رۆژنامەی ھەولێر

باشترین و خراپترین خۆراکەکان بۆ جــــــــــەرگ

ماكوان عيززه‌‌ت – هەولێر

جەرگ وەک “کارگەی سەرەکی”ـی جەستە دادەنرێت و بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە بایۆلۆژییەکانی، پێویستییەکی زۆری بە ئاو و سیستمی خۆراکی تەندروست هەیە. تێکچوونی ئەم سیستمە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی جدی لەم ئەندامە هەستیارەدا.

د. کارزان سیروان، پسپۆڕی وردی نەشتەرگەری هەرس، جەرگ، قەڵەوی و پەنکریاس، تیشک دەخاتە سەر ئەو خۆراکانەی کە دەبنە هۆی بەهێزکردنی جەرگ و ئەو هۆکارانەشی کە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر تەندروستی ئەم ئەندامە.
“هاوڕێیانی جەرگ”؛ ئەو خۆراکانەی پێویستە بخورێن:
بۆ ئەوەی جەرگێکی تەندروستت هەبێت، پسپۆڕان ڕێنمایی دەدەن ئەم جۆرە خۆراکانە بخرێتە ناو بەرنامەی ڕۆژانەوە:
• جۆی شۆفان: یارمەتی جەرگ دەدات لە ڕزگاربوون لە چەورییە زیادەکان، بەتایبەت چەوری دەوروبەری ورگ.
• میوەی وەک توو: لەبەر ئەو “بۆلیفینۆل”ـەی تێیدایەتی، پارێزگاری لە جەرگ دەکات لەو نەخۆشیانەی بەهۆی قەڵەوی و کۆلیسترۆڵەوە دروست دەبن.
• سەوزەوات (برۆکلی و سپێناخ): دەوڵەمەندن بە دژەئۆکسانە بەهێزەکان کە کارکردنی جەرگ ڕێکدەخەنەوە.
• قاوە: خواردنەوەی ٢ بۆ ٣ کوپ قاوە لە ڕۆژێکدا، مەترسی شێرپەنجەی جەرگ و ئەو زیانانە کەمدەکاتەوە کە بەهۆی کحوول یان خۆراکی ناتەندروستەوە دروست بوون.
• چای سەوز: ماددەی “کاچین”ی تێدایە کە وەک قەڵغانێک دژی هەندێک جۆری شێرپەنجە کاردەکات.

“دژمنانی جەرگ”؛ ئەو هێڵە سوورانەی پێویستە ئاگات لێیان بێت:
بەپێی وتەی د. کارزان سیروان، ئەم سێ توخمە کێشەی گەورە بۆ جەرگ دروست دەکەن:
1. خۆراکە چەورەکان: ئەو چەورییە تێرەی لە خۆراکە خێراکاندا هەیە، دەبێتە بەربەست لە بەردەم کارکردنی سروشتیی جەرگ و لە درێژخایەندا دەبێتە هۆی هەوکردنی توند.
2. شەکر: یەکێکە لە مەترسیدارترین هۆکارەکان؛ چونکە ئەرکی جەرگ گۆڕینی شەکرە بۆ چەوری، زیادەڕەویکردن تێیدا دەبێتە هۆی پەککەوتنی جەرگ.
3. خوێ: هەرچەندە جەستە پێویستی پێیەتی، بەڵام خوێخواردنی زۆر، دەبێتە هۆی تێکچوونی شانەکانی جەرگ.
کۆتا پەیام: پاراستنی جەرگ تەنها بە دەرمان نابێت، بەڵکو گۆڕینی شێوازی ژیان و هەڵبژاردنی خۆراکی دروست، گرنگترین هەنگاوی چارەسەر و خۆپارێزییە.