شیتال عبدالعزیز جمیل
لە دیدگای دەروونناسی بوونگەراییدا، ماڵ تەنها پێکهاتەیەکی تەلارسازی نیە، بەڵکو منداڵدانێکی سۆزداریە کە تێیدا ناسنامەی ئێمە لە ئاوێنەی ئەویتردا گەڵاڵە دەبێت. بەڵام ئەمڕۆ ڕووبەڕووی دیاردەیەکین کە ڕۆحی ئەم حەشارگەیەی هەڵمژیوە و تەنها جەستەیەکی ساردی لێ بەجێ هێشتووە کە ئەویش: «تەڵاقی سۆزدارییە». ئەم دۆخە ڕووداوێکی کتوپڕ نیە، بەڵکوو دابڕانێکی بێدەنگە، دۆخێکی بەرزەخییە کە تێیدا هاوسەران لەژێر یەک سەقفدا و بە یەک ناسنامەوەن، بەڵام جیهانی دەروونیان هیندەی ئاسمان و ڕێسمان لێک دوورن.
تەبارناسی ئەم قەیرانە؛ لە پەیوەندیە قووڵەکان بۆ ئەڤینە گیرفانیەکان
بۆ تێگەیشتن لەم بەستەڵەکە، دەگەڕێینەوە بۆ دواوە، بۆ ڕەچەڵەکناسی ئەم قەیرانە، ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە زیگمۆنت باومان بە مۆدێرنیتەی شل (Liquid Modernity) ناوی دەبات. ئەو دەڵێت؛ لە ڕابردوودا، هاوسەرگیری قەڵا بوو؛ توند و هەندێکجار دەستکاری نەکراو، بەڵام ئەمڕۆ، لەژێر کاریگەری بیرۆکەی ئەڤینی شڵدا، پەیوەندیەکان بوونەتە پەیوەندی سست کە پەیوەست دەبن بە یەک کلیک، و بە ئاسانی دەپچڕێن.
لە لایەکی ترەوە، ئەنتۆنی گیدێنز باس لە پەیوەندی پەتی و بێخەوش دەکات پەیوەندیەک کە چیتر لەسەر بنەمای پێویستیە نەریتی یان ئابوورییەکان نیە، بەڵکوو تەنها لەسەر بنەمای ڕەزامەندی کەسی بونیاد نراوە. پارادۆکسەکە ڕێک لێرەدایە: کاتێک هاوسەرگیری تەنها بۆ چێژ بێت، بە کوژانەوەی یەکەم پرۆشکی جۆش و خرۆش، هاوسەران لە بڕی نۆژەنکردنەوەی، پەنا بۆ وێرانکاری بێدەنگ دەبەن. ئێمە لە نێوان پردی نەریت و مۆدێرنیتەدا ڕاوەستاوین؛ نە چیتر دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ مۆدێلە فیداکاریەکان و هەندێکجار سەرکوتکەرە کۆنەکان، نە هێشتا ئاداب و نەریتی ژیان لەناو ئازادی مۆدێرندا فێربووین.
دەروونشیکاری «بوون» یان «هەبوون» مەسەلەکە ئەمەیە؛
ئێریک فرۆم لە شاکارەکەیدا «هونەری خۆشویستن»، دیدێکی تێڕامانمان پێ دەبەخشێت. ئەو پێی وایە کارەساتەکە کاتێک دەست پێ دەکات کە ئێمە (ئەڤین) وەک کاڵایەک بۆ خاوەنداریەتی دەبینین، نەک وەک پڕۆسەیەک بۆ بوون و گۆڕان. ئاشکرایە لە تەڵاقی سۆزداریدا، هاوسەران یەکتری وەک ئامرازێک بۆ پڕکردنەوەی پێویستیەکانی وەکۆ: سێکس، ئاسایشی دارایی یان ناوبانگی کۆمەڵایەتی دەبینن. لێرەدایە کە بە ووتەی مارتن بووبەر، پەیوەندیەکە لە ئاستی مرۆیی «من-تۆ»وە بۆ ئاستی کاڵایی«من-ئەو» دادەبەزێت. کاتێک هاوسەرەکەت بۆ تۆ نەوەک کەسایەتیەکی تاقانە و بێ وێنە، بەڵکوو تەنها وەک کرێکاڕێک (نانپەیداکەر یان کابان) بێت، پەیوەندی و هەبوونی ئێوە پێشوەختە هەڵوەشاوەتەوە.
