خوسرەو جاف
بەپێی لێکدانەوە ئەکادیمییەکان، کۆمەڵگەی کشتوکاڵی و وەرزێری بە ئاسانی هونەری تێدا گەشە ناکات و نەشیکردووە. زۆربەی زۆری ئێمەی کوردیش تا ئەمڕۆ، ئەقڵی کشتوکاڵی لە قووڵایی ناخماندا خۆی مەڵاس داوە و لە ڕووداوەکاندا بە زەقی وەدەر دەکەوێت.
وایش نازانم ئەم جۆرە تێفکرینە بەم زووانە ڕیشەکێش بکرێت و کەم و زۆر وەدەر نەکەوێت. من ناڕۆمە ناو چۆنیەتیی ژنکوشتن، عەشایەربازی، ڕێککەوتن، سوڵح، پەلامار، تۆڵە، ژنبەژن و ژنبەخوێندان و هتد. ئەو دیاردە جۆراوجۆرانەی وەک کەلتوورێکی چوارچێوەدار لە باووباپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە؛ بە داخەوە زۆربەی زۆری ئەو قەناعەتانە نە لەگەڵ بەندەکانی یاسادا دەگونجێن، نە لەگەڵ چۆنیەتیی ژیانی سەردەمیانەدا. ئەو دیاردانە بەشێکن لە ژیانی ئەمڕۆمان، ئەوەش بە فەرمانی دەوڵەت بەلاوە نانرێت ئەگەر گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ئەقڵی کۆمەڵگەدا نەکرێت. تا تاک و سەرەنجام کۆمەڵگە بۆ خۆیان نەگەنە ئەو باوەڕە، پێم وانییە بە ئاسانی یان بەم زووانە بتوانین لەم تەنگەبەرییە کۆمەڵایەتییە وەدەر چین و ئەوەندە لە دنیای پێشکەوتوودا شەرم و خەجاڵەت نەمانگرێت دەربارەی ئامار و ژمارەی ژنکوژی.
ئیدی چ بمانەوێت یان نا، ئەوە کەلتوورێکی بێزراو و نەشیاوە و دژ بە ئایین و یاسا و سوننەتی محەمەدییە (د.خ). زۆر کەس ئەو کوشتارە بە ئازایەتی، پیاوەتی و کەڵەمێردایەتی دەزانن و بە ئاسانی دەستی لێ هەڵناگرن؛ قەناعەتی ناگۆڕێت بڵێیت شەرەف لە ئەقڵدایە و لە ناوگەڵدا نییە.
هەرکام لەو دیاردە نەشیاوانە دەکرێت چەندان کتێبی لەسەر بنووسرێت. ئەوەتا سەدەی بیستویەکەمە و ئێمەی نووسەران و ئەوانەی خەمی خەڵک دەخۆن و خۆیان بە ڕۆشنبیر دەزانن، هێشتا بە چرکەچرک لەو بابەتانە دەنووسین. بڕێکی زۆر لای وایە جارێ لەوانە گەڕێین و کاروباری نەکراوی زۆر هەیە، با ئەوانە بکرێن و ئەودەم لەوانەی تر بدوێین. بە ڕای من مەسەلەکە ڕێک پێچەوانەیە؛ ئەو دیاردانە هۆی ئاشوفتەبازاڕی، پشکبڵاوی و نایاسایین، کە سەرەنجامی پێنەگەیشتن و تێنەگەیشتنی کۆمەڵگە و خەڵکە زۆرەکەیە.
بە دڵنیاییەوە لە کۆمەڵگەی پێنەگەیشتوو و تێنەگەیشتوودا، دەسەڵات بەگوێرەی هەوا و هەوەسی خۆی لێ دەڕوانێت و فەرمانڕەوایی دەکات؛ لە هەرکوێدا ئارەزووی بێت، ئەوە دەکاتە سنوور و یاسایەکی ئاشکرانەکراو و پەیڕەویی لێ دەکات.
بەندە تەماحگیری گۆڕانکارییەکی بەپەلە و توندوتیژیی کۆمەڵایەتی نیم، بەڵام خۆ دەکرێت لە چمکێکەوە لێی بدوێم. دەکرێت لە قۆڵێکەوە هەنگاوی بۆ بنرێت، بڕێک لەو بت و پەیکەرە دۆزەخیانە بە تەورداسی ئیبراهیمی بتشکێن، ڕسوا و شەرمەزار بکرێن. ئەو بیروباوەڕانە لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆی کوردا، ئاکام و سەرەنجامیان لە (هوبەل و لات و عوزا) کەمتر نییە.
