د. خالیدە خەلیل
ڕەوتی مێژوویی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دۆخێکی تایبەت لە پەیوەندیی نێوان نەتەوە و دەوڵەت و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بەرجەستە دەکات، چونکە بە درێژایی چەندین سەدە، کورد بە هێزەوە لە گۆڕەپانی ململانێدا ئامادەیی هەبووە، بەڵام زۆربەی کات لەسەر مێزی دانوستانەکان -کە تێیدا وڵاتە زلهێزەکان بڕیاریان لە چارەنووسیان دەدا- دوور و بێبەش بوون. زۆربەی جاریش لەگەڵ گۆڕانی بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، لەپێناو سازان و لێکتێگەیشتن لەگەڵ هێزە هەرێمی یان نێودەوڵەتییە باڵادەستەکاندا، دەستبەرداری کورد بوون و پشتیان تێکراوە.
هاوكات لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی لە دەیەکانی ڕابردوودا ڕوویانداوە، ئەمڕۆ کورد لەسەر مێزی گفتوگۆ ئامادەیی هەیە، بەڵام هێشتا ئیرادە نێودەوڵەتییەکان جارێکی دیکە خۆیان دەسەپێننەوە و جۆرێک لە پارادۆکس و دژبەرییەکی مێژوویی بەردەوام، جێگیر دەکەن. ئەم ناکۆکییە بونیادییەش بە ڕوونی لە دیمەنی ئێستای سوریادا دەردەکەوێت، بە جۆرێک پرسیارێکی جەوهەری دەهێنێتە ئاراوە؛ ئایا ئەم واقیعەی ئێستای کورد تەنها درێژکراوەی بازنەیەکی دووبارەبووەوەی بەڵێنە نیوەچڵەکانە، یان دەرفەتێکی ڕاستەقینەیە بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوەکە لە ڕێگەی دانپێدانانێکی دەستوورییەوە کە مافەکان مسۆگەر بکات و بناغەیەک بۆ سەقامگیرییەکی درێژخایەن دابڕێژێت؟!
لە ڕووی مێژووییەوە، هەردوو پەیماننامەی سیڤەر لە ساڵی ١٩٢٠ و لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣، خاڵێکی وەرچەرخانی یەکلاکەرەوە بوون لە چارەنووسی سیاسیی کورددا. پەیماننامەی سیڤەر -ئەگەرچی بە شێوەیەکی تیۆریش بووبێت- ددانی نا بە ئەگەری دروستبوونی قەوارەیەکی کوردیی سەربەخۆ یان خۆبەڕێوەبەرییەکی فراواندا، بەڵام دوای چەند ساڵێکی کەم، پەیماننامەی لۆزان ئەم ڕێڕەوەی بە تەواوی هەڵوەشاندەوە و نەخشەی ناوچەکەی بەپێی هاوسەنگییە نوێیەکانی هێز کێشایەوە. لە ئەنجامی ئەوەشدا، کوردستان بەسەر چوار دەوڵەتدا (تورکیا، عێراق، سوریا و ئێران) دابەشکرا، بێ ئەوەی هیچ حیسابێک بۆ تایبەتمەندیی نەتەوەیی کورد یان مافی چارەی خۆنووسین بکرێت. ئەم دابەشکردنەش بناغەی بۆ
پەیوەندییەکی ئاڵۆز و پڕ گرژی لەنێوان کورد و ئەو دەوڵەتانە دانا کە کوردیان تێدا بوون؛ پەیوەندییەک کە لە زۆربەی قۆناغەکانیدا بە نکوڵیکردن، پەراوێزخستن، سڕینەوە و قڕکردن ناسرابوو.
تراژیدیای دابەشکردنی کوردستان تەنها لە سەدەی بیستەمەوە دەستی پێنەکرد، بەڵکو ڕەگوڕیشەی بۆ قۆناغە مێژووییە کۆنەکان دەگەڕێتەوە. شەڕی چاڵدێران لە ساڵی ١٥١٤دا، خاڵێکی وەرچەرخانی جومگەیی بوو لە مێژووی ناوچەکەدا، چونکە دەرگای بەڕووی ململانێیەکی درێژخایەنی نێوان هەردوو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەویدا کردەوە و جوگرافیای کوردستانی کردە گۆڕەپانێکی کراوە بۆ کێبڕکێی هەرێمی. دواتر ئەم ململانێیە بە پەیماننامەی ئاماسیا لە ساڵی ١٥٥٥دا گەیشتە لووتکە، کە بۆ یەکەمجار دابەشکردنی کوردستانی لەنێوان ئەو دوو هێزەدا (عوسمانی و فارسی) چەسپاند. پاشان پەیماننامەی قەسری شیرین (زەهاو) لە ساڵی ١٦٣٩دا هات بۆ ئەوەی ئەم دابەشکردنە بە شێوەیەکی کۆتایی جێگیر بکات، بەمەش هەوڵەکانی میرنشینە کوردییەکانی بۆ پاراستنی سەربەخۆیی یان یەکێتیی سیاسییان لەباربرد. ئەم ڕێککەوتنانە بناغەیان بۆ واقیعێکی مێژوویی پڕ لە دابەشبوون دانا، کە هەمیشە کوردی دەکردە بابەتی ململانێکان، نەک وەک لایەنێکی کارا و بڕیاردەر لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیدا.
