حەسەن حمد ئاندێکی
هەژمارنەكرانی بابەتی كوردی و بابەتی عەرەبیی پۆلی (12)ـی ئامادەیی بە بڕیارێكی وەزارەتی پەروەردە لە ساڵی2018وە چووە بواری جێبەجێكردن و، بۆ ماوەی هەشت ساڵ كاری پێ كرا؛ واتە ساڵی خوێندنی 2025/2024 ئاخر ساڵ بوو ئەو دوو بابەتە واتە (كوردی و عەرەبی) هەژمار نەكرێ لە پێشبڕكێی وەرگیران لە زانكۆكان؛ بەڵام بە بڕیاری وەزارەت ئەمساڵ هەژمار دەکرێت؛ هەر لەم روانگەوە بۆچوونی جیاواز دەخەینە روو.
د. بەدرخان سلێمان عەلی هەڵگری بروانامە دکتۆرا لە زمانی کوردی لە زانکۆی سەلاحەدین، دەڵێ: یەكێك لە گرفتەكانی سیستەمی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان سیستەمی خوێندن بە زمانی ئینگلیزی و خوێندن بە زمانی كوردییە هاوكات لە پرۆگرامی خوێندندا سێ زمان بە شێوەی یەكسان دەخوێندرێ كە ئەمە بۆتە بارگرانی بەسەر قوتابیانەوە؛ چونكە لە زۆربەی وڵاتاندا لە پرۆگرامی خوێندنیاندا، دوو زمان زیاتریان نییە؛ لە هەمووی كێشەتر زمانی عەرەبییە چونكە ئەم زمانە هیچ بابەتێكی پێ ناخوێنرێ و نە زمانی زگماكی قوتابیانی كوردە بە شێوەیەكی گشتی، هەرچی زمانی كوردی و ئینگلیزییە لە قوتابخانە كوردییەكان زمانی خوێندن بە زمانی كوردییە بۆیە بۆ ئەم جۆرە قوتابخانانە ئاساییە كە زمانی كوردیش بەشێك بێ لە وانە داواكراوەكانی پۆلی دوازدە چونكە قوتابی بەم زمانە دەخوێنێ، هەروەها سەبارەت بە سیستەمی ئینگلیزیش لەبەرئەوەی زۆرینەی وانەكانی بەزمانی ئینگلیزییە بۆیە ئاسایییە بۆ ئەوانیش وانەی ئینگلیزی بەشێك بێ لەوانە داواكراوەكانی پۆلی دوازدە، بەڵام كێشەكە لە زمانی عەرەبیدایە، كە لە هیچکام لەم دوو سیستەمە جگە لە وانەی عەرەبی هیچ وانەیەكی دیكە بە زمانی عەرەبی نییە، هەروەها زمانی دایك و زگماكی قوتابیانیش نییە، بۆیە ئاستەنگێكی گەورە دەنێتەوە بۆ قوتابیان لە دەرچوون و بەدەستهێنانی نمرەی بەرز و، بۆتە بارگرانییەكی گەورە بەسەر شانیانەوە، جێگای باسە زمانی عەرەبی هیچ ئیزافەیەك ناخاتە سەر مەعریفەی قوتابی لە كاتێكدا ئەو هەموو زمانە زیندووە لە جیهاندا هەیە عەرەب خۆیان دەستبەرداری بوون دەكرێ هەندێ بەشی زانستی پێویستی بە زمانی عەرەبی هەبێت، ئەمە شتێكی ئاساییە بەڵام بەشە زانستییەكانی ئەندازیاری و پزیشكی پێویستییان پێی نییە و بگرە كاریگەریی نەرێنییش لە پێشكەوتنییان دەكات، هاوكات لەهیچ وڵاتێكدا سێ زمان تاقیكردنەوەیان لێ ناكرێت، بۆیە لە چوارچێوەی ئەم ریپۆرتاژەدا ڕای قوتابیان و دایبابی قوتابیان و پسپۆڕانی زمانمان وەرگرتووە بۆ گوزارشتكردنیان لەسەر مانەوەی وانەی عەرەبی وەك وانەیەكی داواكراو بۆ تاقیكردنەوەی نیشتمانی و ئەژماركردنی نمرەی ئەم وانەیە بۆ كێبڕكێكردن لە وەرگیرانیان لە زانكۆ و بەشە زانستییەكان بەتایبەتیش لەبەشە زانستییە پزیشكی و ئەندازارییەكان كە وەك لە سەرەوە ئاماژەمان پێی دا نمرەی بەرز لە وانەی عەرەبی هیچ ئیزافەیەك ناكاتە سەر مەعریفەی قوتابی و كاریگەری لەسەر زیرەكی و لێهاتوویی قوتابی نییە.
