خوسرەو جاف
لەوەتەی مرۆڤ خوڵقاوە، نەیتوانیوە بێ خودا بژیێ؛ لە هەرچی ترسابێ، پەرستوویەتی. ژیرییەکی ئەوتۆشی نەبووە تا هەڵە و ڕاست لە یەکدی جیا بکاتەوە. بەگوێرەی تێپەڕینی کات و گۆڕانی سروشت و ڕووداوەکان، وردەوردە بووەتە خاوەنی فام و ژیری و خۆپاراستن لە مەترسییەکان. ئیدی لە ئەشکەوتەکان هاتووەتە دەرێ و بەپێی پێویستییەکانی ژیان، ناچار بووە نیشتەجێ ببێت؛ یەکەمین گیا کێویلکەی ماڵی کردووە کە ئەم (گەنم)ـەی خۆمانە؛ ئیتر قۆناغە جۆراوجۆرەکانی بڕیوە تا گەیشتووەتە سەردەمی ئێستای ئێمە.
جگە لە بیروڕا ئایینییەکان، چەندین بیروبۆچوونی سیاسی کەوتوونەتە خەیاڵی مرۆڤ و سنوورەکانیان بەزاندووە و بوونەتە ئایدۆلۆژیای سیاسی کە ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە دەوریان کۆ بوونەتەوە، وەک: کۆمۆنیزم، لیبراڵیزم، سەرمایەداری، ناسیۆنالیزم، نازیزم و زۆر لە “ئیزم”ەکانی تریش.
ئەو بیروبۆچوونانە هیچ باوەڕ و پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئایین و خوداپەرستیدا نەبووە. بۆ نموونە: کۆمۆنیزم هیچ باوەڕێکی بە ئایین نەبووە. هەروەها (بودیزم)یش چەندین باوەڕی بە پەروەردگار نەبووە و زیاتر سەرۆکاری لەگەڵ کردار و ڕەفتاری خودی مرۆڤدایە نەک بیروبۆچوونی ڕۆحی و ئایینی؛ تەواوی تهعالیمی “بودا” لە دەوروبەری هەڵسوکەوتی ئینساندا خولاوەتەوە. هەروەها بیروڕاکانی (کارڵ مارکس، ئەنگڵس و لینین) لە ڕەفتار و کرداری مرۆڤ لە جیهانی پرۆلیتاریادا چڕ بووەتەوە و بۆ تاوێکیش دانیان بە ئایینی خوداپەرستیدا نەناوە. تیۆرییەکەی مارکسیزم لەسەر ئەوە دامەزراوە کە سەرەنجام دەسەڵاتی سەرتاسەریی مرۆڤ، جیهانی پرۆلیتاری بەڕێوە دەبات. ئەو جۆرە بیروبۆچوونانە لە ڕابردوودا فەشەلیان هێنا، هەرچەندە هێشتا لێرە و لەوێ بۆچوونی کۆمۆنیستی دەردەکەوێت، بەڵام بێ تیشک و بریقە و ڕەنگە.
ئێستا ئێمەی مرۆڤ لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەمداین؛ مرۆڤی میللەتە جۆراوجۆرەکان هەریەکە و بەشێوەی خۆی لە تەقەلای بەدەستهێنانی دونیای زانستیدایە. بەرژەوەندیی بازرگانی و دارایی زاڵ بووە بەسەر دەمارگیریی نەتەوایەتیدا، تەنانەت لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا دەمارگیریی ئایینی پێگە و جێگەی خۆی لەدەست داوە لە ئاستی گوڕ و توانای بەرژەوەندییە ئابوورییەکاندا. بەڵام لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا، هێشتا لە دەمارگیریی ئایینیدان؛ ڕۆژانە شەڕەقۆچی ئایین و مەزهەبەکان بەردەوامە. ئەگەر بەپێی ئامارەکان ورد ببینەوە، کوژراوانی شەڕی مەزهەبی و ئایینی ژمارەیان لە شەڕە گشتییەکان کەمتر نەبووە.
ئەگەر لە شەڕەکانی خاچپەرستان گەڕێین، شەڕی ناو مەزهەبە ئیسلامییەکان قوربانییەکانی لە هیچ شەڕێکی خوێناوی کەمتر نین. بەڵام ئەوە حاشاهەڵنەگرە کە ئایینەکان ئەو مەرجەیان تێدایە کە بتوانن کۆمەڵگەی بەشەری ڕێک بخەن، هەرچەندە بەم شێوەیە کەم هەڵکەوتووە ئەو سیستمە بەکار بهێنرێت.
