رۆژنامەی ھەولێر

مشتێک هەناسەی ســــــــــــــــارد و گەرم

کاوەی شێخ سەلام

دیوانەشیعری برای خۆشەویستم کاک (ڕزگار ئەژی گۆران)م خوێندەوە، پێم باش بوو بە مەبەستی زیاتر ئاشناکردنی خوێنەرانی ئازیز ناسین و شیکارێکی وێژەییی بۆ بکەم.
ئەم دیوانە (١٨٩) دەقی شیعری لەخۆ گرتووە کە (١٧٧) یان بە فۆرمی سەربەست نوسراون, (٧) دەقیان بە فۆرمی کلاسیک نوسراون و (٥) دەقیان ئەتوانین ناوی لێبنێن (شیعرە پەخشان) چونکە شارەزایان یان ڕوونتر بڵێم شاعیری نوێخوازی عەرەب (ئەدۆنیس) و لێکۆڵەری بەناوبانگی ڕووس (لۆتمان) پێیان وایە، ئەو دەقە درێژانەی شیعر بەسەریاندا زاڵە دەبن بە (شیعرەپەخشان) و ئەوانەش کە پەخشان بەسەریاندا زاڵ دەبن بە (پەخشانەشیعر)، نووسینی پەخشان بە ستایلی پەخشان و بە ستایلی شیعر هیچ لە جەوهەری دەق ناگۆڕێت، واتە ئەگەر پەخشانێک بە قاڵبی ستوونی بنووسین نابێتە شیعر و پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە، بەڵێ هیچکەس ماف بە خۆی نادات پێناسەی شیعر بکات بەڵام دەکرێت هەرکەسێک دیدی خۆی لەسەر شیعر بخاتە ڕوو تا کۆدەنگییەک دروست ببێت و لەم پاشاگەردانیەی لەم دەهەیەدا لە دنیای ئەدەبی ئێمەدا سەری هەڵداوە دەرباز ببین، بەڕای بەندە هەر دەقێک بتوانێ زەمەن ببڕێت دەمێنێتەوە و ئەوەی نەیتوانی لە دووتووێی کتێبەکاندا دەمێنێتەوە.
زۆربەی دەقەکانی ئەم دیوانە دەقی کراوەن و، بەتایبەتی لە پەخشانەشیعرەكاندا، ڕوونتر هەست بە مانا جیاوازەکان دەکرێت.
ڕەخنەگری ئیتاڵی (ئەمبرتۆ ئیکۆ) خاوەنی زاراوەی دەقی کراوەیە و لەناو عەرەبیشدا (د. رباب هاشم) ساڵی ١٩٥٨ بۆ یەکەم جار زاراوەی (دەقی کراوە و دەقی داخراو)ی بەکار هێناوە.
بەپێی ڕای ئەو بەڕێزانە دەقی داخراو ئەو دەقانەیە کەیەک مانایان هەیە و شیکاری هەڵناگرن و زیاتر (فۆرمی لیرک) یان دەقە گاڵتەئامێزەکان دەگرێتەوە و دەقی کراوە مەبەست لەو دەقانەیە کە زیاتر لە مانایەک هەڵدەگرن و ئاسان خۆیان نادەن بەدەستەوە.
ناونانی دەق بە داخراو یان کراوە کاری نووسەری شیعر نیە چونکە فۆرمێکی تایبەت نیە و لە ژانری شیعردا کلاسیک و سەربەست لەو زاراوانە بێبەری نین و خوێنەران و لێکۆڵەر و ڕەخنەگران ئەو تایبەتمەندیەی پێ دەبەخشن.
هەرچەند پێموایە ناونانەکە پێچەوانەیە دەبوو ناونانی (دەقی کراوە) بۆ ئەو دەقانەبێت کە یەک واتا هەڵدەگرن و کراونەتەوە و(دەقی داخراو) بکرایە بەنازناوی ئەودەقانەی پێویستیان بە کلیلە بۆ کردنەوە و بەچەند کلیلێکی جیاواز دەکرێنەوە چونکە مانای جیاواز لەخۆدەگرن، بەڵام تازە ئەوە تێپەڕیوە و لە دەستی ئێمەدا نەماوە و دەکرێت کۆڕی زانیاری کورد یان لە کۆنفراسێکی ئەدەبیدا پێناسەی نوێی بۆ بچەسپێندرێت.
بەپێی ئەوە بێت کە شاعیر بەرواری بۆ دەقەکان داناوە لە هەر دەهەیەکی ژیانیدا چەند شیعرێکی نووسیوە، کە ئەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کاک ڕزگار ژیانی بۆ شیعر تەرخان نەکردووە و کاتێک شیعر تینی بۆ هێناوە ئەوسا خستوویەتیە سەر ڕووپەڕ، بۆیە لە چاو تەمەنی نووسەردا شیعرەكان کەمن بەڵام جوان و سەرنجڕاکێشن.
دەتوانرێت ئەم کتێبە لە چواچێوەی ئەدەبی بەرگری و نیشتمانی پۆلین بکرێت، چونکە زۆربەی هەرە زۆری شیعرەكان ڕەخنەگرانە و دەچنە چوارچێوەی (ڕیالیزمی ڕەخنەیی)ـەوە و بۆ خەمی خاک و خەڵکی کوردستان نووسراون.

