمەندانە خەیاڵی تێکەڵ بە واقیع کردووە، خوێنەر هەست ناکات لە کوێدا واقیع کۆتایی دێت و خەیاڵ دەست پێ دەکات، یان لە کوێدا خەیاڵ تەواو دەبێت و دێینەوە ناو واقیع. لایەنێکی جوانی دیکەی تەکنیکی نووسینەوەی ڕۆمانەکە ئەوەیە، بە مەرگی خانی دەست پێ دەکات، ئینجا زوو زوو دەگەڕێتەوە بۆ وەختی بە خاکسپاردنەکەی و تەواوی ڕووپەلەکانی تەمەنی. ڕۆماننووس پێویستی بە ئەزموونگەلی دەوڵەمەند لەو هەموو بوارانەدا هەیە کە بەسەریان دەکاتەوە، جان دۆست خۆی لە قەرەی هەر بوارێک دابێت، نەک هەر نەکەتووەتە هەڵەوە، بەڵکوو هەمیشە وەک شارەزای ئەو بوارە خۆی نمایش کردووە. بۆ نموونە کە دێتە سەر باسی چارەسەر بە گژوگیا، یان ناڵبەندی، یان بازرگانیکردن بە پێستەوە، یان بەرگدروویی، یان لەبەر نووسینەوەی کتێب و بەرگ تێ گرتنی، هێندە لێزانەنە دەپەیڤێت، هەر دەڵێیت چەندان ساڵ خەریکی هەر یەکێک لەو پیشانە بووە و کە دێتە سەر هەڵسەنگاندنی شیعری (مەلای جەزیری)یش، (١٥٧٠ – ١٦٤٠) هەر دەڵێیت خودی خانییە دەپەیڤێت و کە باسی ئالوودەبوونیش بە مەیەوە دەکات، لە زانایەکی ئەو بوارە دەچێت.

میرنامە ڕۆمانێکە لە هەموو ڕوویەکەوە گەش، بەڵام گەشترین لایەنی (پلۆت)ەکەیەتی. ڕۆماننووس هێندە مەحکەم پلان و نەخشەڕێگای نووسینی ڕۆمانەکەی داڕشتووە، ئەگەر بڵێم کەلێنێکی تێدا نییە، ڕەنگە بە هەڵەدا نەچم، چنین تێیدا هێندە زیرەکانەیە، حیسابی ورد بۆ بچووکترین ئاماژە کراوە و هەر تروسکەیەک لە سەرەتاوە، بەر شتێک کەوتبێت، دواتر وەبەر ڕووناکی دراوە. ئەو داوە سوورەی لە سەرەتاوە بە جەستەی ڕۆمانەکەدا ڕەت دەبێت، ئەگەر بە چەمێکی بچوێنین، هێدی هێدی هەموو جۆگەلەکان دەڕژێنەوە سەری. خانی کە لە سەرەتاوە باس لەوە دەکات، تامەزرۆی خویندنەوەی داستانی شیرین و خوسرەوە، دواتر ئەو کتێبە وەک تەڵە بۆ کوشتنی دەخرێتە گەڕ و نووسەر هیچ شتێک بێ مەبەست و لە دەرەوەی پلان ناورووژێنێت. هەر ئەو چنینە مەحکەمەیە وای کردووە، هەموو تیرێکی نووسەر نیشانە بپێکێت.