ئەمڕۆ ناسراوترین ئایینەکان بریتین لە: (ئیسلام، مەسیحیەت، بودایی، یەهوودی، کۆنفۆشیۆس). خەڵکی سەر زەوی باوەڕیان بەو ئایینانە پتەوە، بەڵام پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی میللەتان جۆرێکە کە جگە لە ئایین، زۆر بواری تری زانستی خۆیان سەپاندووە. دوور مەڕۆ، لە ئاشپەزخانەی ماڵەکەی خۆت ورد بەرەوە؛ کارگەیەکی بچووکە و زۆر ئامێری تێدایە وەک: سەلاجە، فریزەر، ئاومیوەگر، تەباخی چێشتلێنان و زۆر ئامێری کارەبایی تر. لە کاتێکدا سەد ساڵ لەمەوبەر هیچ کام لەو ئامێرانە لای مرۆڤ ناسراو نەبوون. دڵنیا بە لە سەد ساڵی داهاتوودا ئامێر و دەزگای وا دێنە کایەوە کە ئێستا بە خەیاڵی مرۆڤدا نایەن. دەمەوێت بڵێم: ئەقڵ و نیازەکانی مرۆڤ دەروازەیەکی کراوەیە؛ دەتوانێت بەپێی نیازی سەردەمەکەی، پێویستییەکانی دابین بکات. چونکە دنیای زانست و مەعریفە جیهانێکی بەربڵاوە و مرۆڤی داهاتووش لە ئێمە هۆشیارتر و لێزانتر دەبێت.
ئەم باسەم تەرخان کردبوو بۆ ئەوەی بڵێم “مرۆڤ بێ خودا نەبووە”، بەڵام خودای تاق و تەنها لە دواییدا ناسراوە، واتە دوای بیروبۆچوونی فرەخودایی. سەرەنجام ناسینی خودای تاکوتەرا لە ئایینە ئاسمانییەکاندا (یەهوودیەت، مەسیحیەت و ئیسلام) چەسپا. لە نێوان ئەم ئایینانەشدا مەزهەبی جۆراوجۆر هاتنە کایەوە. بۆ نموونە لە ئایینی مەسیحیەتدا، لە سەدەی شانزەهەم و حەڤدەهەمدا، شەڕێکی خوێناوی لە نێوان کاسۆلیک و پرۆتێستانتەکاندا ڕووی دا و هەزاران کەسیان لە یەکدی کوشت. ساڵی ١٥٧٢ز، کاسۆلیکە فەرەنسییەکان پەلاماری پرۆتێستانتەکانیان دا و کوشتارێکی بێسنوریان لێ کردن کە بە شەڕی (سانت بارتۆلۆمیۆ) ناسراوە. لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا نزیکەی ١٠,٠٠٠ (دە هەزار) کەسیان کوشت. کاتێک پاپا ئەو هەواڵەی پێگەیشت، لە خۆشیدا خەریک بوو گەشکە بکات و فەرمانی بە هونەرمەند (جۆرجۆ ڤازاری) کرد تا یەکێک لە دیوارەکانی ڤاتیکان بە دیمەنی ئەو کوشتارە بڕازێنێتەوە. دەمەوێت بڵێم لەو ٢٤ کاتژمێرەدا هێندە مەسیحی لەلایەن مەسیحییەوە کوژرا، لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕۆمانیی پێش مەسیحیەت ئەوەندە مەسیحی نەکوژرابوون.
لەلایەکی تریشەوە، هەر لەناو موسڵماناندا، کاتێک سەفەوییەکانی ئێران بە زەبری شمشێر هێندە موسڵمانی غەیرەشیعەیان کوشت کە لە ژمارە نایەن، تا توانییان زۆربەی ئێرانییەکان بکەنە پەیڕەوی مەزهەبی تەشەیوع. ئەمە ڕاستییەکی مێژووییە.
ساڵی (١٣٥٠ پ.ز) لە سەردەمی دەسەڵاتی فیرعەونەکانی میسردا، (ئەخناتۆن) فیرعەونی ئەوکات گەیشتە ئەو باوەڕەی کە خوای (ئاتۆن) تەنها خالقی تەواوی جیهانە، یەکتاپەرستی کرا بە ئایینی فەرمیی میسر. بەڵام دوای مردنی ئەخناتۆن، دووبارە بیروڕای فرەخودایی گەڕایەوە بۆ میسر.
کەواتە ١٤٠٠ ساڵ پێش زایین، دەسەڵاتێکی گەورەی وەک فیرعەونەکان، باوەڕیان بە وەحدانیەتی پەروەردگار هەبووە و ئەو فکر و بۆچوونە لە گەلێک لایەنەوە لە ئایینە ئاسمانییەکانی وەک (یەهوودیەت، مەسیحیەت و ئیسلام) نێزیک بووە.

