خدر ئیبراهیم خدر قەڵادزێ
هەرچەندە سرووشت و خوو و خدەی مرۆڤەکان چوونیەک نیە و لەڕووی بایۆلۆژی و بونیادییەوە بە ئاستی جیا جیا لەیەکتری جیاوازن. ئەمەش وا دەکات گفتار و ڕەفتاریان ڕەنگدانەوەی ئەوەبێت کە لەڕووی بایۆلۆژی و بونیادییەوە لەسەری خولقاون. بەڵام جارهەیە هۆکارگەلێکی دیش هەن ڕۆڵ لەو گفتار و ڕەفتارەدا دەبینن کە لەلای مرۆڤ بوونی هەیە و لەلایەن ئەوانی ترەوە پێیدەناسرێتەوە.
ژینگەی کۆمەڵایەتی و ئەنجامدانی کار و چالاکی و بارگاویبوون بەو پێدراوانەی لەگەڵ تێپەڕینی تەمەندا مرۆڤ درکیان پێدەکات لەنموونەی ( هەژاری و نەداری، ترس و دڵەڕاوکێ، نەخۆشی درێژخایەن، باوەڕبەخۆنەبوون، هەستکردن بە هەبوونی خەوشی جەستەیی یاخود دەروونی، پاشخانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی خێزان )، بەشێکن لەو هۆکارگەلانەی دی کە هەژموون بەسەر مرۆڤەوە دەکەن و سەقامگیری دەروونی و ئارامی ژیانی لێ دەشێوێنن.
بێگومان ئەگەر ئەمانە بەدیوە ئەرێنییەکەیدا کاریگەری لەسەر مرۆڤ دابنێن و وابکەن گفتار و ڕەفتاری بارگاوی بێت پێیان و بەسەر پانتایی ژیانی واقیعی ئەوەوە ڕەنگدانەوەیان هەبێت، ئەوە پێچەوانەکەشی ڕاستە و نەبوونی ئەو چەشنە پێدراوانە لەلای مرۆڤ یاخود هەبوونی دژەکانیان لەلای وی، وادەکات گفتارو ڕەفتارێکی ئەرێنی ناوازە پیادە بکات و لە ژینگەی کۆمەڵایەتی و پیشەییدا پێی بناسرێتەوە.
*
ئەگەر ئەو قسانەی سەرەوە بۆ کۆی مرۆڤەکان ڕاستبن لە ژیانی دونیاییدا، ئەوە بێگومان بۆ توێژی قوتابیانیش ڕاست دەردەچن و خۆ لێ لادانیان ئەستەم دەبێت، بەتایبەتی لە هەردوو قۆناغی ئامادەیی و زانکۆدا کە تیایاندا خوێندکار لەڕووی تەمەنی فیزیکیەوە هەڵکشانی بەخۆیەوە بینیوە و لە ڕووی درککردن و پەیبردن بە چییەتی خۆیی و دەوروبەریشی، توانستێکی زۆرتر لەناخی خۆیدا شک دەبات.
یەکێک لەو خەسڵەتە بەرچاوانەی لەلای هەندێک لە قوتابیان لە ناوەندەکانی خوێندندا دەبینرێت و بەهۆیەوە لە زۆرینەی ئەوانی تری جیادەکرێنەوە، بریتییە لەهەڵبژاردن و پیادەکردنی خەسڵەتی داخراوی بەتایبەت لەڕووی ڕایەڵەی کۆمەڵایەتییەوە لەگەڵ ئەوانی دیدا کە بێگومان ئەوەندەی بەدیوێکی نەرێنیدا هەژموونی بەسەردا دەکات، پێچەوانەکەی لێ نابینرێت. ئەمەش لەیەککاتدا لە دووانەی گفتار و ڕەفتاری ئەودا ڕەنگدەداتەوە و ناچاری دەکات هەم کەمدوو و کڕ و بێدەنگ بێت، هەم جوولە و بزاوتی ڕۆژانەی سنووردار و بەرتەسک بێت.