کە گرتیانم
چوار دیواریان بە هەرچوار لاما هەڵچنی
یەکێک لە شاخ
یەک لە ئاسن
یەکێک لە دار
ئەویتریشیان لە ئاگر
زۆر گەمژە بوون نەیانزانی
ئاسن دەکەم بە تفەنگ و
دار بە قۆنداخ
ئاگریش دەکەم بە بەیداخ
یاخی دەبم لە زیندان و
دەچمەوە شاخ
ئەم شیعرە سەرتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو نووسراوە و دەچێتە چوارچێوەی ئەدەبی بەرگریەوە؛ پێناسەی ڕۆژانێکمان بۆ دەکات کە شۆڕشگێران تاچەند خۆڕاگر بوون و زیندان و ستەم نەک نووچی پێ نەداون بەڵکو هانی داون توندتر بەگژ داگیرکاراندا بچنەوە و سەنگەری بەرگری هەڵبژێرن.
لەم کتێبەدا زۆربەی شیعرەكان سەر بە قوتابخانەی ڕیالیزمن، بۆ نموونە لە شیعری (برووسکەیەک بۆ ٣٤ ساڵەی دواکۆچی گۆرانی ئاشتیخواز)، شاعیر لەم دەقەدا دەردەدڵی خۆی بۆ (ڕەوان و مەزار)ی بابەگەورەی دەنێرێت و باسێکی دۆخی ئێستای بۆ دەکات و ڕەخنەی دۆخی سیاسی دەکات و بە خواستنی چەن دێڕێک لە خەیاڵی دەقێکی گۆران دەڵێت:

بابە گەورە!

ماوەیەک بوو
چاومان ڕوابوو
سەبرمان سوابوو
تا ئەو ڕۆژەی کە ڕاپەڕیین
ڕاپەڕیین و
بەڵام بێخمە و کورسی و گومرگ
هەرزوو لە یەکی دابڕیین
لە ڕووی نۆستالۆژیاوە ئەم دیوانە وەک زۆربەی ئەدەبی کوردی لە دەوری مێژوو دەسووڕێتەوە و تۆمارکردنی مێژوو بەشێکی زۆری ئەدەبی ئێمەی گرتووەتەوە کە ئەوەش بە خاڵێکی ئەرێنی دەژمێردرێ، ئەگەر خانی، مەموزینی تۆمار نەکردایە ڕەنگە ئێستا چیرۆکێکمان بەو ناوەوە نەبووایە و زۆربەی شاعیرانی ئێمە ڕۆڵی مێژوونووسیان بینیوە و مێژووی سەردەمی خۆیان بۆ تۆمار کردووین.
بە گشتی ئەم کتێبە لە ڕووی خاڵبەندیەوە باشە و لە خوێندنەوەدا هەست بە ماندوبوون ناکەی.
شیعرەكان بێ ئاواز نین و هارمۆنییەتێک لە ئاوازەکاندا هەیە و شاعیر پشتی بە سەروای دوور بەستووە، ئەم جۆرە لە شیعری سەربەست کە سەروای دووریان هەیە لەم کۆتاییەدا زۆرتر کاک شێرکۆ بێکەس و مامۆستا عەبدوڵا پەشێو بەکاریان هێناوە، بەڕای منیش شیعر نابێت دەستبەرداری سەروا ببێت، چونکە سەروا چێژێکی زیاتر بە دەقی شیعری دەبەخشێت وشیعری بێ سەروا لە ناو کورددا نەبووە بە باو چونکە زمانە شیرینەکەمان خۆی ئاوازدارە و ناکرێت شیعر ئاواز فەرامۆش بکات.
شیعرەپەخشانەکانی بێسەروا نووسیون و سەر بە میتافۆرن و ئازادیەکی زیاترلە شیعرەپەخشاندا هەیە و شاعیر سوودی لێ بینیوە.

