رۆژنامەی ھەولێر

بەتاوانناساندنی جینۆساید لە عێراق

د. خالیدە خەلیل
دادپەروەری، بنەمایەکی ئەخلاقی و سیاسییە بۆ بوونی دەوڵەت؛ بێ ئەو، دەسەڵات مانای خۆی لەدەست دەدات و یاسا دەبێتە ئامرازێکی ڕواڵەتی کە توانای پاراستنی کۆمەڵگەی نییە. کاتێک ژیانی مرۆڤ بە بەکۆمەڵ پێشێل دەکرێت، لە ڕێگەی کوشتنی سیستماتیک، کۆچی زۆرەملێ، کەنیزەکردنی ژنان و هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان، ئینجا دادپەروەری بۆ قوربانیان دەبێتە ئەرکێکی ئەخلاقی کە پێش هەر ڕەچاوکردنێکی سیاسی، یان یاسایی دەکەوێت. چونکە ئەو دەوڵەتەی دەستەوستان بێت لە چارەسەرکردنی برینەکانی کۆمەڵگەکەی، متمانەی خۆی لەدەست دەدات و ڕێگە بۆ پشێوی یان تۆڵەسەندنەوە خۆش دەکات.
داعش تاوانی گەورەی ئەنجامدا، کە خۆی لە کوشتنی سیستماتیک، دەستدرێژیی ڕێکخراو، ڕفاندنی منداڵان و گواستنەوەی زۆرەملێیان، وێرانکردنی پێکهاتە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی گروپە دیاریکراوەکاندا دەبینییەوە. بەپێی پێوەرەکانی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی و یاسای سزای نێودەوڵەتی، ئەم کردارانە بە ڕوونی تاوانی “جینۆساید” و “تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی”ن، چونکە بوونی مرۆیی گروپەکان، کولتوور، یادەوەری و مافی مانەوەیان کردبووە ئامانج.
مەترسیدارترین کێشە لە “بۆشایی یاسایی” ناو سیستەمی یاسایی عێراقدا دەردەکەوێت؛ چونکە یاسای عێراق، بەتایبەتی یاسای سزاکانی ئێستا، تا ئەمڕۆش دەقێکی ڕوون و کارای تێدا نییە کە ڕێگە بدات تاوانەکانی ڕێکخراوی داعش وەک “تاوانی جینۆساید” بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دادگایی بکرێن. ئەمە لە کاتێکدایە کە عێراق پابەندیی نێودەوڵەتی هەیە و ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی تاوانی جینۆسایدی ساڵی ١٩٤٨ی پەسەند کردووە و لە ساڵی ١٩٥٩دا چووەتە ناو ئەو ڕێککەوتننامەیە، ئەمەش ئەرکێکی یاسایی و کردەیی دەخاتە سەر شانی دەوڵەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم تاوانانە.
سەرەڕای ئەوەی دانپێدانانێکی یاسایی هەیە کە ئەوەی داعش دژ بە ئێزیدییەکان ئەنجامی داوە لە ئاستی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە (بەپێی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠٢١، بەتایبەتی ماددەی ٧)، بەڵام تەحەددییە بنەڕەتییەکە لە نەبوونی یاسایەکی سزادانی نیشتمانیی گشتگیر و ئامرازی ئیجرائی کاریگەردا دەبینرێتەوە، کە بتوانێت وەسفی ئەم تاوانانە بکات و بەپێی بنەماکانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان دادگاییان بکات، ئەمەش وەک کۆسپێکی یاسایی جەوهەری ماوەتەوە. هەروەها جێی ئاماژەیە کە دەستەواژەی “جینۆساید” لە یاسای دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقدا (ماددەی ١١) هاتووە، بەڵام مەودای جێبەجێکردنی تەنیا بۆ ئەو دادگا تایبەتەیە و نابێتە چوارچێوەیەکی یاسایی گشتی بۆ دادگاییکردنی تاوانەکانی داعش لە ئێستادا. بەم پێیە، تەنیا هەبوونی ئەو دەستەواژەیە لەناو یاسایەکدا، جێگەی پێویستیی دەرکردنی یاسایەکی نیشتمانیی گشتگیر و تۆکمە ناگرێتەوە.