میرنامە ئەوە بە درۆ دەخاتەوە، گوایە نووسەر ئازادیی تەواو بە کارەکتەرەکانی دەبەخشێت و دەست وەرناداتە چۆنیەتی ژیان و بیرکردنەوەیانەوە و لێ دەگەڕێت، ڕووداوەکان خۆڕسکانە گەشە بکەن، ئاخر جان دۆست هەموو شتێکی خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە، بێ ئەوەی کارەکتەرەکان بووکەشووشە بن و ئەم بیانجووڵێنێت، بێ ئەوەی خوێنەر گومان لە ڕووداوەکان و لە ڕاستگۆیی نووسەر بکات. (ڕۆژی کۆچی دوایی خانی بارانێک دەبارێت، دڵۆپەکانی هەر لە تنۆکەی مەرەکەب دەچن.) ئەمە ئەو داوەیە، هونەرمەندانە خەناوکەی ڕۆمانەکەی پێ هۆنراوەتەوە. ئەو بوێری و ڕاشکاوییەی لە میرنامەدا هەیە، پێشتر ڕۆمانی کوردی، شتی وای بە خۆیەوە نەدیتوە، بە تایبەتی لەو بەشەیدا کە کابرای دەمامکدار ژیاننامە خۆی و پلانی کوشتنی خانی دەگێڕێتەوە. جان دۆست لەو بەشەدا، هەم وەک بوێری و هەم وەک ڕاشکاوی، لە عەلاء ئەسوانی تێپەڕاندووە.

(نیوە نووقانێک چاوی نووقاند، بە قامکەکانی دەستی ڕاستی ڕیشی شانە کرد و گوتی. ل١٠١) یان: (سیواکێکی لە گیرفانی سوخمە خەتخەتەکەی دەرهێنا و چەند جارێکی بە ددانەکانیدا هێنا و برد، ئینجا گوتی. ل١٠٢) یان: (تەسبیحە کارەمانە سەد دەنکەکەی لەناو لەپیدا خڕ کردەوە و گوتی. ل ١٠٣) ئەم شێوازە دێرینەی نووسین، وێرای ئەوەی لەگەڵ تەکنیکی ڕۆمانەکەدا ناکۆکە و جۆرێکیشە لە درێژدادڕی، ئاخر تەنیا (گوتی) بەس بوو. بەوەی باشە، ئەو ڕستە ناپێویستانە، لە پەنجەی دەستێک تێناپەڕن.

(لە ڕۆمانی (ناوی گوڵەباخ)ی (ئێمبێرتۆ ئێکۆ)دا، (قه‌شه‌)یه‌ک (کۆمێدیا)ی ئه‌رستۆی لایە. چونکه‌ وا بڵاو بووه‌ته‌وه‌، ئه‌وی ئه‌و ده‌ستنووسه‌ دانسقه‌یه‌ بخوێنێته‌وه‌، دڵی ده‌گه‌شێته‌وه‌ و بۆ جیهانێک هه‌ڵده‌کشێت، نه‌ خه‌می تێدایه‌ و نه‌ بێزاری، بۆیه‌ که‌سانێکی زۆر، به‌ مه‌به‌ستی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستنووسه‌، سەردانی قەشە دەکەن. قه‌شه‌یش ده‌ست به‌ ڕووی که‌سه‌وه‌ نانێت، هه‌ر که‌س بخوازێت، ده‌ستنووسه‌ی ده‌خاته‌ به‌ر ده‌ست، وه‌لێ ئه‌وی ڕێی بکه‌وێته‌ ئه‌و ژووره‌ی کەنیسە کە ده‌ستنووسه‌که‌ی لێیه‌، ئه‌وه‌نده‌ی پێ ناچێت، ده‌مرێت! تومه‌س مه‌که‌، قه‌شه‌ ده‌ستنووسه‌که‌ی په‌ڕه‌ په‌ڕه‌ ژاراوی کردووه‌، چونکه‌ ئه‌ویشی خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی ده‌بێت، ناچاره‌ بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی په‌ڕه‌کان، په‌نجه‌ی به‌ زمانی ته‌ڕ بکات، ئیدی زۆری پێ ناچێت، گیان له‌ ده‌ست ده‌دات.)(٢)