لەم بارەیەەوە پرسیارمان لەیەكێك لە باوكی قوتابی (ئاسۆس ئەنوەر سلێمان) كرد بۆچی وانەی عەرەبی (هەڵبژاردە) پێت باشترە؟ لە وەڵامدا وتی: ئەم بابەتە چەند ڕەهەندێکی هەیە کە لە بەرژەوەندیی قوتابیدایە، گرنگترینیان ئەمانەن: کەمکردنەوەی فشاری دەروونی: کاتێک قوتابی دەزانێت دەتوانێت لە نێوان چەند وانەیەکدا (وەک عەرەبی و ئینگلیزی) یەکێکیان هەڵبژێرێت، هەست بە ئازادییەکی زیاتر دەکات و ئەو ترسە گەورەیەی لەسەر نامێنێت کە “دەبێت” تەنها لە یەک وانەی دیاریکراودا نمرەیەکی بەرز بهێنێت.
گوتیشی:”ڕەچاوکردنی ئاستی جیاواز: هەموو قوتابییەک لە زماندا وەک یەک نییە. هەندێک قوتابی ژینگەی خێزانییان یان ئارەزووی شەخسییان بۆ عەرەبی زۆر باشە، هەندێکی تر پێچەوانەکەی. بژاردەبوونی ئەم وانەیە ڕێگە دەدات هەر قوتابییە و لەو بوارەدا کێبڕکێ بکات کە تێیدا بەهێزە.
جێگەی ئاماژەیە، کۆنمرە (معدل): ئامانجی سەرەکی تاقیکردنەوەی نیشتمانی بەدەستهێنانی بەرزترین کۆنمرەیە. کاتێک وانەیەک دەکرێتە هەڵبژاردە، قوتابی ئەو وانەیە هەڵدەبژێرێت کە دڵنیایە نمرەی تێدا بەرز دەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی نمرەی کۆتایی (معدل) دانەبەزێت بەهۆی وانەیەکەوە کە ڕەنگە قوتابی تێیدا لاواز بێت. هەروەها پەرەپێدانی بەهرە: ئەم سیستمە هانی قوتابی دەدات کە لەو بابەتانەدا قووڵ ببێتەوە کە خۆشی دەوێن، نەک تەنها وەک ئەرکێکی ناچاری سەیری وانەکان بکات.
باوكی قوتابی ه”ۆشەنگ ئەحمەد”یـش، ئەوەی خستەڕوو:” هەروەک دەزانن زمانی عەرەبی یەکێکە لە زمانە قورسەکان و، لە سیستەمی ئێستای خوێندنی باڵا وەکو پێشووتر بە تایبەت لەزانکۆکان بەکار نایەت و زیاتر لە پسپۆڕییە زانستییەکان زمانی ئینگلیزی زمانی خوێندنە و لە پسپۆڕییەکانی تریش زیاتر خوێندن بە زمانی کوردی یان ئینگلیزیشە، بۆیە وای دەبینین کە ئەژمار نەکردنی لە بەرژەوەندی قوتابیان بێت و بۆ قۆناغی داهاتووشیان ئەو کاریگەرییەی نابێت. وەک روونیشە زمانەکان هەمیشە قوتابی نمرەی کەمتری لێ دەهێنێت بەراورد بە وانە زانستییەکان.