خوالێخۆشبوو “حەسەن زیرەک” بۆی گێڕامەوە و وتی: لەگەڵ دەهۆڵژەنێک و سڕناژەنێکدا بووم بە هاوڕێ، لە بڕێک بۆنەدا بەشداریمان دەکرد. بیستمان لەو بناری گەرمیانەدا، لە لادێی “ژاڵە” شادییە، ئێمەش بەو گەرمای گەرمیانە ڕێگەمان گرتە بەر بۆ ئەو دێیە. کاکە! نەگەیشتبووینە ناو دێ، کابرایەک بە هەرا بەرەو ڕوومان هات و بە هەناسەبڕکێوە وتی: “نەیەن، هەر لەوێدا ڕاوەستن، خواردنتان بۆ دێنن بۆ ئێرە!” دهۆڵ و سڕناژەنەکە ئەو جۆرە مامەڵەیان لە مێژدا دیبوو. کابرا گەڕایەوە بۆ ناو دێ، لای کردەوە و پەنجەی شایەتمانی ڕاوەشاند و وتی: “ها! نەکا بێن؟”
لە هاوەڵەکانم پرسی: ئەرێ ئەوە بۆ وامان لەگەڵ دەکەن؟ سڕناژەنەکەمان لە هەردووکمان دنیادیدەتر بوو، وتی: “لەم بابەتەم زۆر دیوە، ئەوانە لایان وایە ئێمەی لۆتی نەگبەتین، بەدبەختی دەهێنینە سەر ژیانی بووک و زاوا. ناڕەحەت مەبە، ئەمە زۆر دەخایەنێت تا لەو نەگبەتییە ڕزگارمان ببێت، هەر نەبێ من و تۆ نایبینین.” نانیان هێنا، تازەکار بووم و نەمخوارد. ئەمە حەسەن زیرەک بۆ خۆمی گێڕایەوە.
هەروەها وتی: لەگەڵ هەمان دەهۆڵژەن دێ بە دێمان دەکرد. شەومان لێ هات، وتەکەیم پێ بڕی و وتم: ئەمەی دەیگێڕیتەوە هەر لە ناوچەکانی جافدا بووە؟ وتی: “ئەی کاکە، خۆ لە ناوچەی باوکمدا نەبووە! ئەرێوەڵا ئەمەش بە لای قەوموقیلەی ئێوەوە بووە. سەرتانسەری ناوچەی بەربڵاوی جاف بگەڕێیت ماشەڵا ئەوەندە زۆرن کوردستانتان داگیر کردووە، بۆ نموونە سڕنایەک نابینی، دهۆڵێک بە چاو نابینی، لەبەر ئەوەی مەڕ و ماڵاتتان زۆرە و شمشاڵ بە لای شوانەکانەوە هەیە.”
دەی کاکە واز لە ئێمەی جاف بێنە…
وتی: شەومان لێ هات و تۆزێک ساردی کردبوو. لە کەوانەی دێوە تاکەماڵێک دیار بوو، بەش بە حاڵی خۆی دەوڵەمەند بوو. سەرمامان بوو، دامان لە دەرگا. تمەز ئەم ماڵە وا تاک بووەتەوە، دژمندارە. دوای لێدانی دەرگاکە، یەکێک نەڕاندی: “ئێوە کێن؟” دهۆڵژەنەکە وتی: مێوانین و لێمان قەوماوە! وتی: “کوڕە ڕاستم پێ بڵێن، وە پێغەمبەری عەرەبی نەڵێن بە گوللە کونکونتان دەکەم!” دهۆڵژەنەکە وتی: کاکە ئێمە لۆتیین و ڕێمان گوم کردووە، شەومان لێ هاتووە. کابرا دیسان نەڕاندی: “شەشتەڵاقم کەوتبێ، پۆی پیا نەکەن تا بزانم لۆتین، هەر لەوێ خەپتان دەکەم.”
دهۆڵژەن وتی: خاڵۆ حەوسەڵەت هەبێت، ئێستا بۆت ڕوون دەکەینەوە لۆتیین. سڕناژەن وەک خەنجەر سڕناکەی لە بەرۆکیدا بوو، دەریهێنا و فووی پیا کرد، دهۆڵژەنیش دەستی پێ کرد. ئیتر هەر مەڕ و بزن بوو بە چواردەوردا ڕایان دەکرد. کابرا هاتبووە هاوار: “کورە بەسە! کورە گەماڵباوکینە بەسە! کوڕە بەسە!” بڕیمانەوە، کابرا بە تفەنگەوە هاتە دەرەوە. لەولاوە دێ شڵەژابوو، ڕۆملغەزایەک بوو نەبێتەوە.
وتم: کاک حەسەن ئەمە خۆت دروستت کردووە؟ ئایەتێک بە دیواردا هەڵواسرابوو، حەسەن زیرەک هەڵستا و لە ئایەتەکە نزیک بووەوە، ئاماژەی بۆ کرد و وتی: “کاک خەسرەو، بە هەقی ئەو قورئانە ئەوەی گێڕامەوە خیلافی تێدا نییە.”
من بۆ خۆم لەبیرمە منداڵ بووم، دهۆڵ و سڕناژەنێک کەرێکیان پێ بوو، هاتنە نێو دێی “کەلار”ەوە. ئەو دەمە کەلار لە سەد ماڵێک زیاتر نەبوو. ماڵ بە ماڵ دەگەڕان، هەر کەسێک بە گوێرەی توانای خۆی شتێکی دەدانێ. پارەی نەختینە لەو دەمەدا کەم بوو، بڕێک هێلکە، بڕێک گەنم یان جۆ، هەتاوەکوو خورماشیان وەردەگرت.
