عومەر چنگیانی
لە بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی بۆ هەینی ڕابردوو كە دەیكردە 4ـی شەعبانی 1447ـی كۆچی بەرانبەر بە 24/1/2026 دوو ناونیشانی گرنگ خرایە بەردەستی مامۆستا بەڕێزەكان تا لە ڕێگەی دوانگەی مزگەوتەكانی كوردستانەوە هەر مامۆستایەی سەرپشك بێت لەبەگوێدان و بیرهێنانەوەی هەریەكێكیان بۆ نوێژخوێنە بەڕیزەكان، كە من لەلای خۆمەوە تیشكم خستە سەر بابەتی (چاکەکاری لەگەڵ دراوسێدا نیشانەی ئیمانە)، كە ئەمە پوختەكەیەتی و هاوكات پوختەی گوتارەكەی تریش دەخەمە بەر دیدی ئێوەی بەڕێز.
ناونیشانی یەكەم/ چاکەکاری لەگەڵ دراوسێدا نیشانەی ئیمانە
یەکێک لە گەورەترین ئەو بەهایانەی ئیسلام هێناویەتی و لە بونیادنانی کۆمەڵگەدا جەختی لەسەر کردۆتەوە، بریتییە لە ڕەوشتی “چاکەکاری لەگەڵ دراوسێدا”؛ چونکە مرۆڤ بە سروشتی خۆی کۆمەڵایەتییە و ناتوانێت بەبێ خەڵکی بژی و بە تەنها هەڵناکات، بەڵکو بازنەیەک لە پەیوەندییەکان دەوریان داوە، نزیکترین و بەردەوامترینیشیان بریتییە لە پەیوەندی دراوسێیەتی. ئیسلام بەها و شکۆی ئەم پەیوەندییەی زۆر بەرز ڕاگرتووە، بە شێوەیەک ڕاستەوخۆ لە دوای پەرستنی خوا و چاکەکردن لەگەڵ دایک و باوک باسی کردووە، خوای گەورە لە ئایەتی 36ی سوورەتی (نیسا)دا، دەفەرمێت: (خوای گەورە بپەرستن و هیچ هاوەڵێكی بۆ بڕیار مەدەن، هاوكات لەگەڵ دایك و باوكتاندا ئەندازەی باشیتان تا ئەوەندە بێت گەرهاتو ئەوان لەگەڵ تۆی منداڵی ئەودا، باشیش نەبوون و كەمتەرخەمییان هەبوو، تۆ هەر باش بە ـ كە ئەمە یەكێكە لە ماناكانی وشەی ئیحسان لە زمانی عەرەبیدا ـ بە هەمان پێوەریش چاك بن لەگەڵ خزمە نزیكەكانتان و بێنازە بێباوەكەكان و ئەو هەژارانەیش كە داهاتیان بەشیان ناكات و مسكینن؛ هەروەها لەگەڵ دراوسێ نزیكەكانتان كە هاوسەر و ئی دیكەیش دەگرێتەوە و، ئەو دراوسێیانەیش لەملاولاتانەوەن). كە بەداخەوە هاوسێ وڵاتەكانی ئێمە، لەوەتەی هەین لەگەڵمان هەر هێندەی ئێمە چاك بووبێتین ئەوان خراپ بوونە لە بەرانبەرمان و ئەوسا و ئێستامان دیارترین شایەت و گەواهە. ئەم پێکەوەبەستنەوەیە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە هەر خودی چاکەکاری لەگەڵ دراوسێدا خواپەرستییە و ڕەوشتێکی ئیمانییە پێش ئەوەی تەنها ڕەفتارێکی کۆمەڵایەتی بێت. پێغەمبەری خوایش، دروود و سەلامی خوای لەسەر، جەختی لەم مانایە کردۆتەوە و، دەفەرمێت: (جوبرائیلی فریشتەی نیگاهێنان، بەردەوام و بە مكوڕی باسی مافی دراوسێی بۆ دەكردم، تا گەیشتمە ئەو متمانەیەی كە دوور نییە فەرمان و یاسایەكم بۆ بێتە خوارەوە بفەرمێت دراوسێ میرات لە یەكدی دەبەن)، كە بەڕاستی وڵاتە دراوسێ بە ناو مسوڵمانەكانی دەوروبەرمان خۆیان لە ئێمە كردۆتە میراتگر، وەلێ ناوەستن تا ببێتە میرات، هەر بە زیندوویی سامانمان لێ زەوت دەكەن و وڵاتمان داگیر دەكەن و لەناومان دەبەن و دەیكەنە میرات .