دایكی قوتابی “خونچە”ـش ئاماژەی بەوەكرد:”وەک هەمومان دەزانین وەرگرتنی قوتابیان بۆ کۆلێژە زانستیەکان باشتر وایە بە زانستێکی فراوانتر و قوڵتر وەربگیرێن و، جیاکردنەوەی بابەتەکان بۆ چ کۆلێژێک پێویستە بۆ لەمەودوا کاری لەسەر بکرێت و، وانەی کوردی بەتایبەت و، عەرەبی بایەخی زیاتریان پێ بدرێت قوتابی تا پۆلی نۆ تەواو دەکات پاراو بێت لەم دوو زمانە. هەروەها قوتابیانی قوتابخانە ئینگلیزیەکان ئامادە نەکراون لەم دوو زمانە بۆ تاقیکردنەوەی پۆلی دوازدە و، ئەمە دەبێتە ڕێگری لەبەردەم ئامانجەکانیان، سەبارەت بە منداڵەکەم لە باخچەی ساوایانەوە لە سیستەمی سابیس خوێندی تا پۆلی یازدە، بەداخەوە پۆلی یازدە نەکراوە بە ناچاری بردمانە قوتابخانەی حکومی ئینگلیزی بۆ ئەم کێشەیە سەردانی وەزارەتی پەروەردەمان کرد وتیان پۆلی دوازدە بە سیستەمێکی نۆێ دەکرێتەوە بگەڕێنەوە تاقیکردنەوەی (AP) نیودەوڵەتی ئەنجام بدەن، وەک دەزانن ئەم تاقیکردنەوەیە لە پۆلی یازدە و دوازدەدا ئەنجام دەدەن، ئەو قوتابیانە ناگانە ئاستی ئەوانای پۆلی یازدەیان لە ئینتەرناشنەڵ خوێندوە و، لەولایەش لە بابەتی عەرەبی و کوردی بە هیچ شێوە ئامادە نەکراون هەرچەندە مامۆستایانی کوردی و عەرەبی زۆر ماندونە لەگەڵیان لێرەدا دەستخۆشییان لێ دەکەین،بەڵام قوتابیەکانمان بەم دوو ساڵە بۆ تاقیکردنەوەکی وا گرنگ کە دواڕۆژیان دیاری دەکات ئامادە نین تکایە با بکرێتەوە هەڵبژاردە و هیوام وایە چاوێک بەم بڕیارەدا بخشێننەوە.
دایكی قوتابی “سەلار دزەیی” باسی لەوەكرد:” من وەکو دایکی قوتابییەک کە پێشووتر لە قوتابخانەی نێودەوڵەتی بووە، داواکارم لە وەزارەتی پەروەردە کە بڕیاری ئەژماركردنی نمرەی وانەی عەرەبی بۆ قوتابیانی پۆلی دوانزە جێبەجێ نەکرێت، چونکە ئەو قوتابیانەی کە وەکو ئەوانەی ئێمەن زۆربەیان کێشەیان هەیە لەگەڵ وانەی عەرەبی لەبەرئەوەی پێشووتر بە شێوەیەکی تێروتەسەل ئەو وانەیان نەخوێندووەو زۆر گرنگی پێ نەدراوە لە قوتابخانەکەی پێشوویان. بە دڵنیاییەوە ناتوانن نمرەی باشی لێ بێنن.
“دارا مەنسوور” باوكی قوتابییەكی دیكەیە، دەڵێت:” بێگومان، قۆناغی ١٢ی ئامادەیی وەک وێستگەیەکی یەکلاکەرەوە، نەک هەر چارەنووسی قوتابی و خێزانەکان، بەڵکو داهاتووی وڵات و نەوەی نوێش دیاری دەکات. ئەوەی جێگەی هەڵوەستە و نیگەرانییە، بڕیاری هەژمارکردنی وانەی عەرەبییە وەک وانەیەکی سەرەکی لە کۆنمرەی کۆتایی پۆلی ١٢دا لە هەرێمی کوردستان. لێرەدا دەمانەوێت چەند خاڵێکی جەوهەری بخەینە ڕوو:
١. نەبوونی بنەمایەکی پتەو: بە هۆی ئەو دابڕانە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە چەندین ساڵە، زۆربەی قوتابیانی ئێستا بنەمایەکی زانستی و زمانەوانیی ئەوتۆیان لە زمانی عەرەبیدا نییە. سەپاندنی ئەم وانەیە بە شێوەیەکی کتوپڕ لە کۆتا قۆناغدا، دەبێتە هۆی دروستکردنی بارگرانییەکی دەروونی و زانستی گەورە کە ڕەنگە ببێتە هۆکاری دەرنەچوون یان دابەزینی ئاستی نمرەکانیان.