لە میرنامەدا هەمان ئەم پلانە بۆ کوشتنی خانی وەگەڕ خراوە، جیاوازییەکە هەر ئەوەیە، کتێبە ژاراویکراوەکە کۆمێدیای ئەرستۆ نییە، (شیرین و خوسرەو)ی (نیزامی)یە. جان دۆست کە ئەم سەرنجەی بیستووەتەوە، گوتوویەتی: (ناوی گوڵەباخی ئێمبێرتۆ ئێکۆم نەخوێندووەتەوە و ئەو چیرۆکی ژاراویکردنی کتێبە، لە هەزار و یەکشەوەیشدا هەیە.) بەڵام نکووڵی لەوە نەکردووە کە ڕەنگە میرنامە کاریگەرییەتیی (من ناوم سوورە)ی (ئورهان پاموک)ی لەسەر بێت و نووسەر نییە، سوودی لە نووسەرانی دیکە نەدیتبێت، لێ گرنگ چۆنیەتی مامەڵەکردن و وەگەڕخستنی بیرۆکەی نووسەرانی دیکەیە.(٣) جان دۆست کە سوودی لە بەرهەمی نووسەرانی دیکە وەرگرتووە، (ترێی لە ڕەزی کەس نەدزیوە، ل٩٢) شوێنپێی خانیی هەڵگرتووە، ئەوە نییە خانی بۆ نووسینی مەم و زین، پشتی بە داستانی مەمی ئالان بەستووە؟

سەرنجی ئەم ڕستە شیعری و دەربڕینە جوانانە بدەن! (ڕۆندکی ئەو ئافرەتانەی بیریان چووبوو کلی چاوانیان بسڕنەوە، دەتگوت دڵۆپە مەرەکەبە بەسەر کوڵمیاندا دەهاتنە خوارێ. یان: (هەورەکە خۆی لە سەری چیاکە پێچابوو، سەری ئێمەش سیخناخ بوو بە هەوری خەون و خۆزگە. ل ١٥٩) (گەییشتینە ئەو ڕووبارەی وەک کەمەربەندی بووک، دەوری شارەکەی گرتبوو. ل١٥٩) گۆران لە باسی (مۆسکۆی جوان)دا دەڵێت: (بە شەو چەمی گەوهەربەندی پشتوێنت/ لێم ئەبێتە ئاوێنەی باڵا نوێنت.)(٤) کە هەست دەکەن بەو بارانە، کفنی خانی هەر وشکە، مەلا فەرید دەڵێت: (سەیدا ئاگرێکی کڵپەسەندووبوو، کفنەکەی چۆن تەڕ دەبێت؟ل٢٣) (هەندەک بۆنی مردنی خۆیان دەکەن، هەندێکیش هەست بە تامەکەی دەکەن، هەدندێکیش دەیبینن، هەشن ترپەی پێیەکانی دەبیستن، من مەرگی خۆم دەنووسمەوە. ل٣٤) (مەی کلیلی زمانە. ل٣٥) (وەک توتکەسەگێک زارۆکان کلکیان قرتاندبێت، لە پڕمەی گریانم دا. ل٤٦) (کە هەردوو میلەکەی بە چاوانمدا هێنا، وام هەست کرد کەوتمە گۆلێک مەرەکەبی ڕەشەوە، ئیدی هیچم نەبینی. ل٤٩) (ئەڤینیش وەک گزنگی هەتاو وایە، نایەتە شاردنەوە. ل١٩٤) (ناڵبەندی باش، ناڵ بە قەد سم ساز دەکات، نەک سم بە پێی ناڵ ببڕێت. ٢٣١)