لەم زەمەنەدا
کە ڕۆح ڕیشاڵ‌ڕیشاڵ ئەبێ و
هەر داوێکی بە مۆڕەیەک ئەئاڵۆسکێ
ڕۆح سەردارێکی زەلیلە
فریشتەیەکی دەستبەسەر
زیندانێکی بێ شریقەی قامچی
دیوارەکان
لە حەزی ئەهریمەنە چاوزەقەکان
هەڵچنراون

لە هەموو دەقەکاندا شاعیر لە بابەت دەرنەچووە و پابەندە بەیەک خەیاڵەوە و پچڕانی یەکێتیی دەقم نەکەوتە بەرچاو.
ئەگەر باسی سوودبینین لە خەیاڵ و وشەی دەقی شاعیرانی پێش خۆی (ئەدەبی بەراورد) بکەین، شاعیر وەک میراتگر، چەند دێڕێکی لە شیعری مامۆستا ئەژی باوکی و هەم مامۆستا گۆرانی بابەگەورەی هێناوەتەوە و هاوئاهەنگیی پێ کردوون لەگەڵ خەیاڵی خۆیدا و لە پەراوێزیشدا ئاماژەی پێ داون.

هەندێک دەقی سپی کە مەبەست لێی ئەو شیعرانەیە کە کێشیان هەیە و سەروایان نییە لەم کتێبەدا هەیە.

بۆ کوێ بڕۆم
لە دوو پایتەختی وێرانی شیعر
بۆ هەرشیعرێک
گومرگی دیوانێک ئەدەم
ئەوە من و پەپوولەی نایلۆن
ئەوە من و جگەرەی ستۆک و
ماچی فلم و جلی لەنگە
دەبێت ئەوەش بڵێم ئەگەر باس لە سایکۆلۆژیای نووسەر بکەین لە کۆی کتێبەکەدا بەر خۆپەسندی (نەرجسیەت) نەکەوتم چونکە وشەی (من) هەمووکات ئاماژە بۆ خۆپەسندی نیە، بۆ نموونە هەر لەم شیعرەی ئێستا خوێندمانەوە چەند جارێک وشەی (من) بەکار هاتووە بەڵام خۆی هەڵنەکێشاوە بەڵکوو بە پێچەوانەوە خۆی لە نەتەوەدا بەرجەستە کردووە و، ڕەخنەی وەک نەتەوە لە خۆی گرتووە.
ئەوەی لەم دیوانەدا من وەک هەڵەی زمان تێبینیم لەسەری هەبوو وشەی (ئاڵۆسکان)ـە کە لە چەند شوێنێکدا چەندبارە کراوەتەوە، مامۆستا عەبدولڕەحمان فەرهادی پێداچوونەوەی بەم دیوانەدا کردووە و شارەزای زمانە، بەڵام ڕەنگە بەهۆی جیاوازیی گۆڤەری سۆران و سلێمانی تێبینی ئەو وشەیەی نەکردبێت
پێم وایە ئاڵۆزکان بە (ز) دروستە نەک بە (س)، چونکە ڕەگی وشەکە (ئاڵۆز)ە نەک (ئاڵۆس).
نووسەر بە خەسڵەتی خۆی پیاوێکی شەیدای جوانی و خۆشەویستیە و ئاگادارم هەمووانی خۆشەوێ، بەڵام دیارە هەموو خۆشەویستیەکەی بەخشیوە بە نیشتمان و تەنیا لە خەیاڵێکدا گەڕاوەتەوە بۆ دابڕانێک کە بۆشاییەکی گەورەی لە ڕۆحیدا دروست کردووە و کاتی خۆی ئەوینەکەی بە نیشتمانەکەی شوبهاندووە و ئێستا خۆی بێ نیشتمان دەزانێت، بۆیە زۆر بە حەسرەتەوە دەنووسێت:

عیلم و عەولەمە خەیاڵن
دوا داهێنانی سەدەی نوێ
تەنیا باسی گێرانەوەی هەزاران سەدەی پێشووە
کە من تۆم تیا خۆش ویستووە
تۆش منت تیا جێ هێشتووە
نیشتمانم
ئێستا خاڵێکی تریش بۆ هەڵسەنگاندنی دەق زیادی کردووە ئەویش سایکۆلۆژیای خوێنەرە چونکە هەر خوێنەرێک بە جۆرێک لە دەق تێدەگات.
ڕاڤەکەری فەرەنسی (هیرش) جیاوازی دەکات لەنێوان واتا و مەبەستدا (مەغزا)دا ئەو پێی وایە مانا نەگۆڕە بەڵام کاکڵە (مەغزا) لە پێی تێگەیشتنی خوێنەر دەگۆڕێت.
شاعیر یان بەهۆی ئەوەی کە هەموو دەقەکانی بۆ نیشتمان نووسیوە یان بەمەبەست خۆی لە بەکارهێنانی وشە سواوەکان پاراستووە، مەبەست لەو وشانەیە کە زۆر زۆر لەلایەن زۆربەی شاعیرانەوە چەندبارە بوونەتەوە وەک گوڵ و پەپولە و بولبول و مانگ و هتد.
هیوادارم شاعیران ئەم دیوانە بخوێننەوە و چێژی لێ ببینن.