لە سوریاشدا، دوای هەڵگیرسانی قەیرانەکانی ساڵی ٢٠١١، ئەم فەرهەنگە مێژووییە بە ڕوونی دەرکەوتەوە. بۆشایی سیاسی و ئەمنی، واقیعێکی نوێی هێنایە ئاراوە کە ڕێگەی بە کورد دا ناوچە مێژووییەکانی خۆی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی وڵاتدا بەڕێوە ببات، بەتایبەتی دوای ئەو ڕۆڵە یەکلاکەرەوەیەی کە لە تێکشکاندنی ڕێکخراوی داعشدا بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گێڕایان. بەڵام ئەم دەستکەوتە مەیدانییانە نەکرانە دەستکەوتی سیاسی و دەستووریی ڕوون، بەڵکو بە هەڵواسراوی مانەوە و بەسترانەوە بە لێکتێگەیشتنی کاتی و هاوپەیمانێتییە گۆڕاوەکانەوە.
ئەمڕۆ، دیمەنی کورد لە سوریا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاریی ئاڵۆز و تێکەڵ بووەتەوە.
هیوادارین ڕێککەوتنی ئەم دواییە لەگەڵ دیمەشق ببێتە هۆی ڕەشنووسی دەستوورێک کە مافە سیاسی و کولتوورییەکانی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریادا زامن بکات و سەرککەوتنی بەرژەوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و ناوچە کوردییەکان نەگاتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان زلهێزەکان. کە هەر یەکەیان ئەولەویەت و بەرنامەی تایبەت بە خۆی هەیە. سەرەڕای ئەمانەش، هەڕەشە ئەمنییە بەردەوامەکان -چ لەلایەن دەستێوەردانە هەرێمییە دووبارەبووەکانەوە بێت یان بەهۆی لاوازیی دۆخی ئەمنیی گشتییەوە- دەستکەوتەکانی کوردی خستووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی بەردەوامەوە. ئەوەی دۆخەکەی زیاتر ئاڵۆز کردووە، سروشتی جوگرافیای کوردە لە سوریا، چونکە ناوچەکانیان دابەش و لێکدابڕاون، ئەمەش یەکخستنی ڕیزەکان و کۆنترۆڵکردنی ئەمنیی بە شێوەیەکی کاریگەر، سەخت کردووە.
هەروەها دابەشبوونی ناوخۆیی و پەرتبوونی سیاسیی کورد، بەشدار بووە لە لاوازکردنی پێگەی دانوستان، و دەرگای بۆ هێزە هەرێمییەکان کردووەتەوە تا ناکۆکییەکان لە بەرژەوەندیی ئەجێندا تایبەتەکانی خۆیان بەکاربهێنن. بەم شێوەیە، هۆکارە دەرەکییەکان لەگەڵ داینامیکییەتی ناوخۆییدا تێکەڵ بوون و دۆخێکی درێژخایەنی ناسەقامگیریی سیاسی و لەدەستدانی متمانەیان بەرهەم هێناوە، ئەمەش وایکردووە هەر دەستکەوتێکی کوردیی، ئەگەر گەرەنتیی ڕوون و بەردەوامی لەگەڵدا نەبێت، لاواز و لەرزۆک بێت.
لەم چوارچێوە ئاڵۆزەدا، ڕۆڵی سیاسیی سەرۆک مەسعود بارزانی دەردەکەوێت وەک یەکێک لەو سەرکردە کوردانەی کە زۆرترین تێگەیشتن و درکی بۆ وانەکانی مێژوو و هەڵبەز و دابەزی جوگرافیای سیاسی هەیە. سەرۆک بارزانی چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەر چارەسەرێکی سیاسیی بەردەوام لە سوریا، ناتوانێت سەرکەوتوو بێت بەبێ دانپێدانانی دەستووریی ڕاشکاو و ڕوون بە مافەکانی کورددا، هەروەها بەبێ مسۆگەرکردنی بەشداریی کارایان لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا. لەم سۆنگەیەوە، سەرۆک بارزانی بەردەوامە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییە کاریگەرەکان، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە بەجێهێشتنی کورد لە سوریا بەبێ گەرەنتیی دەستووری و یاسایی، شێوازێکی مێژوویی لە قوربانیدان دووبارە دەکاتەوە، مەگەر ئەوەی ئەم ڕێڕەوە لە ڕێگەی گەرەنتیی دەستووریی ڕوونەوە بشکێنرێت، بە جۆرێک کە پرسی کورد لە بازنەی بەکارهێنانی کاتی لە قەیرانەکاندا دەربهێنێت.