٢. جیاوازی لەگەڵ زمانی ئینگلیزی: بەراوردکردنی زمانی عەرەبی بە زمانی ئینگلیزی نادروستە؛ چونکە زمانی ئینگلیزی زمانێکی نێودەوڵەتی و تەکنەلۆژییە و قوتابی بە شێوەیەکی خۆرسک و لە ڕێگەی ئامرازە مۆدێرنەکانەوە لەگەڵی گەورە دەبێت، بەڵام زمانی عەرەبی لە ژینگەی ئێستای هەرێمی کوردستاندا ئەو دەرفەتی پراکتیزەکردنەی بۆ نەڕەخساوە.
٣. نادادپەروەری لە هەڵسەنگاندندا: قوتابی لەم قۆناغەدا پێویستی بەوەیە وزە و کاتی خۆی لەسەر وانە زانستی و پسپۆڕییەکان کۆبکاتەوە. سەرقاڵکردنیان بە زمانێک کە بنەمایەکیان تێیدا نیە، وای دەبینین تەنها لێدانە لە بەرژەوەندیەکان و ئەنجامێکی زانستیی ئەوتۆشی نابێت.
“باز بەیار حاجی” وەكو قوتابی ئەوەی خستەڕوو:” من وەکو قوتابی زۆر گرنگیم بە وانەی عەرەبی نەداوە، گەلەک زەحمەتە بتوانم نمرەی باشی لێ بهێنم. بۆیە تکا دەکەم کە حکومەت ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکات لەبۆمان.
قوتابی “راما هۆشەنگ” لە قوتابخانەی هەولێری نموونەیی- سیستەمی ئینگلیزی، دەڵێت: “ئێمە خوێندنمان بە سیستەمی زمانی ئینگلیزییە و بەو زمانە بە ئاستێکی باش توانیمانە نمرەی زۆر باش لە وانەکان بێنین، بەڵام پێمان وایە کە ئەژمارکردنی نمرەی وانەی عەرەبی کار دەکاتە سەر کۆنمرەکانمان.
پسپۆڕی زمانەوانی دەبارەی ئەم پرسە پ.ی.د بەدرخان سلێمان پێیوایە: “لە ڕاستیدا، لە نێوان پسپۆڕانی زمانەوانیدا مشتومڕێکی زۆر هەیە لەسەر ئەم بابەتە. لێرەدا کۆدەنگیی پسپۆڕان و ئەو خاڵە زانستییانە دەخەمە ڕوو کە باس لە لایەنە نەرێنییەکانی “سێ زمانی” لە تاقیکردنەوە نیشتمانییەکاندا دەکەن:
١. بارگرانیی دەمارە-زمانەوانی (Neurolinguistic Overload)
مێشکی مرۆڤ توانایەکی بێپایانی هەیە بۆ فێربوون، بەڵام سیستەمی تاقیکردنەوە جیاوازە لە پرۆسەی فێربوون. کاتێک قوتابی ناچار دەکرێت لە یەک کاتی دیاریکراودا بە سێ زمانی جیاواز (زۆربەی کات کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی) تاقیکردنەوە ئەنجام بدات، تووشی ئەوە دەبێت کە پێی دەوترێت تێکەڵبوونی کۆدەکان (Code Interference). قوتابی لەبری ئەوەی سەرنجی لەسەر “ناوەرۆکە زانستییەکە” بێت، وزەیەکی زۆری مێشکی بۆ “وەرگێڕان” و “گۆڕینی زمان” دەڕوات.
٢. کاریگەری لەسەر ئاستی تێگەیشتن (Cognitive Load Theory)
بەپێی تیۆریی “باری مەعریفی”، مێشک بڕێکی دیاریکراو لە سەرنجی هەیە. کاتێک سێ زمان دەبنە پێوەری سەرەکی، ئەم کێشانە دروست دەبن:
• پاشەکشەی زانستی: قوتابی لەوانەیە لە وانەی کیمیا یان ماتماتیکدا زۆر باش بێت، بەڵام بەهۆی لاوازی لە یەکێک لە زمانەکاندا، نمرەیەکی نزم بهێنێت. لێرەدا تاقیکردنەوەکە نابێتە پێوەری “ژیری”، بەڵکو دەبێتە پێوەری “بەرگەی زمان”.