هەرچەندە هەڵبژاردن و پیادەکردنی خەسڵەتێکی لەو جۆرە لەلای قوتابی، لەلایەکەوە پەیوەستە بە پاشخانی بونیادی و پێکهاتەی فیسیۆلۆژی وییەوە، کە ڕەهەندێکی ناوەکی هەیە و ناتوانین بە ئاسانی سەری لێدەربکەین. مەگەر ئەوەی بۆ موودەتێکی زەمەنی دیاریکراو لە نزیکەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین، یاخود لەڕووی پشکنینی پزیشکییەوە پەی پێببەین. بەڵام لەلایەکی ترەوە پەیوەستە بە دوو هۆکاری تریشەوە کە دەکرێت ناویان بنێین خودی و بابەتی و ڕەهەندێکی بینراو یاخود نیمچە بینراویان هەیە و بەنۆبەی خۆیان کاریگەری و هەژموونێکی زۆر لەسەر قوتابی دادەنێن و ناچاری دەکەن بەرەو داخراوی بچێت و ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش زیاتر پیادەی بکات. هەر یەکێک ئەو دوو هۆکارەش دابەشدەبن بەسەر چەندین پێدراوی دیدا کە وەک جەبرێک وا لە قوتابی دەکەن گفتار و ڕەفتاری بەرەو داخراوی ببات و خۆی لەو هەستی کۆمەڵایەتیبوونە بەدوور بگرێت کە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی کۆمەلایەتی پێیدەناسرێتەوە و زۆرینە بە ئاست و شێوەی جیا جیا مومارەسەی دەکات.
لەلای خۆمەوە دەتوانم ئەو دوو هۆکارە بەو جۆرە پۆلێن بکەم:
یەکەمیان بریتییە هۆکارە خودییەکان کە پەیوەستە بە هەبوونی چەند خەوش و کەموکووڕییەک لەلای قوتابییەکە، وەک کەموکووڕی لە ڕۆیشتندا، زمان گرتن یاخود تەتەڵەکردنی زمان، کورتە باڵایی، لەدەستدانی یەکێک لە چاوەکان، ڕەنگ و ڕووی ناحەز، ناتەواویی لە دەم و لووت، نائاساییبوونی پێکهاتەی پەنجەکانی دەست..
دووەمیشیان بریتییە لە هۆکارە بابەتییەکان کە پەیوەستە بە نەبوون یاخود خراپی دابینکردنی بەشێک لەو پێداویستییانەی لەڕووی ڕووحی و مەعنەوی و ژیارییەوە بۆ مرۆڤ گرنگن و لە ڕیزبەندیشدا ئەولەویەتیان هەیە، وەک لەدەستانی باوک یاخود دایک. جیابوونەوەی دایک و باوک لە یەکتری، هەژاری و نەداری، گۆڕانی ژینگەی کۆمەڵایەتی…
*
هەرچەندە مەرج نییە بەڕەهایی ئەو دوو هۆکارە وابکەن مرۆڤەکان بە گشتی و قوتابییان بە تایبەتی خۆیان لە ئەوانی دی تەریک بکەن و جۆرێک لە خەسڵەتی داخراوی پیادەبکەن، بەڵام بە سەرنجان لە سەرخانی کۆمەڵگە و ناوەندە پەروەردەیی و فێرکارییەکان، دەکرێت بڵیم کە لە زۆرینەی دۆخەکاندا ئەم هۆکارانە کاریگەری نەرێنی خۆیان درووستکردووە و زیانیان بە دۆخی دەروونی و مەعنەوی و کەسێتی ئەوانە گەیاندووە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەو هۆکارانە بەسەر جەستەیانەوە، یاخود بەسەر هەستەکانیانەوە، یاخود بەسەر ژیانی واقیعیانەوە هەژموونێکی تاقەتپڕوکێنی درووستکردووە.
بۆ ئەوەی بتوانین ئەو قوتابییە دەستنیشانبکەین کە لە دۆخێکی داخراو و تەریککەوتوودایە، نیازمان بەوەیە بۆ ماوەیەک سەرنج لەو هەڵوێست و بڕیار و ڕەفتارانە بدەین کە خوێندکارێکی لەو جۆرە لە کەسێتی خۆیدا لە بەرجەستەی دەکات. لەمەوە دەتوانین بەزوویی بەتەنگییەوە بچین و لەپێناو چارەسەرکردنیدا هەنگاوی پێویست بگرینەبەر. لە نموونەی ئەو هەڵوێست و بڕیار و ڕەفتارانەش کە خوێندکارێکی لەو جۆرە لە واقیعی بەرجەستەدا دەینوێنێت، ئەمانەی خوارەوەن:
– زۆرتر مانەوەی لە پۆل و نەچوونە گۆرەپانی خوێندگا و فەزای گشتی لەکاتی پشووەکاندا.
– سنووردارێتی ڕایەڵە و پەیوەندی هاوڕێیەتی ئەو لەگەڵ هاوپۆلەکانی و قوتابییەکانی تری ئەو ناوەندە پەروەردەیی و فێرکارییەی تیایدا دەخوێنێت.
– بەشدارینەکردنی لە چالاکی و بزاوتە زانستی و هونەری و ڕۆشنبیری و وەرزشییەکانی قوتابخانەدا.
