ئارام كۆشكی – سلێمانی
شارە زیندووەکانی دونیا ئەو شارانەن، کە خاڵی نین لە نمایشی هونەریی و بەتایبەتیش نمایشی شانۆیی. شانۆ ئەو هونەرەیە، کە زیندووێتییەکی زۆر بەو شار و وڵات و کولتوورە دەبەخشێت، کە تێیدا نمایش دەکرێت، چونکە بزوێنەری کۆمەڵێک بزاوتی دیکەیەی نێو کۆمەڵگەیە کە نیشانەن بۆ زیندوویتی ئەو کۆمەڵگەیە. ناتوانم وێنای کۆمەڵگەیەک بکەم زیندووە بەبێ شانۆ، چەندە پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان گەورە و فراوان بن لە کۆمەڵگەیەکدا، بەڵام نەبوونی شانۆ لەنێو ئەو کۆمەڵگەیەدا وەکو کێشەیەکی گەورە دەبینم.
ساڵی ڕابردوو شاری سلێمانی ساڵێکی بێ شانۆی بەڕێ کرد، ساڵێک خاڵی لە نمایشی شانۆیی، واتە ساڵێک متبوون و نەبزوان. ڕاستە ئەوەی جوڵەی کولتووریی دروست دەکات تەنها شانۆ نییە، بەڵام شانۆ بزوێنەری سەرەکی جوڵەی کولتوورییە. بێگومان من لە شکۆی هیچ کام لە هونەرەکانی تر کەم ناکەمەوە، چونکە هەموویان ئاوێتەی شانۆ دەبن، بۆیە کە شانۆیەک دەبینین، هاوکات لەگەڵ موزیک و گۆرانی و سەما و ڕووناکی و ڕەنگ ئاوێتە دەبین، ئەمەش ئاوێتەکردنێکە کە شانۆ وەکو ڕەگەزێکی گرنگی هونەریی هەڵگریەتی.
لە لە کۆتا ڕۆژی مانگی پێشوودا بینەری شانۆیی “شەوێکی لەبیرنەکراو” بووم لە شاری سلێمانی. ئەم شانۆییە گرووپێکی شانۆیی لە پارێزگای هەڵەبجەوە هاتبوونە سلێمانی و ساڵی ڕابردوو لە هەڵەبجە نمایش کرابوو و دواتریش لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان هەمان نمایش پێشکەش کرا. خۆشبەختانە من لە تەلاری هونەر لە سلێمانی بینەری شانۆییەکە بووم، کە دەتوانم بڵێم یەکێک لەو شانۆییانە بوو، کە جێگەی گرنگی پێدان بوو چ لەڕووی ناوەرۆکی چیرۆکی شانۆییەکەوە و چ لەڕووی تەکنیکی شانۆییەوە کە ئاستێکی بەرزی هەبوو (ئەگەرچی من پسپۆڕی شانۆ نیم، بەڵام وەکو بینەرێک سەرنجەکانم دەنووسم)، کە ئەم جۆرە گروپە شانۆییانە شایستەی دەستخۆشی و پشتگیرییکردنن، بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان بێ شانۆ نەبێت.
شانۆییەکە کارکردن بوو لەسەر چەمکی تۆڵە، ئایا قوربانی دەتوانێت تۆڵە لەجەلاد بکاتەوە، یان دەکرێت بیبەخشێت؟
مەسەلەی تۆڵە و کێشەی قوربانی و جەلاد کێشەیەکی نوێ نییە، بەڵام ئەوەی هەمیشە ئەم کێشەیە نوێ دەکاتەوە، دۆخەکان و ئەو چیرۆکانەیە، کە لەپشت قوربانییەکانەوە خۆی مەڵاسداوە. دەکرێت بپرسین ئایا ئەگەر قوربانی بە هەمان میکانیزم، تۆڵە لە جەلاد بکاتەوە چی دەگوزەرێت؟ ئەمە یەکێک بوو لە پرسیارە گرنگەکانی شانۆییەکە. لە نمایشەکەدا یەکێک لە کاراکتەرەکان لەلایەن کەسێکی دیکەوە دەستدرێژی سێکسی کرابووەسەر و ئەویش دەیویست بەهەمان شێوە تۆڵەی لێ بکاتەوە، بەڵام ئایا ئەمە ڕەوایە؟ لێرەدا یەکێک لە کاراکتەرەکانی دیکە ئەو قوربانییەی لەبەردەم پرسیارێکی ئەخلاقیدا سڕ کرد کاتێک لێی پرسی ئەگەر تۆش هەمان کار بکەیت ئایا نابیتەوە بەجەلاد؟
بێگومان کەس نییە مافی تۆڵەکردنەوە لە قوربانی زەوت بکات، بەڵام ئایا گەورەیی لە تۆڵەکردنەوەدایە یان بەخشیندایە؟ بێگومان دۆخەکان گەلێک جیاوازن و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخەکان دەکرێت بڕیار لە تۆڵە، یان بەخشین بدرێت، بەڵام ئەوەی من هەمیشە بڕوام پێیەتی بەخشینە. شانۆییەکەش لەسەر ئەو بەخشینە ڕۆنرابوو، بەڵام بە سزادانەوە، واتە ئەگەرچی جەلاد بەخشرا، بەڵام بەخشینەکەی خاڵی نەبوو لە جۆرێک ئەشکەنجەی ڕۆحی و سزا. خاڵێک کە لەم شانۆییەوە بۆمان دەردەکەوت ئەوەیە، کە درێژەدان بە کولتووری تۆڵە جۆرێکە لە هاوشوناسبوون لەگەڵ جەلاددا و ئەمەش درێژەدانە بە خەونی جەلادبوون، نەک سڕینەوە و تێپەڕکردنی وێنەی جەلاد.
هەموو ئەدەبیاتی دونیا دەیانەوێت قوربانی شوێنی جەلاد نەگرێتەوە. کارەساتەکان بۆیە بەردەوامن چونکە قوربانی دەبێتەوە بە جەلاد، شۆڕشگێڕ دەبێتەوە بە دیکتاتۆر، وەک لە چەند ئەزموونێکی جیهانیدا بینیمان. ئەم شانۆییە دەیەوێت درێژکراوەی ئەو هێڵە بێت کە درێژە بە کولتووری بەخشین بدات، نەک تۆڵە.
شانۆییەکە وزەیەکی نوێ بوو لە سلێمانی و کوردستان، کە دەشێ ئەم گرووپە نمایشی ئاستبەرزتر و جوانتر پێشکەش بکەن، لە وزەی ئەکتەرەکانەوە هەستم بە عەشق و خۆشەویستی و زیندووێتی شانۆ کرد، هەر ئەمەشە دەبێتە بزوێنەری شانۆیەکی جاد و نەمر، کە دڵی بینەران ئاو بدات. دەستخۆشی بۆ ستافی شانۆییەکە و بەتایبەت خەڵات نەوزاد-ی دەرهێنەر، کە ماندووبوون بە کارەکەیانەوە دیار بوو.