(کێ بە بادەی مسینی ئەو، ئاوی لیخن دەخواتەوە؟ ل٨٣) بادە، جام نییە، مەیە. (حوکمی شەرع هەمبەر کەسێک چییە، ئیبلیسی نەفرەتلێکراو خۆی لێ بێبەری کردبێت؟ ل٩٨) هەر چەندم کرد، لەم پرسیارە حاڵیی نەبووم و وای بۆ دەچم هەڵەیەک هەیە و پێم وایە دەبوو بەم جۆرە بێت: (حوکمی شەرع هەمبەر کەسێک چییە، لە کێشەی نێوان خودا و ئیبلیسدا، لایەنی ئیبلیسی نەفرەتلێکراوی گرتبێت؟) ئاخر میر و پیاوانی کار بۆ ئەوە دەکەن، بە تۆمەتی داکۆکیکردن لە هەڵوێستی ئیبلیس، خانی بکافرێنن. (پایپەکەی پڕ لە تووتن کرد. ل١٢٣) پایپ ئینگلیزییە، بە کوردی، قەننە، قەندە، یان قەنگەیان پێ دەڵێن، سەبیل و قلیانیش هەن. (ئەو تەشیڕێسانەی خورییان دەڕست. ل١٤٨) تەشیڕێس چەوتە، ئاخر ڕستن بۆ خۆرییە، نەک تەشی، وەفایی بە هەڵەدا چووە کە گوتوویەتی شیرین تەشی دەڕێسێ، دەبوو بڵێ: خوری دەڕێسێ. کڵێسە، پەرستگەی گاورانە و (کەنیشتە)یش شوێنی خواپەرستیی جووە، بەڵام (کنێسێت، پەرلەمانی ئیسرائیلە، نەک پەرستگەی جوو. ل١٩٢)

شەنگێ کە باسی بە بووکچوونی خۆی دەکات، لە لاپەڕە ٦٢ دا دەڵێت: (بەسەر پشتی ماینێکی بەڵەکەوە..) کەچی لە لاپەڕە ٦٣ دا دەبێژێت: (بە سواری پشتی هێسترە بەڵەکەوە!) یان: ڕەجەبی بەرگدروو لە لاپەڕە ١٤٣دا دەڵێت: (لە سوپای سوڵتاندا بووم بە پیادە،) کەچی دوو لاپەڕە دواتر دەبێژێت: (ئێمەی سەربازی سوارە.) (پەروەردگار لە با و بروسکە ئەسپێکی خوڵقاند، ئەسپە گوتی: خودایە تەنیا بمکە بە ماینی میر و پادشایان. ل٢٨٩) دیار نییە، بۆچی ئەسپەکە بووە بە ماین؟

خانی بە (بوهاری) کە کورد بووە و بە تورکی شیعری گوتووە، دەڵێت: (ژەنگ لەسەر مسی خۆت هەڵبگرە، ئەوە لە زێڕی ئەوانی تر، بۆ تۆ چاکترە، لە هەمبەر دایکتدا وەفادار بە! چما دایکت بە کوردی لایلایەی بۆ نەدەکردیت؟ ل٨٤) لە کاتێکدا یەکێک لە خەمە گەورەکانی خانی بە کوردی نووسینە، شاعیری کوردیزمان، بۆ قایلکردنی سوڵتان، بە تورکی شیعر دەڵێت! (کە شوکری بە کوردی شیعر دەڵێت، کەس ئاوڕی لێ ناداتەوە، کە بە تورکی دەیڵێت، هێندەی کێشی دیوانەکەی زێڕی دەدەنێ. ل٥٠) خانی چونکە خۆی لە نووسینی شیعری ستایش بە دوور دەگرێت و باس لە ناپاکیی میرانی کورد دەکات، کە گیان لە دەست دەدات، (ئەوانەی بە دوای تەرمەکەیەوە دەبن، لە سی چل کەسێک تێناپەڕن کە ناسیاو و فەقێ و سوختەکانی خۆی دەبن. ل٧٨)