– خۆدوورگرتنی لە بەشداری ڕاستەوخۆ لە گەشتە زانستی و بەهارییەکاندا، یاخود سەردانیکردنی هاوپۆلەکانی لەماڵەوە لەگەل ئەوانی تردا لەکاتی خۆشی و ناخۆشیدا.
– قەتیسکردنی قسە و گفتارەکانی لە پۆلدا لەچوارچێوەی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی مامۆستای وانە ئاراستەی دەکات و پەیوەستن بە پڕۆگرامی خوێندنەوە.
– هاتنی بۆ قوتابخانە و گەڕانەوەی بۆ ماڵ بەشێوەیەکی ورد و دیسپلینکراو و لانەدان لەو پرەنسییە بە درێژایی وەرزەکانی خوێندن.
– پیادەکردنی جۆرێک لە تەنهایی لە هاتن و ڕۆیشتن و مامەڵەی ڕۆژانەیدا کە بەتەواوی پێچەوانەیە لەگەڵ سرووشتی هاوتەمەنەکانی خۆیدا لەو قۆناغی تەمەنەدا کە پڕیەتی لە جموجۆڵ و قسەکردن و یەکتر ناسین و هەتاکو دوایی…
– خۆدوورگرتن لە سەردانی ژووری ئیدارە و وەستان لەگەڵ مامۆستایان لەناو هۆڵی قوتابخانەدا بۆ کار و پرسیاری تایبەت، لەکاتێکدا لەلای زۆرینەی قوتابییەکانی دی فۆرمێکی نۆرماڵ و ئاسایی وەرگرتووە.
– دەرکەوتنی نیشانەکانی دڵتەنگی و ڕەشبینی لەسەر رووخساری و هەندێکجاریش بینینی فرمێسک کە لەچاوەکانی دێتەخوارەوە.
– دەرنەکەوتنی خەندە و پێکەنینی ئاسایی و نۆرمال لەلای بەر بەراورد بە هاوپۆلەکانی لە پێشهاتە خۆش و شادیهینەکاندا، ئایا لە چوارچێوەی پۆلی خوێندندا بێت، یان لە دەرەوەی ئەوەدا بێت.
*
بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە زۆربەیجار ئەو کێشە و گرفت و ڕەنج و ئازارانەی دووچاری مرۆڤ دێن، چارەسەریان لە ناخی خۆیاندا هەڵگرتووە، دەتوانین بگەین بە جۆرێک لە گەشبینی کە لێیەوە بتوانین لەرێگەی ڕووانین لە دیوی ناوەوەی ئەو کێشە و گرفت و ڕەنج و ئازارانە و قووڵبوونەوەی چلۆنایەتی لە پاشخانەکانیان و تێگەیاندنی کەسانی گیرۆدە لەچییەتییەکەی، ڕێگە بۆ وەلانانیان خۆشبکەین و لەئەلتەرناتیڤی ئەوەدا پێچەوانەکەی لەلایان دەستەبەربکەین کە لە دابینبوونی هەستی دڵارامی و ئاسوودەیی دەروونی و ئیرادە و باوەڕبەخۆبوون و سەقامگیری کەسێتی مەعنەویدا خۆی دەبینێتەوە.
کاتێک خودا ڕێنوێنی دەبەخشێتە مرۆڤە باوەڕدارەکان کە حەرەکەت لەخۆیان نیشانبدەن، تاکو ئەویش بەخشش و بەرەکەتی خۆی بەسەریاندا بڕژێنێت، تەنها واتای ئەوە ناگەیەنێت کە لەبواری کار و کاسبی و بەدەستهینانی ڕزق و ڕۆزیدا بجووڵێن و خۆیان ماندوو بکەن، تاکو نانێکی حەڵاڵ بۆ سەر سفرەی خۆیان و بنەماڵەکانیان دەستەبەر بکەن. بەڵکو واتایەکی گشتگیرتری هەیە و ئیحای ئەوە بە هەمووان دەدات کە هەر بزاوت و جووڵە و کۆششێک بە دیوە ئەرێنی و خوازراوەکەیدا لەلایەن مرۆڤەوە ئەنجام بدرێت، لە پشتگیری و کۆمەکی ئەو بەرخوردار دەبێت و هەرگیزیش پشتگوێی ناخات.
*
لەڕووانگەی منەوە، باشترین و کاراترین رێگە چارەسەرییەکانی قوتابی داخراو و لاتەریک، لەو هەنگاوانەی خوارەوەدا بەرجەستە دەبێت:
– بەدواداچوونکردن بۆ پاشخانی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی قوتابی گیرۆدەبوو.
– پیادەکردنی مامەڵەیەکی نەرمونیان و میهرەبانانە لەگەڵیدا لەناو فەزای قوتابخانە و ماڵدا.