• دڵەڕاوکێی تاقیکردنەوە: فرەزمانی لە تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسسازدا ئاستی سترێس بەرز دەکاتەوە، کە ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر “کۆرتێکسی پێش-ناوچەوان” و توانای بیرکردنەوەی لۆژیکی کەمدەکاتەوە.
٣. نایەکسانی لە دەرفەتەکاندا (Sociolinguistic Inequality)
پسپۆڕانی زمانەوانیی کۆمەڵایەتی دەڵێن ئەم جۆرە تاقیکردنەوانە دادپەروەرانە نین:
• ئەو قوتابیانەی لە خێزانە دەوڵەمەندەکانن یان لە قوتابخانە ئەهلییەکانن، زۆرتر ڕاهێنانیان لەسەر زمانەکان کردووە.
• قوتابیانی ناوچە دوورەدەستەکان کە ژینگەیەکی فرەزمانییان نییە، زەرەرمەندی یەکەم دەبن.
وریا حەسەن قادر، لێپرسراوی ئەزموونەكانی پەروەردەی ناوەند هەولێر لەم بارەوە دەڵێ: هەژمارنەكرانی بابەتی كوردی و عەرەبیی پۆلی دوانزەی ئامادەیی بە بڕیارێكی وەزارەتی پەروەردە لە ساڵی 2018وە چووە بواری جێبەجێكردن بۆ ماوەی هەشت ساڵ كاری پێ كرا؛ واتە ساڵی خوێندنی 2024/2025 كۆتا ساڵ بوو ئەم دوو بابەتە (كوردی و عەرەبی) هەژمار نەكرێ لە پێشبڕكێی وەرگرتنی زانكۆكان.
لە ساڵی 2026/2025ـەوە بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە هەژمارنەكرانی بابەتی كوردی و عەرەبی كاری پێ ناكری دەبێت ئەم دوو بابەتە وەك ساڵانی پێشوو بۆ وەرگیران لە زانكۆكان هەژمار دەكرێت؛ ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بەشێكی زۆر سەردانی پەروەردەكان بكەن بە مەبەستی گێڕانەوەی بڕیاری هەژمارنەكردنی ئەم دوو بابەتە لە پێشبڕكێی زانكوكاندا، گرفتەكەش لەمەدایە بەشێك لە قوتابیان ئەم دوو بابەتەیان فەرامۆش كردبوو كە گوایە چیتر لە پێشبڕكێی زانكۆكان بۆیان هەژمار ناكرێت، بەشێكی تر لە قوتابخانە ئەنترناشناڵەكان زۆر بابەخ بە زمانی كوردی نادەن كە دەگوازرێنەوە قوتابخانەی ئاسایی زۆر بەجدی دەخوێندرێ، تووشی داڕووخان دەبن كەگرفتێكی گەورەیان تووش دەبێت، سەبارەت بە قوتابخانە عەرەبییەكان بەهەمان شێوە لە بابەتی كوردی كێشەی گەورەیان هەیە؛ خاڵێكی تر كە بۆ چەند ساڵ بابەتی كوردی عەرەبی هەژمار نەدەكرا قوتابیان بەگشتی ئەم دوو بابەتەیان فەرامۆش كردبوو، بۆیە ئێستا بۆتە ئاستەنگ لە بەردەم قوتابیاندا؛ ئەمە گرفت و ئاستەنگەكانی قوتابیان بوو كە رۆژانە سەردانی ئێمەیان كردووە.
قوتابیان داوادەكەن وەك ساڵانی پێشوو بۆیان هەژمار نەكری یا پێش هاتنیان بۆ پۆلی ١٠ زانیارییان هەبا كە لەمەودوا ئەم دوو بابەتە جارێكی تر دەگەڕێتەوە.
لە کۆتاییدا، “عەبدولڕەزاق تەلعەت” بەڕێوەبەری ئەزموونەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردی هەولێر ئەوەی خستەڕوو:” پێمان باشە کوردی و عەرەبی داخڵ بیت بۆ ئەزموونەکانی پۆلی دوانزە چونکە ئێمە لەگەڵ عێراقدا دەژین زمانی خوێندن زمانی کوردی و عەرەبیە، ئەمەش دادپەروەرانەیە.