داخورانی مانا لەژێر هەژموونی چاوەڕوانیە ڕادیکاڵەکاندا
یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی ئەم چەقبەستووە سۆزدارییە، ئەو شتەیە کە ئیستەر پێرێڵ بە باری قورسی چاوەڕوانیەکان ناوی دەبات. مرۆڤی هاوچەرخ، هەموو ئەو مانایەی کە پێشتر لە ئایین، خێڵ، گەڕەک و خێزانی گەورە وەریدەگرت، ئێستا تەنها لەهاوسەرەکەی داوا دەکات. ئێمە دەخوازین هەم دڵسۆزترین هاوڕێمان بێت، هەم پڕجۆشترین ئەڤیندار، هەم ڕاوێژکاری ئابووری و هەم پشت و پەنای دەروونیمان. هەر بۆیەش ئەم فشارە زۆرە بۆ سەر پێکهاتەی پەیوەندی، دەبێتە هۆی شەکەتبوون.
کاتێک ڕاستی نێوان دوو کەس لەگەڵ ئەم خەونە فانتاسیانە یەکناگرێتەوە، هاوسەران لە جیاتی گفتوگۆ، بەڕەو حەشارگەی بێدەنگی دەخەزێن. لێرەدایە کە «چوار سوارچاکەکەی چارەنووس»ی جۆن گاتمن (ڕەخنەگرتن، سووکایەتی، بەرگریگرتن و دیوارکێشان) دێنە ناو مەیدانەکەوە. لەم نێوەندەدا، سووکایەتی کوشندەترین ژەهرە؛ چونکە ڕەگی ڕێز دەبڕێت و کەسی بەرامبەر لە نیگای ئێمەدا بێبەها دەکات.
ستراتیژیەکانی تێپەڕین لە زستانی پەیوەندی
بۆ زیندوو کردنەوەی ئەم جەستە نیوەگیانە، نابێت بەدوای موعجیزەدا بگەڕێین؛ بەڵکوو دەبێت بۆ «عەقڵیانیەتی چاودێری» بگەڕێینەوە:
• نوێکردنەوەی نەخشەکانی ئەڤین: ئێمە بەردەوام دەگۆڕێین. گاتمن پێی وایە هاوسەرە سەرکەوتووەکان، بەردەوام «نەخشەی دەروونی» یەکتر نوێ دەکەنەوە. ئەوان دەزانن هاوسەرەکەیان ئەمڕۆ لە چی دەترسێت و ئاواتی چیە، نەک تەنها پشت بە زانیاریەکانی دە ساڵ پێش ئێستا ببەستێت.
• قبووڵکردنی جیاوازی دیالێکتیکی: دەبێت فێربین کە جیاوازی هاوسەرەکەمان لەگەڵ ئێمە، کەموکوڕی ئەو نیە، بەڵکوو «ئیمزای بوونی» ئەوە. بە ووتەی کارڵ ڕۆجەرز، گۆڕانی ڕاستەقینە تەنها کاتێک ڕوودەدات کە سەرەتا «قبووڵکردنی بێ مەرج» هەبێت.
• مانا نادۆزڕێتەوە، دەخوڵقێنرێت: بە بڕوای ویکتۆر فرانکل، ئەو ئازارەی مانایەکی هەبێت، چیتر ئازار نیە.
•ئەو هاوسەرانەی کە سەرەرای ئەرک و کاری ڕۆژانە «پڕۆژەیەکی هاوبەش»یان هەیە (وەک: پەروەردەی منداڵ، کاری خێرخوازی یان بەهایەکی مەعنەوی)، لە بەرامبەر زریانە سۆزدارییەکاندا خۆڕاگرترن.
ئامادەیی هۆشیارانە دژی پشتگوێ خستنی دیجیتاڵی
لە سەردەمی «فابینگ»دا (پشتگوێ خستنی ئەوانی تر بەهۆی مۆبایلەوە)، سەیرکردنی چاوەکانی هاوسەر کارێکی شۆڕشگێڕانەیە. ئێمە پێویستمان بە وەرگرتنەوەی کاتە لە چەنگالی ئەلگۆریتمەکانی سۆشیاڵ میدیا.
ووتەی کۆتایی
تەڵاقی سۆزداری، بەرهەمی «کوێریەکی ئارەزوومەندانە»یە. پاراستنی خێزان بە واتای پاراستنی گرێبەستێکی سەر کاغەز نیە؛ بەڵکوو بە واتای چاودێریکردنی بوونەوەرێکی زیندووە کە ئەگەر تێر نەکرێت، دەمرێت. کۆمەڵگایەک کە ماڵەکانی سارد بێتەوە، بەم زووانە لە کایەی گشتیدا تووشی «پەرتبوونی تاکەکەسی» و نامۆبوون دەبێت. بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگا، دەبێت سەرەتا چرای گفتوگۆ لە ناو کونێچکەی ماڵەکاندا داگیرسێنین.