– بانگکردنی کەسانی نزیک بەتایبەت کەسە یەکەمەکانی ناو بنەماڵەکەی لەلایەن دەستەی کارگێرییەوە بۆ تێگەیشتنی چلۆنایەتی لە دۆخی دەروونی و جەستەیی خوێندکارەکە لە ژیانی ئاساییدا.
– هەبوونی پشوودرێژی لەلایەن مامۆستاکان و سەرکۆنەنەکردنی لە پۆلدا لەکاتی بەشدارینەکردنی بەشێوەیەکی چالاکانە لە پرسیار و وەڵامەکانی تایبەت بە پرۆگرامەکانی خوێندندا.
– هەوڵدان بۆ دوواندنی قوتابییەکە بە شێوازێکی زانستی و پەروەردەیی بۆ پەیبردن بەو هۆکارە نەزانراوانەی لەپشت پیادەکردنی خەسڵەتێکی لەو شێوەیەن لەلای وی.
– تێگەیاندنی خوێدکاری گیرۆدەبوو لەو ڕاستییەی کە وەک مرۆڤێکی باوەڕدار و سەرڕاست، هەمیشە خودا هاوکار و پستیوانییەتی لەو کارە باشانەدا کە لە ژیانی خۆیدا لەئەستۆیان دەگرێت و هیچکاتێک پشتگوێی ناخات.
– بەڕێگەیەکی لۆژیکی و پەروەردەیی کار بۆ ئەوە بکرێت لە کاتی پشووەکاندا بە تەنها لە پۆلدا نەمێنێتەوە، بەتایبەتی لەڕێگەی مامۆستای ڕابەر و چاودێری پۆلەوە.
– بەشداری پێکردنی قوتابی گیرۆدەبوو لە هەندێک کاری تایبەتدا کە ڕایەلەی بە وانەکانەوە هەیە، وەک ئامادەکردنی بڵاوکراوەی دیواری تایبەت بە بابەتێکی ناو پڕۆگرام، یاخود ڕاسپاردنی بۆ گەیاندنی داوا و خواستێکی ئیدارە بە هاوپۆلەکانی.
– ئاشناکردنی بەو کتێب و کورتە ڤیدیۆیانەی لەڕووی گەشەپێدانی مرۆڤییەوە کار لەسەر ڕوونکردنەوەی چییەتی ژیان و دووبارە بیناکردنەوەی کەسێتی مرۆڤ و سەقامگیری دەروونی دەکەن و هاندانی بۆ خوێندەوەیان و سەیرکردنیان لەکاتی دەستبەتاڵیدا.
– تێگەیاندنی لەو ڕاستییەی کە ئەو وەک مرۆڤێک هەمیشە لە زۆرینەی ئەوانی دی باشترە و لە کەمینەیان خراپترە. ئەمەش زۆرینەی پێدراوەکانی ناو ژیانی دەگرێتەوە، بۆیە پێویستە بە بایەخەوە ئەو بەخشش و نیعمەتانە لەبەرچاو بگرێت کە لەژیاندا خودا پێیبەخشیون و شانازیان پێوەبکات.
– هەنگاونان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکەی لەڕێگەی دابینکردنی سەرچاوەی ماددی ئەگەر پەیوەندی هەبوو بەو لایەنەوە، یاخود یاخود بردنی بۆ لای پزیشکی تایبەتمەند بە هەماهەنگی لەگەڵ کەسوکارەکەیدا، ئەگەر نیازی بە چارەسەری پزیشکی هەبوو.
– بایەخپێدانی زیاتری لەلایەن مامۆستایانەوە و لەبەرچاوگرتنی بارودۆخە تایبەتییەکەی، بە مەرجێک لەلایەک نەچێتە قاڵبی بەزەیی پێدهاتنەوە و بە کەم سەیرکردنی، لەلایەکی تریشەوە جیاوازی لەنێوان قوتابییەکاندا درووست نەکات و نەبێتە هۆکارێک بۆ ئێرەییپێبردنی لەلایەن هاوپۆلەکانییەوە.
*
کاتێک هەوڵ و کۆششەکان پشت ئەستووربن بە نییەت و دڵسۆزی و خەمخۆرییەکی ڕاستەقینەوە، بەدڵنیاییەوە بەرەنجامەکانیش ئومێدبەخش دەبن. بەوپێیە، هەر هەوڵ و کۆششێک لەلایەن دەستەی کارگێری و مامۆستا بە ئەزموون و دڵسۆزەکانەوە لەو بوارەدا بدرێت و پشتئەستوور بێت بە ئیمان و نییەت و خەمخۆرییەکی ڕاستەقینەوە، بێ بەرهەم نابێت و لەسوودی قوتابی و قوتابخانە و کەسوکارەکەیدا دەبێت.