ناونیشانی دووەم/ (قسەتان لەگەڵ خەڵكی باش بێت)
وشە و قسەکردن پێگەیەکی ئێجگار گەورەی هەیە لە ئاینەکەماندا، وشە هەیە خاوەنەکەی بەرز دەکاتەوە بۆ بەرزترین پلەکان، وشەش هەیە خاوەنەکەی بەرەو ناخی دۆزەخ دەبات. خوای گەورە ئامۆژگارییەکی گشتگیری کردووین کە ناونیشانی مامەڵەی بەرزی مرۆڤانەیە، دەرگایەکی فراوانمان بۆ دەکاتەوە لە بونیادنانی کۆمەڵگە و چاککردنی دڵەکاندا. زۆرجار وشەیەکی پاک و جوان دەبێتە هۆی هیدایەتدانی کەسێک، یان چاککردنەوەی نێو ماڵێک، یان کۆکردنەوەی دڵەکان، یان کەمکردنەوەی خەم و پەژارەیەک، ئەم وشە جوانەش لای خوای گەورە پاداشت و قەدری خۆی هەیە.
حیکمەت و دانایی لە گفتوگۆدا:
قسەی جوان تەنها بریتی نییە لە ڕیزکردنی وشەی بریقەدار، بەڵکو بریتییە لە قسەیەک کە بە تەرازووی حیکمەت پێورابێت، وشەکە لە شوێنی گونجاو و کاتی گونجاودا بەکار بهێنرێت. قسەی جوان ئەوەیە کە نەرمی و توندی پێکەوە کۆ بکاتەوە، ڕاستگۆیانە و ژیرانە بێت، ئامۆژگاری بێت بەبێ بریندارکردن. كە ئەمە هاوکێشەی بانگەواز و مامەڵەکردنە؛ بنچینەکەی حیکمەتە، خستنەڕووەکەی ئامۆژگارییە، گفتوگۆکەشی بە جوانترین شێوازە.حیکمەت لە قسەکردندا پێویستی بە لایەنی نەرمی و شێوازی جوان هەیە. قسەی کاریگەر کە عەقڵ و دڵ ڕادەکێشێت بریتییە لە حیکمەت. قسەی جوان لاوازی نییە، بەڵکو هێزە. سازش و ڕووقایمی نییە، بەڵکو پەیامە، هونەرەکە لەوەدایە کە هەق بڵێیت بەڵام جوانترین دەربڕین هەڵبژێریت کە دڵ و گوێیەکان وەریبگرن.
قسەی چاک بکە یان بێدەنگ بە:
لەبەر ئەوەی قسەکردن مەترسی خۆی هەیە، ڕێنماییەکانی پێغەمبەرماندا، دروود و سەلامی خوای لەسەر، هاتوە بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەی زمان و پاراستنی. دەفەرموێت: (كەسێ كە بڕوای بەخوا و ڕۆژی سەڵا و لێپێچانەوە هەیە، با قسەی باش بكات و باش دوو بێت، یان بێدەنگ بێت).كە ئەم فەرموودەیە یاسایەکی زێڕینە بۆ پاراستنی کات و وزە و پەیوەندییەکان. موسڵمان هان دەدات پێش ئەوەی وشە لە دەمی دەربچێت چاودێری بکات: ئایا ئەم قسەیە خێرە؟ واتە بەسوودە؟ ڕاستە؟ دڵخۆشکەرە؟ چاکەکارانەیە؟ ئەگەر وابوو با بیڵێت. بەڵام ئەگەر گومانی هەبوو، یان قسەی بەتاڵ و زیانۆک بوو، ئەوا بێدەنگی سەلامەتییە و پەرستشە. بێدەنگی لە کاتێکدا کە قسەکە خێر نییە، خۆپاراستنە لە غەیبەت و دووزمانی و درۆ و قسەی پڕوپووچ، هەروەها ڕاهێنانە بۆ شکۆی دڵ و ڕوونی بیرکردنەوە.
بەرهەمەکانی قسەی جوان:
خوای گەورە فەرمانی بە هیچ شتێک نەکردووە ئەگەر سوودی دنیا و قیامەتی تێدا نەبێت. قسەی جوانیش بەرهەمی زۆری هەیە؛ لەوانە:
1. ڕەزامەندیی پەروەردگار و لێخۆشبوونی.
2. یەکگرتوویی کۆمەڵگە و پاراستنی پەیوەندییەکان: وشەی شیرین نێوانی دوژمنان چاک دەکاتەوە و دڵەکان لێک نزیک دەکاتەوە.
3. ڕزگاربوون لە ئاگر و بەدەستهێنانی بەهەشت.
4. ئارامی و دڵنیایی دەروونی: ئەوەی لەسەر قسەی جوان ڕادێت، دوور دەکەوێتەوە لە وەسوەسەی شەیتان و کینە و ڕقی ناو دڵان.
تێبینی:
(1) گوتاری یەكەم دكتۆر عەبدوڵا شێركاوەیی ئەندامی بۆرد بە عەرەبی نووسیویەتی و، گوتاری دووەمیش دكتۆر عەبدولفەتاح ئەندامی بۆرد بە عەرەبی نووسیی و مامۆستا وەزیر باپیر كورداندنی و منیش وەرگێڕانم بۆ ئایەت و فەرموودەكان كرد و كردمنە زمانی نووسین.