ئێمەی منداڵانیش بەدوایانەوە بووین. نۆرە هاتە بەرماڵی یەکێک لە بەگەکانی خزمی خۆم. دیار بوو ئەو دەمە بەگ نوستبوو، لەپڕ بکوتبکوتی دهۆڵ و فیقەی سڕنا لە بەردەم ماڵیاندا دایکوتابوو، بە ئاگای هێنابووەوە. چاوت ڕۆژی ڕەش نەبینێت! ئەو بەگە لە ماڵ هاتە دەرەوە، کەوتە لێدان و تێهەڵدانیان، سەروگوێلاکیانی خوێناوی کرد، دهۆڵەکەشیانی دڕی.
من بە ئەقڵە منداڵییەکەی خۆم، لام وابوو لەنێو ئەو دهۆڵەدا پیاوێک هەیە و ئەو دەنگە زل و زرمەیە لەو کابرایەی ناو دهۆڵەکەوە دێت. کابرای دهۆڵژەن مێزەری کەوتبووە ملی، بەرۆکی سوور داگەڕابوو لە خوێن، سڕناژەنەکەش لەو باشتر نەبوو. خۆم پێ ڕانەگیرا و لە دهۆڵە دڕاوەکە نزیک بوومەوە، سەرم بردە ناو دهۆڵی دڕاوەوە؛ دهۆڵێکی بۆش و بەتاڵ! وەک زۆر لە بیروباوەڕە پووچەکان، زەلامم لەناو دهۆڵدا نەدی. قڕە و هەرا و بەزم کپ بووبووەوە، دهۆڵژەن و سڕناژەن لە دهۆڵە دڕاوەکەیان بێدەنگتر…
منیش گریام و بە چاوی فرمێسکاوییەوە ڕۆیشتمەوە لای دایکم. کە دیتی چاوم تەڕە، بە پەرۆشەوە هۆی گریانەکەمی پرسی. وتم: “بۆ دهۆڵژەنەکە دەگریم، فلانی زۆری لێدان و دهۆڵەکەشیانی دڕی.” دایکم لەژێر لێوەوە چەند قسەیەکی کرد کە لێی تێنەگەیشتم. زەلامێکی ناردە دوایان، هاتن و دڵی دانەوە و پارە و پوولیشی پێ دان. وا تەمەنم شەستوحەوت ساڵە، تا ئەمڕۆ دیمەنە مەزڵوومانەکەی ئەو دهۆڵژەنەم لەبیر ناچێتەوە. لە هەشتاکاندا ئەو ڕووداوەم کردە باسێک و بە ناوی “نان و نەوا” لە ڕۆژنامەی (هاوکاری)دا بڵاوم کردەوە.
بڕوانە گەورەترین و بەناوبانگترین هونەرمەندی کورد “حەسەن زیرەک” بە چ قۆناغێکی ناسۆری و بەدبەختیدا گوزەراوە. ژیانی ئەو هونەرمەندە گەورەیە زنجیرەیەک بووە لەو بابەتە ڕووداوانە. پرسیارێک دێتە پێشەوە: بۆچی فریشتە و پەریان و مەلائیکە هێندە بێزەوقن لە دەنگی حەسەن زیرەک، کە شەقەی باڵ بدەن و خێر و بەرەکەت لەگەڵ خۆیاندا ببەن و نەگبەتی بەجێ بهێڵن؟
ڕاستییەک هەیە دەبێ بگوترێت: ئەوەی زەرافەتی هونەری و بەرزی و بڵندیی ئەدەبیاتی کوردی هەیە، بە لای مەلاکانەوە بووە؛ ئەوە خانی، ئەوە نالی، ئەوە مەولەوی، ئەوە وەفایی، ئەوە سالم و زۆری دیکەش لە کەڵەمەلایانی کوردستان. لە خانمەکەی “پێشەوا قازی محەمەد”م بیستووە دەیگوت: “وەفایی دەنگی خۆش بوو، بە ناو سابڵاخدا مێزەرەکەی دەخستە ملی و (شیرین تەشی دەڕێسێ)ـی دەگوتەوە و خەڵکی سابڵاخیش بەوپەڕی ڕێزەوە گوێیان لێ دەگرت.”
لە خانمەم پرسی: شیرینت دیبوو؟ وتی: “زۆر جاران.” وتم: وەفایی وا لە شیرین دواوە، ئایا هێندە جوان بووە؟ وتی: “شیرین ئافرەتێکی کورتەباڵا بوو، ناشیرین نەبوو، بەڵام بەو زەرافەتە شیعرییەی نەبوو کە وەفایی لێی دواوە.”
منیش لە وەڵامی خانمی خێزانی پێشەوادا وتم: “تکایە خانم، مەدە لە زەوقی هەزارانی وەک من کە جوانییەکەی شیرین لە بیر و ئەندێشەماندا دەقی بەستووە!” وتی: “پرسیارێکت کرد و منیش وەڵامم دایەوە!