ئەم هەڵوێستەش لە سۆزدارییەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵکو لە خوێندنەوەیەکی واقیعییەوەیە بۆ ئەزموونەکانی ڕابردوو، کە سەلماندوویانە بەڵێنە بێ گەرەنتییەکان، بە خێرایی لەگەڵ گۆڕانی بەرژەوەندییەکاندا دەتوێنەوە و لەناو دەچن. چونکە مێژووی کورد، لە سیڤەرەوە تا لۆزان، و لە کۆماری كوردستان لە مهاباد تا ئەزموونە نوێیەکانی خۆبەڕێوەبەری، بە ڕوونی ئەوە دەخاتە ڕوو کە ئەو مافانەی بە دەستوور نەچەسپێنراون، هەمیشە لەبەردەم مەترسیی سازش و مامەڵەپێوەکردندان. هەربۆیە، هۆشداریدان لە دووبارەبوونەوەی هەڵەکانی ڕابردوو، گوتارێکی ڕەشبینانە نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ خۆبەدوورگرتن لە پێدانی باجێکی نوێ لە ساتەوەختێکی هەستیار و یەکلاکەرەوەدا، بەتایبەتی لە سایەی مەترسییەکانی سەرھەڵدانەوەی ڕێکخراوی داعش یان بەرهەمهێنانەوەی لەژێر ناوی دیکەدا، کە سوود لە بۆشاییە سیاسی و ئەمنییەکان وەردەگرن بۆ تێکدانی سەقامگیریی سوریا و تەواوی ناوچەکە.
ئەمڕۆ کورد لە سوریا لەبەردەم دووڕیانێکی ڕاستەقینەدا وەستاوە. لە لایەکەوە، مەترسیی ڕوون و ئاشکرا هەن کە خۆیان لە بەردەوامیی دۆخی ناڕوونیی سیاسیی نێودەوڵەتی، یان گەڕانەوە بۆ لۆژیکی پەراوێزخستن، یان تەنانەت خلیسکاندن بۆ ناو ڕووبەڕووبوونەوەی نوێدا دەبیننەوە کە ڕەنگە گۆڕانکاریی دیمۆگرافیی مەترسیداری لێ بکەوێتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە، ئاسۆی سوودوەرگرتن لەم قۆناغە ئینتیقالییە دەردەکەوێت بۆ چەسپاندنی دانپێدانانێکی دەستووری کە مافە ڕۆشنبیری و سیاسییەکان لە چوارچێوەی سوریایەکی یەکگرتوودا مسۆگەر بکات، جا چ لە ڕێگەی سیستەمێکی لامەرکەزییەوە بێت، یان لە ڕێگەی شێوازە پێشکەوتووەکانی خۆبەڕێوەبەرییەوە (حوکمی زاتی).
سەرەنجام، ئەزموونی کورد لە سوریا، تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ ئەگەری بنیاتنانی نموونەیەکی دادپەروەرانە بۆ پێکەوەژیانی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەروەها مسۆگەرکردنی مافە دەستوورییەکانی کورد، تەنها ڕاستکردنەوەی ستەمێکی مێژوویی نابێت، بەڵکو دەبێتە هۆکارێکی بنەڕەتی بۆ سەقامگیریی سوریا و ناوچەکەش. ئەمەش پێویستی بە یەکڕیزیی هەڵوێستی کوردی، دیدگایەکی سیاسیی واقیعبینانە، و گەرەنتیی دەستووریی پتەو هەیە کە بە ئیرادەیەکی نێودەوڵەتیی ڕوون پشتیوانی لێ بکرێت؛ ئەمەش ئەو ڕێڕەوەیە کە سەرۆک مەسعود بارزانی لە ڕێگەی پەیوەندی و جووڵە نێودەوڵەتییەکانیەوە کار بۆ چەسپاندنی دەکات، بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ پرسی کورد لە سوریا، لە یەکێک لە هەستیارترین ساتەوەختەکانی مێژووی هاوچەرخی ناوچەکەدا.

