رۆژنامەی ھەولێر

سنوورەکانی ئـــــــازادی چەند سەرنجێکی کورت

چەمکی ئازادی؛ وەک زۆر چەمکی دیکە لە دونیای کوردیدا هەم بەهەڵە تەفسیر دەکرێت، هەم لەگەڵ کۆمەڵێک چەمکی دیکەدا تێکەڵ دەکرێت. ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە کە زۆرجار بە وشیارییەوە لەلایەن چەند گرووپ و هێزەوە بەهەڵە تەفسیری ئەم چەمکە دەکەن بەو شێوەیەی لە خزمەتی ئایدۆلۆژیا و ئایینەکەیانە، نەک کار لەسەر دەرخستنی ڕووی حەقیقی ئازادی بکەن، بەکار دەهێنرێت.

ئازادی جودایە لە بەرئاوەڵایی و بەرەڵایی و ڕەهاگەرایی. ئازادی ڕەها دەشێ لە هیچ شوێنێکدا بوونی نەبێت و جگە لە خەیاڵ و ئەفسانەکاندا. هەرگیز بەرەڵایی و بەرئاوەڵایی ڕەهاش ئەزموونکردنی ئازادی نییە، بەڵکو لەکەدارکردنی ئازادییە. لە دۆخی ئێستا کۆمەڵگەی کوردیدا زۆرجار بەناوی ئەزموونکردنی ئازادییەوە ئازادی لەکەدار دەکرێت. هەموو ئەم کێشانە لەوکاتەدا سەرهەڵدەدات و تەشەنە دەستێنێت کە زانیارییەکی ئەوتۆمان سەبارەت بە “سنوورەکانی ئازادی” نەبێت. ئازادی چەندە هەوڵدانە بۆ شکاندنی سنوورەکان، هاوکات کۆمەڵێک سنوور هەیە ناتوانرێت لەنێو ئەزموونکردنی ئازادیدا بشکێنرێت.
بۆ ڕوونکردنەوەی دروستتری مەبەستەکانم دوو نموونە لە دوو ڕۆماننووسی کورد و فارس وەردەگرم. ئەژین عەبدولخالق لە ڕۆمانی “ژنەکان وڵاتیان نییە”دا چیرۆکی ژنێک دەگێڕێتەوە، کە هەڵوەدای ئازادییە و ئەو ژنە خاوەنی ڕۆحێکی یاخییە و کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی تەسکە بۆ خەون و خەیاڵەکانی و ئەو ئازادییەی دەست ناکەوێت کە ئەو گەرەکییەتی. بۆیە سەفەری ئەوروپا دەکات و لەوێ لەنێو کۆمەڵگەیەکی خۆرئاواییدا دەست بە ئەزموونکردنی ئازادی خۆی دەکات، بەڵام هەر زوو تێدەگات لەوێش کۆمەڵێک سنوور و کۆتوبەندی بۆ دانراوە، کە هەر ناتوانێت ئەزموونی ئازادی ڕەها و تەواوەتی بکات کە دڵی دەیخوازێت، بۆیە لەوپەڕی تێڕامان و نائومێدیدا درێژە بە ژیانی دەدات.
هاوکات عەباس مەعروفی لە ڕۆمانی “زۆرتایبەت”دا چیرۆکی پیاوێک دەگێڕێتەوە کە لەدەست ستەم و جەوری سیستمی ئێران هەڵدێت و بەرەو ئەوروپا کۆچ دەکات و لە ئەڵمانیا دەگیرسێتەوە. کاراکتەرەکە سەودای ئازادییە و لەوێ دەست بە ئەزموونکردنی ئازادی دەکات (چەشنی ڕۆمانەکەی پێشوو)، بەڵام دەبینێت سەرەڕای ئەوەی لە وڵاتێکی ئازاددایە، بەڵام تەواوی ئازادییەکانی دەستەبەر نەبوو، بۆیە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا بیر لەوە دەکەنەوە بچنەوە نێو ژیانێکی سەرەتایی و بگەڕێتەوە بۆ نێو سروشت و لە شار هەڵبێن. دوای بڕیاری کۆتایی بەرەو نێو ژیان شاخ و دۆڵەکان دەڕۆن و ئەمەش لەپێناو ئەزموونکردنی تەواوی ئازادییەکانی خۆیاندا، بەڵام ئایا مرۆڤ لەنێو سروشتیشدا بوونەوەرێکی ئازادە؟
ڕۆمانەکە لەسەر ئەم پرسیارە هەڵوەستە دەکات و درێژە بە چیرۆکەکە دەدات، لەوێدا ئەو کەسانەی لە شار هەڵهاتوون تووشی مەترسی دەبنەوە و لەگەڵ سارد و سەرمادا دەکەونە ململانێ و تووشی هەرەسی بەفر و پەلاماردان دەبنەوە لەلایەن دڕەندەکانەوە. مەعروفی دەیەوێت بڵێت کە سروشتیش بێلایەن نییە و ناتوانرێت بەتەواوەتی ئەزموونی ئازادی تێدا بکرێت. لە رۆمانەکەدا بەر چیرۆکی قوربانی دەستی سروشتیش دەکەوین. نووسەر بە وردی چیرۆکەکەی بۆ خزمەتی ئەو ئایدیایە چنیوە، کە “سنوورەکانی ئازادی” مرۆڤە، کە سنوورگەلێکی بەرئاوەڵای ڕەها نییە و مرۆڤ لە هەر جێگەیەک بێت کۆمەڵێک کۆتوبەند ئازادییەکانی سنووردار دەکەن.
دەشێ ئەم دوو ڕۆمانە نموونەیەکی بچووکی ئەو سەدان تێکستە بن، کە لە هەوڵی ئەوەدان سنوورەکانی ئازادی ئینسان دیاری بکەن دژ بەو بۆچوونانە بوەستنەوە بەناوی ئازادی ڕەهاوە ئازادی ئەوانی تر پێشێل بکرێت. مرۆڤبوونی ڕاستەقینە ئەوکاتە بەدەست نایەت، کە مرۆڤ ئازادی ڕەها ئەزموون دەکات لەسەر حسابی ئەوانی تر، بەڵکو مرۆڤبوونی ڕاستەقینە ئەوکاتە بەدەست دێت، کە ئازادی ئەوانی تر بەناوی “ئازادی ڕەها”وە پێشێل نەکەین. بۆیە دەشێ هەر جۆرە پێشێلکردنی مافی کەسێکی تر جۆرێک لە خیانەتکردن بێت لە مرۆڤبوون.ئارام كۆشكی – سلێمانی