خانی هەموو ئەڤینی خۆی بۆ شەنگێ، لە مەم و زیندا چڕ کردووەتەوە، ڕەنگە ئەگەر حەسرەتی ئەو عیشقە ناکامە نەبووایە، ئەو داستانەشیعرییە، هێندە کاریگەر نەبووایە و ئەو نەمرییەی مسۆگەر نەکردبا. خانی تا تەمەنی هەڵدەکشا، شیعری شیرینتر و قووڵتر دەبوو، لاوانی بایەزید، شیعری وییان وەک نوشتە لە مل دەکرد، بەڵام میر هیچ بایەخی بە مەم و زین نەدەدا، ئاخر خانی نە بە باڵای میریدا هەڵدەدا، نە لە گوتاری هەینیدا، نزای خێری بۆ خەلیفەی موسڵمانان دەکرد. بریا هەر بە فەرامۆشکردن لێی گەڕابان، ئاخر میر و پیاوانی، وێڕای ئەوەی بە گومڕایان لە قەڵەم دەدا، بە بیانووی ئەوەیشی لە مەم و زیندا، باسی سەرجێیی ژن و مێردی کردووە، تۆمەتی بڵاوکردنەوەی داوێنپیسیشیان بۆ هەڵبەستبوو. یان دەیانگوت: خانی شەریعەتی گۆڕیوە، لەبری ئەوەی بڵێت: موسڵمانینە! دەبێژێت: کوردینە! میر ڕقێکی هێندە ئەستووری لە خانی دەبێت، نەک هەر ئەو نامەیەی ناخوێنێتەوە کە لە سەرەمەرگدا بۆی دەنووسێت، بەڵکوو کە هەواڵی مردنی دەبیستێت، دەچێت بۆ ڕاو. ئاخر خانی سەردانی دیوانی میری نەدەکرد و دەیگوت، کورد تووشی هەر بەڵایەک هاتبێت، لە ئەنجامی هەڵەی میرەوە بووە، میرێک بێجگە لە ڕاو، هیچ ئاوات و ئارەزوویەکی تری نییە، ڕاوی ژن و ڕاوی گیانداری کێوی.

جان دۆست لەسەر زاری یەکێک کارەکتەرەکانییەوە، شتێکی وا دەڵێت: (کورد کە لەگەڵ سوپای خەلیفەدا دەچوو بۆ جیهاد، شەهید بووایە بە حۆری و کۆشکی بەهەشت شاد دەبوو، بە سەرکوتوویی گەڕاباوە، هەم کەنیزەکی پێ دەبڕا و هەم لە تاڵانییش بەشی دەکەوت. ل١٥٨) منیش کە میرنامەم خوێندەوە، هەم چێژم لێ بینی و هەم شتی تازەیش فێربووم. خانی ئەوەی پێ سەیر بووە کە شاعیرێکی مەزنی وەک مەلای جەزیری، نەک هەر چاوی لە تاوانەکانی میر پۆشیوە، بەڵکوو پەسنیشی داوە، ئاخر (شاعیر نە لایەنی ستەمکار دەگرێت، نە ستایشی براکوژ دەکات.) ئەو پەیامەی خانی بۆ ئێستایش هەر تازەیە.
*
(١) و (٣) جان دۆست، میرنامە و نەفرەتی لێ وەرگرتن، ڕەخنەی چاودێر، ل٧ ژمارە (٤٥٤) ڕێکەوتی ٣/٢/٢٠١٤ سلێمانی.
(٢) حەمەسەعید حەسەن، له‌ باره‌ی قۆشمه‌ و پێکه‌نینه‌وه. لە ناوەڕاستی ٢٠١٢ دا ئەم باسەم نووسیوە و هەر ئەوسا بە دوو بەش لە (کوردستانی نوێ)دا بڵاو بووەتەوە.
(٤) موحەممەدی مەلا کەریم، دیوانی گۆران، ل٣٠٤ کۆڕی زانیاری کورد ١٩٨٠ بەغدا.
(٥) جان دۆست، میرنامە، وەرگێڕانی: سەباح ئیسماعیل، ناوەندی ئەندێشە ٢٠١٣ سلێمانی.