ئەو تاوانەی بە ناوی یاسایی ڕاستەقینەی خۆیەوە ناونەنرێت، بە تاوانێکی “کەم-دانپێدانراو” دەمێنێتەوە و ئەگەری بەسیاسیکردن یان سڕینەوەی دامەزراوەیی لەسەرە. یاسا تەنیا ئەرکی سەپاندنی سزا نییە، بەڵکو ئەرکی تری بریتین لە چەسپاندنی وەسفی یاسایی بۆ ڕووداوە گەورەکان و دیاریکردنی بەرپرسیارێتیی تاوانکاری بە شێوەیەک کە لێکدانەوەی جیاواز و بژاردەیی هەڵنەگرێت. کاتێک وەسفی “جینۆساید” ئامادەیی نەبێت، دانپێدانانی یاسایی بەو “نییەتە تاوانکارییە”ش ون دەبێت کە ئامانجی قڕکردنی گروپێکی مرۆییە، بەمەش ئازارە بەکۆمەڵەکە لە پڕۆسە سزاییەکاندا کورت دەکرێتەوە و ناتوانێت سروشتی ڕاستەقینەی تاوانەکە نیشان بدات. نابێت لەگەڵ ئەم تاوانانەدا بە لۆژیکی “بەسەرچوونی کات” یان فەرامۆشکردن مامەڵە بکرێت، بەڵکو دەبێت بە لۆژیکی بەدۆکیومێنتکردن و ڕاوەدوونانی بەردەوام بێت. دادپەروەری پابەندییەکی ئەخلاقی و یاساییە و تا ئەو کاتەی ستەم مابێت ئەویش بەردەوام دەبێت، دواخستنی دادپەروەریش تەنیا ئازارەکان قووڵتر دەکات و متمانەی کۆمەڵگە بە یاسا لاواز دەکات.
سەرەڕای هەوڵە جیدییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەت بە داعش، ئەم هەوڵانە تووشی کۆسپی دەستووری بوون، لەوانە ڕەتکردنەوەی پێشنیازەکە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە. تا ئێستاش پەرلەمانی عێراق دانپێدانانێکی یاسایی ڕاشکاو یان ڕێنماییەکی ڕوونی بۆ دەسەڵاتی دادوەری دەرنەکردووە تاوەکو ڕێڕەوێکی ناوازە بگرنە بەر کە لەگەڵ قەبارەی تاوانەکاندا بگونجێت.
دواخستنی دادپەروەری بە واتای بێلایەنی نایەت، بەڵکو بۆشاییەکی مەترسیدار لە هۆشیاریی گشتیدا دروست دەکات. کاتێک قوربانیان هەست دەکەن ئازارەکانیان پشتگوێ خراوە، متمانە بە دامەزراوەکان دادەخورێت. ئەزموونی وڵاتانی دیکە وەک ئەفریقای باشوور (لیژنەی ڕاستییەکان و ئاشتەوایی)، ڕواندا (سیستمی دادگای فرەئاست)، وڵاتانی ئەمریکای لاتین و بۆسنە و هەرزەگۆڤین، نیشانی دەدەن کە دانپێدانان، بەدۆکیومێنتکردن و پاڵپشتیی دەروونی و کۆمەڵایەتی مەرجی بنەڕەتین بۆ سارێژبوونی برینی کۆمەڵگەکان.
تا ئەمڕۆ، ئەم وانانە نەگۆڕدراون بۆ ئیرادەیەکی یاسادانانی تەواو لە ناو عێراقدا. دانپێدانانی دەوڵەت بە جینۆساید و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان هێشتا پڕۆسەیەکی ناتەواوە. “یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی” هەنگاوێکی گرنگە لە دادپەروەریی گواستنەوەدا، بەڵام بە تەنیا بەس نییە. دادپەروەریی ڕاستەقینە بە تەنیا بە یاسا نابێت، بەڵکو بە کاراکردنیان و لێپرسینەوە لە هەموو ئەوانە دەبێت کە دەستیان لە تاوانەکاندا هەبووە، بەبێ هەڵاوێردن.
دادپەروەری ڕابردوو ناگێڕێتەوە، بەڵام گەرەنتییە بۆ دووبارە نەبوونەوەی تاوان. عێراق ئەمڕۆ لەبەردەم بژاردەیەکی یەکلاکەرەوەدایە: یان ئەوەتا دان بە “جینۆساید”دا بنێت وەک وەسف و وەک یاسادانان و بناغەی دادپەروەرییەکی گشتگیر دابڕێژێت، یان ئەوەتا برینەکە بە کراوەیی بەجێ بهێڵێت، کە ئەمەش مەترسیی بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی و داڕمانی سەروەریی یاسای لێ دەکەوێتەوە.